بەهۆی شەڕ و کاولکارییەوە گەلانی سوریا لە بارودۆخێکی ناهەمواردا لە تێکۆشاندان. ملیۆنان هاوڵاتی بوون بە پەنابەر. دۆخی ئابووری زۆر ترسناک و وێرانە. وڵات بە سەختی بریندارە و برینەکانی ساڕێژ نەبووە و خوێنی لێ دەچۆڕێت. گەل تینووی ئازادی، دیموکراسی و سەقامگیرییە. لە دژی ئەو کەسانەی کە وڵات بەڕێوەدەبەن و سیاسەتی وڵات دیاری دەکەن بەهۆ حیساباتی دەسەڵاتداری و بەرژەوەندییەکانی خۆیان، گەلییان پشتگوێ خستووە. گەل بڵاوە و بێ-رێکخستن ماوەتەوە. لە هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس هیچ دەرفەت و بەدواداچونێکی ماف، گفتوگۆ و گوێگرتنێک نیە. هەموو ڕاگەیاندن و دامەزراوەکانی دەوڵەت لەدەستی ڕژێمی بەعسدایە.
شەڕی فەلەستین و ئیسرائیل کە ساڵێکە بەردەوامە، بە بەشداربوون و هاتنە ناوەوەی حیزبوڵا دۆخی سوریا زیاتر خراب بووە و ڕەنگە خراپتریش بێت. گەلی سوریا پێش خۆیان نابینین و هیچ چاوەڕوانییەکی باشبوونینان لە ئایندەی خۆیان نیە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەک و ئەو دۆخەی لەسوریادا دەگوزەرێت ڕوون نیە بەرەوکوێ دەچێت. لە دۆخی ئێستادا سوریا بێدەنگە و بەشداری ئەو شەڕە نەبووە. بەڵام یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ئەو شەڕە زۆرترین کاریگەری لەسەر داناوە. ئەوەی یارمەتی مانەوەی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد دەدات ڕووسیا، ئێران و حیزبوڵایە. لە ئێستادا حیزبوڵا و ئێران لە شەڕدان. ئیسرائیل زۆر بە وردی چاودێری هەبوونی حیزبوڵا دەکات لە سوریادا و ئەو ئامانجانەی دیاری دەکات راستەوخۆ دەیانپێکێت. هەتا لە بۆردوومانکردنی باڵوێزخانەی ئێراندا هەموو هەبوونی ئێرانی تێدا کرد بە ئامانج. لە هەمانکاتدا هێزەکانی ئەمریکاش دەبنە هاوکاری ئێسرائیل. لە هاوسەنگیدا ئامانجە دیاریکراوەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشیان دەکرێتەسەر.
ڕووسیا دەیەوێت دۆخی ئێستای خۆی بپارێزێت. هەڵوێستێکی کارا و کاریگەری نییە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل. پرس و شەڕی ئۆکرانیا کە گەیشتووەتە لوتکە، سەرنجی بۆ ئەو بەرەیە ڕاکێشاوە. وا دیارە جوڵەکانی لە سوریا لاواز بووبێت. بەڵام دەیەوێت ئەسەد لەسەر پێی خۆی بهێڵێتەوە. بوونی ئەسەد شانسی مانەوەی ڕووسیایە لە سوریادا. لە کوێ ئیخوان و هێزی هاوشێوەی هەبن لەو جێگەیە بوونی ڕووسیایان ناوێت. جگە لەوەش زلهێزەکانی ڕۆژئاواش دەیانەوێت کاریگەرییان لەسەر نەبێت. ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا نایانەوێت شوێنەکانی وەک ئیدلب بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی سوریاوە. دژی ئاسودەبوونی ڕووسیا و بەهێزبوونی رژێمن.
تورکیا بە سودوەرگرتن لەم دۆخە دەیەوێت هێزەکانی لە ئیدلیب بهێڵێتەوە. دەوڵەتی تورک لە ئیدلیبدا لەگەڵ هێزەکانی ڕۆژئاوادا هاوکاری دەکات. ئەردۆغان پارێزگاری لە ئیدلیب دەکات. پاساوی 'با هێرشەکان لە ئیدلیب دروستنەبێ، گەر دروستبێت سەدان هەزار پەنابەر بەرەو تورکیا دەڕۆن' دەهێنێتەوە. هەرخۆی ئەو جێگانەی لە ژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکدایە بە دەیان هەزار هێزی چەکداری لە هێڵی ئیخوان و سوننە ڕێکخراون. بەشێکی زۆری ئەو ڕێکخراوانە وەک داعش و قاعیدە کە پێشتر شوێنەکانیان داگیردەکرد لە هەموویدا ئەردۆغان هاوکاربوو، بە هۆی ئەوەی لە لیستی تیرۆردا بوون و کاردانەوەیان لە جیهاندا دروستەکرد، بۆیە ناوەکانیان دەگۆڕن و لە ڕێکخراوە جیاوازەکاندا جێگیرییان دەکەن.
