كاوە تاکور، ناسراو بە "هەڵمەت شاهین"، ناوی گەریلایەكی شەهیدە كە هەڵگری حەقیقەت و پێناسی دوو فەرماندە و دوو شۆڕشگێڕە. یەكێكیان لەباشوری وڵات و ئەوی دی لەباكوری دڵ و هەناو. هەڵمەت ـ شاهین پردی بەستنەوەی دوو پارچە لەجەستەی نیشتیمانە لەت لەتكراوەكەی وڵاتی رۆژە. هێڵێك لەژیان و بەرخۆدان و خۆڕاگرییە لەقۆناخی شەڕی شۆڕشگێرێ گەلدا. هێز و مۆڕال و ورە لەهەڵمەت و قوربانیدا و شاهین ئاسا چیاكانی وڵات و ژیانی گەریلایەتی دەكات بەهێلانەی ژیانی ئازاد و خۆڕاگری و مانەوە و بوون.
بەزانایی و دانایی ژیانێك هەڵدەبژێریت كە توانەوەی رۆح و جەستە و هەستە لەهەناویدایە. هەڤاڵ هەڵمەت شاهین دێرلووك، ئێدی ببوو بەسێ ستوونە ئەفسانەیەكەی مێژووی مرۆڤ و بەو هەست و نەستەوە دەچێتە شەڕی ئەهریمن ئاسا هاوچەرخەكەی رۆژگاری ئەمڕۆمان.
خوێنگەرم، وەك گەرمایی دڵی دایكانی جەرگسووتاوی كورد. خوێنگەرم، وەك ئامێزی دایە خوداوەند ستێرك و مامانی كردن بۆ مێژوو و گەورەیی مرۆڤ. خوێنگەرم وەك بۆركانی ئارارات و جوودی. سەركەش و سەربڵند، هاوچەشنی فەرماندە هەڵمەت و فەرماندە شاهین.
هەڵمەت دیرلووك، خۆی دەبێت بەئەفسانە و دەبیت بەكاوەی هامدەم، لەدێرەلووك لەدایك دەبێت و لەسەر پاراستنی نیشتیمان گیانی بەخت دەكات. هەلمەت شاهین، مەزن بەقەد گەورەیی رۆژ و مانگ. بەگەورەیی هەست و هیواكانی منداڵانی كوردستان. هیوابەخشی هاوسەنگەران بۆ دوارۆژ و هەڵسورانی هاوچەشنی با بەرووی گوڵدا، نازك نازك، پەڕ دەگریت و خونچە دەدات و دەبێت بە بزوێنەری چەرخەكانی مێژووی تێكۆشانە هاوچەرخەكەی كورد. تێكۆشانێك بۆ ئازادی و سەربەستی. بۆ نەمری و مانەوە و لەچیای شەهادەت دەبێتە هاوكاروانی شەهیدانی وڵاتی رۆژ.
هەڤاڵ هەڵمەت شاهین؛ هەر لەتەمەنی منداڵییەوە بەواتا دەژی. بەئاو و هەوای ساردی زۆزانان گۆشكرابوو و بەسەمای پەپوولەكان و بەرووناكی ئەستێرەو مانگ و هەتاو سەرچۆپی ژیان و سەركەوتنی گەریلای لەنزیكەوە هەست پێ دەكرد.
هەڤاڵ هەڵمەت شاهین؛ ئاڵای راپەڕین لەدەستی دەروازەی راپەڕینی ٩١ی رانییە وەردەگرێت و دەیباتەوە، هەرێمی بادینان و ناوچەی دێرلووك و ئامێدییە. ئەگەر دوێنێ رانییە دەروازەی راپەڕینی باشوری وڵات لەبەرامبەر بە رژێمی بەعس راپەڕی، ئەمڕۆ دێرەلووك ئەو ئاڵایە وەردەگرێت و دەبێتە دەستەخۆشكی دەڤەری راپەڕین و دەروازەی هیوا.
هەڵمەت شاهین؛ هەڵمەت ئاسا و تۆڵەسێن، دەیەوێت هەمیشە لەبەرزیدا هاوچەشنی شاهین بژیت. بەگەورەبوونی؛ واتاكانی ژیانی مەزن و مەزنتر دەبن. دەگات بەهێزی واتا و خۆبۆنیادنان و هەڵدەكشێت. هاوشانی هەڤاڵانی گەورە دەبێت، دەبێت بەو مەشغەڵەی كاوەی هەسنكار و سەنگەربەسەنگەر و پشت بەپشت دەبێت بەپشكۆی ئاگرینی، دەڤەری بادینان و ئاڵای پاراستنی شكۆی كوردستان لەبادینانەوە دەشەكێنێتەوە.
