سەرکەوتنی گەریلا لە زاپ، باڵادەستی هێزی دیموکراتیک نیشان دەدات

" بەرخۆدانی گەریلا و هێرشی شۆڕشگێڕانە لەدژی سوپای داگیرکەری تورک گرنگ بوو، چونکە جارێکی دیکە نیشانیدا کە ئەوە سوپا و حکومەتەکان نیین یەکلاکەرەوەن، بەڵکوو هێزی شۆڕشگێڕی گەلن کە دۆخی بەرەکانی شەڕ دیاری دەکەن".

سەرکەوتن هی ئەو کەسانەیە کە ئیرادەیەکی پتەویان هەیە و لە پێناو ئارمانجی ئازادیخوازنەیاندا شەر دەکەن. لەم ڕۆژانەدا زاپ و ئاڤاشین بۆ سوپای داگیرکەری تورکیا بۆتە کابوسێک و هێزەکانی گەریلا بە بەکارهێنانی تاکتیکی نوێی شەڕی گەریلایی توانیان سوپای دووەمی ناتۆ بخەنە سەر ئەژنۆ.

  بەپێی ئەو هەواڵانەی لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیاوە بەدەست گەیشتوون، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە کاتی هێرشی گەریلاکان بۆ سەر سەنگەر و پێگەکانی سوپای داگیرکەری تورک لانیکەم ٦١ داگیرکەر کوژراون و ٤ کەسی دیکەش بریندار بوون و ژمارەیەکی زۆریش لە خەیمەکانی دیکە بریندار بوونە بەڵام هەژمار دیار نییە. هەرچەندە حکومەتی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە، بە قۆرخکاریی میدیاکانی ناوخۆ، هەوڵدەدەن جەماوەری گەلی تورکیا بێ خەبەر بهێڵێتەوە سەبارەت بەو بارودۆخی شەڕەی کە ڕوودەدات، بەڵام لە دوا ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٣دا و سەرەتای ئەمساڵدا ، ئەمە دووەم جارە سوپای داگیرکەری تورک لەلایەن هێزەکانی گەریلای ئازادی کوردستانەوە، ڕووبەڕووی شکست دەبێتەوە. ئەمەش هۆکاری ئاڵۆزی نێو کابینەکەی ئەردۆغانە. حکومەت و فەرماندەکانی شەڕی تایبەتی ئەردۆغان کە ماوەی ساڵێک بوو دەهوڵیان بۆ کۆتایی هێنانی پەکەکە لێدەدا، بەڵام ناچار بوون بۆ ئەم شکستە پڕ لە شەرمەزاریەیان لە کۆبوونەوەکانی دەرەوەدا بێ وڵام بمێننەوە و فەرماندە سەربازییەکانیش بۆ بەهێزکردنی سوپای شکستخواردووەکەیان مەجبوور بوون بچنە ناوچە سنوورییەکانی باشوور و موراڵ بە سوپاکەیان بدەن و بە جۆرێک دەنگۆەکانی میدیا و مەجازی، کۆنترۆڵ بکەن و هەوڵی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان دەدەن.

