شۆڕشی ژن، شۆڕشێک بۆ ژیانەوە

دوای یەکەم هەنگاوەکانی کۆیلەکردنی ژن لە ژێر هزری پیاوسالاری و به‌سیسته‌مكردنی ئەم کۆیلایەتیە و درووستکردنی دەوڵەت، پەراوێز خستنی ژن، لە ناوەندی ژین بوون و خولقكاری دەستیپێکرد.

دوای یەکەم هەنگاوەکانی کۆیلەکردنی ژن لە ژێر هزری پیاوسالاری و به‌سیسته‌مكردنی ئەم کۆیلایەتیە و درووستکردنی دەوڵەت، پەراوێز خستنی ژن، لە ناوەندی ژین بوون و خولقكاری دەستیپێکرد. لە کاراکتەری ستیرک و ئافرۆدیت، گۆڕاندیان بۆ کارەکتەری ئۆبژەکراو. دابەشکردنی ژن بە دوو کاراکتەری تەواو لەیەک جیاوزا، یەکەم؛ کەسایەتی حوا لە سەر بنەمای روانگەی ئاینی ئێبراهیمی. ژنێکی سەر بەژێر و گوێڕایەڵ، کرا بە نموونەی ژنی باڵا. لە پەراوێزی ئەم بیرۆکەیەدا مەتافیزیکی تایبەت بە خۆی دارێژرا. لەم مێتۆلۆژیەدا هەوڵ دەدرێ ژن وەکوو بنەمای هەموو گرفتەکان و سەرچاوەی تاوان نیشان بدرێت. تاکە رێگای خۆ شۆردنەوە لەم تاوانە گەوەریە کە پیاوی لە به‌هشته‌وه‌ هێناوەتە عەرش، بێدەنگی و گوێڕایەڵیە. ئەمەش دەبێتە مافی پیاو بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ژن کە ئەوی لە بەهەشتی خۆداکان دەرخستووە.

بەم جۆرە ئەو ژنەی کە ڕادەستی سیستەم نەکرا، لە کەسایەتی لیلیت دەبێتە جن و درەنج و ڕاو دەنرێت ودەکەوێتە بەر لۆمەی کۆمەڵگە و تووڕه‌یی خوداکان. ئەم مێتۆلۆژیە ئەوەندە دووبارە دەبێتەوە و ئۆبژەبوونی ژن پیرۆز دەکرێت، کۆمەڵگە و ژنانیش باوەڕی پێ دەکەن. لە بەرامبەر ئەم یەکە ژنێک درێژە بە بوونی خۆی دەدات کە سەرهەڵدێرە و بەرهەڵستکارە، بەڵام دەنگی نابیسترێ. شۆڕشی ژن بە درووشمی، ژن، ژیان، ئازادی هەڵبڕینی هاواری کپکراوی ئەو ژنانەیە کە لە داڵانەکانی مێژووی چەن هەزاڕساڵەدا ئێرادەی ئازادیان پاراست و خۆیان رادەست نەکرد و تا بە رۆژی ئەمڕۆ گەیشتوون، ئەو دەنگەی کە نە دەبیسترا و پیاوسالاری کپی دەکرد، ئەمڕۆ بووتە هاوارێک و گوێی زەمەن کەڕ دەکات.

خوێندنەوەی شۆڕشی هاوچەرخ وەکوو«شۆڕشی کۆنترین نەتەوەی بەکۆیلە کراو» دەتوانێت هاوکارمان بێت بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی ئەم شۆڕشە و برجستە کردنی ئاستی ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەگەڵ خۆی دەیانهێنێت. ئێمە رووبەڕووی شۆڕشێکی ئاسایی نین، بەو رەنگە هەندێک لێی تێدەگەن و یان بە ئەنقەس دەیانهەوێ وەها پێناسەی بکەن. ئەمە شۆڕشێکی پارادایمیە و لەگەڵ خۆیدا تەمی پیاوسالاری لە سەر رۆخساری ژن دەڕەوێنێتەوە و ئاهەنگێکی نوێیە کە لە سەر بنەمای دووئالیتەی ژیان پێکدێت. لە بواری فەلسەفیدا هەبوون و پێکهاتەیکی دووئالیته‌یه‌. میترا وەکوو رەش و سپی، باش و خراپ و فەلسەفەی بوودا و ئاسیای رۆژهەڵاتی دوور بە ینگ و یانگ پێناسەی دەکەن. ئەم روانگەیە تەواو پێچەوانەی فیزیکی نیۆتۆنیە کە بنەمایێکی علەت – مەعلوولی هەیە. سۆبژه‌یێک کە ئۆبژەیێک هان دەدات. فەلسەفەی فیزیکی کوانتۆم باس لە پەیوەندێکی دوالیتەیی نێوان کارا و لێکەر دەکات کە لە کات و شوێنی جیاوازدا کاریکەری دەکەنە سەر یەکدی. هەردوو خاوەن هزرن و توانای سۆبژەبوونیان هەیە و لە دیالۆگی ئەم دوانەدا هەبوونێک دەئافرێنرێت.

