سەرۆكۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران لەلایەن دەوڵەتی توركەوە كۆژران
"لەگەڕانەوەی تیمەكەی رەئیسی و عەبدوڵڵاهیان بۆ ئێران فرۆكە بێ فرۆكەوانەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بەرێگەی ئیستخباراتی خۆیانەوە ئەو باڵگرەیان كردە ئامانج و كۆشتنیان."
"لەگەڕانەوەی تیمەكەی رەئیسی و عەبدوڵڵاهیان بۆ ئێران فرۆكە بێ فرۆكەوانەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بەرێگەی ئیستخباراتی خۆیانەوە ئەو باڵگرەیان كردە ئامانج و كۆشتنیان."
رۆژی یەكشەممە ١٩ی گۆڵانی ٢٠٢٤ ژمارەیەك لەبەرپرسە باڵاكانی رژێمی ئێران بەمەبەستی بەشداربوون لەپەردەهەڵدان لەسەر پرۆژەیە بەسەر بەنداوی ئەرەس لەئازەربایجان چوونە ئەو وڵاتە و دوای رێ و رەسمەكە، وەفدەكە بەسێ هەلیكۆپتەر دەگەڕێنەوە بۆ تەورێز، بەڵام لەنێو سنوری هەردو وڵاتدا یەك لەهەلیكۆپتەرەكان كە هەڵگری سەرۆكۆمار"ئیبراهیم ئەرئیسی"، و وەزیری دەرەوە"ئەمیر عەلی عەبدوڵڵاهیان" و ئیمام جەماعەتی تەورێز و وتارخوێنی شاری تەورێز بوو، تووشی رووداوێك دەبێت و دەكەوێتە خۆارەوە، هەڵبەت كەوتنە خۆارەوەی هەلیكۆپتەرەكە دوانیوەڕۆ دەوروبەری كاتژمێر ٢:٣٠ روویداوە، كە چی سەرلەبەیانی رۆژی دواتر واتا"٢٠ی گۆڵان"، ئەو هەواڵە پشتڕاست كرایەوە و راگەیندرا كە هەموو سەرنشینەكانی نێو ئەو هەڵیكۆپتەرە گیانیان لەدەستداوە. ئەوەش دوای ئەوەی كە نزیكەی پەنجا تیمی كۆماندۆ و هێزە ئەمنیەكان لەئەرتەش و سوپا و پۆلیس و سەگە ڕاهێنراوەكان رەوانەی شوێنی كەوتنە خۆارەوەی باڵگرەكە كرابوون. بەگوێرەی ئەو دیمەن و زانیاریانەی لەدوێنێەوە بڵاو دەكرێنەوە بەهۆی كەش و هەوای نالەباری ناوچەكە و سەختی هاتووچوو و رێگاوبانی ئەو هەرێمە تیمەكانی گەڕان و پشكنین، نەیانتوانی لاشەی فرۆكەكە و سەرنشینەكانی بدۆزنەوە، تا ئەوەی كە لەبەرەبەیانی ئەمڕۆدا و بەرێگەی فرۆكەی بێ فرۆكەوانی ئاكینجی دەوڵەتی داگیركەری تورك لاشەی هەلاهەلای بالگرەكە دۆزرایەوە و راگەیەندرا كە هەلیكۆپتەرەكە بەهۆی نالەباری كەش و هەوای ناوچەكە، خۆی كێشاوە بەچیایەكدا و تێكشكاوە و هەموو سەرنشینەكانی گیانیان لەدەستداوە.
