وتار

وتوێژی "مافی هیوا" دەربارەی هیوا

ئایا هەڵسەنگاندنەکانی کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا ئەنجامێکی گرنگی دەبێت؟ پێدەچێت مرۆڤ لەم ڕووەوە هیوا و چاوەڕوانییەکی نەبێت. ئەگەر شتێکی ڕاستی کردبا، بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای ساڵی ٢٠١٤ ی بۆ دەیان ساڵ ڕانەدەگرت.

فۆرمیلاسیۆنە تیۆرییە نوێیەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، واتە شارستانییەتی دیموکراتیک دژ بە سیستەمی شارستانییەتی دەوڵەتپارێز، هەروەها پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە ئیکۆلۆژی و ئازادیی ژن بەبنەما دەگرێت، تادێت زیاتر لە سەرانسەری جیهان بڵاودەبێتەوە، ڕێگە بۆ ڕۆشنگەری دەکاتەوە و هیوای ژیانی ئازاد و ڕزگاریی دەئافرێنێت.

بۆ نموونە، ئەو ژنانەی لە پیاوسالاری و فشار و دەستدرێژی بێزاربوون، لەڕێگەی ژنۆلۆژییەوە هۆشیاردەبنەوە و درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لەئامێز دەگرن، لەپێناو شۆڕشی ئازادیی ژنان دەست بە تێکۆشان دەکەن. ئەو گەل و کەلتوورانەی لەبەردەم هەڕەشەی ئاسیمیلاسیۆن و قڕکردن و فشار و ستەمی فاشیزمی دەوڵەت-نەتەوەکان خۆیان دەبیننەوە، بە تیۆری "نەتەوەی دیموکراتیک" هۆشیار دەبنەوە و دەست بە تێکۆشانی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک دەکەن کە پشتئەستوورە بە خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک. ئەو ڕۆشنبیرانەی لە درۆ و فێڵە جۆراوجۆرەکانی لیبراڵیزمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بێزاربوون، بە پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک هۆشیاردەبنەوە و بەرامبەر هەموو جۆرە نەتەوەپەرستی و ئایین‌پەرستی و ڕەگەزپەرستی و زانستێکی پۆزەتیڤیست دەست بە تێکۆشان دەکەن. کرێکار و زەحمەتکێشان لەژێر چەوسانەوە و فشاری سەختی سەرمایەداریی چاوبرسیی درێژە بەژیان دەدەن، بە زیهنیەتی "کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی" هۆشیاردەبنەوە و بۆ ڕزگاربوون ڕوودەکەنە تێکۆشان لەپێناو سۆسیالیزمی دیموکراتیک.  هەموو ئەو مرۆڤانەی بەهۆی قڕکردنی سرووشتی پیشەسازیی‌گەرییەوە، خۆیان ڕێکدەخەن و چالاکی پێش دەخەن بۆ بنیاتنانی "کۆمەڵگەیەکی ئیکۆلۆژیک".

بەکورتی، هەموو ئەو کەسە بندەستانە و ئەو گەلانەی کە پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ دەناسن، لە فیکر و پڕۆژەکانی چارەسەری ڕێبەر ئاپۆدا ڕێگەی ڕزگاربوونی خۆیان دەدۆزنەوە. چونکە ئەو فیکر و پڕۆژە چارەسەریانەی کە باسی لێوە دەکرێت ڕێگاکانی چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە کۆمەڵایەتیانە پێشنیار دەکەن کە لە سیستەمی دەوڵەتی و دەسەڵاتداریی پێنج هەزار ساڵە سەریان هەڵداوە. ئەم ڕەوشە لەپاڵ ئەوەی ڕێگە ڕۆشنکەرە بۆ هەموو بندەستەکان، هاوکات هیوابەخشە. جۆشوخرۆشێکی مەزن لەناو مرۆڤدا دروست دەکات و ڕێگا بۆ هیوای نوێ دەکاتەوە. بەم شێوەیە ڕێبەر ئاپۆ دەبێتە هیوای ڕزگاری بۆ هەموو مرۆڤایەتی بندەست.

بێ گومان ئەم ڕەوشە لە بەرزترین ئاستدا لە لایەن گەلی کورد و ژنانی کوردەوە ئەزموون دەکرێت. جگە لە چەند هاوکار و خیانەتکارێک، هەموو کوردەکان، ماوەیەکی زۆرە، گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییە و لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەتەوە و لەسەر هێڵی ئاپۆیی خۆیان پێش دەخەن و مانادارترین تێکۆشان بۆ ئازادی بەڕێوەدەبەن. ئەوان هەرگیز لەبیری ناکەن کە ڕێبەر ئاپۆ ڕاستی هیوای ئازادی و هەبوونی ئەوانە، بۆیە هەبوون و ئازادی خۆیان گرێ دەدەنەوە بە هەبوون و ئازادی ڕێبەر ئاپۆوە.