ئەگەر بە زمانێکی باوەڕمەندانە ئەم پەیوەندیە بخوێنینەوە، لێکچوونێکی زۆرنزیک هەیە لە نێوان روانگەی عیرفان و فیزیکی کوانتۆم، لە هەمانکاتدا لێکچوونی فیزیکی نیوتۆن و شەریعەت. پەیوەندی عابد و مەعبوود کە لە سەر بنەمای (کن فیکون) داڕژراوە یانی «ببە» و تاک لایەنە لە ژوورەوە بۆ ژێر ئه‌مر و فه‌رمان ده‌كات. دەوڵەتەگه‌رایە و لەسەر بنەمای ناوەند- پەراوێز کار دەکات و لە دیندا وەکوو شەریعەت و لە فۆرمی دەوڵەت لە رەنگی قانوونی نەگۆڕ خۆی نیشان دەدات. زۆر ئاسانە لەوە تێبگەین یەکەم یاسا کە حەموورابی دایڕشت چەندە لەیەکچوونیان هەیە، لەگەڵ ئەو شەریعەتانەی کە بە دەستی پیاوانی ئایینی لەخزمەتی دەسەڵاتدا دارێژاون. ئەوەی لە هەردووکیدا بەدی دەکرێت، بە کوێلە کردنی ژنە و گەیاندنیەتی بە ئاستی ئۆبژەگی. هاوتەریب لەگەڵ ئەوە فرمووڵەکردنی ناوەند – پەراوێزە کە دەسەڵات و دەوڵەت دەبنە ناوەند، گەل و کۆمەڵگە دەبنە پراوێز. کۆمەڵگە تەنیا کاتێک دەتوانێت هەبوونی هەبێت کە خزمەت بە دەوڵەت و دەسەڵات دەکات.

ئەو شۆڕش و سەرهەڵدانانەی کە لە بەرە بەیانی مێژوو، دژی دەسەڵاتی دەوڵەتپارێز و ناوەندگەرا روویان داوە، بێ کەم و زیاد بەشێکن لە تێکۆشانی ئازادی ژن. چوون تێکۆشانی ئازادی ژن زیاتر لەوەی تەنیا تێکۆشانێکی رەگەزی بێت، تێکۆشانی کۆمەڵگەی ئازادە دژی ئۆبژەگی. کاتێک ئاورێک لە مێژوو دەدەینەوە ژیاری دیمۆکراتیکی کۆمەڵگە بە شێوازی جیاجیا و بە دروستکردنی گرووپ و دەستە، هەوڵیداوە خۆی لە ژێر هەژموونی دەسەڵات و شەریعەت رزگار بکات. هەبوونی ئەو هەموو گرووپە هزریانەی کە خۆیان بەرێکخستن کردووە و بەردەوام لە ململانێ لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندگەرایی پیاوساڵاردا بوون شتێکی کوتووپڕ نیە. بزووتنەوەی مەزدەک و مانی، تاکوو خۆڕەمیەکان و بابەک لە سبەڵان، شێخ بەدرەدین لە ئاناتۆلی، عەلەوییەکان، حرووفیەکان و بکتاشی و یارسان و ئێزەدییەکان، هەروەها تەریقەتەکانی ناو ئێسلام و روانگە عێرفانیەکانی وەکوو ئێبن عەرەبی و رابعەی عەلەوی و مەنسووری حەلاج، هەمووی خویێندەوەیێکن لە دەرەوەی ئایینی فه‌رمی و دەوڵەتگەرایی. خاڵی هاوبەشی ئەم گرووپانە روانگەی ئەوانە بۆ ژن و بەرجەستەبوونی پێکەی ژنە لەم رەوتە فکری و بزاڤە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەیە. دەرکەوتنە لە کاراکتەرێکی ئۆبژەیی بۆ ئەکتەرێکی کارای سیاسەت و کۆمەڵگەیی. لە نێو ئەم گرووپانەدا زیادبوونی پێشەنگی ژن لە بواری کۆمەڵەگەیی و ئاینی پیشاندەری هەمان راستیە. لە خۆڕا نیە دوای مەزدەک، خۆڕەم وەکوو ژنێک دەبێتە ئاڵاهەڵگری تێکۆشان، یان پێگەی هاوبەشی ژن و پیاو لە نێو کۆمەڵگەی یارسان و دەقە ئاینیەکان پیشاندەری ئەم ڕەوتە مێژووییە کە تێکۆشانی ئازادی لە سەر بنەمای ژنێکی ئازاد ئافراندوویەتی. کاتێک گوزارە لە رەستەی کۆمەڵگای ئازاد، گرێدراوە بە ژنێکی ئازاد دەکەین مەبەستمان پیشاندانی قووڵبوونەوەی ئەم تێکۆشانەیە و لە هەمانکاتدا ئاماژەیە بۆ سەردەمی خوداوەندی ژن، عەشتار، ناهید، ئەئا و ئاداد و … گەڕانەوەیە بۆ چاوگەکانی ژیان کە هارموونی سرووشت بنەما دەگرێت.