رەنگە هەندێ كەس بڵێین ئەمە رووداوێكی سرۆشتی و قەدەر بووە و كاری خۆایە، كەس ناتوانێت رێگەی لێبگرێت. هەندێكی تریش بڵێین كاری خۆدی رژێمی ئێرانە و رژێمی ئێران ویستی ئیبراهیم رەئیسی وەك ركابەری سەرەكی و بەئەزموونی خامنەیی و یەك لەو كەسانەیە كە چەند ساڵێكە دەنگۆی ئەوە هەیە كە ببێتە جێگرەوەی رێبەری باڵای رژێمی ئێران"عەلی خامنەیی" لەناوبەرن، چونكە لەهەڵبژاردنەكانی ئەمساڵ"٢٠٢٤" بەو یەكدەستیەی لەهەموو دام و دەزگاكانی بەرێوەبردنی رژێم هەر لەپەرلەمان و حكومەت و داد و ئەنجومەنی شارەزایانەوە پێكهات و ئەوەیان بەباش بینیووە كە رەئیسی لەبازنەی خۆیان بخەنە دەرەوە و یەكی تر لەشوێنی دانن؛ لەبەر ئەوەی ئیبراهیم رەئیسی یەكێك لەخوێندكارانی مەكتەب و مەرجەعی قۆمە و لایەنگران و خوێندكارانی خامنەیی و دارودەستەكەی نایانەوێت بكەونە ژێر چەپۆكی ئەو خوێندنگایەوە و دەیانەوێت وەك باڵێك لەمۆحافزەكارە توندڕەوەكانی خوێندنگەی مەشهەد لەسەردەسەڵات بمێننەوە. ئەم باڵە لەنێو رژێمی ئێراندا هیچ باوەڕیان بەدانۆستان لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپا و بەردەوامكردنی دۆسیەی بەرجام و كرانەوەی نێوخۆیی نیین، كەچی ئیبراهیم رەئیسی و مەكتەبەكەی وەها بیریان نەدەكردەوە، باوەڕیان وابوو كە دەبێت دانۆستانیان لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپادا لەسەر بنەمای پاراستنی رژێم بەرەوە پێشەوە بچێت. رەنگە ئەمە یەك لەهۆكارە بنچینەیەكان بن بۆ ئەوەی ئیبراهیم رەئیسی لەكۆڵ خۆیان بكەنەوە، هەرچۆن خامنەیی شەوی رابردوودا رایگەیاند كە لەئیدارەدانی وڵاتدا هیچ كێشەیەك دەرناكەوێت، با هەركەس ئاسودە بێت، ئەوەش گۆمانەكان لەسەربوونی دەستی خۆدی رژێمی ئێران تۆختر دەكاتەوە. ئەگەر ئەم رووداوە دەستی خۆدی رژێمی ئێرانی لەپشت بێت، ئەوا ئەوانەی جێگەی رەئیسی و وەزیری دەرەوە بگرنەوە، دۆخی ئێران زیاتر بەرەو بن بەستبوون ببەن و زەخت و گۆشارەكانی سەر گەل و چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی ئێران زیاتر بێت و كۆشتن و لەسێدارەدان و گرتن و زیندانی كردنی چالاكان زیاتر و سەركۆتكردنی ناڕەزایەتیەكان پەرە بستێنێت.
دێوێكی تری رووداوەكە پەیوەستە بەو ناكۆكی و ململانێیە ناوچەیی و هەرێمیایەتیەی لەنێوان ئازەربایجان و ئێران و توركیا و ناتۆ لەئارادایە. ماوەی دوو ساڵەی بەهۆی راكێشانی رێڕەوی بازرگانی هندستانەوە بۆ ئازەربایجان و داخستنی رێگەی زەنگەزور و هەڵگیرساندنی شەڕی ئازەربایجان و ئەرمەنستان، رژێمی ئێران زۆر ئیحراج كرا. ئیسرائیل كۆنسولخانەی خۆی لەئازەربایجان كردەوە و دەوڵەتی ئازەربایجان چەند جارێك بەئاشكرا رایگەیاند كە رژێمی ئێران هەوڵدەدات دەستوەردانی دۆخی وڵاتەكەیان بكات و تەنانەت چەند كەسێك لەئازەربایجان دەستگیركران كە دانیان بەوە دانابوو رژێمی ئێران راستەوخۆ هاوكاریانی كردوە بۆ ئەوەی دۆخی ئازەربایجان بشێونن، ئازەربایجان كۆنسولخانەی خۆی داخست و ماوەی دوو هەفتەیەك دەبێت، جارێكی تر پەیوەندیەكانیان ئاسایی بەرەو ئاسایی بوونەوە رێشتووە و جارێكی تر كۆنسولخانەی