شكۆی سیاسەت لەهەولێرەوە گۆازرایەوە بۆ بەغدا
" بەچوونی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا چەندەش بە سیفەتی سەرۆكی ماوە بەسەرچووی هەرێمیش بناسرێت، بەڵام ئیدی راستەوخۆ ناوەندی سیاسەت و شكۆی سیاسەتمەداری بۆ ناوەند گوازرایەوە".
" بەچوونی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا چەندەش بە سیفەتی سەرۆكی ماوە بەسەرچووی هەرێمیش بناسرێت، بەڵام ئیدی راستەوخۆ ناوەندی سیاسەت و شكۆی سیاسەتمەداری بۆ ناوەند گوازرایەوە".
لەپاش رووخانی حكومەتی سەدام حوسێن، بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی هەولێر و كورد بوونە شوێنی كۆكردنەوەی لایەنە سیاسیەكانی عێراق بەشیعە و سوننەوە. چ ئەوانەی وەك پاشماوەی رژێمەكەی سەدام حوسێن و هەڵهاتوو لەیاسا دەناسران و چە ئەوانەی بەتاوانی بەعسی بوون شوێنێكیان بۆ خۆبەخێوكردن و بژێوی ژیان نەدەدۆزیەوە و چە ئەوانەشی كە هەڵپەی دەسەڵات و كورسی بوون و دەیانویست بە گرتنەدەستی هێزی دەوڵەت تۆڵەی چەندین ساڵە لەبەرامبەرەكەیان وەربگرنەوە و چە ئەوانەشی بەئامانجی سازان و پێكەوەیبوون دەیانەویست نێوماڵی گەلان و پێكهاتە عێراقیەكان رێك و پێك بكەن و ئاو بەسەر گڕی ئاگری فیتنە و فەساد دا بكەن. لەلایەك هەولێر تاكە شوێنێك بوو كە لە ململانێی تایفی و مەزهەبی و نەتەوەیی دووربوو لەچاو پارێزگاكانی ناوەند و خوارووی عێراق.
بەتێپەڕبوونی كات و گۆڕانکاری لە هاوسەنگیە سیاسییەكانی هەرێم و نێودەوڵەتی و جیهان، پێگەی هەرێمی كوردستان و كوردان رووی لەكزی كرد و جارێكی تر رووی سكەكە قڵپ بوویەوە. ئەو كاتانەی هەولێر بوو بەناوەندی سیاسەت و دیاری كردن داهاتووی عێراق و شوێنی داڕشتنی پلان و دانانی ستراتیژ بۆ عێراق، لایەنە كوردیەكان تەنیا لەبابەتی وەرگرتنی بودجەی ساڵانە و بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستان رێك و تەبا بوون و لە مابەقی بابەتەكانی پەیوەست بەژیان و گوزەران و حكومەتداری و بەرێوەبردن و پرسی ژن و ژینگە و خوێندكار و بێ كاری و رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان و ئاوەدانی و ئاوڕدانەوە لە گوندەكان و كەم كردنەوەی مەینەتیەكانی گەلی كورد رێك نەبوون و دانویان بەیەكەوە نەدەكوڵا و بگرە بەهۆی ململانێی لایەنە كوردیەكان گەلی كورد رووبەرووی زەرەر و زیانی زۆر گەورە و ماڵوێرانكەری زیاتر بووەتەوە.
گەلی كورد لەهەرێمی كوردستان چەند جارێك لەبەرامبەر ئەو دەسەڵاتە ملهوڕە راپەڕین و ویستیان بەزەبری دیموكراسی جەماوەری دەسەڵاتی كوردی ناچار بەهەندێ گۆڕانكاری و رێزگرتن لەئیرادەی گەل بكەن، بەڵام دەسەڵاتی كورد لەهەرچەند جارەكەدا بەزەبری چەك و گرتن و ئەشكەنجە و زیندان و كۆشتن گەلیان چاوترسێن كرد، تا ئەوەی گەل لەدواین هەڵبژاردنەكاندا بەتەمێ كردنی هەموو لایەنە كوردیەكان و بە نەچوونە سەر سەندوقەكانی دەنگدان بەشێوەیەكی ئاشكرا رەتی حكومەتی هەرێم و عێراقیان دایەوە، بەتایبەتی گەلی كورد بەدەسەڵاتی كوردیان گووت ئیدی بەسە و تۆمان ناوێت و ئەرحەل.
نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان، جنین پلاسخارت چەندین جار لەكۆڕ و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی كورد لەهەولێر و سلێمانی و لەبەردەم مایكی كامێراكان دا رایگەیاند، رەنگە هەل و مەرجەكان گۆڕانیان بەسەردا بێت و كورد ئەو دەسەڵاتەی بەدەستەوەیە لەدەستی بدات و حكومەتی هەرێم پێگە و ستاتۆی وەك رابردوو نەمێنێت و ئەو ئەزموونەی كوردان لەبار بچێت، بەڵام جارێكی تر دەسەڵاتی كوردی ئەو قسانەیان هیچ كە بەهەند وەرنەگرت، بگرە لەزۆر كاتەكانیشدا گاڵتەیان بەو لێدوانانەدا هاتووە. بەتایبەتی پەدەكە بەبەكرێگیراویەتی بۆ دەوڵەتی توركی داگیركەر و رژێمی فاشیستی ئەردۆغان و باخچەلی هەمیشە وەك كارتێك بەكار هاتوون بەتایبەتی لەبەرامبەر بە یەكگرێزی نێوخۆی كوردان و پێكەوەژیانی ئاشتیانە و دیموكراتیانە گەلانی عێراق و لەزۆر حاڵەتی هەستیار و دۆخی ناهەموار رۆڵی تێكەرانەی گێڕا. بنەماڵەی بارزانی لەعێراق رۆڵ و رووی كوردیشیان ناشیرین كرد بەوە كە هەولێر ئەدی وەك رابردوو لەدەست داوە و تەنیا بووەتە مۆڵگەیەك بۆ كۆكردنەوەی گروپە چەتەكانی سەر بەدەوڵەتی داگیركەری تورك و كۆنە بەعسیەكان وهەڵهاتووانی لەیاسا بەدەر. ئەو هەولێرەی دەبوو وەك مەڵبەند و ناوەندی پەرە پێدانی رۆحی پێكەوەیی و پێشخستنی نۆرمەكانی دیموكراسیەت لەعێراق دا رۆڵی بگێڕایە.
بنەماڵەی بارزانی بەهێنانە گۆڕی ریفراندۆمە شكست خواردوەكەی 2017 و گوایە پرسی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، گەورەترین بێ متمانەیی دایە پاڵ كوردان و پێكەوەبوون لەنێوان كوردان و پێكهاتەكانی تر لەعێراق دا. سەرانی بنەماڵە بەوەشەوە نەوەستان بەچاوساخی بۆ ئەرتەش و جەندەرمەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك خاكێكی زۆری عێراقیان خستە ژێر ركێفی دەوڵەتی توركەوە و دەوڵەتی تورك بەجەسارەت وەرگرتن لەو پێشڕەویانە رۆژ لە دوای رۆژ بەهاوكاری پەدەكە سەروەری خاكی عێراقیان خستە ژێر پێ و بەوەش نەوەستان بەتۆپ و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان ماوەی چەندین ساڵە خەڵكی عێراق دەكەنە ئامانجی هێرشەكانیان و بەدەیان هاووڵاتیان شەهید و بریندار كردوە.
