رۆژی هەینی، ١٩ی بەفرانباری ٢٠٢٤ لە هەواڵێكی بەپەلەدا كەناڵی بێ ركابەری پەدەكە هەواڵی تیرۆركردنی كادرێكی تەڤگەری ئازادی لەشاری كەركوك بڵاوكردەوە و رایگەیاند كە گوایە دوو كەسی دەم و چاو داپۆشراو بەسەر ماتۆرسكلێتێكەوە و بەدەمانچەی بێدەنگ نۆ گوللە لەجەستەی كادرێكی تەڤگەری ئازادیدا خاڵی دەكەن و بۆ شوێنێكی نادیار هەڵدێن. لەهەواڵەكەدا باس لەوەشكرا بوو كە گوایە ئەو كادرەی سەر بەتەڤگەری ئازادی ژنە و بەئەسڵ خەڵكی حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان و ناوی فریاڵ سلێمان خالدە.
رەنگە بۆ كەسێكی ئاسایی ئەمە تەنیا وەك هەواڵێكی راگەیاندنی بێت و بەس، بەڵام ئەگەر هەرخەباتكارێكی ئاسایی راگەیاندن و هەر مرۆڤێكی بەئاگا سەیری ئەم هەواڵە بكات، بۆی روون دەبێتەوە كە ئەم هەواڵە لەكەناڵێكی ئیستخباراتیەوە كە زۆر نزیكە لەخودی رووداوی تیرۆركردنەكە و ئەوكەسانەی هەستاون بەو كردەوە دژە مرۆڤییە داڕێژراو و ئامادەكراوە. یەكەم بەهۆی ئەوەی كە كەناڵە راگەیاندنیەكە و هەواڵنێرەكەی لەپێشدا دیار كراون. دووەم كاكی هەواڵساز بەمەبەست هەم رەگەز ئەو كادرە و هەم ناوەكەی و شوێنی لەدایكبوونەكەی وەك چەكێك بۆ زەبر وەشاندن لەتەڤگەری ئازادی و ئەو سیاسەتە حەكیمانە و نیشتیمانی و نەتەوەییەی كادر و خەباتكارانی تەڤگەری ئازادی لە شاری كەركوك و هەرێمەكەدا گرتوویانەتەبەر بەكاردێنێت و سێیەم بەهۆی ئەو پشتیوانی و پشتگیریەی تەڤگەری ئازادی و ئەو هەڵوێستەی بۆ بەشداری كردن و هان دان و یەكریزی نێوماڵی كوردی لەبەرامبەر بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك نیشانیاندا دەكاتە ئامانج. هەواڵسازەكە و كەناڵە راگەیاندنیەكە لەهەواڵەكەیاندا بەپێداگرییەوە راوەستە لەسەر ناو و شوێنی راستەقینەی لەدایكبوونی ئەو كادرەی تەڤگەری ئازادی دەكەن و بەو شێوەیە دەیانەوێت بەو هەواڵە ناسنامەی تەڤگەری ئازادی بخەنە ژێرپرسیارەوە. هەر بۆیەش ئەم هەواڵە زیاتر لەوەی كە هەواڵێكی راگەیاندنی ئاسایی و ساكار بێت، هەواڵێكی بەتەواو مەعنا ئیستخباراتی و كارێكی سیخوڕانەیە.
هەواڵەكە پاڵپشت بەزانیاری ئیستخباراتی و لۆژیك و سیاسەتی رق و كین و تۆڵەسەندنەوەیەكی دۆژمنكارانە و بەدوور لەهەموو پێوەر و پێوانێكی نیشتیمانی و نەتەوەیی و پیشەیی داڕێژراوە و ئەم جۆرە لەداڕشتنەوەی هەواڵ دەچێتە خانەی گیرەشێوێنی و پشێوی و هاندانی گەل بۆ بەكارهێنانی توندوتیژی. چونكە هەواڵێكی لەو چەشنە بەتەواوەتی دوورە لەئەتەكێتی كار و پیشەی راگەیاندن و راگەیاندنكاری. هاوكات چۆنیەتی مامەڵەكردنی راگەیاندن و پیشەی و كاری راگەیاندنییە لەمامەڵەكردن لەگەڵ هەواڵی رووداوێكی وەهادا و ئەم جۆرە لەداڕشتن تەنیا لەداگیركەران دەوەشێتەوە و چاوەڕوان دەكرێت. دیارە ئەو كەسانەی ئەم جۆرە هەواڵانە دروست دەكەن، زۆر دوورن لەو رێسا و ئاكارە نیشتیمانی و نەتەوەییانە و لەداگیركەران زیاتر خزمەت بەسیاسەتی داگیركەری لەكوردستاندا دەكەن و دەبێت گەلی كورد و ئەوانەی لەبواری راگەیاندن كاردەكەن، بەتایبەتی ئەو راگەیاندن و راگەیاندنكارانە بەبەرگی ناسنامەی كوردایەتیەوە، سنورەكانی نەتەوەیی و نیشتیمانی و ئاكاری دەبێت دەرباز نەكەن، چونكە ئەوە تەنیا هەڵخەڵەتاندنی رای گشتی و خۆش خزمەتیە بەسیاسەتی داگیركەری و رەوایەتی دانە بەتیرۆر و قڕكردنی گەلی كورد و تەنیا لەوەی كە ئەم كەناڵانە رۆڵی كەناڵی ئانادۆڵی توركی لەكوردستاندا دەگێڕن، وەگەرنا ئەو كەناڵە هیچ پەیوەندیەكی بەپرسی كورد و هەم خەم و ئێش و ئازارەكانی گەلی كوردەوە نییە.
