تاکە هێزی خۆراگر لە بەرامبەر بەڵایەکی وەکوو سوپای تورک، گەریلایە

"تەنیا هێزێک کە ساڵانێکە لە بەرامبەر هێرشە داگیرکاریەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر کوردستان و بە تایبەت باشوری کوردستان لە ناو شەڕ دایە و ناهێڵێ کە تورکیا بگات بە ئامانجەکانی، هێزەکانی گەریلان".

تەنیا هێزێک کە ساڵانێکە لە بەرامبەر هێرشە داگیرکاریەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر کوردستان و بە تایبەت باشوری کوردستان لە ناو شەڕ دایە و ناهێڵێ کە تورکیا بگات بە ئامانجەکانی، هێزەکانی گەریلان. جێی ئاماژەیە کە بە تایبەت لە ئەم چەند مانگەی رابردووش دا هەموو ئەو هێرشانەی کە لە سەر باشور کوردستان ئەنجام دەدرێن تێیدا هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو و شیمیای بەکار دەهێندرێت. لە بەرامبەر هەموو ئەمانە دا هیێزەکانی گەریلا هەتا ئێستاش لە سەنگەرەکانیان دا بی ووچان لە شەڕدان و نەیانهێشتووە کە تورکیا بگات بە ئامانجەکانی.

لە لای زۆر کەس ئەمە ئەبێ جێگای پرسیار بێت کە بۆ شەری نێوان تورکیا و گەریلاکان لە باشوری کوردستان رو دەدات؟ بۆ سوپای تورکیا بە ئەم ئەندازەیە دەیەوێت خاکی باشووری کوردستان داگیر بکات یان بە راستی ئامانج تەنیا لە ناوبردنی هێزەکان گەریلایە؟ بێگوومان لە بەرامبەر ئەم پرسیارانە ئەم زۆر بە وردی بتوانین لە شتەکان بکۆڵینەوەو بەم شێوەیە وڵام بدەینەوە. پێویستە بتوانین راستیەکان و ئامانجەکانی دەولەتی تورکیا بخەینەڕوو و هەروەها ئەو راستیانەی کە پەردەپۆش دەکرێن و دەشاردرێنەوە بیاندۆزینەوە. لە بەرامبەر ئەمانە ئەگەر چەند پرسیارێکی بەم شێوەیە بکەین بابەتەکە بەرەو رێگای راست دەگوێزینەوە: ئایا دەولەتی تورکیا تەنیا ئەم شەڕەی لەگەڵ پەکەکە و هێزەکانی گەریلایە یاخود هەموو کوردستان ئامانجی هێرشەکانیەتی؟ ئایا لەبەر ئەوەی کە گەریلا تاکە هێزە لە بەرامبەر ئامانجەکانی بەم رادەیە هێرش دەباتە سەر گەریلاکان؟ بۆ ئەوەی وڵامی هەموو ئەم پرسیارانە بدەینەوە پیویستیمان بە ئەوە هەیە کە هەندێک بابەت هەڵسەنگێنین.

گەریلا گەورەترین بەربەستە بۆ خەیاڵی عوسمانی تورکیا

دەولەتی تورکیا کە یەکێکە لە ئەندامانی ناتۆ و لە تەواوی مێژووی فاشیستانەی خۆی دا هەمیشە دژایەتی لەگەڵ کورد کردوەو و زۆر جار ئەم دژایەتیە تا کۆمەڵکوژکردنی فیزیکی و کەلتووریش چووە. پێش ئەوەی کە پەکەکە ببێتە خاوەن هێزیێکی گەورەی تێکۆشان بە تایبەت لە باکووری کوردستان کوردەکان ناسنامەیەک، زمانێک و بوونێکیان بۆ نەهێشترابۆوە. لە ئێستادا بوونی بزووتنەوەی سیاسیش لە باکووری کوردستان و تورکیا یەکێک لەوە دەستکەوتانەیە کە تێکۆشانی پەکەکە بە دەستی هێناوە. بە تایبەتی لە ساڵەکانی ٢٠١٥ بەرەو ئەملا و لە دوای هەڵوەشانەوەی قۆناغی چارەسەری لە لایەن تورکیەوە دژایەتی، ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هێرش بۆ لە ناو بردنی گەریلاکان هەرچوو پەرەی ستاند. ئەم بابەتە هیچ پەیوەندیێکی بەوەوە نییە کە هەموو خەمی ئەوەیە کە تەنیا پەکەکە لە ناو ببات. تورکیا تەنیا ئامانجێکی هەیە و ئەویش ئەوەیە کە دیسانەوە ئەو خاکانەی کەوا لە کاتی خۆی دا لە دەستی عوسمانیەکان دا بوون دیسان بە دەستی بێنێتەوە. ئەم شوێنانەش زۆربەیان خاکی کوردستانن. بۆ نموونەوە هەر لە باشووری کوردستانەوە، کەرکوک، مەخموور و موسڵ بەشێکن لەم خاکانەی کە دەوڵەتی تورکیا بە تەمای داگیرکردنیەتی.