پەدەكە بەرێككەوتنی نایاسایی و سەفەقەی ژێربەژێر و دوور لە بنەماكانی دەستوری و پێكەوەیی دەستی لەگەڵ دەوڵەتی توركدا تێكەڵ كرد و نەوت و گاز و دەوڵەمەندی ژێرخان و سەرخانی هەرێمی كوردستانی رادەستی دەوڵەتی تورك كرد كە بەپێی یاسای بنەڕەتی عێراق ئەو دەوڵەمەندیانە بەشێكی دانەبڕاوە لەعێراق و ماڵی هەموو تاكێكی عێراقیە كەچی بارزانی تاڵانفرۆشی كرد و دوودەستی دای بەگەورە سەرچەتەی داعش و باوكی رۆحی داعشیەكان"ئەردۆغان". ئەم نزیكبوونانە دەسەڵاتی كوردی و پەدەكە لەسەروی هەموویانەوە نە تەنیا لەلای نۆخبەی سیاسی و دەسەڵاتدارانی عێراقیەوە بوونە جێگەی گومان و توڕەبوون، بەلای زۆربەی پێكهاتەكانی عێراقیش وەك پەڵەیەكی رەش و شەرمەزاری و ریسوایی خۆی دایە پێش. سەرەڕای هەموو ئەوانەش بەلای خودی گەلی كوردیشەوە دەسەڵاتی كورد ئەزموونێكی جوانتر لەرژێمەكەی سەدام حوسێنی نەگێڕا كە كورد شانازیی پێوە بكات. هەرجارە گەل داوای ماف و ئازادی و دیموكراسی و بەرێوەبردن و دەستاودەستكردنی دەسەڵاتیان كردوە بەزەبری چەك وەڵامی وەرگرتووەتەوە. ئەو هەڵوێستانەی دەسەڵاتی كوردی وای كردوە كە گەل دڵسۆزی و متمانەیەكیان بەوان نەماوە و بگرە بەبەڵا و باریان دەبینن بۆ داهاتووی خۆیان.
ئیدی سكەكە قڵپ بوویەوە و جارێكی تر شكۆی سیاسەت لەهەولێرەوە بۆ بەغدا گۆازرایەوە
لەسایەی سەری رەش و ئەو كابرایەی سواری سەری خۆی ببوو و لەسایەی پەدەكەوە، هەولێر كراوەتە شوێنی داڵدەدانی هەڵهاتووەكانی رژێمی بەعسی رووخاو و تەراتێنی میتی تورك و كۆنە سیاسیە هەڵهاتووەكان لەدەست یاساوە.
ئیدی وەك رابردوو هاتووچۆی وەفدەكانی حكومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم لەبەغداد پێشوازیان لێ ناكەن و ئەو رێزەی جارانیان نییە و كەسیش هیچ بەڵێن و سۆزێكیان بۆ بابەتی مووچە و پشكی هەرێم لە بوودجە و یاسای بوودجەی ساڵانە بەوەفدەكانی حكومەتی هەرێم و سیاسەتمەدارە كوردەكان نادەن و بگرە هەندێ جاریش هەڕەشەی لێسەندنەوەی ئەو بڕە پارانەش دەكرێت كە پێشتر لەلایەن حكومەتەكانەوە وەك قەرز بەهەرێمی كوردستان دراون، و رەنگە لێیان وەرگرنەوە و بگرە پاش هەمواركردنەوەی دەستوری هەمیشەیی عێراق ئەو بەرپرسە كوردانەشی لەپشت ریفراندۆمە شكستخواردوەكەی هەرێمی كوردستانەوە بوون دادگایی و راپێچی زیندان و دوورخستنەوە لەدەسەڵات و لەعێراقیان بەسەردا بسەپێنن و تەنانەت بەتاوانی خیانەتی نیشتیمانی یاسای لەسێدارەدانیان بۆ ببڕنەوە. ئەمانە تەنیا چەند بڕگەیەك لەو گەمە سیاسیانەی دەسەڵاتی كوردی بوو كە هەولێر و پەدەكە پێشەنگایەتی و پشكی شێریان بەركەوتووە و پێكیان هێناوە. ئەو گەمە سیاسیانە كەشێكی مەترسیداری