تورکیا چۆن ئازاد دەبێت؟

مادام کە داوا دەکرێت ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، ئەوا دەبێت دەستبەجێ مەرجەکان بۆ ئەمە بڕەخسێنرێن. دەبێت دەرفەت بە ڕێبەر ئاپۆ بدرێت کە لەگەڵ هەمووان دیدار بکات، بەتایبەتی بەێوەبەری پەکەکە.

هێرشەکانی ئیسرائیل کە ماوەی مانگێکە زۆرتر قورس بووەتەوە، گورزێکی گەورەی لە حیزبوڵای لوبنان داوە. لە ڕاستیدا، هیچ کەسێک پێشبینی شەڕێکی لەو شێوەیە نەدەکرد و هیچ کەسێک پێشبینی نەدەکرد ئیسرائیل لە ماوەیەکی ئاوا کورتدا گورزێکی ئاوا قورس بە حیزبوڵا بگەیەنێت. چونکە حیزبوڵاش هێزی سەربازی و ئامادەکاری سەربازی و بەرگریی هەبوو. هەندێک وڵاتی وه ک ئێران پشتیوانی هەمە لایەنەیان دەکات، بەڵام ئەنجامەکان هەمووانی سەرسام کرد. بۆچی؟

بێگومان دەکرێت زۆر وڵامی جیاواز بۆ ئەم پرسیارە بدرێتەوە. بۆ نموونە، ئەگەر ئیسرائیل لە لە وشکانییەوە هێرشی بکردایە، نەیدەتوانی بەو خێراییە و کاریگەرییە ئەنجام بەدەست بهێنێت. به هۆی ئەنجامه سەربازییە ئاسمانیەکانی ئیسرائیلەوە، هەروەها بەکارهێنانی تاکتیکی زیرەکانە و بە تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی، ئیسرائیل ئەنجامی سەرکوتووانەی بەدەست هێنا. لەگەڵ ئەوەشدا، سیاسەتی جەنگی بڕیارنەدراوی حیزبوڵا و ئێران یەکێک بوو لە هۆکارەکانی بەدەست هێنانی ئەم ئەنجامە. حیزبوڵا و ئێران لەلایەک پشتیوانی خۆیان بۆ حەماس دەردەبڕی و لەلایەکی تریشەوە هەڵوێستی ئاشتەوایی سیاسییان نیشاندەدا، هەروەها لە ڕێگەی فەڕەنسا و هێزە هاوشێوەکانەوە گەیشتنە ئەو ئاستە کە ئیسرائیل و حیزبوڵا ئاگربەست ئیمزا بکەن. لەو کاتەدا ئیسرائیل لە هێرشێکی گەورە و بەربڵاودا حەسەن نەسروڵڵای کردە ئامانج. واتە حیزبوڵڵا و ئێران کەوتنە نێو تەڵەیەکی سیاسییەوە.

کەواتە لەمەودوا چی ڕوودەدات؟ ئاشکرایە کە بلۆکی ئەمەریکا و ئیسرائیل هەوڵی سەر لەنوێ بنیاتنانەوەی لوبنان دەدەن. ئەوان دەیانەوێت وڵاتێک بنیات بنێن کە کاریگەری حیزبوڵڵا و ئێرانی لەسەر کەم بێت و نەبێتە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئیسرائیل. ئەوان تەنها ئەو کارە ناکەن و هەوڵ دەدەن کاریگەری لەسەر تەواوی هێزەکانی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی دروست بکەن. واتە هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی ئێران لە ناوچەکە ئەم پرۆسەیە چوار ساڵ لەمەوبەر به تیرۆرکردنی قاسم سلێمانی دەستی پێکردبوو بە باڵادەستی سەربازی ئێستای دەیەوێت ئەنجامەکان یەکلا بکاتەوە.

