شەقام؛ شۆڕش و پاراستن

بۆ وەڵامی 'پێویستە چۆن بژین' وەڵامی دەبێ ئازاد بژین دراوەتەوە. ئەوکات چۆن پارێزگاری لە ژیانی ئازاد بکەین، دەبێ رێكخستنی پاراستنی خودی (زاتی) درووستبکەین. بەم شێوەیە هەموو کەسێک و بە تایبەت گەنجان لە بەرامبەر پارێزگاریکردن لە شەقام، گوند و شار بەرپرسیارن.

شەقام دەنگدانەوە و رەنگدانەوەی هەست، بیر و بۆچوونە جیاوازەکان و دەربڕینی ناڕەزایی دژ بە کردارەکانی دەسەڵاتدار و هێزە سەرکوتكەرەکانە. بەم واتەیە کە شەقام ڕۆحی سەرهەڵدێری ئەو کۆمەڵگا و چین و توێژانەیە کە بێ دەنگ کراون، بۆ ئازادی دڵیان لێدەدات. شەقام کات و شوێنی لێپرسینەوە،تۆڵە گرتن و دەنگدەربڕینە دژ بە زۆردەست و دیکتاتۆرەکان، دژ بە رژێم و سیستەمە دەسەڵاتخوازەکان.

 لە هەمان کاتدا ئەوەی شەقام دەکات بە شوێنی دەنگ دەربڕین و رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ تێکۆشان دژ بە عەقلییەتی زۆردار و دەسەڵاتداران، ئەو کەسانەن کە وەک پێشەنگانی کۆمەڵگا ڕێبەرایەتی دەنگی گەل و شەقام دەکەن و بە بوێری، باوەڕی و زانستەوە دەردەکەونە مەیدانی خەبات و سەرهەڵدەدەن. پێشەنگ وەک هێزی کرداری هەم رێنمایدەر و پلانداڕێژە، هەم رێکخەر و پارێزوانە. پێشەنگ بە تێگەیشتن لەم راستییەی وەها ئەرک و بەرپرسیارێتی پێشەنگایەتی لە ئەستۆ دەگرێت. ئەرک لە ئەستۆ گرتن، پلانداڕشتن، رێکخستن و کرداری کردنی هێزی شەقام کە لە هەمانکاتدا وەک ڕاپەڕینی جەماوەری یاخود سەرهەڵدانی گەل، خەباتێکی زەحمەت و دژوارە. چونکە سەرهەڵدان مەیدانی تێکۆشانی دیموکراسیەتە و دابین کردنی دادپەروەری بۆ رزگار بوونە لە سیسیتەمی داسەپێنەر. کە ئەوەش بە دەستی گەل و بە ئەقڵ و هۆشی گشتی کۆمەڵگا و پێشەنگەکانی پێکدێت.

ئەوە دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەستپێکردنی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' کە سەرەتا لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە پێشەنگایەتی ژنان و جەوانان سەریهەڵدا و لە ماوەیەکی زۆر کەم لە هەموو ئێران بەردەوامی کرد و بوو بە قۆناخێکی نوێ بۆ شۆڕشێکی نوێی جیهانی، کە ئەوە دوو ساڵە وێردی زمانی گشت جیهانە. ئەم شۆڕشە پێویستی بە شیکاری لە هەموو بوارێکدا هەیە، هەتا بکرێت ئەزموونی گرنگ و بە واتا لەم شۆرشە بێ وێنەی سەدەی بیست و یەکەم وەربگیرێت. چونکە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی نە تەنیا کۆتایی پێ نەهاتووە، بەڵکو تازە دەستی پێکردووە و سەدە و کاتی پێش ئێمە، سەدەی ئازادی ژن و تێکۆشانە بۆ ژیانی ئازاد. ئەوە حەقیقەتی ئەو شۆڕشەیە، ئەگەر هەر کەس و هێزێک ئەو حەقیقەتە تێنەگات و وەک کۆتایی هاتنی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی سەیری ئەو قۆناخە مێژووییە بکات، ئەوە سەلمێنەری تێکچوونی ئەو کەس و هێزانەیە، کە لە حەقیقەتی شۆڕشی گەردوونی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ژن ژیان ئازادی تێنەگەییشتوون. ژن ژیان ئازادی فەلسەفەی بونیادنانی ژیانی ئازادە. هەروەها ئالتەرناتیفە لە بەرانبەر سیستەمی ژیانی لیبڕاڵ کە دەیەوێ مرۆڤ وەک ئامرازێک بەردەوام لە خزمەت و بەرژەوەندی سیستەمی سەرمایەداریدا بەکار بهێنێت.