خۆیان لەتاران كردەوە. لەو ململانێ و ناكۆكیانەی نێوان ئازەربایجان و رژێمی ئێران، دەوڵەتی داگیركەری تورك و روسیا و ناتۆ بەگشتی هاوكاری ئازەربایجانیان دا، بەتایبەتی دەوڵەتی داگیركەری تورك؛ چونكە دەوڵەتی تورك دەیویست ئەو رێڕەوە بازرگانیە لەهندستانەوە بۆ روسیا و ئازەربایجان و توركیا درێژبێتەوە و بەرەو ئەوروپا بچێت، بەڵام بەهۆی دەستێوەردانی رژێمی ئێران ئەو پرۆژە سەری نەگرت و هەڵوەشێندرایەوە. تەنانەت لەهێرشەكەی سەر هۆڵی موزیك و گۆرانی لەروسیا ئەو كەسانەی هێرشەكەیان پێكهێنابوو لەئازەربایجانەوە چووبوونە روسیا. دەوڵەتی تورك لەشەڕی ئازەربایجان و ئەرمەنستاندا زور هاوكاری ئازەربایجانی كرد بۆ گرتن و دەستبەسەرداگرتنی قەرەباخ و داخستنی رێڕەوی زەنگەزوور، بەڵام هەوڵەكانی وەك پێویست سەری نەگرت و رژێمی ئێران دژایەتیەكی سەرسەختی ئەو پرۆژەیە بوو. ئەمە لەلایەك، لەلایەكی تر، لەساڵی پارەوە دەوڵەتی داگیركەری تورك هەوڵدەدات بەهەموو شێوەیەك رژێمی ئێران لەشەڕێكەوە بگڵێنێت. سەرەتا ویستیان لەسەردانەكەی ئیبراهیم رەئیسی كە بڕیار وابوو پێش هێرشە خوێناویەكەی سەركرمان بچێتە توركیا، دەوڵەتی داگیركەری تورك و بەتایبەتی ئەردۆغان هەوڵێكی زۆریان دا بۆ ئەوەی رژێمی ئێران پەڵكێشی شەڕی كوردان و بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان بەگشتی بكەن، بەتایبەتی كاتێك ئەردۆغان لەكۆنفرانسە راگەیاندنیە هاوبەشەكەی لەگەڵ ئێبراهیم رەئیسی پێداگری لەسەر ئەوە كردەوە كە دەبێت، دەوڵەتی تورك و رژێمی ئێران شەڕی"پەكەكە و پەژاك و یەپەگە"بكەن و بەوشێویە لەپیلانگێڕی سەر كوردان رژێمی ئێران بكەنە هاوبەشی پیلانە گڵاوەكانی خۆیان دژ بەبزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و كوردان بەگشتی. كاتێك دەوڵەتی داگیركەری تورك بینی ئەمە بەتەواوەتی بۆ ناچێتە سەر هەوڵیدا بەرێگەی هەڵگیرساندنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەجۆرێك لەجۆرەكانی رژێمی ئێرانیش راكێشێتە نێو شەڕەكەوە. بەڵام جارێكی تر تیمەكەی ئیبراهیم رەئیسی و وەزیری دەرەوە زۆر لەسەرخۆ و بەهەستیاریەوە مامەڵەیان كرد و نەكەوتنە نێو پیلانەكەی ئەردۆغان و دەوڵەتی داگیركەری توركەوە. دواین جار ویستیان بەرێگەی ئیستخباراتی دوولایەنی میت و سوریا بەئیسرائیل و لێدانی كۆنسولخانەی رژێمی ئێران لەشام، رژێمی ئێران و ئیسرائیل بێنە بەرامبەر بەیەكتر و هەڵگیرساندنی شەڕی هەردوولا، بەڵام لەو پیلانەشدا جارێكی تر رژێمی ئێران زۆر دانی بەخۆیدا گرت و نەكەوتە نێو داوە تەندراوەكەی دەوڵەتی داگیركەری تورك و ئەردۆغان ـ باخچەلیەوە و تەنیا بەشێوەیەكی نمایشی و فۆرمالیتەی ئیسرائیل و ئێران بەرێگەی موشەك و درۆن هێرشێكی كۆنترۆڵ كراویان كردە سەریەكتر، دوابەدوای ئەو رووداوانە. ئەوەشمان لەبیرنەچێت بەهۆی ئەو شكستانەی حكومەتە هاوپەیمانیەكەی ئاكەپە ـ مەهەپە ـ هۆداپار. ئەردۆغان سەردانی بەغدا و هەولێری كرد و لەوێشدا دیارە وەك پێویست نەگەیشتووەتە ئامانجەكان و پیلانەكانی خۆی؛ چونكە رژێمی ئێران لەبەرامبەر بەخۆی ئاستەنگ دەبینێت.
