ترامپ و بایدن شیاوی سەرۆكایەتی داهاتووی ئەمریكا نین
ئەم سەدەیە، سەدەی ژنە. سەدەی دیموكراتیەكی گەلان و داواكاری و بەجێهێنانی داواكاری گەلانە. سەدەی ئیكۆلۆژی و چارەسەركردنی كێشە ئیكۆلۆژیەكان و سیاسەتی دیموكراتیك و ئەخلاقییە.
ئەم سەدەیە، سەدەی ژنە. سەدەی دیموكراتیەكی گەلان و داواكاری و بەجێهێنانی داواكاری گەلانە. سەدەی ئیكۆلۆژی و چارەسەركردنی كێشە ئیكۆلۆژیەكان و سیاسەتی دیموكراتیك و ئەخلاقییە.
هێرشكردنە سەر دۆناڵد ترامپ چەند رەهەندێكی نێوخۆیی و دەرەكی هەیە. هەرچەندە دەیانەوێت وا نیشان بدەن كە ئەو گەنجە بیست ساڵەی لایەنگری خودی پارتەكەی ترامپە و بەهۆی بێزاربوونی لەترامپەوە هەوڵی كوشتنی داوە، بەڵام لەراستیدا مەغزا و ناوەڕۆكی هێرشەكە و داتا و زانیاریەكان شتێكی تر نیشان دەدات، وەك ئەوەی كە؛ هێرشەكەی سەر ترامپ بەدیاری كراوی یەك رۆژ دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەی ناتۆ لەئەمریكا پێكهات، ئەوەش شتێكی هاكەزایی و ساكار نییە. رەنگە ئەو هێرشەی سەر ترامپ هەروا بەڕێككەوت نەبێت و سەرەتای كێشە نێوخۆییەكانی هەر دوو پارتی دەسەڵاتدار كۆماریەكان و دیموكراتەكانی نێو خودی دەوڵەتی ئەمریكا بێت و ئەو هێرشەش بەشێوەیەكی پیلان بۆ داڕێژراو و لەپەڕاوی كۆبوونەوەی ناتۆدا بڕیاری لەسەردرابێت. هەرچەندە لەو هەوڵەدا سەرۆكی پێشووی ئەمریكا و كاندیدی كۆماریەكان بۆ سەرۆكایەتی داهاتووی ئەمریكا بەسەلامەتی دەربازی بوو، بەڵام رەنگە بڕیار لەسەر كوشتنی نەدرابێت و تەنیا بۆ چاوترساندن بێت. یاخود بەڕێكەوت فیشەكەكە بەر سەری نەكەوت و نەكوژرا. ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە دیموكراتەكان لەبایدن توڕەن و نایانەوێت ئەو زاتە ببێتەوە سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا. یاخود رەنگە دەوڵەتی قووڵی ئەمریكا لەگرتنە دەستی سەرۆكایەتی ئەمریكا نیگەران بن و نەیانەوێت ترامپ لەو كێبڕكێ هەڵبژاردنەدا بەشداری بكات چی بگات بەوەی كە هەڵبژاردنیش بباتەوە.
لەسەردەمی سەرۆكایەتی ترامپدا، ترامپ زۆر هێرشی كردە سەر دامەزراوەی هاوپەیمانی ئەتلانتیكی شیمالی"ناتۆ" و بە بێ واتا و بێ كەڵك بەناوی كرد؛ چونكە بڕوای وا بوو كە زۆرینەی خەرجیەكانی ئەو دامەزراوەیە لەلایەن ئەمریكاوە دابین دەكرێت، بۆیە بەهەموو شێوەیەك گوشاری دەخستە سەر وڵاتانی ئەندام لەناتۆ كە بوودجەی تەرخان كراو بەناتۆ زیاتر بكەن و لەو پێناوەشدا چی لەدەستی هات كردی. ئێستاش كە ناتۆ كەوتووەتەوە سەر پێ و بەگوێرەی بایدن ناتۆ لەئێستادا لەهەموو كات بەهێزتر و رێكخراوترە و چەند وڵاتێكی تر لەماوەی سەرۆكایەتی ئەودا پەیوەست بەو دامەزراوە نێودەوڵەتیە بوون. بۆیە وڵاتانی ئەندام لەرێكخراوی ناتۆ نایانەوێت ترامپ وەك رابردوو لەسەر ناتۆ بدوێت یاخود ئەو پیلان و پلانانەی ناتۆ بەنەبوو و بێ كەڵك لەقەڵەم بدات و بەدەم باوەی بدات و هەر ئەوەش خاڵی سەرەكییە كە وڵاتانی ئەندام لەناتۆ لەدژی هاتنە سەر دەسەڵاتی دۆناڵد ترامپن و بەتایبەت تر ئەوەی كە ترامپ چەندین دۆسیەی لەدادگاكانی ئەمریكا لەسەر ساخ بووەتەوە و ئەمریكاش لەئێستادا وەك هەڕەشە بۆ سەر سیاسەتی داهاتووی ئەمریكای دەبینن. لەلایەكی تر ترامپ سەبارەت بە شەڕی نێوان ئۆكرانیا و روسیاش بەراشكاوانە دەڵێت؛ ئەو شەڕەی لەگەڵ روسیا لەئۆكرانیا دەكرێت، بێ سوودە و لەقازانجی ئەمریكادا نییە و ئەمەش دەوڵەتانی ئەوروپایی نیگەران كردوە، بەتایبەتی ئەوانەی لەرێكخراوی ناتۆدا جێ دەگرن.
