ئەم خاکە خاوەنی خۆی باش دەناسێت، نابێتە دۆستی نەیاران

"لە کۆتاییدا خیانەتی خیانەتکاران بۆ خاوەنەکانیان دەمێنێتەوە. دوژمن دوژمنە. دڕندە و بێ وێژدانە. بەڵام ئەگەر کەسانێک بەرپرسیارانە لە پاراستنی خاکەکەیان نزیک بوونەوە، ڕێگری لێ مەکەن، ئاستەنگی بۆ دروست مەکەن، بەرد مەخەنە بەرپێی."

گەلانی هەرێمەکە هەرگیز لەبەرامبەر بۆردومان و کاولکاری سەری دانەنواندووە. جارێکی تر گوندەکانیان لەسەر وێرانەکان دروست کردووەتەوە. هەر بۆیە ئەم خاک و ئاسمانە بە باشی خاوەنەکانیان دەناسنەوە. چونکە ئەم خاکە پیرۆزە بە عەبداڵەکانی خۆیەوە لە ژێر ترسناکترین هێرشەکاندا بەرخۆدان دەکات و هەرگیز نابێتە دوستی دوژمنانی.

ئەوان (خیانەتی پەدەکە) وڵاتی خۆیان دەفرۆشن و یاری بە چارەنووسی دەکەن، ئەوانەن دەیانەوێت خیانەتەکەیان بشارنەوە، بۆ ئەمەش کردەوە دڕندانەکانی هاوبەشە گڵاوەکانیان ڕەوا دەکەن و پیرۆزترین هەرێمەکانی ئەم وڵاتە پێشکەش بە فاشیستان و داگیرکەران دەکەن. ئەم خاکە دێرینە کە لانکەی قارەمانان و کوردە بوێر و بەکەرامەتەکانە، بەداگیرکەری دەبەخشن "ئەم خاکە خاکی ئێمەیە، بەڵام لە ڕێگەی هێرشەکان دەڵێن نە ئەم خاکە و نە ئەم ئاسمانە هی ئێوەنییە". ئەم وتنە بەسە بۆ ئەوەی دڵی مرۆڤەکان بسووتێت و ئاگر بخاتە دڵی مرۆڤەوە.

ئەوەی قسەی لەسەر دەکرێت ئازار و مەینەتی مێژوویی گەلی کوردە

ئەو مرۆڤانەی دەیانەوێت لە خاکی خۆیاندا، لەسەر خاکی باو وباپیرانیان بژین، جارێکی دیکە ڕووبەڕووی رەشترین رووخسار و تاریکترین لاپەڕەکانی مێژوو دەبنەوە، ئازارە مێژووییەکانیان بەم شێوەیە دەردەبڕن. بە زۆر لە گوندەکانیان کۆچبەر دەکرێن، ڕەنجی ساڵانەیان لەناو دەچێت، دەسوتێنرێت، لە ژێر پۆستاڵی پیسی داگیرکەراندا دەچەوسێنەوە. هەر بۆیە دەڵێن "وەک ئەوە وایە ئەم خاک و ئاسمانە ئیتر هی ئێمە نەبێت". لێرەدا ئەوەی قسەی لەسەر دەکرێت ئازار و مەینەتی مێژوویی گەلی کوردە، ئەوەی ڕوونە و دیارە دەرئەنجامی کردەوەی خائینانە، واتە وەکوو کرمی دارە کە لە هەموو سەردەمێکدا وەک پیسترین  ڤیرۆس گەورەترین مەترسییە بۆ سەر گەلی کورد.

بەهۆی هێرشە فاشیستییەکانی دەوڵەتی تورک و پاڵپشتیکردنی بنەماڵەی بارزانی، گەلی دەڤەری بادینان کە بەهەمان شێوە زۆر ئازاری ئەنفالیان چێشتووە، ئێستا هەمان ئازار و ڕەنج بەسەریاندا دەسەپێنرێت و ناچاریان دەکەن لە خاکی خۆیان کۆچ بکەن، کە واتە، هەوڵ دەدەن مێژووی ڕاستەقینەی ئەو گەلە بسڕنەوە. ئایا دەکرێت خاک و ئاسمان لە ڕەگ و ڕیشەی ئەو گەلە دوور بخرێتەوە؟ ڕاستییەکەی لەبیر دەکرێت؟ به‌دڵنیاییه‌وه‌ نه‌خێر نا. ئەگەرچی دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەری تورک پێی وایە بە هێرشە بەردەوام و هەڕەمەکانی دەتوانێت شاخ و ئاسمانەکان داگیر بکات، بەڵام بەنرخترین و بوێرترین پارێزەرەکانی گەلی کورد، ئازادیخوازان، ئەم خەونە بێبنەما و پووچانە بێ کاریگەر دەکەن، یانێ هەمان ئەو کارانەی کە گەریلاکانی ئازادی کردوویانە، ئەمجارەش لە مەتینا و زاپەوە بەدەریان دەکەن.