لەم شۆڕشە بە ئاشکرا دەرکەوت پێشەنگانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، ژن و جەوانن. ئەوانەی هەری زۆر پێویستی بە ئازادبوون دەبینن. لەم چوارچێوەیەدا بەرپرسیاری راستەقینەی خاوەن دەرکەوتن و پاراستنی شۆڕش ئەرکی ئەو پێشەنگانەیە کە بە بڕیار و باوەڕی هەنگاویان بۆ تێکۆشانی بێ بڕانەوە هاویشت و مەشخەڵی سەرهەڵدانێکی سەدساڵەیان بە دەستەوەگرت، بۆ ئەوەی لە عەقڵیەتی پێنج هەزار ساڵەی پیاوسالاری، دەوڵەت گەرایی و سوپاگەرایی تۆڵەبپرسن و لە مەیدانی دادپەروەری مرۆڤایەتیدا بیسەلمێنن کە لەم ئەقلیەتە گەورەتر هەیە و ئەویش بیر و ڕامانی ژیانی ئازادە.

لە سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادی بابەتێك کەم مایەوە، رێباز و شێوازی خۆ پاراستن و چۆنێتی پارێزوانی کردن لە دەستکەوتەکانی شۆڕش بوو. هەر راپەرینێکی گەل لەم بوارەیەوە روبەڕوی هێرش و پەلاماری هێزەکانی دەوڵەت دەبێتەوە. لە سروشتی هەر تێکۆشانێک ئەو دوالیزمە هەیە؛ عەقلیەتی دەسەڵاتداری بە هیچ شێوەیەک نایهەوێ دەست لە دەسەڵات و پاوانخوازی بەربدات. بەرانبەر ئەمەش هێزی ئازادیخواز هەمیشە دەیەوێ بەربەستەکانی دەسەڵاتداری تێپەڕێنێ. ئێستا کە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە وڵاتێک وەک رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێکهات و رژێمێکی وەها کۆنەپەرست و دەسەڵاتخواز کە بە هیچ جۆرێک ئامادە نیە دەست لە سیاسەتی دامرکاندن و بێ دەنگ کردنی ژن و جەوانان بەربدات، بێ گومان لە ئەزموونی راپەرینەکانی رابردوودا دیار دەبوو کە بەرپەرچدانەوە و هێرشی رژیم دژی ژنان و جەوانان سەخت و دژوار دەبێت. تەنانەت کاتێک کە هێزەکانی نیزامی هێرشیان کردە سەرخۆپێشاندەران و کۆمەڵکوژییان پێک هێنا، پێویستی هەبوو پێشەنگەکانی شۆڕش بە پێشخستنی تاکتیکی نوێ بەرەنگاری هێرش و کۆمەڵکوژیەکانی رژیمی سەرکوتكەری سێدارە ببونایەوە، یاخود تەدبیری پێویستیان وەرگرتبا. بەڵام تەدبیر لە کاتێکی وەهادا چۆن دەگیرێ، بابەتێکی جیاوازە و ئەوە پێش لە دەستپێکردنی شۆڕش پێویستە بیری لێ بکرێتەوە. شۆڕش کارێکی جدی و زەحمەتە. بۆ ئەوەی شۆڕشێک دەستپێبکڕێ، سەرەتا دەبێ رێكخستنی دروست بکرێت. شۆڕشی بێ رێكخستن هێز و توانای بەرەنگاربوونەوەی لە گەڵ رژێمی سەرکوتكەر و دیکتاتۆر نابێت. ئێستاکە روبەڕوی رژێمێکین کە هەموو ئیمکان و دەرفەتەکانی ئابوری و نیزامی بۆ ئەوەی دەسەڵاتی بەردەوام بکات، خستۆتە مەیدانەوە. بۆ ئەمەش دەتوانین ئاماژە بەم بابەتە بکەین کە لەم شۆڕشەدا فیداکاری و گیانفەدایی بێ وێنە و هەڵویستی شکۆمەندانەی ژنان و جەوانان پێشکەوت و ئەوە سیمای رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران و جیهانیشی گۆڕی. رۆحی شۆڕشی زیندوو کردووە و بە ناوی ژن شۆڕشێک لە مێژوودا دەستیپێکرد. بۆ هەموو جیهانی سەلماند کە شۆڕشی سەدەی بیست و یەکەم شۆڕشی ژنی ئازادە و بە پێشەنگایەتی ژنان شۆڕش بەسەر دەکەوێت. نیشانی دا کە جیهانی نوێ، جیهانی ژنی ئازادە و لە سەر دەست و رەنجی ژنان بونیاد دەنرێت. لە کەنار شۆڕشێکی وەها شکۆمەندانە چاوەڕوانی ئەوە هەبوو کە وەڵامی رژێم هەتا رادەیەکی زۆر دڕندانە و دور لە پرەنسیبەکانی گەردوونی بێت. 