لە بیست ساڵی ڕابردوودا حکومەتی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە پەکەکە لە لایەن هێزەکانی هەژموونی جیهانییەوە کاریان کردووە و بەم ئاڕاستەیەشدا بەردەوام پشتیوانیان لێ کراوە. یەکەم: بە گۆشەگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد، هەوڵیاندا ڕێگری لە پەرەسەندنی بیری ڕێبەری ئاپۆ بکەن، بەمەش ڕێگریان لە چارەسەری پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردووە. پێشهاتەکانی چەند ساڵی ڕابردوو و ئەوەی بە ناونیشانی بەهاری عەرەبیدا ڕوویدا، هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا، دۆخی سوریا و گەشەی هێزە تەکفیری و بناژۆخوازەکانی وەک داعش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جیهانی ڕووبەڕووی قۆناغێکی نوێی شەڕی جیهانی سێیەم کردەوە، کە ڕێک لە دوای ١١ی سیپتەمبری ٢٠٠١ دەستی پێکرد بوو. لەگەڵ ئەوەشدا شکستی پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مۆدێرن و قەیرانی ناوچەکە بە کردەیی هێزەکانی هەژموونی جیهانی بە بێ چارەیی هێشتەوە، لە بەرامبەردا ڕۆڵی هێزە دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە وەک تورکیا و ئێران زیاتر خۆی نواند. به هۆی ئەوەی هەریەک لەم دەسەڵاتدارانەی ناوچەکە سیاسەتی فاشیستی، نەتەوەپەرەستی و ئایینی و دژه ژن پەیڕەو دەکەن، نه ک هەر توانای ئەوەیان نییە له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کیشەکان چارەسەر بکەن، بەڵکو گەیشتنه دۆخێکی بێ چارە. لەبەرامبەردا ئەوە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بوو کە توانی بە پێشەنگایەتی پەکەکە و نەخشەی سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک ڕوانگەیەکی نوێی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان خستەڕوو. شەڕ کردن لە دژی داعش و تێکشکاندنی، لە هەمان کاتدا، پلانی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی گەلان و ئایینییەکان پێکەوە لە شێوەی نەتەوەی دیموکراتیک لەسەر بنەمای پارادایمی ئیکۆلۆژی-دیموکراتیک و  لەسەر بنەمای ئازادی ژنان، توانیویەتی دوورگەیەکی دیموکراتیک لە نێو زەریای دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بکات.

بەگشتی ڕێبازە دیموکراتیکەکانی تەڤگەری ئازادی کوردستان بەدڵی هێزە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە و دنیای سەرمایەدار نییە، هەروەها هێرشە داگیرکارییەکانی دوڵەتی فاشیستی تورک کە لە ساڵی ٢٠١٦ـــەوە بە ناونیشانی "بە چۆکدا هێنان" پلانی بۆ دانرابوو، لە ڕاستیدا هەوڵێکی سەرتاسەرییە. بە ئەژنۆ دەرهێنانی بزووتنەوەی ئازادی کوردستان بە ئامانجی وشککردنەوەی زەمینەکانی دیموکراتیک دروست بووە. بەم شێوەیە بزووتنەوە دیموکراسیەکانی گەل بێ هێز دەکرێن. هێرشی دڕندانە بۆ سەر عەفرین و داگیرکردنی، لە بەرامبەر ئەو بێدەنگییە مانادارەی جیهان گڵۆپی سەوز بوو بۆ کۆتاییهێنان بە پرۆسەی دیموکراتیک کردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ڕێبەری گەلی کورد  پلانی بۆ داڕشتبوو. لە قۆناغی دووەمدا، دوای گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ، پێویست بوو هێزەکانی گەریلا لە پێگە سەرەکییەکانی خۆیان، واتە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا دەربکرێن. لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە بەکارهێنانی چەکی کیمایی قەدەغەکراو و تاکتیکی ئەتۆمی، کە ئامانجیان لەناوبردنی پێگەکانی بەرخۆدانی بزووتنەوەی دیموکراتیکی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، شەڕێکی سەرتاسەرییان دەستپێکرد.

جگە لە هەموو ئەو هێرشە سەربازییانە، ڕێکخراوەکانی شەڕی تایبەت بە هاوکاریی بەکرێگیراوانی کورد وەک پەدەکە هاوکات لەگەڵ پرۆژەی خستنە سەر ئەژنۆی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، شەڕێکی تەواویان ئەنجامدا. بە پەرەپێدانی تیرۆری پێشەنگەکانی بزووتنەوەکە و هێرشکردنە سەر دامەزراوە مەدەنییەکان و لەناوبردنی ناوەندەکانی خزمەتگوزاری پزیشکی و پەروەردەیی، هەروەها لەناوبردنی وێستگەکانی کارەبا و پاڵاوگەکانی ڕۆژئاوا، بە ترساندن و تیرۆر هەوڵی بە ئەژنۆ هێنانی بزووتنەوەی ئازادی کوردستان دەدەن.