لە بەرامبەردا، حکومەتی ئێستای ئێران بەردەوام باسی ئاشتی دەکات، هەوڵ دەدات تا ئەو شوێنەی دەتوانێت شەڕ سنووردار بکات و بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ نەرمی و نەرم کردنەوەی دۆخەکە. بەڵام بەدیهێنانی ئەم ئامانجە بە شێوەیەکی تاکلایەنە زەحمەتە، هەرچەنده حکومەتی ئێران بەم ئاراستەیەدا دەڕوات، بەڵام بەجۆرێک شەڕی ئیسرائیل و ئێران به شێوەی ئێستای دەستی پێکردووە، ئەوانەی پشت بە جەنگێکی ئاوا دەبەستن و دەیانەوێت، لە ڕاستیدا ئەوەی کە دەیانویست دەستیان پێ گەیشتووە. با بزانین کێ لەم جەنگەدا سەردەکەوێت و کێ دەدۆڕێت.

بێ گومان حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە یەکێک بوو لەو هێزانەی کە زیاتر هەوڵیدا شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵادا سەرهەڵبدات و بەمەش ئێران بگرێتەوە. مانگێک پێش ئێستا وتەبێژ و دوژمنانی ئەم حکومەتە بە هەموو جۆرە درۆ و چەواشەکارییەکەوە جەنگێکی وایان دەستپێکرد. بەڵام کاتێک شەڕ دەستی پێکرد و هێرشە قورسەکانی ئیسرائیل ڕوویاندا، ئاراستەکەیان گۆڕی و پێچەوانە بوونەوە و وتیان: "ئێمە دژی شەڕین". تەقینەوەی بۆمبێک لە بەیروت بناغەکانی کۆشکی بێش تەپەی هەژاند. پێدەچێت ئەوانەی پێیان وایە هەموو شتێک وەک کۆمەڵکوژی کورد و ژنان ئاسانە، بە جددی لە شەڕی لوبنان و دۆخەکە تێگەیشتن. سەرەتا پێیان وابوو شەڕێکی لەو شێوەیە ڕوونادات. بەڵام کاتێک ڕاستییەکانیان بینی و تێگەیشتن لەوەی ئەم شەڕە خۆیانیش دەگرێتەوە، دەستیان بە کردەوەی منداڵانە کرد.

سەرەتا سەرۆکی فاشیست تەیب ئەردۆغان لە پەرلەمان وتی: "ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر ئێمەش. دەولەت باچەلی سەرۆکی فاشیست کە ئەم پەیامەی پێگەیشت، لەناکاو مەرحەبای لەگەڵ ئەندامانی دەم پارتی کرد لە پەرلەمان. گفتوگۆی "پرۆسەی چارەسەری" دووبارە سەریهەڵدایەوە. بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە ئاماژەی بە حکومەتی بەغچەلی کرد و گوتی: "ئیمرالی لەوێیە، ئەردۆغان و ئۆزەل لەگەڵ خۆتان ببەن، بڕۆن کێشەکان لەگەڵ رێبەر ئاپو چارەسەر بکەن". لە وڵامدا، دەوڵەت باغچەلی بە ڕێبەر ئاپۆ وتی: "وەرە خۆت تەسلیم بکە و ڕێکخستنەکە هەڵبوەشێنەوە" واتە جارێکی تر ئەو شتانەی کە لە منداڵییەوە فێری بوو دووبارە کردەوە.