جیهانی ژینگەیی ئێمە لە سێبەری پیاوی دەسەڵاتدار تووشی وشک بوونەوە هاتووە. باڵەخانەکان بەرز کراوونەتەوە، چووینەتە بنی زەریاکان و لووتکەی شاخەکان. داکشاوین بو نێو ئەتۆمەکان و پامان ناوەتە نێو مانگ. گەیشتووینەتە ئەو ئاستەی چیدی بوونەوەری زیندوو ساز دەکەین. دەتوانین وەکوو مەل بفڕین، وەکوو ماسی لەنێو زەریاکانا نۆقم بین، بەڵام ئێمە مووسیقای ژیانمان ون کردووە. بە وتەی سوارە لەشار تەنیا هاڕەهاڕی دەبیسین. سەرەتا مەبەستمان لە درووست کردنی ئەو باڵەخانانە دۆزینەوەی شوێنێک بوو بۆ گفتگۆیێکی فەلسەفی بۆ ئەوەی ئازاد بژین. بەڵام ئەوەی بەدی دەکرێ مەنارەیە و تێلی کارەبا، کە بوونەتە رەمزی قنار و لێدانی رۆحمان.

شۆڕشی ژن و بەرزکردنەوەی درووشمی ژن، ژیان، ئازادی لە ئێران و رۆژهەڵات لە ناکاو نەبووە. تێکۆشانی ئازادی ژن لە رۆژهەڵات و ئێران مێژوویێکی پڕ لە هەوراز و نشیوی تێپەڕ کردووە. مەشرووتە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ تێپەڕبوونی کۆمەلگای ئێران لە چەمکی شاه – خودا و دامەزراندنی پێکهاتەیێکی نوێ. بە هەمانشێوەی شۆڕشی فەرانسا هەوڵدانێک هەبوو بۆ بەربەست دانان بۆ دەسەڵاتی پادشا و گەڕانەوەی کەرامەت و هێزی بڕیاردایین بۆ تاکی کۆمەڵگە، شۆڕشی مەشرووتە هەنگاوەێک بوو لە هەمان ئاراستەدا. بێ گەڕانەوە بۆ ئەو مێژووە و دەستنیشان کردنی ئاستی بەشداری ژنان لەو شۆڕشە ناتوانین بزاڤی هاوچەرخی ژنانی ئێران شرۆڤە بکەین. یاسای بنەڕەتی مەشرووتە کاریگەری باشی هەبوو لە پێشخستنی بزاڤی ژنان. لەو سەردەمەدا و زیاتر لە نۆ رێکخرواەی ژنان سازکراون: ١- ئەنجۆمەنی ئازادی ژنان ٢- ئەنجۆمەنی غەیبی نەسوان ٣- ئەنجۆمەنی نەسوان٤-ئەنجۆمەنی مۆخەدەراتی وەتەن ٥-شرکەتی خەواتینی ئێران ٦- ئەنجۆمەنی خەواتینی ئێران ٧- یه‌كیێتی ژنان ٨- ئەنجۆمەن هێمەتی خەواتین ٩- هەیەئەتی خەواتین. لە هاوینی ١٩٠٦ کاتێک «میللی گەراکان» دژی «ناسرەدین» شاه لە باڵوێزخانه‌ی بریتانیا مانگرتنیان گرت، هەزاران ژنیش پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو مانگرتنە دەڕبڕی، بەڵام سەفارەتی بریتانیا رێگری لە بەشداری ژنان کرد. «خانمی جەهانگیر» پووری «میرزا جەهانگیر خانی شیرازی» سەر نووسەری رۆژنامەی «سوور ئێسرافیل»و پێشی بە «ناسرەدین شاه» گرت و نامەیێکی دایە دەستی و پێ راگەیاند: «ئەگەر دەرفەت نەدا بۆ دامەزراندنی پارلمان ترۆر دەکرێت». ژنان بەشێکی رادیکاڵی شۆڕشی مەشرووتە بوون. کاتێ پارلمان لە لایەن ئەحمەد شای قاجار و بە هاوکاری رووسیەی تزاری داگیر کرا، دیسان ژنانێک وەکوو «بیبی مەریەمی بەختیاری» سەرپرشتی هێزێکی تۆکمەی چەکداره بەختیاریەکانی کرد کە بۆ پاراستنی پارلمان و شۆڕشی مەشرووتە هاتە تاران. دوا بەدوای بە لارێبردنی شۆڕشی مەشرووتە لە لایەن هێزە دەرکیەکان؛ رووسیە و بریتانیا بە هاوکاری هێزە پاوانخوازەکانی ناوخۆیی و ئاخووندەکان و لیبراڵەکان. شۆرش لە رێرەوەی خۆی دەرکەوت و لە ژێر هژموونی پیاوسالاری دینی و سکۆلارەکەی ژنان پەراوێز خران.

