ئیسرائیل چەند رۆژ پێش بەهێرشێكی مووشەكی باڵەخانەیەكی سەربەكۆنسولخانەی رژیمی ئێرانی لەپایتەختی سوریا كردە ئامانج و لەوێدا حەوت ئەندامی پایە بڵندی سوپای پاسداران و بەگشتی وەك ئەوەی لەدەزگاكانی راگەیاندن بڵاوكرایەوە چواردە كەس كۆژران. دوابەدوای هێرشەكە هەندێ وڵات وەك ئەمریكا خۆیان بێ بەری كرد لەوەی كە هیچ ئاگاداری پلانی پێشوەختەی هێرشەكەی ئیسرائیل بووبێتن و داوایان لەرژێمی ئێران كرد كە ئەو هەلە نەقۆزنەوە بۆ ئاڵۆزی زیاتر و تەشنەسەندن و قووڵكردنەوەی ناكۆكیەكان و بە گۆڕكردنی ئاگری شەڕ لەناوچەكە و هەندێ وڵات و دامەزراوەی نێودەوڵەتیش هێرشەكەیان شەرمەزار و هەندێكی تر هێرشەكەیان بەمەترسیدار ناوبرد و ژمارەیەكی تر، وەك دەوڵەتی تورك بێدەنگیان هەڵبژارد و بەبێ دەنگیان هێرشەكەیان ئەرێ كرد.
ئەمریكا و سەرۆكی ئەو وڵاتە زۆر جار ئەوەیان راگەیاندوە كە ئەوان و ئیسرائیل خاوەن یەك ستراتیژی نین. ئەم ووتانە، پرۆپاگەندەی راگەیاندنین و ئەوەش تەنیا بۆ هەڵخەڵەتاندنی رای گشتیە كە دەگوترێت، وەلا ئەساسەن ئیسرائیل پیلان و بەرنامەكانی ئەمریكا لەرۆژهەڵاتی ناوین و جیهان جێبەجێ دەكات و رەنگە لەرێبازدا هەندێ جیاوازیان هەبێت، بەڵام لەئەنجامدا یەك ئامانجی هاوبەشیان هەیە.
لەولاشەوە رژێمی ئێران دوای رۆژێك بێدەنگی بەسەر هێرشەكە؛ هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لەئێسرائیل كرد و رایانگەیاند؛ شوێن و كاتی وەڵامدانەوەكەمان دیار نابێت، بەڵام وەڵاممان دەبێت بۆ ئیسرائیل و ئیسرائیلیش رایگەیاندوە كە ئەوان ئامادەی وەڵامدانەوەی رژێمی ئێرانن.
ئەگەر زۆر كەس و لایەن و دەوڵەت و دامەزراوەی نێودەوڵەتی بانگەشەی ئەوە دەكەن كە رژێمی ئێران وەڵامی دەبێت بۆ ئەو هێرشە، بەڵام شەخسەن لەو باوەڕەدا نیم كە رژێمی ئێران وەڵامێكی هەبێت لەبەرامبەر بەو هێرشەی لەدەمشق پێكهات و حەوت ئەندامی سوپای پاسداران كۆژران، چونكە هەم لەوتەی بەرپرسە باڵاكانی رژێمی ئێران و هەم لەو هێزانەی وەلایی رژێمی ئێرانن، ئەو هێز و باوەڕیە نابینرێت كە تۆانای وەڵامدانەوەی ئیسرائیلیان هەبێت.
حەسەن نەسرۆڵا ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لۆبنانی لەخەتابێكی ئاگریندا رایگەیاند كە رژێمی ئێران وەڵامی بۆ ئیسرائیل دەبێت و ئەوەش رێبەری باڵای ئێران و بەرپرسە بڵندپایەكانی ئەو وڵاتە بڕیاری لەسەر دەدەن كەی و لەكوێ وەڵام دەدەنەوە.