لەم نێوانەدا چۆن دەکرا بەرانبەر هێرش و پەلاماری هێزەکانی ئەمنیەتی، بەسیج و بەکرێگیراوەکانی ناوچەیی، پارێزوانی لە گەل، ژنان و جەوانان بکرێت، یاخود لە داهاتوودا بکرێ. لەم بوارەیەوە، چەکی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بریتی بوون لە شەقام، دروشم، دار و بەرد و ئاگر. رژانە ناو شەقام چەکی بنەرەتی خۆپێشاندەرەکان بوو، ئەو دروشمەی دەنگی هەموو دنیای گۆڕی و تەنانەت کاتی روبەڕوبوونەوە لە گەڵ هێزە دڕندەکانی رژێم ئاگرکردنەوە و بە کار هێنانی دار و بەرد و مۆلۆتۆف و ...، ئەوانە هەموو چەکی پارێزوانی لە شۆڕش بوون. ئەوانە چەکی راستەقینەی سەرهەڵدانن. بەکار هێنانی تفەنگ وەکوو چەک بۆ پارێزوانی لە سەرهەڵدان هەڵەیە و دەبێتە سەبەبی کۆمەڵکوژی لە لایەنی رژێمەوە. چوونکە ناوی سەرهەڵدانی کۆمەڵایەتییە و مەدەنییە، دور لە سەرهەڵدانی چەکدارییە. سەرهەڵدانی چەکداری پێوەرەکانی جیاوازن. ئەگەر لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا چالاکی چەکداری لە ناوەندەکانی شۆڕشدا پێشکەوتبا، ئەوکات کۆمەڵکوژی گەورە لە لایەن هێزە بەکرێگیراوەکانی رژێمەوە دەهاتە ئاراوە و هەر جۆرە کۆمەڵکوژییەک رەوایەتی پێدەبەخشراو و ڕای گشتی جیهان و داموو دەزگاکانی جیهانیش هیچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆیان نەدەبوو. نمونەی وەکوو شۆڕشی بەهاری عەرەبی هێشتا زیندووە و ماوەیەکی زۆر دوور نییە، لە ئەنجامدا ئەو شۆڕشەی کە وەکوو بەهاری عەرەبی بەناو دەکردرا چۆن کەوتە خزمەت و بەرژەوەندی هێزی هەژمونخواز و دەسەڵاتدارانی ناوچەیی. تێکۆشانی چەکداری رێگا خۆشکەرە بۆ شۆڕشی راستەقینەی گەلان، بەڵام شۆڕش بەرهەمی گەلانە. شۆڕشی ژن ژیان ئازادیش بەرهەمی تێکۆشانی ژنانی تێکۆشەری گەریلای ئازادی کوردستان، ئەو ژنانەی لە رۆژئاوای کوردستان دژی داعش شەڕیان کرد و بەرهەمی دایکانی فیداکاری کوردە کە بە دەیان ساڵە بۆ بەدیهێنانی ژیانی ئازاد تێکۆشان دەکەن. لە سەر ئەو بنەمایە رابردوویەکی ئەو شۆڕشە هەیە و پێویستی لە مەڕ بەکارهێنانی چەک نەبوو و نابێ. 