هاتنە سەر کاری رژیمی پەهلەوی، دەستێوەردانی دەرەکی بوو بۆ درووست کردنی دەوڵەتێکی ناوەندی میللیگەرا کە بتوانێت خزمەت بە ئەمپریالیستی جیهانی بکات. دواتر پان ئێرانیستەکان بە خۆلیای گەڕانەوە بۆ شاهەنشاهی ساسانیەکان و کوورشی کەبیر لە سەر پشتی گەڵانی ئێران بە تایبەت گەلی زاگرۆس دەستیان کرد بە داتاشینی مێژوو کە پڕ بوو لە درۆ. بەم جۆرە ئایدئۆلۆژی تەک ئاڵا و تەک زامانیان پێش خست و ئەم ناسنامە نوێیە کە بە ناوی ئێرانی بوونەوە سازکرا، ئارمانجی سڕینەوەی رەنگاو رەنگی جوگرافیای ئێران بوو. ئەم یەکەش بە زەربی چەکمەکانی دیکتاتۆری رەزاخان بەرو پێشەو چوو. دوای کودەتای ٢٨ گەلاوێژ ١٣٣٢ی هەتاوی ئەو کەمە ئازادیەش کپ کرا و دەنگە ئازادەکانی وەکوو گۆلێسۆرخیەکان و رووزبە و جەزەنیەکان لە سێدارە دران. چەندە ئازادیەکان بەرتەسک کرانەوە، ژنانیش سەرکووت کران و لە سەر ناوی مۆدڕنیزاسیۆن رێکخستنە سەربەخۆەکانی ژنان هەڵوەشێندرانەوەو لە ژێر چاودێری ئەشرەف پەهلەوی خۆشکی شاه، ژنان وەکوو ئۆبژەیێک بۆ نیشاندنی رۆخسارێکی رۆژئاوایی لە ئێران بەکار هاتن ئەو رۆخسارەی ئێستاش سەلتەنەت خوازه‌كان شانازی پێوە دەکەن. کردنەوه‌ی«کاخی جەوانان» و «شەهرێ نەو» و داسەپاندنی پۆشاکی زۆرە ملێی رۆژئاوایی بەسەر ژنان و گەلانی ئێران، زیاتر لەوە هەڵقۆڵاوی ئێرادی ژنان بێت، فەرمانێکی حکوومەتی بوو کە ئێرادەی ئازادی ژنی بە بنەما نەدەگرت. هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوە سەربەخۆکانی ژنان لەم سەردەمە روویاندا و بە جێگای ئەوانە رێکخراوەی گرێدراو بە رژێمی پەهلەوی درووست بوون کە ئارمانجیان بە لارێبردنی خەباتی ژنان بوو.