قاسم ئەعرەجی ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی ئێراقیش رایگەیاند؛ ئەوان رێگە بەیەكلایی كردنەوەی ناكۆكیەكانی وڵاتان و هیزگەلی تر نادەن لەسەر خاكی عیراق. ئەو پەیامەی قاسم ئەعرەجی بەرپرسی لیژنەی ئاسایشی عێراق پەیامێكی راستەوخۆ بۆ ئەو هێزانە بوو كە وەڵاییان بۆ رژێمەكەی ئێران لەعێراق هەیە كە بەهیچ شێوەیەك دەوڵەتی عێراق رازی نییە بەوەی ئەو هێزانە لەنێوعێراقدا هێرشی ئیسرائیل بكەن.
ژمارەیەك لەبەرپرسە باڵاكانی خۆدی رژێمی ئێرانیش رایانگەیاندوە كە دەبێت رژێمی ئێران بەهەستیاری لەگەڵ ئەو بابەتەدا مامەڵە بكات و بەپەلە و هەستیارانە بڕیار نەدات؛ چونكە وڵاتانی ئیسرائیل و ئەمریكا و زۆر وڵاتی تر لەوانە دەوڵەتی توركیش لەناودا دەیانەوێت رژێمی ئێران وەڵام بداتەوە و تا ئەوە بكەنە بیانۆ بۆ هێرش كردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازیەكانی ئەو وڵاتە و بەوشێوەیەش رژێمی ئێران بخەنە تەڵەكەوە.
ئامانجی ئیسرائیل لەلێدانی ئەو باڵەخانەیە و كۆشتنی ئەو ئەندامانەی سوپای پاسداران و سەركردەی حەماسی فەلەستینی و هەندێ هیزی نیابەتی رژێمی ئێران لەسوریا بۆ ئەوە بوو كە رژێمی ئێران بخەنە دۆخێكەوە كەنەتوانێت وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە.
ئیسرائیل كاتێك ئەو هێرشەی پێكهێناوە لەو باوەڕەدا بووە كە رژێمی ئێران تۆانای وەڵامدانەوەی نابێت، نە لەبەر ئەوەی چەك و جبەخانەی پێویستی لەبەردەستدا نییە، یا خود ئەو مووشەكانەی رژێمی ئێران ناتوانن بگەنە ئیسرائیل و تۆڵەی خۆی بكاتەوە، نا ئەسڵەن بابەتەكە ئەوە نییە. بابەتەكە لەوە گەورەترە. ئەگەر بێت و رژێمی ئێران لەناوخۆی وڵاتەكەی وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە ئەوا دەبێتە بیانۆیەكی راستەوخۆی بەدەست ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا و توركیا و بریتانیا؛ چونكە وەڵامدانەوەیەكی بەو چەشنە وەك راگەیاندنی شەڕ دەبێت لەبەرامبەر بەئیسرائیل نەخاسم ئەگەر لەو هێرشە وەڵامدانەوەیەی رژێمی ئێران خەڵكێكی ئیسرائیلی ببنە قۆربانی ئەوا كاردانەوەكان لەئاستی بەرزدا دەبن و رەنگە ئیسرائیل و ئەو وڵاتانە هێرش بكەنە سەرناوەندە ئەتۆمی و سەربازییەكانی رژێمی ئێران، ئەگەریش هەر بێ دەنگ بمێنێت ئەوا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی و تایبەت لەبەرامبەر ئەو هێزانەی وەڵاییان بۆ رژێمی ئێران هەیە ریسوا و شەرمەزار دەبێ و رەوایەتی خۆی زیاتر لەدەست دەدات و بانگەشەكانی وەك بڵقی سەر ئاوی لێدێت. ئەگەر رژێمی ئێران بیەوێت بەیەكێك لەو هێزانەی وەڵائیان بۆ رژێمی ئێران هەیە وەڵام بداتەوە، ئەوا ئاگری شەڕ لەسوریا و لۆبنان وعێراق و یەمەن زیاتر لەهەركات تەشەنە دەستێنێت و ئیسرائیلیش دەستەوەستان نامێنێت و وەڵامی ئەو هێزانە دەداتەوە.