هەڤاڵ هەڵمەت چەندەش بەتەمەن بچووكە، بەڵام هزر و بیركردنەوە و خۆلیاكانی مەزنن و وەك فەرماندەیەك دەردەكەوێت. دروستكردنی ماكێتی دوشكا بەسەربانی ماڵەكەیانەوە و بەردەوام ستران و گۆرانی گەریلاكانی ئازادی و دروشمەكانیان دەڵێتەوە و بەهەست و رۆح لەگەڵ گەریلادا لەو تەمەنە كەمەیدا ژیاوە و بەتێپەڕبوونی كات، خولیاكانی مەزن و مەزنتر كردوە، تا ئەوەی كە بەجەستەییش لەنێو ریزەكانی گەریلای ئازادی كوردستاندا خۆی دەبینێتەوە.
هەڤاڵ هەڵمەت دێرەلووك، ژیانی فەرماندە و لێهاتووان و قارەماننان و فیدایان و گەریلای شەهید وەك سیمبۆلی تێكۆشان هەڵدەبژێرێت و بەو رۆحەوە پێ دەنێتە گۆڕەپانی گەریلا و شەڕی شۆڕشگێڕی گەریلا وەك بەردەوامی سۆز و بەڵێن و پەیمان و دۆزی شەهیدان هەڵدەبژێرێت و چەك و تاخمی ئەوان هەڵدەگرێت و بەو ورە و وزەیەی لەشەهیدان و رێبەرتیەوە وەریگرتووە، هەڵمەت دەباتە سەر دۆژمن و تاروماریان دەكات.
هەڤاڵ كاوە تاکور؛ ئەو هەستە پەنگ خواردووەی ناخی تاك بەتاكی دەڤەری بادینان بەتایبەتی شێلادزێ و دێرەلووك و ...هتدە. رۆحی توڵەسەندنەوەیە لەجەندرمە و جاش و خۆفرۆشان و بەكرێگیراونی دەوڵەتی داگیركەری تورك. رۆحی گەنجانی تووڕە و وڵاتپارێزی دەڤەری بادینانە كە هیچ كاتێك سەرشۆڕی و دەستەمۆبوونیان قەبوڵ نەكردوە و بەئازادی ژیاون. هەستی وڵاتپارێزی و خۆشەویستی وڵات لەلای تاك بەتاكی گەلەكەمان لەو دەڤەرە لەكۆڵ دەنێت و ئەو هەست و ئیرادەیە دەگەینێتە لووتكە.
چاند و كەلتووری بەرخۆدانی گەلەكەمان لەبادینان و ئیرادەی خۆڕاگری و خۆشەویستی نیشتیمان تێكەڵ بەژیان و خوێنیان بووە. ئەوە ئەگەر منداڵ بێ یا خود پیر و كاڵ، لەهەردوویاندا رۆحی پەنگ خواردوی، شەهید سادق عومەریان لەناخدا حەشارداوە. ئەوە چاندی بەرخۆدانە كە ئاوێتە خوێن و ئێسقانیان و دەمارەكانیان بووە و كەس ناتوانێت بیسڕێتەوە. ئەگەر چی پەدەكە دەیەوێت ئەو رۆحە یاخی و سەركەش و تەسلیم نەبووە، بەچۆكدا بێنێت، بەڵام بادینانی هەمیشە سەربەرز كۆڵ نادات و بۆ بەدەستخستنی ئازادی و روومەت و كەرامەتیان و وڵاتەكەیان چەندەش قۆربانی بدەن، سەریان بۆ هیچ دەسەڵات و هێزێك نەوی ناكەن. هەڤاڵ هەڵمەتیش لەسەر ئەو كەلتورە لەدایك دەبێت و باڵا دەگرێت.
