شۆڕشگێڕێك پەپوولە ئاسا ژیا، زیلان پەپوولە

"شەهید هەڤاڵ زیلان پەپوولە، ژیانی شۆڕشگێڕی، پەپوولەئاسا ژیا و ژیان و تێكۆشانی لەخەباتی ئازادیخوازی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بووەتە سیمبۆلێك بۆ تێكۆشان لەپێناو ئازادی دا".

 زستانی ساڵی ٢٠٠٥لەرۆژێكی سارد و سڕدا لەگەڵ گروپێكی چواركەسی لەهەڤاڵان سەرمان كردە یەكێك لەبڕیارگەكانی رۆژهەڵات"پەژاك"، بەراستی رۆژێكی بارانئاوی و ساردبوو، بەفر هەموو كەلبەرێكی داپۆشیبوو، داربیەكان ئەوەندە بەفریان بەسەرەوە نیشتبوو لەق و پووپیان لەژێر قورسایی ئەو بەفرە هەموو خوار ببوون. ئەو رۆژ لەبەختی ئێمە ئاوی بڕیارگەكە پچڕابوو، منیش كە زۆر سەرمابردووم، پێڵاوەكانم و گۆروێ و شەرواڵەم تەڕ بوو بەشوێن ئاگردا دەگەڕام تا كەمێك خۆمی پێ وشك بكەمەوە. چێشتخانەی بڕیارگەكە لەو بەر چوومەكەوە بوو، بینم هەڤاڵێك بەچواردەوری ئاگرەكەدا دەسوڕێتەوە، بەپەلەپڕۆزكێ خۆم گەیاندە لای ئەو هەڤاڵە. هەڤاڵێكی ژن بوو و سەرقاڵی ئامادەكردنی خوانی نیوەڕۆ بوو. هەركە خۆمم نزیك ئاگرەكە كردەوە، بینم هەڤاڵەكە سەری داخستووە و بەسەر پێنووس و لێنووسەكەیدا نووشتاوەتەوە. زۆر قووڵ و دوور چووبوو. وەكو ئەوەی لەسەفەرێكی زۆر درێژدا بێت، لەنێو دەریای نوسینەكەیدا نەغرۆ ببوو و بەتەواوەتی لەژینگەی چواردەوری خۆی دابڕابوو. نەموویست ژینگە ئەستاتیكیەكەی لێ تێكبدەم، ویستم بەپسكایی بگەڕێمەوە، بەڵام بە لەرزەلەرز و رەق هەڵهاتوویی من هەستی بەبوونم كرد. وەكو پشكۆیەك هەڵتۆقی و پڕ بەنەزاكەت و دڵنزمیەوە بەخێرهاتنی كردم و ووتی؛ وەرە نزیك ئاگرەوە تا تینی ئاگرەكەت پێ بگات و گەرم ببیتەوە و پەرداخێكی چای لەچادانە رەشەكە و قۆریە شكاوەكەی گەریلای بۆ تێكردم.

هەڤاڵ زیلان ئەو رۆژە خواردن پێژ"كابانی"ی بڕیارگەكە بوو. ژمارەیەك لەهەڤاڵانی كاروباری رۆژهەڵات لەو بڕیارگەدا دەمانەوە. فاسولیاكەی كۆڵاندبوو و لەتەنیشت ئاگرەوە داینابوو و برنجەكەشی خستبووە هەڵمەوە بۆ ئەوەی دەم بگرێت. چێشتخانەكەی زۆر خاوەن و پاك بوو. دیار بوو هەڤاڵ زیلان لەكاروخەباتی خۆیدا چەندە جددیی و گرنگی بەپاك و خاوێنی و سەلامەتی هەڤاڵان دەدات. لەگەڵ ئەوەی بەیەكەوە چەند خولەكێك كەوتینە قسەو پێشتر چانسی یەكتر ناسینمان نەبوو. هەڤاڵ زیلان پرسی، ئەرێ هەڤاڵ نەتگووت؛ ئەوە ئێوە لەكوێوە هاتوون، ووتم؛ راستت دەوێت لەبڕیارگەی ناوەندی پەژاكەوە، چوار پێنج هەڤاڵین. ووتی؛ گەروا بێت چەند رۆژێكە بەرێگاوەن، ووتم راستە و برسیەتی بڕستی لێبڕیووین، باوەڕ دەكەم مەگەر چێشتەكەی تۆ، نیوەڕۆ گەرممان بكاتەوە و هەندێ لەماندوویەتیمان دەركات، ووتی؛ بێگۆمان من چێشتلێنەرێكی لێهاتووم و ئەمڕۆش ئێوە بەختەوەرن كە من خواردن پێژم. هەڤاڵ زیلان لەگەڵ ئەوەی بەفرێكی زۆرهەموو كەمپەكەی داپۆشیبوو و سەرمایەكی زۆر و بایەكی توند وەكو لۆرەلۆری دەنگی گۆر دەهات، پڕ بەمۆرال و دەم بەپێكەنین بوو.