حیزبۆڵڵای لۆبنان وەك لەوتەكانی ئەمینداری گشتی حەسەن نەسرۆڵڵادا بەدی كرا، مافی وەڵامدانەوەی راستەوخۆی خستە سەر خۆدی وڵاتی ئێران و تۆپەكەی خستەوە گۆڕەپانی رژێم و رایگەیاند؛ بێگۆمان رژێمی ئێران هەر وەڵامی دەبێت و بێدەنگ نابێت. ئەو ووتانەی نەسرۆڵڵا دەرخەری ئەوەیە كە وەك حیزبۆڵڵا ناتوانن وەڵامیان بۆ ئیسرائیل هەبێت لەكاتێكدا لەناوەندی كۆنسولخانەی ئێران هێزەكانی سوپای و حەماسی فەلەستینی كۆدەبنەوە و دەبنە ئامانجی هێرشی ئیسرائیل. واتە ئەوە ئەركی سەرەكی خۆدی ئێرانە كە وەڵامی ئەو هێرشە مووشەكیەی ئیسرائیل بداتەوە.
حۆسیەكانی یەمەنیش بەهەمانشێوە. حۆسیەكان ئەوەندەیان لەدەست دێت كە پەلاماری كەشتیە ئەمریكایی و ئیسرائیلیەكان لەدەریای سور بدەنەوە و لەوەش زیاتر نایانەوێت خۆیان بكەنە ئامانجی هێرشەكانی ئەمریكا و بەریتانیا.
ئەوەی دەمێنێت، بەرەی مەقاومەی ئیسلامی ئێراقی و حەشدی شەعبی و كەتایبەتی حزبۆڵا و كەتایبەتی سەیدۆلشۆهەدای سوریان. پرسیار ئەوەیە كە ئاخۆ ئەم هێزانە دەتوانن وەڵامێكی هاوشێوە بەئیسرائیل بدەنەوە و تۆڵەی رژێمی ئێران و كۆشتنی سەركردەكانی سوپای پاسداران لەئیسرائیل بكەنەوە.
هەرچەندە لەزمانی بەرپرسی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، قاسم ئەعرەجیەوە داوا كرا كە هەندێ هێز بۆ یەكلایی كردنەوەی ململانێیەكانیان خۆیان خاكی ئێراق بەكار نەهێنن. ئەگەریش ئەو هێزانەی لەئێراق وەلاییان بۆ رژێمی ئێران هەیە بیانەوێت لەبڕی رژێمی ئێران تۆڵە لەئیسرائیل بكەنەوە، ئەوا ئیسرائیل لەنێوخۆی عێراقدا هاوشێوەی سوریا زەربریان لێدەوەشێنێت و ئەمریكاش بەخۆی لەگۆڕەپانەكەیە و دەتوانێت لەسەر داوای ئیسرائیل یا دەستپێشخەری خۆی پەلاماری ئەو هێزانە بدات و بەرپەرچیان بداتەوە.
رژێمی ئێران بەگشتی لەنێو دوورێیانكدا ماوەتەوە و لەهەردوو حاڵەتەكەشدا قازانجێكی ئێرانی تێدا نابێت. بەتایبەتی ئەگەر ئامانجی وەڵامدانەوە بێت. ئەوا شەڕەكە دەكێشێتە نێوخۆی وڵاتەكەیەوە و ئەوەش واتا بەسوریا و عێراق بوونی ئێران و وێران بوونی ئەو وڵاتە و كۆشت و بڕی هاووڵاتیان و داڕوخانی رژێم بەتەواوەتی.
هەر لەبەر ئەو گۆمانانەیە كە هەندێ لەگەورە بەرپرسان و تەنانەت ژمارەیەك لەنوێنەرانی خامنەیی گۆمانەكانی خۆیان لەوبارەیەوە ناشاردنەوە و بەئاشكرا دەڵێن كە دەبێت بەهەستیاریەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە بكرێت و بەشێوەیەكی ئاقڵانە و لۆژیكیانە بجووڵینەوە. ئەم دركاندنانەش بەخۆی دەرخەی ئەو یەكەیە كە رایەدارانی ئێرانی لەتۆڵەسەندنەوەدا دوودڵن و بڕیاری كۆتاییان نەداوە.
ئەوەی لەم نێوەندەدا بێدەنگی هەڵبژاردوە و بەباش و خراپ فزەی پێوە نەهات، دەوڵەتی تورك و سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە رەجەب تەیب ئەردۆغانە. ئەردۆغان و دەوڵەتەكەی زۆرجار بۆ ئەوەی بیانەوێت دژایەتی گەلی كورد و بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان بكەن، دەوڵەتی ئێران و رژێمەكەی بەدۆست و هاوپەیمانی خۆی بەناو دەكات. بەڵام بەم دوایانە ئێدی ئەوە بۆ هەموو لایەك و بەتایبەتی بۆ رژێمی ئێرانیش یەكلا بووەتەوە كە دەوڵەتی تورك و حكومەتەكەی ئاكەپە ـ مەهەپە لەپشت گروپە چەتەكانی داعشن و وەك ماشەیەك بەكاریان دەهێنن.
ئیسرائیل و حكومەتی ئاكەپە ـ مەهەپە و دەوڵەتی تورك هاوپەیمان و هاوبەشن لەرۆژهەڵاتی ناویندا، تەنانەت لەهێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەزە بەمیلیۆنان دۆلار چەك و جبەخانەی بەئیسرائیل فرۆشتووە. بۆیە لەو هێرشەی كرایە سەر كۆنسولخانەی رژێمی ئێرانیش بەخاس و خراپ نە ئەردۆغان و نە دەوڵەتی تورك هیچ كاردانەوەیەكیان نابێت لەسەر ئەو رووداوە و بگرە خۆیان بێدەنگ بكەن و بەبێدەنگیەكەیانیش هێرشەكە ئەرێ بكەن. تەنانەت رەنگە ئەو زانیاری و ئیستخباراتانەی لەمەڕ بوونی ئەندامانی سوپای پاسداران و كۆبوونەوەی حەماس لەو باڵەخانەیە لەلایەن دەوڵەتی تورك و دەزگای میتەوە بەئیسرائیل درابێت؛ چونكە دەوڵەتی تورك و بەرپرسانی حەماسیش پەیوەندیەكی نزیكیان بەیەكەوە هەیە. هەڵگیرساندنی ئەو شەڕەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیلیش بەفیتی دەوڵەتی تورك و ئەردۆغان پێكهات. ئێستاش دەیانەوێت بەهەرنرخێك بووە، رژێمی ئێران لەشەڕەكەوە بگڵێنن و پەڵكێشی نێوشەڕەكەی بكەن.
دەوڵەتی تورك بەهاوكاری ئەمریكا و دەزگای ئیستخباراتی موساد و سی ئای ئەی دەیەوێت لەچەند بەرەیەكەوە رژێمی ئێران تەنگەتاو بكات و گەماڕۆی بدەن و بەرێگەی ئەو گەماڕۆدانانەش بیانەوێت رژێمی ئێران رووبەرووی هەڕەشەی راستەقینە بكەنەوە و ئاسایشی ئەو رژێمە و بەرپرسانی بخەنە بەر مەترسی و شەڕی نێوخۆیی.
