وەک هەمیشە پەکەکە بەرخۆدان دەکات و بارزانییش ناپاکیی!

داگیرکارییەکانی سوپای تورکیا و ناپاکیی بنەماڵەی بارزانیی دژ بە کوردان، هەر بە باشووری کوردستانەوە نەوەستاوەتەوە، بەڵکوو مەترسیی گەورەی بۆ ڕۆژهەڵاتیش درووست کردووە.

دەوڵەتی فاشیستی تورکیا هەموو هەوڵێک دەدات تا هەرێمی باشووری کوردستان داگیر بکات، ئەم ڕژێمە لە داگیرکارییەکانی ڕۆژئاوا و سیاسەتی کۆمەڵکوژیی کورد لە باشووری کوردستان بەردەوامە، بەڵام داخۆ ئامانجی ڕژێمی تورکیا لەم هێرشە فروانەی سەر باشووری کوردستان و ئێراق چییە؟ ئاشکرایە ئاگری ئەو جەنگە فراوانەی ناوچەکە و جیهانی داگرتووە، نەخشەی ژیۆپۆلۆتیک دەگۆڕێت و شێوە و ڕەنگێکی تازە دەنەخشێنێتەوە، ڕژێمی فاشیستی تورکیا دەیەوێت زۆرترین قازانج لەم جەنگە بچنێتەوە و خۆی بکاتە بەرەیەکی بەهێز و هەژموونگەرێکی هەرێمیی. ڕژێمی تورکیا بە دەساوێژی پڕۆژەی (ڕێگەی گەشە) و ئەو ڕێڕەوە بازرگانییەی بڕیارە لە ئەورووپا و تورکیا و موسڵ و بەسڕە و خەلیج و قەتەر و ئیمارات و هندەوە تێپەڕێت، هەروەها پڕۆژەی (لاجورد) کە ڕێڕەوی نێوان ئەفغانستان و تورکمانستان و دەریای خەزەر و ئازەربایجان و گورجستان و تورکیایە، هەروەها ڕێڕەوی (زەنگزوور) لە قەوقاسیا، هەوڵ دەدات ئەو ڕێڕەوە بازرگانییانەی ئێران هەوڵ دەدات درووستیان بکات، تێك بدات، گەر تورکیا بتوانێت ئەم کارە بکات، ئێران گۆشەگیر دەکرێت و دووچاری خنکانێکی تۆقێنەری ژیۆپۆلەتیک دەبێت، تورکیا هەوڵ دەدات خۆی وەرگەڕێنێتە سەر هێزێکی زەبەلاحتری ڕۆژهەڵاتی ناویین، جا ئێران و گەلانی ئێران لە نێو دەستاڕی فشارەکانی خۆیدا بهاڕێت، پانتورکیزم ئێران بە قووڵایی ستراتیژیی خۆی دەزانێت، هەر لەبەر ئەمە هەر پلانێک بۆ ئێران دەکێشرێت، تورکیاش جێی تێدا دەگرێت، ئامانجی تورکیا لە هێرشی سەر باشووری کوردستان، ئەوەیە تا زەمینەسازیی ئەم کارە لە ئێراق فەراهەم بکات، هەوڵ دەدات بەم هێرشە گەلی کورد تێک بشکێنێت و پیلانی چەپەڵی خۆی بۆ بوون بە هێزێکی گەورەتر لە ناوچەکە وەدەست بخات.

پارتی دیموکرات و بنەماڵەی بارزانیی لەم داگیرکارییەدا بە شێوەیەکی چالاک نۆکەر و پشتەماڵی تورکیان، کاتێک دەڵێین «بارزانیی تا پەڕەکەی گوێ لە خیانەتدا نوقم بووە» هەندیک پانکورد پێیان ناخۆشە! بەڵام قسەکەی ئێمە فیت ڕاستییە. ئەوانە هێشتا لە جیاوازیی «کوردی ئازاد» و «کوردی کۆیلە» تێ ناگەن! پەکەکە تەڤگەری کوردی ئازادە، ناپاکیی بارزانیی و پارتیی دیموکراتیش تەواو ئاشکرایە. پێشتر نیوەی خاکی باشوریی کوردستان (کەرکووک، خانەقین، بەدرە، مەندەلی ناوچەکانی تری کوردانی فەیلی) بووە بە قوربانیی ڕانتخۆریی دەسەڵاتخوازیی بنەماڵەی گەندەڵی بارزانیی. ئێستاش نیوەکەی تری خاکی باشووری کوردستان لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە پێشکەشی ڕژێمی فاشیستی تورکیا دەکرێت، وەک چۆن بارزانیی شەنگاڵی پێشکەشی داعش کرد، ئێستاش سەرپاکی خاکی باشووری کوردستان و ناوچەکانی هاوسنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەکاتە دیاریی تورکیای فاشیست، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەردۆگان بتوانێت ئەو ڕێڕەوەی گەرەکێتی، تا بەسڕە درێژی بکاتەوە.

داگیرکارییەکانی سوپای تورکیا و ناپاکیی بنەماڵەی بارزانیی دژ بە کوردان، هەر بە باشووری کوردستانەوە نەوەستاوەتەوە، بەڵکوو مەترسیی گەورەی بۆ ڕۆژهەڵاتیش درووست کردووە، چونکە تورکیا بەنیازە تاوانبارە چەکدارەکانی وەک داعش و پێڕە سەلەفیی و ئیخوانییەکانی هاوپەیمانی ئەردۆگان لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگیر بکات، ئەمە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر بوونی گەلی کورد و گەرەکە ئەمە بە کەم نەگرین، ڕژێمی فاشیستی تورکیا تەنانەت بەزەیی بە دارزەیتوونەکانی عەفرین و دارگوێزەکانی زاگرۆسیشدا نایەتەوە، بۆ گەیشتن بە خەونەکانی بە هەموو هێزی خۆیەوە دەیەوێت کوردان لە سەر نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بسڕێتەوە و پاکتاویان بکات. پەکەکە و گەریلاکانی ئازادیی تاکە بزووتنەوەیەکن دژی ئەم مەترسیی و فاشیزمە وەستاونەتەوە، هەر لەبەر ئەمە پاڵپشتیی لە پەکەکە لەلایەن هەرکوردێکی ئازادیخواز و هەموو کوردستانەوە، مژارێکی زۆر گرنگ و چارەنووسسازە، پەکەکە پارێزگاریی لە بەرژەوەندیی کوردان دەکات لە هەر چوار پارچەی کوردستان. بەرخۆدانی پەکەکە بەرانبەر هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ پاراستنی بوون و ئازادیی و ئاییندەی سیاسیی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی تری ئێران، فرە بەهادارە، پەکەکە بە ڕۆحییەتێکی نیشتمانپەروەریی و ئازادیخوازانەوە سنگی وەبەر سوپای داگیرکەری تورکیاوە ناوە، مسۆگەر گەریلا ئاپۆییەکان وانەیەکی مێژوویی بە پانتورکیزم و ئەردۆگان دادەدەن و خەونەکانی دەکەنە خەوزڕ.