خوڵقاندوە بەنیسبەت داهاتووی هەرێمی كوردستان بۆیە؛ چەند رۆژێكە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ماوە بەسەرچووی هەرێمی كوردستان چووەتە بەغدا و سەردانی لایەنە سیاسی و كەسایەتیە كاریزما و دەسەڵات بەدەستان دەكات و لەدەرگای هەموویان دەدات. نێچیرڤان بارزانی لەئاخاوتن و لێدوانەكانی دا زۆر هەستیارانە وشە و رستەكان رێز دەكات بەشێوەیەك كە نەكا، ئاخاوتن و پەیامەكانی دڵی ناوەندە بڕیار بەدەستەكان لەخۆی زیاتر بڕەنجێنێت، بۆیە دەیەوێت بەشێوەیەكی زیرەكانە مامەڵە بكات، بێ ئاگا لەوەی كە ئەو كەسایەت و لایەنانەی لەبەغدا حەوت خەتی رۆژگارن و باش دەزانن لەپشت ئەو زمانە چەور و نەرمەی نێچیرڤان لە دوو ڕوویی زیاتر شتێكی تر نابینرێت. نێچیرڤان بەو چوونەی بۆ بەغدا دەیەوێت هەندێ پارە بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان قەرز بكات؛ چونكە بەراستی تەنگەتاو بوونە و خەڵكیش بێ پارەیە و قەیرانی بێ پارەیی ژیانی خەڵكی تاڵ كردوە. دیارە نێچیرڤان لەبەرامبەر بەو بڕە قەرزە دەبێت بەڵێنی ئەوە بەلایەنەكان و حكومەتی ناوەند بدات كە جارێكی تر هەڵەكانی پێشوویان دووبارە نەكەنەوە، وە ئەگەرنا نە موازنەی گشتی ساڵانەی عێراق و نە یاسای بوودجەی عێراقی دەخرێتە دەستوری كاری پەرلەمان و سەرۆك وەزیرانەوە و حكومەتی هەرێم و دەسەڵاتی كوردیش دەبێت هەرچاوەڕوانی مووچە و بوودجە بێت.
چوونی نێچیرڤان بارزانی لەپاش چوونی مەسرور بارزانی و چوونی وەفدەكانی سەر بەحكومەتی هەرێم بۆ بەغدا پێكهات. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە كە ئیدی حكومەتی ناوەند وەك رابردوو وەڵام و گوێ بە داواكاریەكانی لایەنی كوردی و حكومەتی هەرێمی كوردستان نادات. بەچوونی نێچیرڤان بارزانی چەندەش بە سیفەتی سەرۆكی ماوە بەسەرچووی هەرێمیش بناسرێت، بەڵام ئیدی راستەوخۆ ناوەندی سیاسەت و شكۆی سیاسەتمەداری بۆ ناوەند گوازرایەوە.
گەلی كورد بەتایبەتی لەهەرێمی كوردستان دەبێت لەو راستیە باش تێبگەن، كە ئەم حكومەت و دەسەڵاتە كوردیە شكستخواردوە سیمای كوردیشی لەهەرێم ناشرین كرد و وەك ئەزموونی دژە دیموكراسی و پێكەوەیی ناوی دەچێتە لاپەڕەكانی مێژوو و دەبێت گەل لەهەڵبژاردنی داهاتوو بەتەواوەتی بیانپێچنەوە، بۆ ئەوەی لەوە زیاتر ناو و ناوبانگی كوردان خراپ نەكەن؛ چونكە گەلی كورد لەمێژوودا رۆڵی ئاشتی و ئارامی و تەبایی و پێكەوەیی گێڕاوە و پێشەنگایەتی بۆ گیانی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی گەلانیان لەئەستۆدا بووە، نابێت كوردان لەهەرێمی كوردستان رێگە بەدەسەڵاتێك بدەن كە سێبەر بخەنە سەر ئەو شانازییە مێژووییەی كوردان.
هـ . ب