پێگەیەكی ئەمریكی كە بەئاشكرا رایدەگەینێت كە رژێمی ئێران لەهەوڵی هێرشكردنە سەر ئیسرائیلە بەو واتایە دێت كە ئەمریكاش دەیەوێت ئەو هێرش و وڵامدانەوەیە رووبەدات. هەرچەندە رژێمی ئێران تا ئێستادا دوودڵە لەوەی كە چۆن، كەی و لەچە ئاستێكدا وەڵامی هێرشەكەی ئیسرائیل بداتەوە. بەڵام وا مەزندە دەكرێت، رژێمی ئێران لەم بابەتەدا خۆی لەكەڕی بدات.
یەك لەو وڵاتانەی هەوڵدەدات و پێ خۆشە رژێمی ئێران وەڵام بداتەوە، دەوڵەتی داگیركەری توركە. دەوڵەتی داگیركەری تورك وەك پیونێك بەدەست مۆدیرنیتەی سەرمایەداری لەناوچەكە، بووەتە زەمینەیەك بۆ بەرێوەچوونی پیلان و پرۆژەكانی سیستەمی سەرمایەداری و دەسەڵاتداریەتی پێنج هەزارساڵەی پیاوسالاری. دەوڵەتی تورك، دەوڵەتی شاراوەی خانەدانییە. دەوڵەتێكە لەسەر بنەمای مۆڵكایەتی تایبەت و بەكرێگیراویەتی خۆی بۆنیادناوە. دەبێ ئەوە باش ببێتە مایەی تێگەیشتن.
دەوڵەتی ئێسرائیل حەوتاوپێنج ساڵ پێش بەدەستی سیستەمی مۆدیرنیتەی سەرمایەداری لەناوچەكە بۆنیادنراوە. ئەو دەوڵەتە قاچێكی یەدەكی سیستەمی دەسەلاتداریەتی مۆدیرنیتەی سەرمایەداریە. هەرچۆن ئێستا هەموو دەرفەت و ئیمكانێك دەخەنە بەردەم سەرۆكی ئۆكرانیا بۆ بەرەنگاربوونەوە و لاوازخستنی روسیا، بەهەمانشێوە نزیكەی هەشتا ساڵە دەوڵەتی ئیسرائیل لەناوچەكە ئامادەدەكەن لەبەرامبەر بەگەلان بەكاری بهێنن. بەرێگەی ئەو دەوڵەتە كە تا بیناقاقای پڕچەك كراوە و بەچەنگ و ددان پەلاماری گەلی فەلەستین دەدات، هەموو تەكنەلۆجیایەكی كۆمەڵكۆژیان خستووەتە بەردەستی. دەوڵەتێكە لەسەر لۆژیكی هێز و كۆشت و بڕ و كۆمەڵكۆژی دامەزراوە. هەوڵدەدات تۆڵە لەجیهانی ئیسلامیش بكاتەوە و بۆ بەجێ هێنانی ئەو ئامانجەش دەیەوێت وڵاتانی ئیسلامی هەموو بەشەڕدا بدات. مۆدیرنیتەی سەرمایەداری دەیەوێت بەرێگەی یەهودیەت و مەسیحیەت، لەبەرامبەر بەجیهانی ئیسلامی بەكاربهێنن، ئەوانە خاوەن هزرێكی تۆڵەسەندنەوەن. دەیانەوێت بەهزر و رامانی یەهودیەت و مەسیحیەت و ئیسلامی خەسێندراو ئایدئۆلۆژیایەك بخۆڵقێنن و گەلان لەناوەڕۆكدا مایەپووچ و هەستی بەرخۆدانی و خۆڕاگری مرۆڤەكان لەبەرامبەر بەهێرشەكانی مۆدیرنیتەی سەرمایەداری لاواز و قەڵس بكەن و خۆڕاگریان تێكبشكێنن.