لەو بڕوایە دام كە ئەو هێرشە سەرەتای كێشەنێوخۆیەكانی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ئەمریكایە كە لەبەردەم تەقینەوە دایە. چونكە ئەو دۆسیانەی لەدادگاكانی ئەمریكا لەسەر ترامپ ساخ بوونەتەوە، دۆسیەی زۆر بچووك و بێ بەها نیین. ئەوە ئەو دیموكراسیەتە لیبراڵەی سیستەمی مۆدیرنیتەی سەرمایەداری وەها لەنێوخۆدا دەهاڕێت كە پارچە گەورەكانی رەنگە تەنیا گوێیەكانی ترامپ بەخۆی بێت، ئەوەش دەرگا بۆ گفتوگۆ دەكاتەوە و سەراوژێربوون و گلۆربوونەوەیەكی نوێیە لەسیستەمی مۆدیرنیتەی سەرمایەداریدا. ئەو شان و شكۆیەی ئەمریكا پێوەی دەنازێت و شانازیی پێوە دەكات، لیبراڵیەتی ئەو دەوڵەتەیە كە بەهاتنە نێو كێبڕكێی دۆناڵد ترامپ لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە، ئەوا ئیدی كە گوێ لە بانگەشەكانی ئەمریكا بۆ گۆاستنەوەی دیموكراسیەتی خوی بۆ وڵاتانی داگیركراو ناگرێت و بگرە لەو وڵاتانە هەموویان لەبەرامبەر بەهاتنە سەردەسەڵاتی ترامپ دژ بەدەستێوەردانەكانی ئەمریكا بڕژێنە سەر كوچە و كۆڵان و سەرشەقامەكان و تەلار و مۆل و كۆمپانیا و دامەزراوە و كەسایەتیە ئەمریكیەكان بكرێنە ئامانج و لەنێو پێ لەقەی گەلاندا بهاڕدرێن و بكەونە زبڵدانی مێژووەوە.
ترامپ بەهۆی سیاسەتی ئەو بەڵێنانەی لەسیاسەتی نێوخۆدا بەئەمریكیەكان دەدات، دەبێت پشتیوانی لێبكرێت، بەتایبەتی لەبابەتی رەفاهیات و خۆشگوزەرانی و كەمكردنەوەی باج لەسەر خەڵك و رێگری لەهاتنی بەلێشاوی كۆچبەران بەرەو ئەمریكا و هەندی پرسی پەیوەست بەئابوری و كۆمەڵایەتی گەلەوە، بەڵام لەلایەن دەوڵەتی قووڵی ئەو وڵاتەوە زۆر پشتیوانی لەترامپ ناكرێت. بەهەمانشێوە خەڵكی ئەمریكا لەسیاسەتی جۆبایدن سەرۆكی ئێستاكەی ئەمریكا زۆر رازی نین، چونكە گەلی ئەمریكا لەو باوەڕە دان كە بایدن ناتوانێت نوێنەرایەتی هێز و دەسەڵاتی ئەمریكا لەجیهاندا بكات و ئەوەش بۆ خۆیان بەسەرشۆڕی دەبینن و لەرووی تەمەنیشەوە بەگونجاوی نازانن و پێیان وایە كە بایدن تەمەنی رێ نادات و كێشەی تەندروستی هەیە. ئەو كێشانەش كێشەی جددین و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش حیسابی بۆ دەكات و هەروا بەئاسانی بەلایدا تێپەڕ نابێت.
لەئاستی نێودەوڵەتیشدا و بەتایبەتی لەو وڵاتانەی ئەمریكا پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵیان هەیە یاخود بەهەر شێوەیەك دەیەوێت دەستوەردانی هەندێ لەو دەوڵەت و سیستەم و رژێمانەدا بكات، گۆڕانكاری و وەرچەرخانی زۆر هاتوونەتە ئاراوە، لەبەر ئەوەش دەبێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەرۆكێك هەڵبژێرن كە بتوانێت لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانكاریانەدا هەڵبكات، بەتایبەتی لەگەڵ رژێمی ئێران و روسیا و ئاراستە و رووی دیموكراتیكی گەلان. چونكە گەلان و بەتایبەتی ژنان و گەنجان ئیدی وەك رابردوو روویان لەئەمریكا نییە و بەدرۆ و دەلەسەكانی ئەو سیستەمە هەروا بەراحەتی ناخەڵەتێندرێن و فریو ناخۆن.
ئەم سەدەیە، سەدەی ژنە. سەدەی دیموكراتیەكی گەلان و داواكاری و بەجێهێنانی داواكاری گەلانە. سەدەی ئیكۆلۆژی و چارەسەركردنی كێشە ئیكۆلۆژیەكان و سیاسەتی دیموكراتیك و ئەخلاقییە. سەدەی كەمكردنەوەی تەكنەلۆجیا و بەرهەمهێنانی كەرەستەی سەربازی و سیستەمی عەسكەرتاریەت نییە. سەدەی دیالۆگ و لەیەكتێگەیشتن و سازش و رێككەوتنە، نە سەدەی پێكدادان و پەستان و بەرزكردنەوەی ئاستی توندوتیژی و ناكۆكییەكان. ئەمانە هەموو ئەو فاكتەر و نۆرمانەیە كە رۆژبەڕۆژ تۆختر و بەرجەستەتر دەبنەوە و ئەوەش وا دەكات كە ئەمریكا زیاتر بیر لەكەسایەتیەك بكاتەوە كە لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانكاریانەدا بێتەوە و بتوانێت ئەو پرسانە لەنێویەكدا ئیدارە و بەڕێوە ببات.