شۆڕشی گەلانی ئێران لە یەکەم هەنگاوەکانی خۆیدا شۆڕشی دیمۆکراتیزە کردنی ئێران بوو کە ژنان پێشەنگایەتیان کردووە هەم لە سەردەمی مەشرووتە و هەمیش لە ساڵی ١٣٥٧ بەڵام ئەوەی کە دەبینرێ دژە شۆڕش بووە کە هزری پیاوسالاری ژنانی بەرەو پەراوێزخستن پاڵ پێوەنا. لە یەکەم رۆژەکانی شۆرشی ٥٧ کاتێ خۆمەینی بە ناوی ئێسلام، ژنانی پەراوێز خست و باڵا پۆشی زۆرەملێی سەپاند، بەر لە هەموان پیاوانی نێو هێزە چەپ و لیبراڵەکان پشتیان لە ژنان کرد و بەم جۆرە رژیم رۆژ دوای رۆژ بەروە دسپۆتیکی پیاوسالاری هەنگاوی نا. دوای چل و سێ ساڵ، تێکۆشانی ژنان قۆناخی زۆر هەستیاری بڕیوە و فیداکاریێکی زۆری نوواندوە. زۆرێک لەو ژنانە لە زندانەکاندا لە سێدارە دران. لەژێر سێبەری هزری پیاوسالاریدا دەنگیان وەکوو پیویست نەبیسترا و بوونە سووتماکی شۆڕشەکان. ناکرێت تێکۆشانی ئەو ژنانە لە بیر بکرێ کە لە نێو چریکی فیدایی خەباتان کرد و ژیانی خۆیاندا بەختکرد. یان شۆڕشگێرانی ژنی نێو کۆمەڵە کە لە ژێر گوشاری کۆمەڵگای پیاوسالاریدا کۆڵیان نەدا و چەکی شۆڕشیان کردە شان و هندێکیان وەکوو خۆشکانی کەعبی لە بەر جووخەی ئێعدام نەترسانە راوەستان. شۆڕشی ژن بە درووشمی ژن، ژیان، ئازادی هەڵگری هەموو ئەو مێژووەیە کە لە ژن دزراوە. لە هەمان کاتدا دەرکەوتەی تێکۆشانی هەموو تێکۆشەرانی رێگای ئازادیە بە تایبەت ژنان، هەرچەند روانگەی پیاوسالاری هەوڵی داوە بۆ ئەم درووشمە سەرچاوەی دیکە دەستنیشان بکات و خوێندنەوەی پیاوسالارانه‌ی بۆ بکات، کە ئارمانج بە لارێدا بردنی شۆڕشە. نا ئاگا لەوەی درووشم چەند وشەی ساکار نین کە هاتبێنە لای یەکدی، ئەمە لە سەر بنەمای فەلسەفەی ژنی ئازادە، وەکوو بناخەدانەری ژیان دارێژراوە. لە مێژووی خۆیدا تێکۆشانی نیوسەدەی ژنانی ئاپۆیی تۆمار کردووە، هەڵگری بەرخۆدانی ئەو ژن و پیاوە شۆڕشگێڕەیە کە کەسانی وەکوو سەکینە جانسز و کەماڵ پیر و هاوڕیانیان کە بەرخۆدانی چواردەی تەمووزیان لە زیندانی ئامەد ئافراند و وتیان بەرخۆدان ژیانە. شۆڕشگێڕانێک وەکوو شەهید شیرین عەلەمهوولی ئەو درووشمەیان لە سەر دیوارکانی ئێڤین نووسی و بۆ پاراستنی لە گەڵ هاوریانیدا چوونە بەر پەتی سێدارە. هەروەها ئەمرۆ هەڤال زەینەب جەلالیان لە سەر بنەمای هەمان هزر لە زیندانەکانی رژیم بەرخۆدان دەکات. ئەگەر شۆڕشی ژن دەنگی دەبیسرێ و بووتە پێشەنگی شۆڕش، ناکرێت تێکۆشانی ژنانی رۆژئاوا و فیداکاری یەکینەکانی پاراستنی ژن(ی.پ.ژ) دژی داعش لە بەرخۆدانی کۆبانێ، دەڕەندەترین و سەرترۆپی هزری پیاوسالاری لە ئاستی جیهان نەبینرێت. ئەو تێکۆشانە جەسارەتی داوەتە ژنانی رۆژهەڵات و ئێران. پشتگیری ژنانی رۆژهەڵات بە درووشمی ژن، ژیان، ئازادی لە رۆژهەڵات و ئێران ئەو راستیە نیشان دەدات.

