تورکیا بووەتە ناوەندی پاشڤەڕۆیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بەڕاستی تورکیا بووەتە ناوەندی پاشڤەڕۆیی. دەبێت ئەم ڕاستییە پشتگوێ نەخرێت. بۆ چەوساندنەوەی بزووتنەوە پێشکەوتووخواز و دیموکراتیکەکان کاردەکات. بە پتەوکردنی نەتەوەپەرستی، پشتگیری لە ڕژێم و بزووتنەوە مەزهەبییەکان دەکات.

زەکی بەدران

تورکیا هەوڵدەدات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سنوورەکانی فراوانتر بکات. بە پاساوی "لە دژی پەکەکە-کورد شەڕ دەکەم"، سوپاکەی لە عێراق و سوریا جێگیر کرد. بەشێکی زۆری باشووری کوردستان لەژێر داگیرکاری سەربازیدایە. دەیان بنکەی سەربازیی دروست کردووە.  جگە لەوەش ئیدارەی عێراق نەیتوانی ئەو بنکە سەربازییە چۆڵ بکات کە لە بەعشیقە دایمەزراندبوو؛ بە پێچەوانەوە لەوێشدا تورکیا جێگیر کرد.

هەوڵەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان و عێراق لەمەدا سنووردار نابێت. بەڵکوو ڕوویکردووەتە تورکمانەکان و لە چوارچێوەی نەتەوەپەرستی و پاشڤەڕۆیەتییدا پەروەردە و ڕێکخراویان دەکات. تورکمانەکان بۆ پلانەکانی خۆی لەسەر کەرکوک و عێراق بەکاردەهێنێت. هەروەها باشووری کوردستانی کردووەتە بازاڕێکی کراوە. هەوڵەکانی لەسەر سوننەکان بەردەوامە. چەندین دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق دەکات.

سوپای تورک بۆ ئەوەی گەلی کورد نەبێتە خاوەن ستاتۆ و هێز، دەستی بە داگیرکردنی سوریا کرد. لەگەڵ زۆرێک لە گروپەکان هاوپەیمانیی پێکهێنا، لەنێویاندا داعش. هەرێمەکانی وەک عەفرین و سەرێکانی داگیرکران و پاکتاوی نەژادی لە دژی گەلی کورد ئەنجامدرا. هەروەها لە ئیدلب لەگەڵ ئەو هێزانەی لەوێ بوون، ئەل نوسڕەی پاراست تاوەکو خۆی وەک دەوڵەتێک ڕێکبخات. بە پرۆسەی ئاستانە، بەرەی شەڕی بەرامبەر گەلی کورد، کردەوە. بە لاوازبوونی ڕوسیا و ئێران، پشتگیری لە هەتەشە کرد و ڕێگەی بۆ ڕووخانی ڕژێمی بەعس خۆشکرد و کۆتایی بە هەبوونی ئێران لە سوریا هێنا. هەبوونی ڕوسیا لە سوریا کەوتە مەترسییەوە و دەست و پێی لە هەرێمەکەدا بەسترا.

دەوڵەتی تورک پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، لەگەڵ هەتەشە ڕێککەوت و بەرامبەر گەلی کورد و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەستی بە هێرش کرد. هەرێمەکانی وەک شەهبا و تەل ڕەفعەت و مەنبەجیان داگیر کرد. بەڵام هێرشەکان لە بەنداوی تشرین تێکشکا. ئامانج لەم هێرشانە کە چەند مانگ بەردەوام بوو، لەناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و چەوساندنەوەی گەلی کورد بوو.

تورکیا هەوڵدەدات هەتەشە کۆنترۆڵی هەموو سوریا بکات. لە نزیکەوە چاودێری ئیدارەی هەتەشە دەکات. کارمەندەکانی لە وەزارەتەکاندا دانا. بنیاتنانەوە و ڕاهێنانی سوپای سوریای گرتەئەستۆ. بەم کارە هەوڵ دەدات کاریگەری خۆی بەسەر هەرێمەکەدا زیاتر بکات و هەژموونی درێژخایەن بەدەستبهێنێت.

هەوڵ دەدات دەوڵەتێکی مەرکەزی و توندڕەو لەسەر بنەمای مەزهەبی لە سوریا دابمەزرێنێت. لەبری دەستوورێکی ئازادیخواز و دیموکراتیک، پشتگیری لە دەستوورێک دەکرد کە لەسەر بنەمای مەزهەبگەری و پاشڤەڕۆ و فشارکەر و یەک‌پەرست دامەزرابوو. ناوبراو ڕایگەیاند کە بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە حکومەتی کاتی دەکات. سەرەڕای هەموو چاوەڕوانی و هۆشدارییەکان، ئەم حکومەتە بە پەراوێزخستنی پێکهاتە و هێزەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی هەتەشە دامەزرا.