بەرخۆدانی گەریلا و هێرشی شۆڕشگێڕانە لەدژی سوپای داگیرکەری تورک گرنگ بوو، چونکە جارێکی دیکە نیشانیدا کە ئەوە سوپا و حکومەتەکان نیین یەکلاکەرەوەن، بەڵکوو هێزی شۆڕشگێڕی گەلن کە دۆخی بەرەکانی شەڕ دیاری دەکەن. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هێزی گەریلا بە ڕێکخستن و تاکتیکی نوێ لە شێوەی گەریلای هاوچەرخ و بەکارهێنانی تاکتیکی شەڕی تونێلەکان خاڵە لاوازەکانی خۆیان کردۆتە خاڵی بەهێز و وەرچەرخان. لە ستراتیژییە نوێیەکانی شەڕدا، هەرچەندە سوپا بە کەرەستەی سەربازی پێشکەوتوو ئامادە کرابوون، بەڵام لە لایەکی دیکەوە گەریلاکانیش توانای بەدەست خستنی تەکنەلۆژیای سەردەمیان هەیە و ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی سەردەمی مۆدێرن کە بەدەست خستنی تەکنەلۆژیا ئاسانتر دەکاتەوە. هۆکارە تایبەتەکانی تەکنەلۆژیای نەرم ئەوەیە کە بە دەست خستنی بە بەراورد بە تەکنەلۆژیا زەبەلاحەکان ئاسانترە. لە شەڕی نابەرامبەردا کە لەسەر بنەمای ناهاوسەنگی ئامێرە سەربازییەکان دامەزراوە، گەریلا توانی بە بەکارهێنانی تاکتیکی نوێ بەسەر باڵادەستی تەکنەلۆژی سوپای داگیرکەری تورکدا سەر بکەوێت.

شکستی یەک لە دوای یەکەکانی لەشکری دووەمی ناتۆ لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا لە لایەن هێزەکانی گەریلا ئاماژەیە بۆ تێکچوونی ئەم هاوسەنگی سەربازییە لە بەرژەوەندی گەریلا. لە ساڵانی ڕابردوودا دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە خەرجکردنی پارەیەکی زۆر توانیبووی سوپاکەی بە تەکنەلۆژیای سەربازی پڕ چەک بکات، بە بەکارهێنانی "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازی"، هەوڵی دەدا خۆی وەک سوپایەکی نەدۆڕاو بسەپێنێت، ئابووری وڵاتەکەی لەو بوارەدا گەیاندە لێواری ئیفلاس. بەڵام بەڵگەکانی شەڕی ئاڤاشین و زاپ شکستی وەهمی "سەرکەوتووبوون" نیشانیدا کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەوڵی دروستکردنی دەدات لە سەد ساڵەی کۆماردا.

  هەروەها لە هەلومەرجێکدا کە هێزەکانی هەژموونخوازی جیهانی و هەرێمی بە هەموو توانایانەوە هەوڵی ئەوە دەدەن ئازادیخوازان بە چۆکدابدەن و لەم ڕووەوە لە هەموو ڕێبازەکانی سیاسەتی دیموکراتیکدا ڕووبەڕووی بنبەست بوونەتەوە، شۆڕشگێڕەکان سەلماندیان ئیرادە مەرجی بنەڕەتییە لە هەموو بوارێکدا، هەروەها سەرکەوتنەکانی گەریلا پەیامێکی گرنگی تێدایە بۆ هەموو تێکۆشەرانی دیموکراتیک و ئازادیخوازی ناوچەکە و ئەوانەی هەوڵدەدەن فاشیزم لە ڕێچکەوە لەناو ببەن و بەرەو ڕوانگەی بنیاتنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکراتیک هەنگاو بنێن .