ئەوەی بەلامەوە زۆر سەرەنجڕاكێش بوو، ئەو پێنووس و لێنووسە بوو لەدەستی هەڤاڵ زیلاندا هەبوو. ووتم هەڤاڵ زیلان ئەمڕۆ تۆ كابانی كەمپەكەی و ماندوویەت لەمسەركەمپەكەوە بۆ ئەو سەر كەمپەكە دێت و دەچی و دەست تەنیا سەرقاڵی چێشت لێنانی، ماندوو نابی بەو لێنووس و پێنووسەی بەدەستەوەیە. نەیهێشت تۆنی قسەكانم بەكۆتا بێت بەپێكەنینەوە وەڵامی دامەوە و ووتی؛ هەڤاڵی هێژا چەند لێنووسێكم تەواو كردوە و بەسەدان لاپەڕەكەم رەش كردۆتەوە. دەزانی با كەس نەزانێت، بەڵام من عاشقم!. ووتم؛ عاشقی چی. بەدەنگێكی بەرز و پێكەنین ئاوی لەچەشنی دەنگی خوداوەندانی چیاكانی زاگرۆس وەڵامی دامەوە و وتی؛ عاشقی دەشت و دەوەن و كوێستانەكانی ئەم وڵاتەم، عاشقی جۆانی بەفر و بارانی بەهار و چرۆی دار بەڕو و كردنەوەی لاپەڕەكانی هەزاران گوڵ و پێكەنین و مانۆر و مەشی هەڤاڵانم. هۆكار زۆرن بۆ  ئەوەی تۆ عاشق بی. وڵاتێكی پڕ لەجۆانیمان هەیە، دەتوانی هەر بیانۆیەك و هەر نیگایەك بكەیتە تابلۆیەكی بێووێنە و بینەخشێنی.

هەڤاڵ زیلان بەقسە نەستەقەكان، جەسارەت و شەوقێكی مەزن لەچاوانیدا دەباری. ووتم باشە نەتگووت؛ ئێستا تۆ بەو لێنووس و پێنوسەی دەستت سەرقاڵی چیت. ووتی؛ هەڤاڵ گیان، چەند ساڵێكە دەستم داوەتە هەڵبەست نووسین و جارناجارێكیش كۆرتە چیرۆك دەنووسم. هەستەكانی رۆژانەم و رووداوەكانی رۆژ بەزمانی وێژە و ئەدەب خێز دەكەم و تام و بۆنی خۆمی پێ دەبەخشم، تۆ دەزانی، گەریلایەك و شۆڕشگێڕێك عاشق نەبێت، ناتوانێت بەساڵان هێلانەكەی خۆی لەسەر لووتكە ئەم چیایانەوە چێ بكات. هەرچەند سروشتی وڵاتەكەمان بۆ خۆشی ئەوەندە دڵڕفێن و ئارامبەخشە، دەتوانێت گیان بەبەر مردووشدا بكاتەوە، بۆیە ناتوانم ئەوەندەش بڵێیم كە من جل و بەرگ لەوشە و رەستەكانم باردەكەم و دەیانڕازێنمەوە. بەڵام هەست دەكەم، وێژە و بەتایبەتی هەڵبەستڤانی ئامرازێكی بەهێزن لەپێشخستنی هزر و كاری پرۆپاگەندەدا. ئەوەی كە دەبێت ژیان بەهەڵبەست و چیرۆكە راستەقینەكانی ژیان بخەملێنێت، راستی و حەقیقەتێكە لەپێناو واتەدان بەژیانێكی ئازاد، ژیانێكی ئازادیش بەبێ ئایدئۆلۆژیایەكی ئازادی لەخەیاڵدا ناگۆنجێت. گەریلایە هەڵگری ئەو حەقیقەتە و جەنگاوەرێكی راستەقینەی ئەو ژیانەیە.