لەسەردانی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆككۆماری ئێران بۆ توركیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە داوای لێكرا لەدژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان بەیەكەوە رێكبكەون و لەبەرامبەر بەكوردان بكەونە شەڕەوە. بەتایبەتی لەكاتی كۆنفرانسە راگەیاندنەكەدا ئەردۆغان بەئاشكرا داوای لەرەئیسی و رژێمی ئێران كرد لەبەرامبەر بە پەژاك و پەیەدە و پەكەكە شەڕ بكەن. ئەساسەن دەوڵەتی داگیركەری تورك و نوێنەری مۆدیرنیتەی سەرمایەداری لەناوچەكە دەیەوێت رژێمی ئێران لەهەموو لایەكەوە لەشەڕدا بگڵێنێت و لەئێراندا هێڵی نەتەوەپەرستی گۆڕ بكات. ئەردۆغان كە بەرێگەی گروپە چەتەكانی داعش لەكرمان كۆمەڵكۆژی پێكهێنا، دەیەوێت لەئاستی كوردستانیشدا هێڵی نەتەوەپەرستی كوردی گۆڕ بكات و لەبەرامبەر بەرژێمی ئێران وەك كارتێك بەكاربهێنێ. بێ ئاگا لەوەی كە بەخۆی و دەوڵەتە بەكرێگیراوەكەی ماوەی پەنجا ساڵە لەبەرامبەر بەبزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان"پەكەكە"شەڕ و سیاسەتی قڕكردن و پاكتاوكاری و كۆمەڵكۆژی بەرێوە دەبات و لەو شەڕانەدا بەدەر لەماڵوێرانی بۆ گەلانی توركیا شتێكی ئەوتۆی بەدەستنەخستووە. دەبێ سیاسەتمەداران پرسیاری ئەوە لەئەردۆغان و حكومەت و دەوڵەتە داگیركەرەكەی بكەن كە لەماوەی ئەو پەنجا ساڵە ئێوە هەموو وزە و دەوڵەمەندی ژێرخان و سەرخانی توركیاتان هەڕاج كرد و كردە خەرجی شەڕ و لەو هەموو شەڕ و كۆشت و بڕانە چیتان دەستكەوت.
ئەردۆغان دەیەوێت بەرێگەی هاندانی نەتەوەپەرستی و دین پەرستی و مەزهەبگەرایی فاناتیك و دۆگم گەلان بەرداتە گیانی یەكتر بەتایبەتی دەیەوێت رژێمی ئێران لەهەموولایەكەوە گەماڕۆ بدات و هەناسەی لێ ببڕێت. لەلایەكەوە ئازەربایجان، لەلایەكی ترەوە توركمەنستان و پاكستان و عەرەبستان و لەلایەكی ترەوە خودی دەوڵەتی داگیركەری توركەوە كە رژێمی ئێرانیان بەتەواوەتی گەماڕۆ داوە. بۆیە دەتوانن لەماوەیەكی كۆرتدا بەدەیان گروپ و بزوتنەوەی چەكداری و خۆكۆژی بپەڕێننەوە بۆ ناو ئێران و دەست بەنانەوەی ئاڵۆزی و پشێوی بكەن و دۆخی نێوخۆی ئێران بشەڵەقێنن. ئامانجی سەرەكی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورك و ئەمریكا و ئیسرائیلیش هەر ئەوەیە، واتا خاوەن ستراتیژیەكی هاوبەشن، بەرێ و رێبازی جیاواز.
هەرچەندە ئەمریكا و عەرەبستان و ئێران لەبابەتی رێڕەوی بازرگانی و گۆاستنەوەی كاڵا لەهندستان بۆ كەنداو و گەڕۆی هۆرمز و عەرەبستان و میسر و غەزە و ئیسرائیل و یونان و دەریای مدیترانە و ئەوروپا و ئەمریكا رێككەوتوون، بەڵام وا دەردەكەوێت رێككەوتنەكەیان بێ كێشە و پێكدادان نەبێ و بەو ئاسانیەش رژێمی ئێران وەك خۆی پەسەند نەكەن و بیانەوێت بەزۆر هەندێ گۆڕانكاری بەسەردا بسەپێنن.
هـ . ب