شۆڕشی ئازادی ژن دەروازەیەێکە بۆ تێپەڕ بووون لە دۆگماتیکی چەپ و راست. ئەمە پێهەڵگرتنێکی رادیکاڵە و چاونەترسانەیە بەروە گۆڕانکاریێکی ریشەیی کە هەم بواری هزری و هەمیش بواری رێکخستنی لە خۆ دەگرێت و زۆر جیاوازە لە شێوازەکانی رێوەبەری کلاسیک. ئێمە ئێستا رووبەڕووی رێوەبەریێکی دەوڵەتین و هەڵ دەدرێت وەکوو تاکە فۆرمی رێوەبەری کۆمەڵگە پێناسە بکرێت. خودی رێوەبەری بنه‌ماڵه‌ کە خانەی سەرەتایی رێوەبەری فۆرمی دەوڵەت بوونی بە خۆوە گرتووە. لێگەڕین بۆ فۆرمێکی نوێ رێوەبەری رچە شکێنیێکی گەورەیە کە شۆڕشی ژن لە ئەستۆی گرتووە و هەوڵ ئەدات پێشی بخات. ئەوەی پێ دەوترێت شارستانیەت یان شار بوون کە دەوڵەت خۆی لەسەر ئەم یەکە راوەستاوە دوور کەتنەوەیە لە ژیاری سرووشتی کە ژن داڕێژەریەتی، دەوڵەت کوودەتایە دژی خوو و نەریەتی هاوبەش کە نیو ملیۆن ساڵ لەمەوبەر بەردەوام بووە. وەکوو دەزانین یەکەم هەنگاوەکانی بە مۆڵک کردنی ژن لێرەوە دەسیان پێکرد و بەو شێوازە نیچە، شارل فۆریە کۆرپتەکین و پرۆدۆن باسی دەکەن چەمکی مۆڵکایەتی لە دزیەوە سەرچاوە دەگرێت. یەکەم دزیەکانیش یاساکانی ژن بوون لە لایەن پیاوی تەڵەکەبازەوە. ئەوی لە شەقامەکانی ئێران و کورستان دەبینرێ هاواری هەمان ژنانە کە بە پێشەنگایەتی خۆیان و بەو فیداکاریەی کە دەیکەن هەوڵدەدەن پێش بە دزینی شۆڕشەکەیان بگرن. رێبەر ئاپۆ ئەلێت:«شێعر، زمان و حەقێقەتی کۆمەڵگەی ئازادە و کەونارە، کە هێشتای ئاشنای زەخت و زۆری و دەسەڵات نەبووە». شۆڕشی ژن لە هەمان روانگەوە هۆنینەوەی شێعرێکی نوێیە لە باڵای ئازادی.

دینامیک بوونی شۆڕشی ژن ئەو دەرفەتەمان پێدەدات جیای لە فۆرمی دەوڵەت بیر لە فۆڕمێکی دیکەی رێوەبەری بکەینەوە. ئێمە لەگەڵ کۆمەڵگایێکی کارا، و جەوان رووبەرووین کە توانای بیر کردنەوەی هەیە. نەوەیێک کە نایهەوێ دەستووری پێبدرێت، ئامۆژگاری پەسەند ناکات، خۆی بڕیار دەدات و پێکی دێنێ. ئەزموونی ئەم یەک مانگە نیشانی داوە گەڵ رێوەبەری دەستووری کە هەرەمی و لە ژوور بۆ ژێرە پەسەند ناکات. ئەو لەگەل ساکن بوون کێشەی هەیە و دینامیکە و بەردەوام حەزی لە گۆڕانکاری و فۆرم گۆڕینە. چەند رەنگ و پلۆراڵە و دژی همۆژن بوونە، لای ئەو جیاوازیەکان هۆکاری پەرتەوازە بوون نین بە وێنەی سروشت جیاوازی بۆ ئەو مانای ئازادی دەدات. دەیهەوێ خۆی بڕیار بدات و خۆیشی پێکی بێنێ. بە واتایکی دیکە تەنیا گوێڕایەڵ نەبێت و خۆی لە رەوتی بنیاتنانی ژینگەیی سیاسی و کۆمەڵایەتیەکەیدا بەشداری کارای هەبێت. بە شێوەیێکی رەها پابەندی فۆرم نیە. بە وتەی بیرمەندانی کۆمەڵناسی تاکێکی کارایە کە خۆی پێکهاتەکان دروست دەکات و خۆیشی دەیانرووخێنێ. گرفتی دەوڵەت ئەویە کە پێکهاتەیێکی ناوەندگەرایە و هێز لە دەست خۆی کۆ دەکاتەو و ناهێڵێت کۆمەڵگە بە دڵی خۆی دەستکاری فۆرمەکەی بکات. شۆڕشی ژن لە سەر بنەمای دووئالیتەکان پێک دێت و کۆکردنەوەی هێز لە جەمسەرێکدا پەسەند ناکات. دەوڵەت ناتوانێ ئەو فۆرمە بێت کە وەڵامی ئەو ئاڵووگۆڕیانە بداتەوە.

