سوریا دیسان لە ئاڵۆزی و ناڕوونیدایە

دوای داگیرکردنی شاری حەڵەب، چەتەکانی ئەحرار شام ڕێگاکانی بەرەو شەهبایان داخست و هێرشیان کردە سەر تل ڕفعەت و شەهبا. هێزەکانی ڕزگاری عەفرین بەرخۆدانێکی گەورەیان لەدژی بەڕێوەبردووە و بۆ پاراستنی گەل ڕێڕەوێکی مرۆیییان بۆ گەلی شەهبا کردەوە.

هەڵکردنی ئاڵای تورکیا لە قەڵای حەڵەب و هەموو ئەو شوێنانەی کە چەتەکان داگیریان کردووە، بەشێکە لە خەونەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی عوسمانی نوێ. بۆ خۆی یەکێک لە خەونەکانی ئەردۆغان گەیشتن بە دیمەشق بوو.

لە ٢٧ی تشرینی دووەم چەتەکانی بە ناو تەحریر شام و چەندین لایەنی جیاواز هێرشێکی هەمەلایەنەیان بۆ سەر هەرێمەکانی سوریا دەستپێکرد. ئەم هێرشە ناوی "رەد عەدوان" و "فەجر حوڕییە" یان بەناوی بەرەبەیانی ئازادییەوە بوو. تەحریر شام( هەتەشە) بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئامانجیان تەنها شەڕ لەگەڵ ڕژێمی سوریایە، بەڵام ئەوەی ئێستا ڕوودەدات ئەوەیە کە ئەم هێرشە دژی تەواوی گەلی سوریا و ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریایە.

شوێنی ستراتیژیک لە پلانی چەتەکاندایە

ئەم گرووپە چەتانە کە بە فەرمانی ئەردۆغان هەڵدەسوڕن، پشتیوانییەکی زۆر لە دەوڵەتی تورک وەردەگرن. لە ماوەی ٣ڕۆژدا نزیکەی ٧٠ ناوچەی سوریایان داگیرکردووە. شارە گەورەکانی وەک حەڵەب و ئیدلب و حەما دەستی بەسەردا گیرا. هەروەها ڕێگا گرێدراوەکان بە M5 لە نێوان حەڵەب و دیمەشق بە تەواوی بەدەستی ئەوانەو کۆنترۆڵ کرا. پلانی هەتەشە و چەتەکانی دیکە شوێنی ستراتیژیک وەک ناوەندەکانی حکومەتی دیمەشق، فڕۆکەخانەکان و زیندانەکان بوو کە چەتە و تاوانبارانی خۆیانی تێدا ڕاگیراوە. بە وتەی ڕامی عەبد ڕەحمان، کە بەرپرسی مێرسادی سوریایە، "تا ڕۆژی هەینی، دوای دوو ڕووداوی خۆکوژی، چەتەکان دەروازەی ئەو شارانەیان داخستووە". شایانی بەبیرهێنانەوەیە کە ئەم ناوچانەی باسمان کرد هەموویان لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشقدا بوون. یەک بە یەک قەڵاکانی ڕژێمی سوریا ڕووخان و ‌هێزە سەربازییەکان گەلیان بەبێ پاراستن لە دەستی چەتەکاندا بە جێهێشت.

فرۆشتن یان شکان؟

لە دۆخێکی وەهادا زۆر کەس دەپرسن ئایا هێشتا لە نێوان هێزەکانی ناوچەکە، واتە ڕژێمی سوریا، ئێران، ڕووسیا و تورکیا بازاڕێک ماوە واتە شتێک ماوە کە سەودای لەسەر نەکەن؟ یان بەڕاستی سەرەڕای یارمەتی ئێران و ڕووسیا و عێراق، هێزی شەڕکەری ڕژیم کۆتایهات. بەشار ئەسەد لە ڕۆژانی سەرەتادا بێدەنگ بوو. بانگەشەی ئەوە دەکرا کە لە سوریا نییە، بەڵکو بەرەو ڕووسیا هەڵاتووە. ئێستاش بە سەرکەوتنی چەتەکان بەسەر دیمەشقدا، دیسان هەمان بیرۆکە هەیە.