لە سەر ئەو بنەمایانە، ئەرکی پاراستنی شۆڕش لە کاتی سەرهەڵدانی گەل دا بابەتێکی بنەڕەتیە و پێویستی بە ئامادەکاری هەیە. لە هەر شوێنێک کە مرۆڤەکان دەکەونە سەر شەقامەوە دەبێت گروپێک بەرپرسیاری پارێزوانی گەل لە ئەستۆ بگرن. ئەوانە سەرەتا دەبێ خۆیان پەروەردە بکەن و کەسانێک بن کە نەناسرێن و لە ناو یەکدا متمانە و باوەڕییان هەبێت. هەر کۆلان، شەقام و گوندێک دەبێت بە پێشەنگایەتی جەوانان دەستە و گروپی پارێزوان دروست بکرێن. بەداخەوە یەکێک لە لاوازییەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئەوە بوو کە پێشەنگانی شۆڕش ئامادەکاریان بۆ پارێزوانی لە خۆپیشاندەران نەکردبوو. راستە شۆڕش بێ بەدیل نابێت، بەڵام دەکرێ بەدیلی کەمتر هەبێت. شەهیدانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی مرۆڤە بە نرخەکانی رێگای ئازادی بوون. بریندارەکانیش لە ئاستی مرۆڤە بە ورەکانی ئەم نیشتمانە بوون. ئەوانە هەموو نرخی تایبەتی مرۆڤایەتین. بێ ئەو شەهید و بریندارانە، ئەو شۆڕشە خاوەن ناسنامە و شوناسی ئازادی نەدەبوو. لێرەدا بابەتێك كە دەبێ راوەستەی لە سەر بکەین، زۆری گیراوانی ئەم سەرهەڵدانە مێژووییەیە. بۆچی ئەوەندە کەس و پێشەنگ گیران؟ بۆچی پاش ماوەیەک ئەوەندە هێرش کرایە سەر خوێندنگاکانی کچان و ژەهرخوارد کران؟ شەهید خستنی ژنانی بێ پاراستن، ئەشکەنجەی رۆحی و جەستەیی لە زیندانەکان، قەتڵ کردن لە زیندان بە ناوی خۆکوشتن، لە سێدارەدانی جەوانی بێ سوچ و گوناح، ژەهرخواردکردنی کچانی گەنج و منداڵ لە خوێندنگاکان دا هەموو کارەسات بوون کە لە لایان رژێمێکی دڕندە و دیکتاتۆر و چەپەڵی کۆماری سێدارەوە بەڕێوە چوون.  