بێگومان پەکەکە حیزبێک نیە کە تەنیا بەشێکی کوردستان بپارێزیت و تەنیا سەر بە پارچەیەک بێت. پەکەکە ئەمرۆ خەباتێکی نەتەوەیی هەرە سەرسەختانە بۆ ئازادی کوردستان دەکات و بەهێزترین هێزە هەم لە بواری لەشکەری و هەم لە بواری سیاسیەوە لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەراست. تەنانەت گەوەرەترین بەربەستە بۆ بەدیهاتنی خەیاڵەکانی تورکیا بۆ دروستکردنەوەی دەوڵەتێکی عوسمانی. بابەتێک کە پێویستە ئاماژەی پێ بکرێت ئەوەیە کە خەباتی بناغەیی پەکەکەش لە شاخەکانی باشووری کوردستانە. ئەمە بابەتێکی زۆر زۆر ئاساییە. لە کاتی خۆی دا حیزبە کوردییەکان هەر شوێنێک کە باشتر بوبێت بۆ تێکۆشان خۆیان لەوێ بەجێ کردووە و لە ئێستاش دا بەشێکی حیزبەکانی رۆژهەڵاتیش هەر لە باشووری کوردستان دا بارەگایان هەیە.

بنەماڵەی بارزانی لەم شەڕەدا نرخی لە سەربازێکی تورک کەمترە

بابەتی سەرەکە ئەوەیە کە دوڵەتی تورکیا کە بە ئامانجی بە دەست ‌هێنانەوەی وەکوو بەناوی دەکەن خاکی عوسمانی لە ساڵی ٢٠١٥وە زۆر بە چڕی و بە سەختی دەستی بە داگیرکاری باشوری کوردستان کردووە لە ئێستا دا تەنیا ‌هێزێک کە بە شێوەیەکی زۆر چالاک لە بەرامبەری دا راوەستاوە هێزەکانی گەریلان. لەم بوارەوە ئەگەر بڵێین گەورەترین خەمی دەوڵەتی تورکیاش لە ناوبردنی پەکەکەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی هەڵە نابێت. ئەمە زۆر بە روونی ئاشکرا بووە کە ئەگەر پەکەکە نەبووایە ئێستا جێیەک نەدەما کە لە بادینان و لە باشووری کوردستان ئاڵا و بارەگای تورکی تێدا نەبێت و هەتا مەخموور، کەرکوک، هەولێر و موسڵ هەر هێزی تورکیا لێی سەقامگیر دەبوو. بێ گوومان ئەگەر بڵێن کە تورکیا لەم شەڕەدا بە تەنیا خەریک داگێرکاریە هەڵە دەبێت. هەر لە سەرەتاوە ناتۆ و زۆر وڵات کە سەربەخۆیی کوردیان ناوێت و کوردە خاینەکانیش وەکوو پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بنەماڵەی بارزانیش لەم شەڕەدا دۆستی گیانی بە گیانی دەوڵەتی تورکیان. دەوڵەتانی دەسەڵاتدار بە دوای ئەوەوەن کە هیچ هێزیکی ئازادی خواز بە تایبەت وەکوو کورد نەتوانێت ببێتە خاوەن هێز و نەبێتە مەترسی بۆ بەرژەوەندیەکانیان. ئەگەر باسی بنەماڵەی بارزانی بکەین هیچ شتێک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی وەکوو دەستکەوت باسی بکەین چونکە لەم شەرەدا لە سەربازێک نرخی کەمترە و چۆن تورکیا بگات بە ئامانج شتێک بە ناوی بنەماڵەی بارزانی و بەرژەوەندەکانیان لە باشووری کوردستان دا نامێنێتەوە. ئەوەی کە ئێستاش ماون تەنیا لەبەر ئەوەی کە پەکەکە هەیە و دوای ئەوەی کە پەکەکە لە ناو ببەن یەکسەر نۆرەی بنەماڵەی بارزانییە.