زۆر جار لە مێژووی دەوڵەتاندا کاتێک سەرهەڵدان یان هەڕەشەیەکی گەورە لە دژی دەسەڵات دەست پێدەکات، بەرپرسانی باڵا هەڵدێن و وڵاتەکەیان بەجێدەهێڵن.

ئەوەی جێگای سەرنج بوو حەڵەب یەکێک لە گەورەترین پارێزگاکانی سوریا کە زۆر گرنگ بوو بۆ حکومەتی دیمەشق لە ماوەی ٣ ڕۆژدا داگیرکرا.

هاوپەیمانی چەتەکان و تورکیا ڕاگەیەندرا

لە یەکەم ڕۆژەکانی هێرشەکاندا ئەردۆغان بێدەنگ بوو وەک ئەوەی هیچ شتێک ڕووی نەدابێت. بەڵام دواتر بە ڕوونی باسی داگیرکردنی دیمەشقی دەکرد. لە ساڵی ٢٠١٢ تا ئێستا هەموو چەتەکان خۆیان لە ژێر فەرمان و پشتیوانی تورکیا چەکدار کردووە، تەنانەت ئەگەر ناوی جیاوازیشیان لە خۆیان نابێت. ئاڵای تورکیا و ئاڵای داعش لەو شوێنانەی کە داگیر کراون پێکەوە هەڵدەکرێن. ئەم دیمەنانە لە خۆڕا دەرناکەون. هاوپەیمانی داعش و تورکیا و چەتەکان بە ڕوونی بە جیهان ڕادەگەیەنن. لەم هاوپەیمانییەی چەتەکان و تورکیادا مانای ئەوە دەردەکەوێت کە دەوڵەتی تورک لە سوریا دەستوەردانی کردووە و بەردەوامە. بەڵام تا ئێستا لە دژی ئەمە لە لایەن وڵاتانی جیهانەوە هیچ کاردانەوەیەک نەبووە.

لە بەر چاوی هەموو جیهانەوە چەتەکانی تورکیا خەریکی کۆمەڵکوژی گەلانی مەدەنی وبێ ڕێزی کردنن بە دیلەکانی شەڕ و دەست بەسەر موڵک و ماڵیاندا دەگیردرێت و لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە دەکرێن، بەڵام جیهان دیسان بێدەنگی هەڵبژاردووە. ئەمەش لەلایەن گەلەوە پرسیاری دروست کردووە. ئایا هەمووان لە گەڵ ئەم هێرش و داگیرکاریانەی چەتەکان دژ بە گەلی سوریا هاوڕان؟

هێزەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ستراتیژییەکی دروست بەڕێوە دەبەن

دوای داگیرکردنی شاری حەڵەب، چەتەکانی تەحریر شام ڕێگاکانی بەرەو شەهبایان داخست و هێرشیان کردە سەر تل ڕفعەت و شەهبا. لەبەرامبەر ئەمەدا هێزەکانی ڕزگاری عەفرین و یەکینەکانی شەهید ئاڤێستا خابوور بەرخۆدانێکی گەورەیان بەڕێوە برد و بە مەبەستی ڕزگارکردنی گەلی ناوچەکە لە هەرجۆرە کۆمەڵکوژییەک، ڕێڕەوێکی مرۆیییان بۆ گەلی شەهبا کردەوە و گواستنیانەوە بۆ باکوور- ڕۆژهەڵاتی سوریا. لە هەمان کاتدا گەلی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود بە شێوەیەکی چالاک دەستیان بە پاراستنی خۆیان کرد.

لە هەمان کاتدا هێزەکانی قەسەدە، یەپەگە و یەپەژە لەسەر بنەمای پاراستنی ڕەوا، لە هەموو بەرەکاندا لەسەنگەرەکانی بەرخۆداندان.

ئایا موسڵ و کەرکوک لە بەرنامەدایە؟

لە ٢٢ی نیسانی ئەمساڵدا ئاڵای تورکیا لەسەر قەڵای هەولێر هەڵکرا. هەروەها جموجۆڵی چەتەکان لە نێو تورکمانەکانی ناوچەکەدا پەرەی سەند. گۆڕانکاری دیمۆگرافی بەردەوامە. لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئێستادا، گەل زۆر جار مەترسیەکانی بەبیر دێتەوە و لەخۆیان دەپرسن ئایا موسڵ-کەرکوکیش لەبەرنامەیاندایە؟