تورکیا لەو هەرێمانەی سوریا ناکشێتەوە کە داگیری کردووە. هیچ هێزێک لەم ڕووە فشار ناکات و ئەم بابەتە ناکاتە ڕۆژەڤ. هەتەشە ناتوانێت هیچ بڵێت. لەگەڵ ئەوەشدا، تورکیا دەیەوێت بنکەی سەربازیی نوێ دابمەزرێنێت. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر سوریا زیاد کردووە. دەوترێت ئەم هێرشانە پەیوەندییان بە هەوڵەکانی تورکیاوە هەیە بۆ دامەزراندنی بنکەی نوێ. ئیسرائیل نایەوێت دەوڵەتێک لە ژێر کۆنترۆڵی هەتەشە لە سوریای دراوسێیدا دابمەزرێت. هەتەشە وەک چەتەی تیرۆریستی پێناسە دەکات کە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای ئایینی دامەزراوە. ئەو بەهێزبوونی هەتەشە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر هەبوونی خۆی دەبینێت.

وەک دەزانرێت ئیدارەی ئەردۆغان پشتیوانی لە گرووپە مەزهەبییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. پشتگیری حەماسی کرد. بەهۆی ئەمەوە گرژی لە نێوان ئەو و ئیسرائیلدا دروست بوو. هەوڵەکانی بۆ بەهێزبوونی هەتەشە لە سوریا، ئیسرائیلی زیاتر توڕە کرد. لە بەرامبەردا تورکیا هەوڵیدا بنکەی سەربازی لە هەندێک فڕۆکەخانە دابمەزرێنێت و ئیسرائیل ئەو شوێنانەی بۆردومان کرد. واتە بە ڕوونی تورکیای کردە ئامانج.

وەک دەزانرێت ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت. حەماس و حزبوڵای لاواز کرد. لە ڕاستیدا ئەو هێزەی ڕژێمی بەعسی ڕووخاند، ئیسرائیل بوو. حزبوڵا و هێزەکانی ئێران لە سوریا بە شێوەیەکی سیستەماتیک کرانە ئامانج. کاتێک کاریگەری ئەو هێزانە کەم بووەوە، ڕژێمی بەعس هیچ پشتیوانییەکی نەما و ڕووخا. ئیسرائیل ئەمەی کرد و ئێستا نایەوێت تورکیا بێت و دەست بەسەر ئەو دەستکەوتانەدا بگرێت. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوارچێوەی ئاسایشی سوریادا سەرلەنوێ داڕێژراوەتەوە. ئەوە نییە تورکیا ئەم ڕاستییە نەزانێت. بەڵام هەوڵ دەدات کەڵک لە بوونی هەتەشە و بۆشاییەکانی سوریا وەربگرێت بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی پاوانخوازی.

هاکان فیدان گوتی "نامانەوێت لەگەڵ ئیسرائیل بکەوینە نێو ناکۆکییەوە". بەڵام ئیسرائیل لەم ڕووەوە، بەڕوونی و پێداگرییەوە دەجووڵێتەوە. دەیەوێت هەموو ژێرخانە سەربازییەکان لە سوریادا نەهێڵێت و نایەوێت سوپایەکی نوێی بەهێز لە سوریا دابمەزرێت. لەم ڕووە، لەگەڵ تورکیادا ناکۆکە.

تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیاسەتی پاوانخوازی پەیڕەو دەکات. ئەردۆغان لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە هاوشێوەی هەتەشە و ئیخوانەکانە. ئەو بەرامبەر دەوڵەتانی دراوسێ هێز بەکاردەهێنێت و سەربازەکانی جێگیر دەکات. بەڵام ناکرێ سیاسەتی پاوانخوازی جێبەجێ بکات و ڕووبەڕووی هیچ هێزێک نەبێتەوە. بێگومان ئیسرائیل وەک عێراق و سوریا بێدەسەڵات نییە. سەرەڕای ئەمەش تورکیا نایەوێت دەستبەرداری سوریا بێت. ئەردۆغان تا کۆتایی چانسی خۆی تاقی دەکاتەوە. بۆیە گرژی و ئاڵۆزییەکان لە سووریا بەردەوام دەبن.

بەڕاستی تورکیا بووەتە ناوەندی پاشڤەڕۆیی. دەبێت ئەم ڕاستییە پشتگوێ نەخرێت. بۆ چەوساندنەوەی بزووتنەوە پێشکەوتووخواز و دیموکراتیکەکان کاردەکات. بە پتەوکردنی نەتەوەپەرستی، پشتگیری لە لە ڕژێم و بزووتنەوە مەزهەبییەکان دەکات. بێدەنگبوونی بەرامبەر کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکان و پشتگیری هەتەشە، بۆ ئەم هۆکارە دەگەڕێتەوە.

 

سەرچاوە: ڕۆژنامەی ڕوناهی