گفتوگۆیەک لەسەر ئەم بابەتە لە میدیای نووسراو و ڤیدیۆیی لەگەڵ حکومەت و ئۆپۆزسیۆن، ڕاست و چەپ دەستی پێکرد و بەردەوام بوو. زیاتر لە دوو هەفتەیە شەو و ڕۆژ شەڕ لەگەڵ یەکتر دەکەن مرۆڤەکان بە سەعاتان بەسەر یەکتردا هاوار دەکەن. ڕۆژانە چل سیناریۆ دروست دەکرێت. هەندێکیان دەڵێن پەکەکە لە هەڵوەشانەوەیە، هەندێکیان بە دەنگی بەرز هەڕەشە دەکەن، هەندێکیان داوا لە داواکاری گشتی دەکەن و هەڕەشە داخستنی دەم پارتی دەکەن. وەک دەڵێن، ئەگەر ٤٠ جار درۆ بکەیت و دووبارەی بکەیتەوە، یەکەم کەس کە باوەڕی پێدەکات خۆدین ئەو مرۆڤەیە. بەم شێوەیە هەوڵ دەدەن خۆیان بە درۆکانی خۆیان ڕازی بکەن. ئەوان خۆیان ساز لێدەدەن و سەما دەکەن. ئەوەی بە ناوی گفتوگۆوە دەکرێت وەک فیکە لێدانە کاتێک بەناو گۆڕستاندا تێدەپەڕیت.

لە ڕاستیدا ئەوان بە قسەکردن و هاوارکردن هەوڵی زاڵبوون بەسەر ترسی خۆیاندا دەدەن. چونکە ترسێکی زۆر لەناو ئەواندا هەیە. عەقڵیەتی دژە کوردانە و فاشیستی، جینۆساید و سیاسەتیان بەتەواوی تێکشکا. بە قوڵکردنەوەی شەڕی تایبەت، هەوڵی فریودانی کۆمەڵگا دەدەن و بەسەر ترسی خۆیاندا زاڵ بن. لەگەڵ زیادبوونی کاریگەرییەکانی بۆردومانەکانی لوبنان و هەروەها ئەو شکستانەی کە لە کوردستاندا تووشی بوون، هەرچەندە بۆیان سەختیش بێت دەیانەوێت ببینن کە چییان بەسەر دێت و بۆچی؟

چونکە پێش هەموو شتێک لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستاندا شکستیان هێنا. ڕووخساری فاشیستی و داگیرکاری و جینۆسایدیان بە تەواوی ئاشکرا بوو. هەروەها هەڵمەتی ئازادی جیهانی کە ئامانجی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە، ئەم ڕاستییەی لە جیهاندا بڵاوکردووتەوە. لەبەرامبەر کوردی ئازاددا، مەحاڵە عەقڵیەت و سیاسەتێکی فاشیستی کە دوژمنایەتی کوردان، ژن و گەلانی تورکیا بکات، سەربکەوێت. تورکیە تەنها یەک ڕێگای بۆ ڕزگاری هەیە و ئەویش دیموکراتیزە کردنە لەسەر بنەمای ئازادی کورد.

دووەم: لە سیستەمی مۆدێرنیتە سەرمایەداریدا کە سەدەیەکە لەو پێگەیەدایە، هیچ شوێنێک بۆ تورکیەی ئێستا نییە. تورکیە لە ڕاستیدا لە کۆمەڵگەی جیهانی سیستەمی مۆدێرنیتە سەرمایەداریدا بوونی نەبوو. ئەم تورکیەیە کە تەمەنی ١٠٠ ساڵە، لەسەر بنەمای دوو شت دروست بووە: یەکێکیان شۆڕشی تشرینی یەکەمی ڕووسیا، دووەم لەلایەن کوردەوە پشتیوانی لێکرا! ئەگەر وانەبوا، دوای شەڕی جیهانی یەکەم تورکیەیەکی وەها بوونی نەبوو. لە ڕاستیدا لە سەر بنەمای ئەو دوو هێزە، بزووتنەوەی کەمالیستی پەرەی سەند و لەلایەن بەریتانیا و فەرەنسا قبوڵ کرا و بوو بە حکومەت. کەواتە ئەم دوو ئەرکەی بە تورکیا دران چی بوون؟ یەکێکیان گەمارۆدانی یەکێتی سۆڤیەت لە باشوورەوە، ئەوی دیکەیان خزمەت بە دروست بوونی ئیسرائیل کە تازە وەک مۆدێلێکی دەوڵەت نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دروستبووندا بوو.