رێوەبردنی کۆمەڵگە دوای شۆڕشی ژن نە تەنیا بۆ کۆماری ئیسلامی گرفتە و توانای کۆنترۆڵ کردنی نیە بە هەمان شێوازیش رێوەبردنی ئێرانی داهاتوو بۆ هەموو هێزە پیاوسالارەکان گرفتە، نەتەوەپەڕەستی، ره‌گه‌زپه‌ره‌ستی، دینگەڕایی و هەموو روانگە تۆتالیتەرەکان ناتوانن وەڵامی پرسی رێوەبەری شۆڕشی ژن بێت کە لە سەر بنەمای ژن، ژیان، ئازادی پێکدێت. بە پێچەوانەی ئەو ڕاپەڕینانەی کە لە دەرەوە ئاراستە دەکرێن، ئەمە ڕاپەڕینێکە لە هەناوی کۆمەڵگە دەرکەتوو. ئەمە تاکە ڕاپەڕینێکی مێژووییە کە کەس ناتوانێ بیدزێت، ڕاپەڕین لە پێناو دەساودەسکردنی دەسەڵاتە نیە کە ناوزەدە بە خواردنی منداڵەکانی خۆی. ئەمە ڕاپەڕینێکی جیاوازە کە زاوزێ دەکات، منداڵ دێنێ و په‌ره‌ده‌سێنێت. بۆیێ ئەمە بنیات نانەوەیە، گۆڕانکاریە لە پێناسەی واتای رەستە و وشە، ئەو وشانەیش کە خۆیان نەدەنە دەستی شەپۆلەکانی ئەم ڕاپەڕینە، ناتوانن لەم رووبارەدا مەلە بکەن و دەخنکێن. قۆتابیانی ئەو راپەڕینە وانەی ئێملا (دیکتە) یان تێپەڕ کردووە و لە وانەی ئینشا دان، ئەم ئینشایەش نوێخوازانەیە و کۆمەڵگە خۆی بابەت دیاری دەکات و خۆیشی دەینووسێتەوە.

لە ڕاپەڕینی ژندا دەستەواژەکانی پیاوسالاری و هەموو ئەو پەند و شێعرانەش دەگۆڕدرێ کە ژنیان پەراوێز خستووە و تەنیا وەکوو ژنی ماڵ و هاوسەر و خۆشک و دایک پێناسەیان کردوون. کاتێک ئەڵین ڕاپەڕینێکی ڕادیکاڵە بە پێچەوانەی روانگەی پیاوسالاری بە واتای کووشتن و تووند و تیژی فیزیکی نیە، لابردنی ئەو سێبەرانەیە، هەروەها دەرکەوتنی سیمای ژنە وەکوو خۆی نەک وەکوو ئەوەی پیاو دەیهەوێ. شکاندنی ئاوێنەی پیاوە کە بەردەوام هەوڵی داوە ژن لەو پەنجەرەوە سەیری خۆی بکات. تا ئێستا ژن لە پێگەی دووهەم کەسەوە سەیری خۆی کردووە و تەنانەت جیهانیشی لە نێو ئەو ئاوێنەیە بینیوە و ناسیویەتی. بە شکانی ئەم ئاوێنەیە، سێحری دەسەڵاتی پیاوسالاریش ڕمەدەکات. گرنگی شۆڕشی ژن کە کوردستان و ئێران بووتە کانگای، ئەو درزەیە کە لەم ئاوێنەیە خستووە. جیاوازیەکەی لەگەڵ بزاڤە فەمێنیستیەکان دەگەڕێتەوە بۆ هەمان بابەت. ئەوان هەوڵیان نەدا ئاوێنەی پیاوانە بشکێنن، بە پێچەوانەوە هەۆڵیان داوە ئاوێنەکە بکەنە هی خۆیان. ئەوان بەشوێن ئەودا بوون چۆن زۆرترین نەخشیان هەبێ لەم تابلۆ پیاوانەیەدا. ئەمەیش وای کرد جیهانی ئێمە زۆرتر پیاوانە بێتەوە. تەنانەت ژنیش زۆرتر رەگەزی پیاوانە وەرگرێت و ببێتە ئەندامی کارای سیستەمی پیاوسالار. دوای ئەو هەموو شۆڕشە، چەندەش ژن وەکوو رەگەز بەشداری سیستەم بووە ڕەنگ و بۆنی ژنانەی نەگرتووە، بە پێچەوانەوە ئەمە ژنانن کە رەنگی پیاوبوونیان گرتووە. جێگربوونی ژنان لە پێگە دەوڵەتیەکاندا نەبوەتە هۆکاری کەمکردنەی شەڕ و گەشانەوەی ژینگە. مرۆڤی بەروە ئاسوودەیی و ئاشتەوایی نەبردووە، چەندە بەرەو پێشەوە چووین شەڕەکان زۆرتر بوون، شونیسم پەرەی سەندوو و ژینگە زۆرتر تووشی وێرانی بووە. جیهانی ئێمه لە ژێر هژموونی پیاوسالار کە بنەمای دەوڵەتگەراییە تووشی قەیرانی پەیوەندیەکان بووە. هەم سەبارەت بە مرۆڤ و سروشت، هەمیش مرۆڤ لەگەڵ خۆی. ئەم پەیوەندیانە هەرەمی و لە ژوور بۆ ژێرەوەن کە پێکهاتەیێکی تایبەت بە خۆیان دووست کردووە و لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا ڕەنگی داوەتەوە. پەیوەندیەکان لە سەر بنەمای بە مۆڵک کردن و فەتح کردن ڕاوەستاوە. یان هی من دەبی یان لەنێو دەچی. سرووشت یان دەبێتە پارەو و دەچێتە گیرفان، یان وێران دەبێ. ژن یان مۆڵکی پیاوە یان دەکووژرێ. لێرە پەیوەندی تاک لایەنەیە. لە ژوور بۆ ژێرە، علەت مەعلوولیە. ڕاپەڕینی ژن لە هەمانکات دەستێوەردانە لەم پەیوەندیانە، لە سەر بنەمای عەشقی و دوولایەنەیە. ژن تەنیا مەعشووق نیە ئەویش عاشق دەبێ. هەموو ئەو دەقانە دەگۆڕێت کە بە پیرۆز کردنی مەعشوویەتی ژن هەوڵیان داوە پێگەی ئۆبژەگی بۆ ژن دیاری بکەن. کۆتایی هێنانە بە مۆنۆلۆگ و پێش خستنی دیاڵۆگە لە نیوان مرۆڤ و سروشت. نیوان ژن و پیاو، نیوان بەڕێوەبەڕ و بەڕێوەبراو. بە پێچەوانەی یاسا تووژەکان وشەریعەتی نەگۆڕ، ئێمە لەگەڵ ئەخلاق رووبەڕوو دەبین. چوون ژن بناغەی بە کۆمەڵگە بوونە و ئەخلاقیش هەڵقۆڵاوی ژیاری کۆمەڵگەیە، ڕاپەڕینی ژن دەتوانێ ئەو هیوایەمان پێ بدات کە ئێمە لە پێکهاتەی داهاتوودا رووبەڕووی ئاهەنگێک دەبین کە زۆر جیاوازە لەگەڵ دەنگی چەکووشی دادوەری دادگاکانی دەوڵەت.