خاڵێكی تر كە دەمەوێت لەم كورتە نووسینەدا ئاماژەی پێ بكەم لەسەر ئامانجە شاراوەكانی پشت تیرۆر كردنی هەڤاڵ زەلال، ناسراو بەهەڤاڵ فریاڵ سلێمان خالد.
تیرۆركردنی هەڤاڵ زەلال لەكەركوك هاوشێوەی هەموو كوشتن و تیرۆرەكانی دیكە لەشارەكەدا نییە. تیرۆری تاكەكەسێك نییەو بەس، تیرۆرێك نییە كە بەهۆی پرسێكی كۆمەڵایەتی یاخود قەرز و قۆڵەوە پێكهاتبێت. ئەم تیرۆرە، تیرۆرێكی سیاسییە و هیچی كەمتر نییە لە تیرۆری هەڤاڵان ساكینە جانسز و لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغان و تیرۆری ئەڤین گۆیی لەفەڕەنسا و تیرۆری ناگیهان ئاكارسەل لەسلێمانی و تیرۆری هەڤاڵ شەماڵ لەكفری.
لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، تەڤگەری ئازادی و كادر و خەباتكاران و دۆستانی ئەو بزوتنەوەیە بەهەست كردن بە ئێش و ئازار و مەینەتیەكانی گەلەكەمان لەو شارە و پاراستنی یەكڕیزی نێوماڵی كوردی و شەقام و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەكانی شارەكە پشتگیریەكی بەهێزیان لەیەك لیستی و كۆدەنگی و یەكێتی نێوان هێز و لایەنە كوردیەكان كرد و بەهەوڵ و هیمەتی هەمەلایەنەی نیشتیمانپەروەران و خەڵكی شارەكە كوردان بەشداریەكی كارایان لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا كرد و دەنگێكی باشیان لەكەركوك بۆخۆیان مسۆگەر كرد. بەڵام هەر زوو دەوڵەتی توركی داگیركەر بەبانگهێشتكردنی وەفدێكی عێراقی بۆ توركیا دژایەتی خۆیان لەمەڕ پێكهێنانی ئەنجوومەنەكە بەوەفدە عێراقیەكە راگەیاند و بەقەباحەتێكی تەواو ئەوەشیان نەشاردەوە كە رایەدارانی هەولێر و پەدەكە لە بڕیارە چارەنووسسازەكانی پەیوەست بەتوركیا هاوپشت و هاوكاری توركیان و تەنانەت پێداگرن لەسەر ئەوەی كە ناسنامەی كەركوك توركمانییە و هیچ باوەڕێكیان بەپێكەوەژیانی ئاشتیانەی گەل و پێكهاتەكان نییە، تەنانەت رێز لەدەنگی دەنگدەرانیش ناگرن. هەروەك چۆن لەباكوری كوردستان و توركیا بەرێگەی قەیەم دەستیان بەسەر بەرێوەبەرایەتی شارەوانیەكان و نوێنەرانی راستەقینەی گەلدا گرتووە. بۆ كەركوكیش وەها بیردەكەنەوە. لەو رووەوە دەبێت گەلەكەمان و خەمخۆرانی شارەكە بەو چاوە سەیری تیرۆركردنی هەڤاڵ فریاڵ بكەن.