گەریلا و گەل دەتوانن ببنە مسۆگەری سەرکەوتنی شەڕ لە بەرامبەر داگیرکاری

بە دڵنیاییەوە لەناوبردنی پەکەکە خۆ هەر وا کارێکی ئاسان نییە، کە ئێمە بە ئاسانی باسی بکەین. ٤٠ ساڵ لەمەو پێش تورکیا قەولی دابوو کە لە ٧٢ دەمژمێردا لە ناوەی دەبات، بەڵام ئەم ٧٢ دەمژمێرە ئەمرۆ ٤٠ ساڵی بەسەردا تێدەپەرێت. لێرە دا ئەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم شەڕەی ئەمرۆ لە چیاکانی باشووری کوردستان لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتینا، زاپ، خواکورک و هەفتانین هەیە، شەڕی لە ناوچوونی خەیاڵەکانی دەولەتی تورکیایە. ئەمرۆ ئەو گەریلایانەی کە وا لەم ناوچانە لە ناو خۆراگری دان لە بەرامبەر داگیرکاری خۆ تەنیا خاکی باشووری کوردستان ناپارێزن، لە هەمان کاتدا رێیان لە بەڵایێک گرتووە کە ئەگەر سەربکەوێت جەهەنەمێک بۆ خەڵک لە سەر زەوی دروست دەکات. خۆراگری گەریلا زۆر لەوە گەورەترە کە چاوی لێدەکەین. چەتەکانی داعش ئەگەر پەکەکە لە ناوی نەبردنایە ئێستا شتێک بە ناوەی مرۆڤایەتی لە رۆژ‌هەڵاتی ناوەراست دا نەدەما و شەڕ لە بەرامبەر دەوڵەتی تورکیاش بە رادەیەکی زۆرترەوە هەمان بابەتە و خراپترە. لە ئێستادا سوپای تورکیا بە هەمووتەکنیکی پێشکەوتوی لە دەستی دا و بە بەکار هێنانی چەکی شیمیایی و چەکی قەدەخەکراو هێرش دەباتە سەر گەریلا. بە دڵنیاییەوە و زۆر بە راحەتی ئەتوانم بڵێم کە هەر هێزێک لە جێگای گەریلا بووایە لە زووەوە لەناو چووبوو. ئەوە چەکانەی گەریلا شەری پێ دەکات چەکی پێشکەوتوو نین. زۆر چەکی ئاسایین. بەس لێرەدا خۆ چەک نیە کە شەر دەکات. ئیرادەیەکی ئاپۆیی و پۆڵاییە و تەرز و تاکتیک و رێبازی شەرن. شەر و بەرخۆدانی گەریلا مسۆگەری سەرکەوتنی کوردەکانە لە بەرامبەر داگیرکاری.

لە دوایش دا بە پێویست دەزانم و بە جێی رەخنەی دەزانم کە خەڵکی کورد و بە تایبەتی خەڵکی باشووری کوردستان و ناوچەی بادینان دەبێت لە بەرامبەر بەرخۆدانی گەریلا و داگیرکاری سوپای تورکیا زۆرتر چاوکراوەتر و خاوەن هەڵوێست بن. بە تایبەتی خیانەتی بنەماڵەی بارزانی لە خەڵکی کورد بابەتێکە کە دەبێت لە بەرامبەری دا راوەستین. بە ئەندازەیەک کە سوپای تورک زەرەرە و زیانی هەیە بۆ کوردستان بەوە ئەندازەیەش بنەماڵەی بارزانی بە خیانەتەکانیان ئەم زیانە بە کوردستان دەگەیێنن. خۆراگری کور و کچانی گەریلا پیویستی بە پشتیوانی خڵک هەیە و گەریلا و گەل دەتوانن ئەم شەڕە بگەیێنن بە سەرکەوتن.

ژ.ن