رژێمی داگیركەری ئێران بەپەلە بەپەیوەندیەكانی خۆیدا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دا چووەوە بەتایبەتی لەپاش هەڵبژاردنە پەرلەمانی و ئەنجوومەنی شارەزایانی ئەمساڵ لەگەڵ زۆربەی ولاتان لەوانە؛ پاكستان بەپلەی یەكەم، هندستان و ئازەربایجان پەیوەندیەكانی خۆی ئاسایی كردەوە و تا ئاستێكیش لەسەر بابەتی رێڕەوی هندستان ـ دەریای سور و ئیماراتی عەرەبی و ئۆردۆن و ئیسرائیل و یونان رێككەوتووە. ئەمە لەخۆشی دەوڵەتی داگیركەری تورك و حكومەتی ئاكەپە ـ مەهەپە نایەت. بۆیە تا ئەوجێگەی بۆیان بكرێت هەوڵدەدەن رژێمی ئێران لەناوچەكە لاواز بكەن. چوونی ئێبراهیم رەئیسی و ئەمیر عەلی عەبدوڵڵاهیان بۆ ئازەربایجان دەرفەتێكی گۆنجاو بوو بۆ ئەوەی لەو وڵاتەدا ئەو رایەدارانەی ئێران بكرێنە ئامانج و تەگەرە بخرێتە بەردەم هەوڵەكانی رژێمی ئێران و پووچەڵكردنەوەی پیلانەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك، بۆیە لەگەڕانەوەی تیمەكەی رەئیسی و عەبدوڵڵاهیان بۆ ئێران فرۆكە بێ فرۆكەوانەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بەرێگەی ئیستخباراتی خۆیانەوە ئەو باڵگرەیان كردە ئامانج و كۆشتنیان. ئەوەش لەچوارچێوەی پیلانەكانی توركیا ـ ناتۆ ـ ئیسرائیل لەناوچەكەدا پێكهاتووە، هاوشێوەی ئەو هێرشەی لەهەفتەی رابردوودا كرایە سەر سەرۆكی سلۆاكی و برینداركرا.
ئەگەری تریش ئەوەیە كە رووداوەكە بەهۆی نالەباری دۆخی كەش و هەوای ناوچەكە بێت، كە ئەمە زۆر لۆژیكی نابێت، چونكە دوو باڵگرەكەی تر بەسلامەتی گەڕاونەتەوە بۆ تەورێز و شتێكیان لێ نەهاتووە. خاڵێكی تر كە زۆر جێگەی گۆمان و پرسیارە بۆ چی ئەو چەند كەسەی لەباڵگرەدا كۆژراون هەموویان بەیەكەوە بوونە، نەدەكرا بەسەرباڵگرەكاندا دابەش بكرێن و وەك دواین پرسیار ئەوەیە سەرەڕای ئەو هەموو تەكنەلۆجیا پێشڕەفتەیەی رژێمی ئێران كە بۆ زۆر وڵاتی هەنارەدە دەكات، بۆ چی لەلایەن فرۆكەی بێ فرۆكەوانی ئاكینجی توركیەوە لاشەی تێكشكاوی باڵگرەكەی رەئیسی و عەبدوڵڵاهیان دۆزرایەوە. لێكۆڵین و پێشهاتەكان لەداهاتوودا رووداوەكەمان بۆ زیاتر روون دەكەنەوە.
هـ .ب