هەڤاڵ هەڵمەت دێرەلووك، دەزانێت ئەگەر نازناوی هەڤاڵ هەڵمەت هەڵگرێت، ئەوا دەبێت خاوەنداریەتی لەنازناوەكەشی بكات. لەراستیشدا هەڤاڵ هەڵمەت شاهین، ئەو پەیامەی دا بەدۆست و دۆژمن كە كوردستان خاوەنی هەزاران هەڵمەت و قۆربانیە. خاوەنی هەزاران شاهینە. واتا هەڤاڵ هەڵمەت شاهین، بیر و ووتە و پراكتیكی یەكن و بەچالاكی فیدایانە و نەبەزانەی بۆ سەر چەتە و جەندرمەی دەوڵەتی توركی داگیركەر سەلماندی چالاكی زمان حاڵی بیرو ووتەی شۆڕشگێڕی ئاپۆییە.
هەڤاڵ كاوە ، شۆڕشگێڕێك لەرەگەزی خاك و بەمۆڕال و جۆش و خرۆش بوو. پەكەكە و گەریلاش شوێنی گەنج و شۆڕشگێڕی وەهایە. خۆی بەكایەی منداڵانەوە تاکور سەرقاڵ ناكات، خۆی بەكێشەی شەڕ و بەرخۆدانی وڵات و گەلەكەی و مرۆڤایەتیەوە سەرقاڵ دەكات و لەكوردستاندا دەبێتە هێڵێك لەتێكۆشان و بەرێكخستن بوونی ئێرادەی ئازادانەی تاك و گەنج و كۆمەڵگە بەگشتی.
هەڤاڵ شاهین، لەبنەڕتدا، كەسایەتی خۆی بەرێكخستن كردبوو، لەهێڵێ تێكۆشانی ئاپۆیی دا بەباوەڕ و بەدڵ و گیان لەگەڵ هزر و رێبازی شۆڕشگێڕی و گەریلایەتی ئاپۆیی دا كردبووە یەك. بەقووڵایی هەستی بەوە كردبوو، خۆی لەگەڵ ئامانجەكانی رێكخستندا كردبووە یەك و بۆ سەرخستنی ئەو ئامانج و پلان و بەرنامانە بەجەسارەت و فیداكاریەكی مەزن و بەبێ حیساب بەشداری چالاكی بوو. لەو راستیەش بەئاگابوو كە بۆ سەركەوتن و ئازادی دەبێت، هزر و مێشك و گووتەیەك یەك بن و لەخەبات و چالاكیەكی یەكگرتووانە بەرێوە ببات. هەڤاڵێك و شۆڕشگێڕێك بوو كە بەدروشم نەدەژیا، هزر و بیركردنەوە و چالاكی گەیاندبووە یەك. كادێرێك بوو بەتەواوەتی خۆی بەڕێكخستن كردبوو.
تێكۆشەر و شۆڕشگێڕ، تەنیا بەووتە ناتوانێت بگاتە ئامانجەكان، ئەركی سەرەكی پێشەنگایەتی كردنە، شەهید هەڵمەت شاهین، هەم ووتی و هەم كردی. پێشەنگی هێڵی تێكۆشانی ئازادی لەكەسایەتی خۆیدا جێبەجێ كردبوو. لەژیانی رێكخستنی خۆیدا، مێشكی خۆی بەپلان و بەرنامەوە سەرقاڵ دەكرد. هەمیشە بەپلان و بەرنامە دەچووە سەركار و سەركەوتن تاكە ئامانجی سەرەكی بوو. بنكەوتن و شكستی قەبووڵ نەدەكرد. هەم لەژیانی گەنجی خۆیدا و هەم لەژیانی رێكخستنیدا، كەسایەتیەك تا دوایی بەدیسپلین و خاوەن كاراكتەرێكی گەوهەریانە بوو. بەنزیكبوون و پێداگری لەسەرپێوان و پرەنسیپە ژیانی و رێكخستنیەكان، بووە جێگەی هیوا و ئۆمید بۆ هەموو هەڤاڵانی. خۆشەویستی و حەزكردنێكی وەها دەژیا و بەژیانی كرد.
شەهید هەڵمەت شاهین؛ ئەدی تەنیا رۆڵەی بادینان و دێرلووك نییە؛ بەڵكو رۆڵە و قارەمانی گەلێكی چل میلیۆنی و رێگای حەقیقەت و ژیانی ئازادی فەلسەفەی مۆدیرنیتەی دیموكراتیك و گەریلایەكی هاوچەرخ و شەهیدی مرۆڤایەتیە و هەمیشە لەدڵ و گیان و مێشك و مێژووی گەلەكەیدا بەزیندوویی دەمێنێتەوە.
هـ. ب