هەڤاڵان و خەباتكارانی تەڤگەری ئازادیش دەبێت بزانن كە ئەركێكی قورس و پیرۆزیان لەسەر شانە. تەڤگەری ئازادی و كادر و خەباتكاران و دۆستانی ئەو بزوتنەوەیە دەبێت شانازی بەخۆیان و هەڵوێستەكانیانەوە بكەن كە هەمیشە لەبەرەی گەلدان و خەمخۆری راستەقینەی دۆزی رەوای گەلەكەیانن و تاقە هێزن لەسەر ئاستی عێراق خاوەن پرۆژە و بەرنامەی جیاوازن بۆ بەرێوەبردن و ئیدارەدانی شارەكە و چارەسەری دیموكراتیانەن لە پرسی ناوچەكانی پەیوەست بەناوچە جێ ناكۆكی لەسەرەكان. ئەمەش لەخۆشی زۆرێك لەهێزە داگیركەرەكانی سەر كوردستان و بەتایبەتی دەوڵەتی داگیركەری توركی فاشیست و هاوبیرەكانی وەك پەدەكە ناچێت و لەقافی ئەواندا جێ ناگرێت، چونكە ئەو هێزانە لەناخەوە هیچ باوەڕیكیان بەپێكەوەژیانی گەلان نییە و دەیانەوێت بەلۆژیكی دەوڵەت ـ نەتەوەی كلاسیك نزیكی پرسی گەلان ببنەوە.
خاڵێكی تر كە دەبێت هەڤاڵانی تەڤگەری ئازادی و خەباتكارانی ئەو بزوتنەوەیە شانازی پێوە بكەن ئەوەیە كە ئەوان نە دەستیان لەگەڵ هێزە دەرەكیەكان و نەدەستیان لە تاڵانفرۆشكردنی موڵك و ماڵ و ژێرخان و سەرخانی گەلدا هەیە و نەش شوێنێكیان بۆ داڵدەدانی تیرۆریستان و لەیاسا بەدەرەكانە و حەسانەوەیان راخستووە و نەش خاوەن هێزی شاراوە و چەكداری نایاسایین، نە سەرۆك و بەرێوەرایەتیەكەیان ماوە بەسەرچووە.
گەلەكەمان لەشاری كەركوك دەبێت بەو هەستە قووڵە نیشتیمانی و نەتەوەییەیان خاوەنداریەتی لەشەهید فریاڵ و ئامانجەكانی شەهید فریاڵ بكەن. چونكە تیرۆر كردنی هەڤاڵ فریاڵ"زەلال"لەبنەمادا لەدژی ئەو دەنگ و هەڵوێستانەیە كە ئەو هەڤاڵە ژنە لەماوەی كاروخەباتی خۆیدا بۆ یەكڕیزی نێوماڵ كورد و خەمخۆری بۆ كەركوكیەكان و ناسنامەی راستەقینەی شارەكە هەوڵی بۆداوە. بەتایبەتی داكۆكی كردن لەناسنامەی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان و پێكهاتەجیاوازەكانی شاری كەركوك.
دەبێت گەلی كورد لە شاری كەركوك بەخاوەندەركەوتن لەشەهید فریاڵ و تەڤگەری ئازادی بیسەلمێنن كە مل بۆ داگیركەری شۆڕ ناكەن و بەو شێوەیەش خاوەنداری لەو دەنگانەیان بكەن كە لەهەڵبژاردنەكاندا بەدەستیانهێناوە. دەبێت بەخاوەندەركەوتن لەشەهید فریاڵ، بەگڕوتینی بابەگوڕگوڕ و مامەڕیشە ئاسا خاوەنداری لەئیرادەی تەسلیم نەبووی رۆحی كەركوكیەكان بكرێت.
دەوڵەتی داگیركەری تورك و پەدەكە دەیانەوێت بە تیرۆركردنی هەڤاڵ زەلال دۆخی شارەكە بشێوێنن و ئارامی و سەقامگیری شاری كەركوك تێكبدەن و بەوەش زەمینە بۆ دەستێوەردانی گروپە چەتەكانی داعش خۆش بكەن.
دەبێت گەلی كورد هاوشان لەگەڵ پێكهاتەكانی تری شارەكە، پێداگر بن لەسەر ئەوەی كە كەركوك شاری پێكەوەژیانی گەلان و شاری ئاشتی و ئازادیە، ئەمەش تەنیا بەخاوەندەركەوتن لەشەهید زەلال و ئامانجەكانی موممكن و مسۆگەر دەبێت و خەونی نەیارانیش لەگۆڕ دەنرێت.
هـ . ب