ئەگەر کوردیش نەبومایە، کوردستان خاکێکی گرنگ دەبوو بۆم

لە دوو سەد ساڵی ڕابردوودا، سێ جار مێژووی مرۆڤایەتی و سەرەتای گەشەکردنی شارستانیەکان نوسراونەتەوە، هەر سێ جار پەیوەندیان هەبووە بە کوردستانەوە.

 ئەگەر کوردیش نەبوومایە، بۆ من کوردستان خاکێکی زۆر گرنگ دەبوو، چونکە وەکوو مرۆڤێک دەبێت ڕابردووی مرۆڤایەتی بزانین، مێژوومان، سەرچاوەی چیرۆک و ئەفسانەکانمان، سەرچاوەی شارستانیەکان، سەرەتاکانی گەشەکردنی مرۆڤی ژیر، هتد. کە هەموویان بە جۆرێک ڕەگێکیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەم خاکە و ناوچانەی دەوری کە پێی دەوترێت کوردستان.

ئەگەر سەیری نەخشەی زەوی بکەیت، دەبینیت کە خاکی کوردستان لە ناوچەقی جیۆگرافی هەسارەی زەویدایە. هەر چۆن خاڵی ناوەڕاستی جەستەی مرۆڤێک ناوکیەتی لەسەر زگی، وە گەشەکردنی مرۆڤێک لە نۆ مانگی سەرەتای ژیاندا لە ڕێگەی ناوکیەوە بە دایکیەوە بەستراوەتەوە، بەهەمان شێوە، سەرەتای مرۆڤایەتی لەم خاکەوە، لەم چەقی زەویەوە دەستی پێ کرد. وە ئەمە ناڵێم لەبەر ئەوەی کوردێکم، بەڵکوو وەکوو کەسێک ئەمە دەڵێم کە زۆر گرنگی ئەدات بە مێژوو و ئەفسانە، بە مێژووە شاردراوە و ونبووەکانی مرۆڤایەتی.

لە دوو سەد ساڵی ڕابردوودا، سێ جار مێژووی مرۆڤایەتی و سەرەتای گەشەکردنی شارستانیەکان نوسراونەتەوە، هەر سێ جار پەیوەندیان هەبووە بە کوردستانەوە:

یەکەم جار لە ساڵی ١٨٥١ دا بوو، کاتێک پەرتووکخانەی ئاشورپانپال دۆزاریەوە لە کۆیزنجاق لە نزیک نەینەوا. زیاتر لە ٣٠ هەزار تابێلتی قوڕ دۆزرانەوە کە تیایاندا مێژوو و چیرۆک و ئەفسانەکانی میسۆپۆتامیا، بە تایبەتی سۆمەریەکانیان لەسەر نوسرابوو. لەوێدا چیرۆکی داستانی گێلگامێش بۆ جارێکی تر دۆزرایەوە، وە چیرۆک و ئەفسانەکانی تری سۆمەریەکان: لە دروستبوونی گەردوون و مرۆڤایەتیەوە بۆ لافاوە مەزنەکە. بۆ هەزاران ساڵ، مرۆڤایەتی بڕوای وابوو کە ئەم چیرۆکانە تەنها لە پەرتووکەکانی ئینجیل و تەورات و قورئاندا بوونیان هەبووە، بە تایبەتی چیرۆکی نوح، کە دوای ئەوەی مرۆڤایەتی لە ناو دەچێت بەهۆی لافاوە مەزنەکە، نوح بە کەشتیەکەی لە شاخی ئارارات نیشتەجێ دەبێت و لەوێوە جارێکی تر مرۆڤایەتی دەست پێ دەکاتەوە. بەڵام دەرکەوت کە ئەم چیرۆکانە زۆر لەوە کۆنترن، هەزاران ساڵ کۆنترن. کە چیرۆکی لافاوە مەزنەکە لە داستانی گێلگامێشدا هاتووە. ئەمە گۆڕانکاریەکی گەورە بوو لە تێروانینی مرۆڤ بۆ مێژووی خۆیان، لە جیاتی تەنها دین، لە چیرۆک و ئەفسانە و شارستانیە دێرینەکاندا دەست کرا بە دۆزینەوەی وەڵامەکان. وە مێژووی شارستانیەکان نوسرایەوە، وە سەرەتای شارستانیەکان مەزندە کران بە حەوت هەزار ساڵ لەمەو پێش و ڕەگی سەرەتای ئەم شارستانیانە لە میسۆپۆتامیا دیاریکرا.