بێ گومان فیکر و پڕۆژەکانی چارەسەری ڕێبەر ئاپۆ بۆ کۆمەڵگای تورکیا و بەتایبەت بۆ گەلی کورد دەبێتە هیوای ڕزگاریی. لە بەرامبەر کارەساتی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە کەنوێنەرایەتی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەکەن، نوێنەرایەتی ڕاستی هیوای ڕزگاربوونی کۆمەڵگە و وڵاتی تورکیایە، ئەویش پرۆژەی "دیموکراتیکبوونی تورکیا"ـی ڕێبەر ئاپۆیە کە لەسەر ئازادی کوردان بنیاتنراوە. تادێت، ئەوانەی تۆزێک بیردەکەنەوە، دەزانن کە ڕزگاربوون لە کارەساتی فاشیزمی ئاکەپە_مەهەپە کە پەیوەست بە "دوژمنایەتی گەلی کورد" پێشی خستووە، گرێدراوە بە پرۆژەکەی ڕێبەر ئاپۆوە "تورکیای دیموکراتیک لەسەر بناغەی ئازادی کوردان". بەم جۆرە، لەڕاستییدا ڕێبەر ئاپۆ نەک هەر یەکێک لە هیواکانی کۆمەڵگەی تورکیا، بەڵکو تاکە هیوایە.

هەروەها بەتایبەت گەلی کورد، وە ژنان و کۆمەڵگەی تورکیا، هاوکات بۆ هەموو توێژە بندەستەکانی جیهان، پرسی "مافی هیوا" بۆ ڕێبەر ئاپۆ، کە ڕێبەر ئاپۆش بۆ هەموو مرۆڤایەتی لە پێگەی "هیوای ڕزگاربوون"دایە، واتە کۆتاییهێنان بە زیندانی هەتاهەتایی و ئازادیی جەستەیی، ئەمڕۆ بەشێوەیەکی جدی لای چەندین لایەنەوە تاوتوێ دەکرێت. کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپاش ئەم تەوەرەی کردە ڕۆژەڤی کۆبوونەوەکانی خۆی لە ١٧ و ١٨ ی ئەیلول. ڕاستییەکەی ئەوەیە، پاش دە ساڵ لە بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا دەربارەی ئەم پرسە کە ساڵی ٢٠١٤ دراوە، دەیانەوێت تاوتوێی ئەوە بکەن ئایا دەوڵەتی تورک بڕیارەکە جێبەجێ دەکات یان نا.  

پێویستە ناکۆییەکە باش ببینرێت. لەلایەک، ڕاستی ڕێبەر ئاپۆ هەیە کە بۆ هەموو مرۆڤایەتی ڕێگەی ڕزگاربوون و ژیانی ئازاد نیشان دەدات و هیوای ژیان و مافی ژیان بە هەمووان دەبەخشێت. لەلایەکی تر، ڕاستی جیهانی باڵادەستی ئەمڕۆ هەیە، تاوتوێی ژیانی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن، ئاخۆ ڕێبەر ئاپۆ "مافی هیوا"ی هەیە یان نا. دەتوانین بڵێین، خودی جیهانی باڵادەستی ستەمکار و فشارکەر و تاڵانکەر دوژمنی ڕێبەر ئاپۆن، ئەوە ٢٦ ساڵە ڕێبەر ئاپۆ لەسایەی سیستەمی گۆشەگیری و قڕکردن و ئەشکەنجەی ئیمراڵی ڕادەگرن، بۆیە ئاساییە وتوێژێکی بەم چەشنە بکەن! واتە ڕاستی ئەوان هەر ئەمەیە. باشە، هەڵوێستی ئەو هێز و توێژە بندەست و گەلانە چییە، کە ڕێبەر ئاپۆ ٢٦ ساڵە لەسایەی سیستەمی گۆشەگیری و قڕکردن و ئەشکەنجەی ئیمراڵییدا لەپێناو ئەواندا تێدەکۆشێت؟ خۆی گرنگە لەمە تێبگەین و قسەی لەسەر بکەین. گرنگ بەلای ئێمەوە، وەڵامی ئەم پرسیارەیە.