ئاخاوتنەكانی هەڤاڵ زیلان زۆر بەكاریگەر بوون. دیار بوو كە هەڤاڵ ئەو ئیرادەیەی لەخۆدا گەشاندبوویەو بەباوەڕی و بەئیرادەیەكی بەهێزەوە پێداگری لەسەر بەكارهێنانی وشە و رەستەكانی دەكرد و هەوڵیدەدا بەوشە و ئەو رەستانەی دەریدەبڕین، كاریگەری لەسەربەرامبەرەكەی دادەنا. هێزێكی وای لەخۆیدا ئافراندبوو. لەگەرماوگەرمی ئاخاوتندا بووین، جل و بەرگ و پیلاوەكانم وشك بوونەوە و منیش هەستەم بەزیندبوونی زیاتر دەكرد، دەمتوانی بەسەرەنجەوە بچمە نێو كۆنج و كەلێنی قسەكانی هەڤاڵ زیلانەوەو باشتر گوێ بۆ رادێرم. بەراستی ژیان پڕ بوو لەرووداو و دیاردە خۆش و ناخۆشەكان و سات و كاتی هەر رووداو و دیاردەیەك بیانۆیەك بوون بۆ ئەوەی ببنە بابەتێك بۆ نووسین.

هەڤاڵ زیلان، تەنیا شۆڕشگێڕێكی هەڵبەستڤان و چیرۆكنووس نەبوو. لەیەك كاتدا، نووسەرێكی بەتواناش بوو. بەو رەستە بەهێزانەی كە بەوشەكانی دەیهوونیەوە، بەهێزی خەیاڵ و لێهاتووییەكی زۆریان پێوە دیار بوو و بەرامبەرەكەی دەخستە ناو ناكۆكی و لێگەڕینەوە.

هەڤاڵ زیلان ووتی؛ ئەم هاتنەی ئێوە ئەمڕۆ بۆ بڕیارگەكەمان، رووداوێكی دیرۆكیەو و بیانۆیەكە بۆ ئەوەی بیكەمە هەڵبەستێك و لەلێنوسەكەمدا وەكو بیرەوەریەك لەیادگاكاندا بۆ مێژوو بینەخشێنم. واتایەك بدەمە ژیانی ئەمڕۆ و هاتنی ئێوەی هەڤاڵان.

هەڤاڵ زیلان پەپوولە ژیانی هاوشێوەی چیرۆكی ئەوینی ئەو سێ پەپوولەیە كە لەلێگەڕینی پێناسەی عەشقدا دەبن. پەپوولەكان بۆ ئەوەی پێناسەیەكی ئاگر بكەن، دەكەونە كێبڕكێ بۆ ئەوەی بزانن كامیان بەجۆانترین و بەواتاترین پێناسەكان بۆ عەشق دەكەن. یەكەم پەپوولە كە خۆی نزیكی ئاگرەكە دەكاتەوە، دەڵێت ئاگر رووناكیبەخشە و دووم پەپوولەش دەڵێت، ئاگر بەتینە و سێیەم پەپوولەش خۆی هەڵدەداتە نێو دڵی ئاگرەوە و ئێدی ناتوانێت پێناسەی عەشقەكەمان بۆ بكات و بەفیداكردنی گیانی نیشانی دەدات كە ئاگر سووتێنەرە. پێناسەكانی هەڤاڵ زیلان پەپوولەش بۆ بەواتابوونی ژیانیش هاوشێوەی پێناسە ئەو پۆلە لەپەپوولەكان بوو كە لەدوای لێگەڕینی واتای ژیان و عەشق و ئەوینەوە بوون.

هەڤال زیلان پەپوولە، ژنە شۆڕشگێڕ و ئەوداڵی رێگای شەهید زیلان"زەینەب كناجی"، بوو. هەڤاڵ زیلان لەسی حۆزەیرانی ساڵی 2006 "9ی پووشپەڕ" كە  بەرواری شەهیدبوون هەڤاڵ زیلان كناجی بوو لەكاتی كۆبوونەوەیەكی جەماوەری بۆ گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و لەگوندێكی سەر بەشاری مەریوان لەسەردەستی بەكرێگیراوان و هێزە سەركۆتكارەكانی رژێمی داگیركەر و فاشیستی ئێران دەچێتە رێزی كاروانی نەمرانەوە.

شەهید هەڤاڵ زیلان پەپوولە "لەتیفە سەلامەت"، خۆشەویستی گەل و وڵات و هەڵبەست و ژن و شۆڕشگێڕتی لەبەرێكخستن كردنی گەلەكەمان و دانەناسینی بیروهزری رێبەرئاپۆ لەرۆژهەڵاتی كوردستان كردە ئەمر و رێنمایی و هەموویانی بەیەكەوە بەستەوە.

شەهید هەڤاڵ زیلان پەپوولە، ژیانی شۆڕشگێڕی، پەپوولەئاسا ژیا و ژیان و تێكۆشانی لەخەباتی ئازادیخوازی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بووەتە سیمبۆلێك بۆ تێكۆشان لەپێناو ئازادی دا.

هـ . ب