دووژمنانی ئەم شۆڕشە جیاواز لە پاوانخوازانی دینی و بەشی سۆنەتی کۆمەڵگا کە لە بن هژموونی پیاوسالاریدایە. روانگەی دەوڵەتگەرای لیبڕاڵ و نەتەوەپەرەستیە کە ئارمانجی دەست خستنی دەسەڵاتی سیاسیە. لای ئەو ئازادی ژن تەنیا لە چوارچێوەی ئازادی لیبڕاڵدا پێناسە دەکرێت و لە هەمانکاتدا دیمۆکراسی بۆ ئەو گەڕانەوە بۆ گەل و دروست کردنی کۆمەڵگەیێکی دیمۆکراتیک و سیستەمی خۆرێوەبەری نیە. لە روانگەی ئەودا دەوڵەتی سکۆلار کە دەسەڵات دەخاتە دەستی تاقمێکی تێکنۆکرات و دیمۆکراسی چوارسالەی پارلمانی پێک دێنێ تاکە رێگایە، ئەمەیش رێوەبەری ناراستەوە خۆ و شێوازی ستوونی پێ ئەڵێن. بەڵام کۆمەڵگە بۆ ئەوی خۆی بەرێوەبەرێت پێویستی بە رێکخستنێکی ئاسۆیی هەیە کە بتوانێت بە شێوازی کۆمێتەی گەڕەک و شار خۆیان بەرێکخستن بکەن. روانگەی دەوڵەت پارێزی تەنیا لە سەردەمی سەرهەڵدان گرنگی بە گەل دەدات و دەیهەوێ رێوەبەری بخاتە دەستی خۆی. لێرەدا خۆڕێوەبەری دیمۆکراتیک دەتوانێت وەڵامدەروەو بێت، چوون گرنگی بە خودی کۆمەڵگە دەدات کە سازیەکانی درووست بکات و بەرێوەیان ببات. لە شۆڕشی ژندا بەشداری ژنان لە رێوەبەریدا تەنیا وەکوو رەگەز نیە، بەلکوو گۆڕینی روانگەی پیاوانەیە بۆ شێوای رێوەبەری لێرەدا کەسێیک نەیتوانیبێت روانگەی پیاوساڵاری خۆی یان هەمان پیاوەتی کلاسیک کە نموودی دەوڵەت بوونە بکووژێت ناتوانێ پێشەنگایەتی شۆڕش بکەت.