ئەو کات لە بەرانبەر رژێمێکی وەهادا چۆن دەتوانین پارێزوانی لە ئەوانەی بەشداری سەرهەڵدان دەبن و یاخود لە خۆمان بکەین. لە رابردوودا کۆنترۆل کردنی مرۆڤ بە رێگای ئاشکرا و مرۆڤی و هەتا رادەیەک بە تەکنۆلۆژیا دەکرا. بەڵام ئێستاکە پێشکەوتنەکانی زانست و تەکنۆلۆژیا باردۆخێکی نائاسایی هێناوەتە گۆڕێ، کە دەبێ هەر پێشەنگێک شارەزایی تەواوی لە سەر ئەوە گۆرانکارییە بنەرەتی و ریشەییانە هەبێت. چۆنکە دەوڵەت و سیستەمەکانی دەسەڵاتخواز بە تەواوی تێپەڕی سیستەمی کۆنتڕۆڵی ئەلەکترۆنیکی و دیجیتاڵ بوون. کە وەکوو کۆنترۆڵی شاراوە بە ناو دەکرێت. بە شێوازێکی دیکە دەوڵەتی دیجیتاڵ لە سەر کارە. ئێستاکە دەوڵەتی ئێرانیش هەموو دەرفەت و ئیمکانی زانست و تەکنەلۆژیای نوێ بۆ سەرکوت کردن و پێشگرتن لە دەنگی ئازادی گەلان بە تایبەت ژنان و جەوانان بەکار دەهێنێت. لە سەر ئەو بنەمایە هەرچەندە جیهانی دیجیتاڵ بۆ رێكخستنی مرۆڤەکان لە سەر شەقامەکان کارئاسانی دەکات و لە کاتێکی زۆر کەمدا هەر کەس لە یەک ئاگادار دەبنەوە و هاوکات دەرفەت بە دوژمن و هێزە نیزامییەکانیش دەدات کە کۆنتڕۆڵ و چاودێری کردنی کەسانی پێشەنگ زوتر و خێراتر بکەن. ئەو کات دەبێت چۆن بەرەنگاری سیستەمی تەکنۆلۆژی و چاودێری ئەلیكترۆنیکی ببینەوە پرسێکی سەرەکی ئەمڕۆیە بۆ هەموو پێشەنگانی شۆڕش و بە تایبەت ئەوانەی ئەرک و بەرپرسیاریان لە ئەستۆ گرتووە و دەبێ مامەڵەی هەرزان لە سەر ئەو بابەتە گرنگە نەکەن و بە هەندی وەرگرن. تەنانەت هەموو ئەو کەسانەی لەناو سەرهەڵداندا جێدەگرن پێویستە لە گۆڕانکاری سیستەمی چاودێری ئەلیکترۆنیکی و جیهانی دیجیتاڵ تێبگەن و شارەزا بن. ئێستاکە دوژمن لە ناو شار، لە سەر ئەرزی بە رێگای کامێرای چاودێری (دوربین مداربستە) و هەروەها لە ئاسمان بە رێگای درۆن هەموو شوێنێک دەخەنە ژێر چاودێریەوە.

هەروەها بە رێگای تەلەفۆنی زیرەک و میدیای دیجیتاڵ تەواوی ژیانی مرۆڤەکان دەتوانن سات بە سات چاودێری بکەن. دەوڵەتی دیجیتاڵ بە رێگای هۆشی دەستکرد چاودێری چڕ و پڕ لەسەر هەموو مرۆڤێک لە هەر شوێنێک دەکات. ئەمە لە کاتی ئەمڕۆکەدا بابەتێکی نوێیە. لێرەدا کاتێ باس لە سیستەمی چاودێری بە رێگای هۆشی دەستکرد دەکەین، بەم واتەیە نایە کە ناتوانین لە بەرانبەر تەکنەلۆژیای نوێ خۆمان بپارێزین، بەڵکوو ئەگەر ئێمە زانستی هۆشی دەستکرد و شێوازی خۆ پاراستن لە بەرانبەری بزانین ئەو سیستەمە ئەلکترۆنی و دیجیتاڵە لاوازی زۆری هەیە. بە رێبازی زۆر سادە و ساکار دەکرێ سیستەمی کۆنترۆڵی ئەلەکترۆنیکی تێپەڕ بکرێت. بۆ نمونە دەستکێش لە دەست کردن و سەر و چاو پێچان، هەروەها لە کاتی چالاکی دا جلوبەرگی جودا بەکار بردن، دەتوانن ببنە رێگا چارەی زۆر سادە. بابەتی دیکە لەم بوارەیەوە زۆرن. تەنیا دەبێ بزانین بۆ بەشداری لە هەر چالاکییەک پێویستە تەدبیری خۆپارێزی لە بەرچاو بگیرێت. هەروەها کاتی سەرهەڵدان دەبێ هەموو دوربینی چاودێری لە هەر شوێنێک دەستنیشان بکرێن و بشکێندرێن. لە چ شوێنێک دوربینێک هەبێ لازمە شوێنەکەی دیار بکرێت و بێکاریگەر بکرێت. چونکە دوربینی چاودێری لە شاران بۆ دەوڵەت لە جێگای چاوە. دەتوانین بڵێین کە چاوی دەوڵەت لە سەردەمی زانست و تەکنەلۆژیادا دوربینی چاودێرییە. ئەگەر چاوی بشکێنین ئەو کات کوێری دەکەین. لە هەمان کاتدا مۆبایل و سیستەمی ئینتەرنێت کاتی بەشداریکردن لە سەرهەڵدانەکاندا بەکار نەهێنین. تەنیا ئەوانەی بەرپرسیارن لە دیمەن گرتن و کەسانی رۆژنامەوان. کەسێك بەشداری لە چالاکی دەکات دەبێ هیچ جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنیکی و پەیوەندی گرتن لە لای نەبێت.

شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئەوەی سەلماند، کە گەنجان و ژنانی جەوان بۆ تێکۆشانی نوێ و شێوازە دەوڵەمەندەکانی چالاکی کراوەن و دەتوانن بە رێبازی جیاواز رەنگی سەرهەڵدان رۆژانە بگۆڕن. ئەوە بەرپرسیارێتی گەنجانی لە شۆڕشی ژیانی ئازادی دا بەرجەستە کرد. سەلماندی تاکە پارێزوانیش جارێکی دیکە هێزی گەنجانە. گەنج رۆحی چالاکوانی شۆڕشە. بۆ ئەمەش دەبێت لە هەر کەس زیاتر پەروەردە ببینێت و بە رێكخستن بێت. گەنجان لە هەر کۆڵان و شەقامێک، لە هەر گوند و شارێک لازمە رێخستنی خۆیان دروست بکەن. رێخستنی گوند و شاران بە تایبەت کۆڵان بە کۆڵان گرنگە. دەبێ ئەوە بزانین ئەگەر هێزی بەرێكخستن کراومان بۆ پاراستن نەبێت، دوژمن زۆر بە راحەتی دەتوانێت هەر کەس پەلکێشی زیندانەکان بکات و کەی بیەوێ بەبێ پرسین  قەتڵوعام بکات. 

بۆ ئەوە سەرهەڵدانی بەبێ پاراستن هەمیشە مەترسی هەیە کە روبەڕوی گێچەڵ و تێکچوون ببێت و ئەگەر تێک نەچێ جارێکیتر لاواز دەبێت. بۆ ئەوە لە هەر رەوشێک دا پێویستی بە رێكخستنی پاراستنی خودی (زاتی) هەیە. پاراستنی خودی مکانیزمی ئاسایشی کۆمەڵگای ئازاد و دێموکراتیکە. ئەرکی پاراستنی گەوهەری کە هەڵقوڵاوی هێزی گەنجان و ژنانی بە رێكخستن کراوە، پاراستنی کۆمەڵگایە. تەنیا کاتێک کە لە هەموو گوند و شارەکان رێكخستنی پاراستنی خودی دروست ببێت، دەتوانین پارێزوانی لە دەسکەوتەکانی شۆڕش بکەین.

ئێمە ئێستاکە باس لەئەوە دەکەین کە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی تازە لە سەرەتادایە. ئەوکات بۆ پارێزوانی کردن لەم شۆڕشە درەنگ نەبووە و بۆ رێكخستنکردنی هێزی پاراستنی خودی کۆمەڵگا سەرەتایە. بۆ وەڵامی 'پێویستە چۆن بژین' وەڵامی دەبێ ئازاد بژین دراوەتەوە. ئەوکات چۆن پارێزگاری لە ژیانی ئازاد بکەین، دەبێ رێكخستنی پاراستنی خودی (زاتی) درووستبکەین. بەم شێوەیە هەموو کەسێک و بە تایبەت گەنجان لە بەرامبەر پارێزگاریکردن لە ماڵ، کۆلان، شەقام، گوند، شار و ئەو شوێنەی تێیدا دەژین بەرپرسیارن.