کۆماری تورکیا لە سەدەی ڕابردوودا هەردوو ئەم ئەرکانەی ئەنجامدا. دژی یەکێتی سۆڤیەت وەستایەوە و خزمەتی بە پێکهێنانی ئیسرائیل کرد. یەکێتی سۆڤیەت نەما، ڕوسیای ئێستای یەکێتی سۆڤیەتی ڕابردوو نییە، بۆیە کاری تورکیا تەواو بووە. دوای جەنگی جیهانی دووەم، ئیسرائیلی ڕاستەقینە دامەزرا، ئێستاش لە جەنگی جیهانی سێیەمدا، سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەیەوێت لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی ئیسرائیل و عەرەب، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژێتەوە. بۆ گۆڕینی سیستەمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم بە سەرکردایەتی تورکیە و ئێران پێکهاتبوو و ئەنجامدرا. لەسەر ئەم بنەمایە هێزە دەرەکییەکانی ئێران ئامانجی سەرەکین، بەڵام بەدەر لەمانە، ئێران لە چوارچێوەی سنوورەکانی خۆیدا لە کۆمەڵگای مۆدێرنیتە جیهانی سەرمایەداریدا بوونی هەیە. تورکیە کە لەم کۆمەڵگایەدا نەگونجاوە و بۆ ماوەی سەدەیەک لەسەر بنەمای ئەرکی زیادە بوونی هەیە، ئێستا لە پێگەی زلهێزێکی گەورەدایە کە پێویستی بە گۆڕانکاریە. بە واتایەکی تر پێچەوانەی ئەو سیستەمەیە کە تێیدا هەڵکەوتووە. پشت بە ناتۆ ببەستێت یان بە ڕووسیا و چین، بەڵام گۆڕانی ئەم ڕاستییە ئەستەمە. تورکیا لەسەر بنەمای کوردان، ژن و کرێکار دەگۆڕێت. ئەگەر بەپێی ئەمەی دووەمیان بگۆڕدرێت، یەکێتیی ئێستای تورکیا دەتوانێت وەک سیستەمێکی دیموکراتیک وەک بەدیل بمێنێتەوە و ئەمە تاکە دەرفەتی تورکیایە.

نە یەکێتی سۆڤیەت و نە پشتیوانی کورد بۆ زیندوو ڕاگرتنی تورکیا لە سەدەی ڕابردوودا بوونی نییە. لە سیستەمی ئێستادا تەنها بە خزمەتکردنی ئیسرائیل دەتوانێت وەک کۆیلەیەک بژی. لەم دۆخەدا هیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەستدا نییە، تاکە چانسی ڕاستەقینە ئەوەیە کە پشتیوانی کورد وەربگرێتەوە. ڕێگای گەیشتن بەم ئامانجە دیموکراتیزەکردنە لەسەر بنەمای ئازادی کورد. دۆخی ڕاستەقینە تا ئەو ئاستە جدی و بەرجەستەیە. کەواتە هیچ دەرفەتێک نییە بۆ بەفیڕۆدانی کات لە گفتوگۆ ئەگەر و گوماندا نییە. کێشەکان تەنها بە چوون بۆ ئیمرالی چارەسەر نابن. ئەگەر دەیانەوێت ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵی هەبێت، دەبێت دەستبەجێ مەرجەکان ئامادە بکرێن. پێویستە دەرفەت بدرێت ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ هەمووان کۆببێتەوە، بەتایبەت لە گەڵ بەڕێوەبەری پەکەکە. لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە دەست بە گۆڕانکاریی دیموکراتیکی تورکیا بکرێت. ئەوانەی بەڕاستی تورکیایان دەوێت دەبێت پەلە بکەن. چونکە ڕەنگە کات کەم بێت بۆ گۆڕانکارییەکان.

سەرچاوە: یەنی ئۆزگۆر پۆلیتیکا