ئێستا ئامانجی سەرەکی فاشیزمی ئەردۆغان نەهێشتنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و کوردە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ڕۆڵ دەداتە ڕووسیا و فشار دەخاتە سەر ئیدارەی ئەسەد بۆ هاوکاری. ئەردۆغان زۆر باش دەزانێت کە تەنیا بە هێزی تورکیا ناتوانێت ئەو ئامانجانە لەناو ببات. بۆیە ئەو دۆخەی ئەسەد تێیدایە بە شێوەیەکی خراپ بەکاری دەهێنێت و پەلکێشی هێڵی خۆی دەکات. ڕووسیا بۆ ئەوەی سوود لە تورکیا وەربگرێت، وە بۆ ئەوەی تورکیا ئاڵۆزی زیاتر لە سوریادا دروستنەکات، هەندێک ئیمتازیات دەدات بە تورکیا.
حیزبوڵا هەمیشە لە خاڵە گەرمەکانی ململانێکاندا جێگەی گرتووە. ئێستا حیزبوڵای لوبنان ڕووبەڕووی سەختی بووەتەوە. ڕووبەڕووی شەڕێکی قورس بووەوە. تورکیا نایەوێت لەم بابەتەدا دەرفەت لەدەست بدات. بە تایبەتی دەیەوێت هەرێمی فرات و شەهبا بەدەست بهێنێت. ئەگەر هێزەکانی حیزبوڵا لەو بەرەیەدا پاشەکشە بکەن و بچنە لوبنان، سوریا لاواز دەبێت. تەنانەت ئێرانیش ناتوانێت وەک جاران گرنگی خۆی بە سوریا بدات. ئێران تووشی کێشە بووە. ئیسرائیل ئێرانی کردە ئامانج و وتی، 'دەستیمان بڕی و ئێستا کاتی ئەوەیە پشتی بسکێنین'. دەوترێت ئەمڕۆ یان سبەی هێرشی دەکاتەسەر. هەروەها ئەردۆغان دەیەوێت سوود لەم دۆخە وەربگرێت و هەرێمەکە لە کورد پاککاتەوە. گوایە ئەم ناوچە گشتییە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشقدایە. بەڵام پێشتر کورد لەوێ دەژیا و لە عەفرینەوە هاتوون و بەردەوامن لە ژیانیان. کێشەی سەرەکی تورکیا پاکتاوکردنی نەتەوەیی و سڕینەوەی کوردە لە هەرێمەکەدا. ئەگەر تورکیا لەو هەرێمەدا بجوڵێتەوە ئەوا خۆی لە خۆیدا حەلەب دەکەوێتە ژێر هەڕەشەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە. لەسەر لاوازبوونی سوریا چەتەکان ڕوودەکەنە حەلەب. ئەگەر بتوانێت شوێنێکی وەک حەلەب کۆنتڕۆڵ بکات، ئەوا دەتوانێت بیخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. لانی کەم دەتوانێت وا لە ئەسەد بکات لەسەر مێزەکە دابنیشێت و بە مەرجەکانی بەسەردا بسەپێنێت.
ئەردۆغان لە لایەکەوە دەڵێت با شەڕ لە فەلەستین و لوبنان ڕاوەستێت و ئاگربەست ڕابگەیەنرێت و لە لایەکی دیکەوە دەیەوەێت بناغەی داگیرکاری نوێ و ئاڵۆزی بئافرێنێت. هەرخۆی سوپاکەی لە سوریادا جێگر بووە. هێرشەکانی لە عێراقدا بەردەوامە. لە تورکیادا ڕای گشتی بۆ شەڕ ئامادە دەکات. پرسە ناوخۆییەکان ئاوەژۆدەکاتەوە و بە وتی، "تورکیا لەژێر مەترسیدایە' دەیەوێت شەڕ بڵاوبکاتەوە و بناغە بۆ داگیرکاری نوێ دروستەکات.