لەم خاکەدا نە لەسەر زەوی و نە لە ژێر زەویدا شوێنێک بۆ داگیرکەران نەماوە

گەلی کورد زۆر بەهێزە، بەرامبەر هەموو زریانێک وەستاوە، جارێک بە پێشەنگایەتی شێخ سەعید شەڕی سەربەخۆیی خۆی کردووە، جارێک بە پێشەنگایەتی قازی محەمەد دژی پیلانەکانی دوژمنان شەڕی کردووە، ئێستاش پێکەوەن. ئێستاش بە ئیرادە و بە پێشەنگایەتی پەکەکەوە لە دژی هەموو هێزە پیلانگێڕەکان تێکۆشان دەکەن. گەلی کورد ڕووبەڕووی ئەنفال بووەوە و کۆمەڵکوژ کران، گوندەکانیان بەدەیان جار سووتێنران، لە ڕێگای ئاوارەییدا ڕووبەڕووی خراپترین ئازارەکان بوونەتەوە. گوندەکانی دەرگەلێ و میسکا و هتد کە ڕۆژانە دەیان جار بۆردومان دەکرێن، دەیان جار وێران و دەسووتێنرێن، بەڵام گەل قەد سەری دانەنواندووە. زۆر جار گوندەکانیان لەسەر وێرانەکان بنیات ناوەتەوە. بۆیە ئەم خاک و ئەم ئاسمانە خاوەنی ڕاستەقینەی خۆیان باش دەناسن. چونکە ئەم خاکە پیرۆزە بە ڕۆڵە بەهرەمەندەکانیەوە لە ژێر ترسناکترین هێرشەکاندا، قەد لە گەڵ دوژمن نابێتە یار و دۆست. بۆیە شاخ و گوند و گوندنشینانی دەڤەری بادینان و بەتایبەت شاخەکانی مەتینا و ئامێدی کە ڕۆژانە بۆردومان دەکرێن و دەسوتێنرێن و وێران دەکرێن قەد لەناو ناچن. لەگەڵ هەر هێرشێکدا بەهێزتر تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە. ئەمە ڕاستیەکە کە درەنگ یان زوو هەم فاشیزمی دەوڵەتی تورک و هەم خیانەتکارانی پەدەکە دەبێت ڕووبەڕووی ببنەوە. پێشتر ڕوون بووەتەوە کە کێ "قفڵ" دەکرێت. ئەوان هەڵدەستن و بە درۆ بێ بنەماکانیان لە میدیاکاندا دەڵێن: "ئەم هاوینە کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی قفڵی چنگ دەهێنین". بەڵام دەبێت بزانن چەندە لاواز و زیانیان پێگەیشتووە. لە مەتیناوە تا سەرگەلێ و ئامێدی و ڕۆژئاوای زاپ، ڕۆژانە گورزی قورس لە گەریلاکانی هەپەگە و یەژا ستارەوە وەردەگرن و توانای جموجۆڵیان نییە. واتە لەم خاکە و لە ژێر ئەم ئاسمانەدا شوێنێکی ئارام بۆ ئەوان نییە.

هەموو ساتێک شەڕی مان و نەمان لە ڕێگادایە

لەم خاکە و لە ژێر ئەم ئاسمانەدا جێگەیەک بۆ داگیرکەران نییە. سەرۆک ئاپۆ دەڵێ: "لە کوردستان تەنانەت یەک گەڵا بەبێ تێکۆشان ناتوانێ بەردەوام بێت. کاتێک سەرەنج بە قووڵایی ئەم بابەتە بدەین، لە ڕاستی ئەو شەڕەی کە لە سەردەمی ئێمەدا دەگوزەرێت باشتر تێدەگەین، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم قسانە چەندە مێژوویی و مانادارە. بە تایبەت لە ڕاستی کورد و کوردستاندا، ئەمە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە. چونکە بۆ ئازادی و بۆ بوونی گەلێک بەردەوام شەڕی مانەوە پێویستە. ئەم شەڕە شەڕێکی وەهایە کە هەمووان لە ئاستیدا خۆیان وەک کەڕ و کوێر و لاڵ نیشان دەدەن، بەڵام ڕاستی شەڕی تێکۆشەرانی ئاپویی قەد ناشاردرێتەوە. چونکە ڕەگ و ڕیشەیان لە ڕابردووی مێژووەوە سەری هەڵداوە و تا دێت بەهێزتر دەبێت. بەم شێوەیە دەبینرێت کە تەنیا یەک ڕێگا بۆ بوون و مانەوەمان لەبەردەمدایە. لە راستی ئەمڕۆی کوردستاندا دیارە تەنیا بزووتنەوەی ئاپویی و گەریلاکانی ئازادی کوردستان بۆ پاراستن و مانەوەی گەلەکەیان تێکۆشان دەکەن. نەک هەر لە دژی دوژمن، بەڵکوو لە دژی کوردە خیانەتکارەکانیش، بە بەردەوامی لە تێکۆشاندان.

بۆیە ئەم ڕاستیە مێژووییانە بە ڕوونترین شێوە بە گرنگترین قسەکانی قازی محەمەد کە لە پێناو ئازادیی و سەربەخۆیی گەلی کورد چووە پای سێدارە، دووپات دەکەمەوە: "لە کۆتاییدا خیانەتی خیانەتکاران بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە. دوژمن دوژمنە. دڕندە و بێ ویژدانە. بەڵام ئەگەر ئەوانەی هەست به بەرپرسیارێتی و خاوەنداری لە خاکەکەیان دەکەن، ڕێگریان لێ مەکەن، بەربەستیان بۆ دروست مەکەن و بەرد مەخەنە بەر ڕێگایان. چونکە هیچ شتێک لەوە بەنرختر و شایستەتر نییە کە مرۆڤ گیانی خۆی بۆ گەلەکەی بەخت بکات. ئەم جۆرە مردنانە پیرۆزترین مردنن."