سەد ساڵ دواتر، لە ساڵی ١٩٥١، بۆ جارێکی تر مێژووی مرۆڤایەتی، سەرەتای مرۆڤی ژیر و شارستانیەت نوسرایەوە، ئەم جارە بەهۆی دۆزینەوەیەک لە ئەشکەوتی شانەدەر لە شاخی برادۆست لە باشوری کوردستان. لەوێدا تەرمی خێزانێک دۆزرایەوە. لە سەرەتادا وا مەزندە دەکرا کە ئەم خێزانە مرۆڤانی نیاندەرتال بن، کە شەست هەزار ساڵێک لە مەو پێش لە ئەشکەوتەکەدا وەکوو ئاژەڵێک ژیاون، بە ڕاوکردن ژیاون. بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ کە زیاتر لێکۆڵینەوە دەکرا، دەرکەوت کە ئەم مرۆڤانە ژیربوون، کە کەرەست و ئامێری تایبەت بە خۆیان هەبووە، کە ئاگریان بەکار هێناوە، کە میوە و ڕوەکیان کۆکردۆتەوە، کە بەهەمان شێوەی مرۆڤی ژیر هەڵسوکەوتیان کردووە، کە خێزانیان هەبووە، کە بەخشندە بوون، چاودێری و یارمەتی یەکیانداوە. یەکێکیان کە پیاوێکی کەمئەندام بووە، دەستێکی نەبووە، کەسانی تر چاودێرییان کردووە و خواردنیان پێداوە. وە دوای مردنی، هەر لە ئەشکەوتەکەدا ناشتویانە، وە لەسەر تەرمەکەی گوڵیان داناوە و ڕێزیان لە مردووەکانیان گرتووە و دوای مردنیان سەردانی گۆڕەکانیان کردوون. شتێک کە بە ئەستەم مرۆڤانی نیاندەرتال ئەنجامیان داوە. ئەم دۆزینەوەیە بوە هۆی گەشەکردنی تێڕوانینێک کە سەرەتای گەشەکردنی مرۆڤی ژیر زۆر زیاترە لە حەوت هەزار ساڵ، لە نێوان سەد هەزار بۆ سی هەزار ساڵدایە.

سێیەم دۆزینەوەی گرنگ لە ساڵی ١٩٩٥ ڕویدا، لە گردی گرێی میرەزان لە باکوری کوردستان بوو (گۆپێکلی تێپی). لەوێدا دێرینترین پەرستگا دۆزاریەوە کە دیزاین کرابوو  بە پێی جوڵەی هەسارەکان، کاتژێر و ڕۆژ و هەفتە و مانگ و ساڵ و وەرزەکان بەهەمان شێوەی هەڕەمەکانی میسر و زیگەرێتی سۆمەریەکان، وە ڕەمز و سیمبوڵ نوسین بەکارهێنرابوو و مێژووی ئەم نوسینانە مەزندە دەکرێن بە زیاتر لە یازدە هەزار ساڵ، کەسانێک لەوێدا ژیابوون کە شارەزاییەکی مەزنیان هەبوو لە زانستەکانی گەردووناسی و بیرکاری و بیناسازی. خودی پێگەی پەرستگاکەکە دروستکراوە لەسەر پەرستگایەکی تر کە زیاتر لە سی هەزار ساڵ مەزندە دەکرێت. ئەم دۆزینەوەیە زیاتر گەشەی کرد بەو تێڕوانینەی کە مێژووی مرۆڤایەتی، سەرەتای شارستانیەت، زۆر دێرینترە وەک لەوەی لە پەرتووکەکانی مێژووەکاندا پێمان وتراوە.

بەهۆی جەنگ و کاولکاری، کوردستان تەنها شوێنێکە لە جیهاندا کە تاوەکوو ئەمڕۆش فەرامۆشکراوە لە ڕووی ئارکیالۆجییەوە. وە زۆر لە شوێنە مێژووی و ئاساوەرەکانی ئەم خاکە یان لە ناوچوون، یان تاڵانکراون،  بە مەبەست هەوڵی لە ناوچوون و شاردنەوەیان دراوە، یان ڕێگە نەدراوە لێکۆڵینەوە و گەڕانیان تێدا بکرێت. نەک تەنها بۆ شاردنەوەی مێژووی کورد و ئەو نەتەوانەی تری ئەم ناوچەیە کە بێ دەوڵەتن و لە ژێر دەستی هێزانێکی داگیرکاردان کە حەز ناکەن پەڕەکانی ڕابردوو هەڵبدەنەوە، بەڵکوو پەیوەندی هەیە بە شاردنەوەی مێژوویی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی کە بە نهێنی ماوەتەوە.

ئەگەر ڕۆژانێک جەنگەکان کۆتاییان بێت، وە بە وردی لێکۆڵینەوە و گەڕان بکرێت لەم خاکەدا، دۆزینەوەی مەزن ڕوو ئەدات کە بۆ جارێکی تر مێژووی مرۆڤایەتی دەنوسرێتەوە و دەردەکەوێت کە پێگەی کوردستان لە ڕووی جیۆگرافی وەکوو چەقی هەسارەی زەوی تەنها بە چانس نەبووە، کە لەوێدا زۆر نهێنی بوونی هەیە. بەڵام هەر چۆن مرۆڤێک لە بیری چۆتەوە نۆ مانگی سەرەتای ژیانی لە ڕەحمی دایکیدا، تەنها دوای ئەوەی پەتی ناوکی لە دایکی جیادەکەنەوە، ئەو کاتە ڕۆژی لە دایکبوون بۆ ئەم مرۆڤە دیاری دەکرێت، بەهەمان شێوە: ئەو مێژووە سەرەتاییەی بوونی مرۆڤ کە لەم خاکەدایە، لە چەقی زەویدایە، ئەم مێژووە لە بیرچۆتەوە لە لایەن مرۆڤایەتیەوە.

هـ . ب