ئێمە سەرەتاش ئاماژەمان بەوە دا، لەم ڕووەوە پێشهاتی گرنگ هەن و هەرکەس فیکری ڕێبەر ئاپۆی ناسیوە، هۆشیار بووەتەوە و خاوەنداری لەو فیکرە کردووە و بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەرخۆدان دەکات. بەڵام وەها دەردەکەوێت پێشهاتەکان بەپێی پێویست نەبن. بۆیە هەڵوێست و وتوێژەکانی جیهانی باڵادەستیش لەم ڕووەوە کەمتەرخەم دەبێت. بۆیە ئەرکی یەکەم و سەرەکی، تێپەڕاندنی ئەم کەمتەرخەمییە و بڵاوکردنەوەی فیکر و پرۆژەکانی چارەسەری ڕێبەر ئاپۆیە لەنێو هەموو گەلان و بندەستانی جیهاندا. ئایا هەڵسەنگاندنەکانی کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا ئەنجامێکی گرنگی دەبێت؟ پێدەچێت مرۆڤ لەم ڕووەوە هیوا و چاوەڕوانییەکی نەبێت. ئەگەر شتێکی ڕاستی کردبا، بڕیاری دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای ساڵی ٢٠١٤ ی بۆ دەیان ساڵ ڕانەدەگرت. ناهەقیی ئاشکرای ئیمراڵییان وەها پشتگوێ نەدەخست. ئەوکات بەزوویی دەستوەردانیان دەکرد لەم ڕەوشی نەبوونی زانیارییەی ٤٢ مانگە بەردەوامە، وە دەیانتوانی ڕەوشی ئێستە بگۆڕن.  ئەوکات کۆنتڕۆڵی ئیمراڵی بەدەست ئەم کۆمیتەیە دەبوو، هێزی بەڕێوەبەر و بەپرسیاری سەرەکی ئەم کۆمیتەیە دەبوو.

بۆیە هیوا و چاوەڕوانی زۆر بێمانایە. هەروەها چاوەڕوانی شتێکی جیاواز لەو سیستەمە ناکرێ کە لە ئێستاوە کارەسات بەسەر جیهان و مرۆڤایەتیدا دەهێنێت. با سەیری ئەو ڕووداوانە بکەین کە ڕۆژانە لە دەوروبەرمان ڕوودەدەن؛ ئایا دیار نییە کە لەناوچوونێکی کۆمەڵایەتی بەرچاو ڕوودەدات؟ ئایا بەکارهێنانی شەڕی تایبەت کە لەلایەن سوپەر گلادیاتۆرەکانەوە پەرەی پێدراوە، هێرشێکی توند نییە بۆ سەر کۆمەڵگا و بەتایبەتی منداڵان و گەنجان و ژنان؟ ئایا لە هەموو شوێنێکدا پێکهاتەی ئەخلاقی و سیاسی کۆمەڵگا تێک نادات؟ بۆ نمونە دەتوانین کوشتنی نارین گورانی تەمەن ٨ ساڵان پیشان بدەین. ئیدارەی ئاکەپە-مەهەپە کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە "ڕاوکردنی پەکەکە"دا زۆر پێشکەوتووە، ماوەی مانگێکە هەوڵی ئاشکراکردنی ئەو کوشتنە دەدات، بەڵام بە هەر هۆکارێک بێت، ناتوانێت ئاشکرای بکات کە ئایا منداڵێکی ٨ ساڵان چۆن و لەبەرچی کوژراوە! بێگومان بابەتەکە ئەوە نییە ناتوانێت ئاشکرای بکات. ڕاستییەکەی ئەوەیە، دەیانەوێت ئەو تاوانە بشارنەوە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندا ڕوویداوە. ئایا کوشتنی منداڵێکی هەشت سالان چیە تا بەم دڕندەییە بکوژرێت! وا دیارە لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان مناڵێکی هەشت ساڵانیان کوشتووە و هەوڵدەدەن ئەم ڕەوشە قێزەونەیان لە ڕای گشتی بشارنەوە.  

بەڵام مادام ڕاستی جیهانی باڵادەست وایە، نابێت ئێمە بێ هیوا و ڕەشبین بین. بەپێچەوانەوە، دەبێت زیاتر بچینە سەر ئەم ژیان و بەڕێوەبردنە نائەخلاقییە، بەرخۆدانی زیاتر بکەین بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و گۆڕینی ئەم سیستەمە لەناوچووە. هەمان ڕەوش بۆ هەڵسەنگاندن و بڕیاری کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا دەگونجێت. لە بەرامبەر بڕیاڕەکەدا نائومێد نەبین و بەپێچەوانەوە زیاتر خۆمان ڕێکبخەین و لەپێناو مەزنکردنی هەڵمەتی ئازادیی جیهانی کە ئامانجی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە، تێکۆشان بکەین و چالاکییەکان ببەینە هەموو گۆڕەپانێک. نابێت ئەوە لەبیر بکەین، تێکۆشان دەکرێت بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کە گوتویەتی؛ "هیوا لە سەرکەوتن بەنرخترە". بۆیە پێویستە هەمیشە هیوامان هەبێت.

 

سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆڵەتیکا