سەر زەوی کوردستان پڕە لە چیرۆک و داستان و شعری ئاشقانە کە بە ژیانێکی تراژیدیانە بە کۆتا گەشتوون، هەر لە داستانی شیرین و فەرهادەوە بگرە تا بە خەچێ و سیامەند و عەلی شێرو زەریفیوە... هەڤاڵ ناگیهان بۆ باشتر تێگەیشتن لە ڕاستی کۆمەڵگەی کوردی بە خۆشەویستیێکی زۆرەوە ڕوو دەکاتە ژینگە جوان و دڵگیرەکەی هەورامان، هەتاوەکوو ئاشنا بێت بەو داستان و چیرۆکە دەمیانەی هەورامان کە سەبارەت بە پێگنەگەشتنی کوڕ و کچە ئاشقەکانی هەورامان هەیە، هەڤاڵ ناگیهان کە دەگاتە هەورامان، لەگەڵ ژنێکی بە تەمەنی هەورامان دەچنە ناو قسەو باسەوە، ناگیهان بەم جۆرە ڕوودەکاتە دایکە بەتەمەنەکەی هەورامان و لێی دەپرسێت" دایکە لە هەوراماندا چ داستانێکی ئاشقانەتان هەیە، لە نێوان ژن و پیاودا کە ئاشقی یەکتر بووبن بەڵام بەیەک نەگەشتبن"؟ دایکە هەورامیەکە بە زمانێکی پاراو دوور لە تەسەوری هەڤاڵ ناگیهان وتی؛ ئەزیزەکەی من لە هەورامانی ئێمەدا هیچ داستانێکی ئاشقانەمان نیە کە بەیەکتر نەگەشتبن، لە کۆمەڵگەی هەوراماندا خۆشەویستی هەیە، لە هەوراماندا ژیان خۆی یەکپارچە ئەشقە! هەڤاڵ ناگیهان لە ستایشی وەڵامی ئەم دایکە هەورامیەدا دەڵێت بەڕاستی ئەم جوابە بۆمن یەک پارچە فەلسەفە بوو! لە بەرئەوەی هەر کۆمەڵگەیەک کە تێکەڵ بە دەسەڵاتداری نەبووبێ، ژیانێکی سروشتی ژیان دەکەن لەو شوێنەدا ئەشق و ژیانی ئازادانە دەبێت! هەورامان لەبەرئەوەی بە درێژای ژیان باڵادەستی و زیهنیەتی پیاو سالاری لە ناویدا نەبووە یان زۆر لاوازبووە، وە کۆمەڵگەی هەورامان بۆ پیویسیتیەکانی ژیان پشتیان بە خۆیان بەستووە لە بەر ئەوە خاڵیە لە داستانە ئاشقانەکان کە نەگەشتبن بە یەکتری. داستانو تراژیدیای کات و شوێن ململانێ و ڕوو بە ڕووی یەکتر دەبنەوە بۆ گەشتن بە یەکتر کە زیهنیەت و دەسەڵاتداری هەبێت! سەر زەوی هەورامان و مێژووەکەی خاڵین لەم ڕوو بە ڕووبونەوەیە. لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ململانێ و زیهنیەتی پیاوسالاری نەبێت مرۆڤەکان بەشێوازێکی سروشتی دەژین، پێویست بە ململانێ ناکات تا بگەن بە یەک و ماڵی ئەشقەکەیان بە تراژیدیا بە کۆتا بێت! وەکوو زۆرێک لەو داستانە مێژوویانەی کۆمەڵگەی کوردستان کە ئاشناین پێی.
گەر چاوێک بە دیوانەکەی حەزرەتی بیسارانی دا بخشێنین هەست بەو پێگەیەی ژن دەکەین کە تا بە ئەندازەی بە خوداوەند بوون بەرز کراوەتەوە، لە لای ئەم زاتە ئەشقی ژن پۆلێن دەکرێت بۆ سێ بەش.
یەکەم: خۆشەویستی تایبەتە بە خۆشەویستی خوداوەندەوە و لە ڕێگەی درووست کراوەکانیەوە تەجەلی دەبێت.
دووەم: شێوەی خۆشەویستی ڕۆحیە و پەیوەندی نیە بە جەستە و هەواو ئارەزوەکانەوە، بەڵکو پەیوەندی هەیە بە جوانی و ڕوناکی خوداوەندەوە لە ناو مێینەدا.
سێیەم: خۆشەویستییەکی مرۆییە تەعبیر لەو خۆشەویستیە دەکات کە لە نێوان ژن و پیاودا هەیە. لە عیرفانی کورددا ئەوەی جێگەی سەرنجە هەر لە عیرفان و ئایینی زەروانەوە تا بە عیرفانی ئیسلامی لە کۆمەڵگەی کوردیدا لە کاتێکدا وێنەو سیفەتی خوداوەند تەجەلی دەبێت، لە شێوەی ژندا خۆی دەبینێتەوە، ئەمەش مێژوو ڕاستی خۆی هەیە، کە ڕەگوو ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆمەڵگەی خوداوەندی دایک ڕۆژگاری نیۆلۆتیک. بۆیە بێسارانی ناسک و ئەویندار دەفەرمێت:
ئەر مەبێش زەڕە ئینساف نەدڵدا نمەداش دەستەی سونبول وەگڵ دا
مەودای موژانش مێڵ ساو نمەکەرد پێشان عالەمی بێ خاو نمەکەرد
هێشتای بە شەراب غەمزەو ناز فرۆش پەیچێش مەبەرۆش دیدەی وێش جە هۆش؟
لێرەدا ئێمە ئاشنای ئەو جیاوازییە دەبین کە حەزرەتی بێسارانی لە نێوان ئەشقی حەقیقی و ئەشقی مەجازییدا کردوویەتی. ئەوەی جێگەی کە جێگەی تێڕامانە هەمان ڕوانین لای مەلای جەزیریش ئامادەی هەیە بەتایبەی لە دوو بەیتیدا! گەر چاوێک بە دیوانی حەزرەتی جەزیریدا بگێڕین بە عەشقی "سەلوا" دەکەوین. هاوشێوەی بێسارانی ئەم زاتەش بۆ دەربڕینی هەستو خۆشەویستی بۆ خوداوەند پەنا دەباتە بە کەسێتی ژن! ئەو شعرەی کە جەزیری بۆ سەلوای نووسیوە، لە ڕواڵەتدا وا دەردەکەوێت کە زاتی شاعیر نووسیبێتی، بەڵام گەر قوڵ لە واتاکەی تێبگەین، نووسینی خوداییە و کەسێتی سەلوا دەبێتە دەسنووسی خوداوەند! ئەمەش بۆتە هۆکاری ئەوەی لە شعرەکەدا بەر سەلیب و ڕووبە حەزرەتی مەسیح بڕوات!
کەس دی ب وێ شیرانیێ دەر سەنعەتێ جەببارێ خەت
ڕیحان و سونبول تێ هەنە سەد چیچەک و گول تێ هەنە
زەرباڤ و بولبول تێ هەنە ئەو بەغچەیا گوڵزارێ خەت
گولچیچەک و نەقشێن غەریب نەسرین و ڕەیحانێ عەجیب
لێ ڕاست و چەپ بوویێن سەلیب جەدوەل کەشێن زوننارێ خەت
دووبارە لای ساتی جەزیری بەر هەمان دۆخی بە خوداوەندبوونی ژن دەکەوینەوە لە شعری "صباح الخیر یا خانم":-
صباح الخیر خانێ من، شەهێ شیرین زەبانێ من
تویی ڕووح و ڕەوانێ من، ببت قوربان تە جانێ من
تعالی اللە چ زاتی تو، چ وێ شیرین سفاتی تو!
نە وەک قەند و نەباتی تو، یەقین ڕووح و حەیاتی تو!
لەو شوێنەدا کە شاعیری دەگاتە ئاستی جەزبکردنی خوداوەن کە دەڵێت:- تعالی اللە چ زاتی تو؟ ئیدی ساتی بینینی خوداوەندە لە شێوەی ژندا! دەکرێت لەمڕۆدا بۆ گەیشتن بە حەقیقەتی شەهید زیلان، ساکینە، ڤیان و ناگیهانە دووبارە بپرسین ئێمەوە چ زاتێک و چ خوداوەندێکی ئەشق و ئازادین؟
دەکرێت هەڤاڵ ناگیهان بە شوێن ئەو نهێنیەدا گەڕابێت تا باشتر تێبگات لە پرسی ئازادی ژن لە ڕاستی کۆمەڵگەی کوردیدا و پێداگیری ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئازادی ژن، هەروەها پەیوەندی زۆر هەیە لە نێوان کەسێتی ژندا لەگەڵ زانست و فیزیای کوانتۆم! هەڤاڵ ناگیهان دواجار گەڕیدەیەکی ڕێگەی حەقیقەت بوو هەتا باشتر پەی بە حەقیقەتی خۆی وەک ژنێکی کورد و ئازاد ببات، لەم پێناوەشدا بە تیۆریزەکردنی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی هاوشێوەی پەپولەی سێیەم گەشت بە حەقیقەت و بۆ هەمیشە بوو بە ڕێبواری ڕێگەی حەقیقەت.