ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێری وەڵامی گەریلایە

گەریلا دوای گۆڕانکاری و وەرچەرخان لە سەر بنەمای خۆڕێکخستنەوە و نوێبوونەوە، کاریگەری نەرێنی وەرزەکانی لە سەر هونەری چالاکیەکانی راماڵی.

بۆ تێگەیشتن لە دەرەنجامەکانی هێرشە داگیرکەرییەکان بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا ئەوە بە تەنیا بەس نییە کە مرۆڤ سەرنج بداتە سەر رووداوەکانی ئەم سەردەمە. بەتایبەتی دەبێت مرۆڤ ئاستی شەڕی ٨ ساڵی رابردوو و بناغەکانی ئەو شەڕە بە شێوەیەکی راست و دروست درک پێبکات.

ئەردۆغان بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٥ بەدواوە سوپا، سیاسەت و دامودەزگاکانی دەوڵەتی خستەژێر دەستی خۆیەوە و لە دژی بزوتنەوەی ئازادی کورد و گەلی کورد دەستی بە هێرشێکی قڕکردنی هەمە لایەنە کرد. بە کۆنسێپتی سڕینەوە کە ناوی 'پلانی لەنابردن'ی لێنابوو، رای گشتیش بەشێوەیەکی بەو جۆرە ئاراستە کرا، کە بە بێ مەرج پشتیوانی لەوە بکات و لە لێکەوتەکانی نەکۆڵێتەوە. سەرباری ئەوەی بە تەواوەتی سوپای بەرەولای خۆی پەلکێش کرد، چەتەکانیشی زیاتر کرد.

گەریلا تەنیا لە زستاندا نەیکردە ئامانج

ئێستا هەندێک دێن و بە شێوەیەکی سەرسوڕمانەوە دەڵێن 'چۆن دەکرێت گەریلا کە ئەوەندە هێرش دەکرێتە سەریان لەناو زستاندا چالاکی و ئۆپراسیۆنی ئەوەندە گەورە ئەنجام دەدەن' و بەم جۆرە گلەیی و گازندە دەکەن. وەک ئەوەی گەریلا دەتوانێت تەنیا لە زستاندا چالاکی بکات. تەنیا لە نێوان تەمووز و تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا هەزار و ١٠٨ چالاکی بەرفراوان ئەنجامدراون. لەو چالاکیانەدا کە لە جۆری جیا جیابوون، بە سەدان سەربازی تورک کوژران، هەمان ژمارەش برینداربوون.

یەک لەو ئۆپراسیۆنە شۆڕشگێڕیانەش کە لە هاویندا کرا، واتە لەمانگی ئابدا لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی جودی لە هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ ئەنجامدرا. لەوێ بە دەیان سەرباز کوژران. چالاکیەکانی گەریلا هەموویان لە وەها دۆخێکدا ئەنجامدران کە بەدەیان فڕۆکەی سەربازی بە سەر سەربازەکانیانەوە دەسوڕانەوە. کەواتە بابەتەکە ئەوە نییە کە زستان بێت، یاخود کەشوهەوا باران و تەمومژ بێت.

تێز و دوکتۆرینی شەڕی گەریلا

بابەتی سەرەکی تێز و دوکتۆرینی شەڕی گەریلاکانی ئازادی کوردستانە. لە چوارچێوەی ئەو دوکتۆرینەدا لە ئاستی تێکۆشان و پێرفۆرمانسی شەڕی گەریلادا هەموو چەمکێک ژێر و ژوور کراون. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە پراتیکی سوپای تورکی داگیرکەر بە درێژایی ساڵەکە بڕوانین. هەرکە سوپای تورک هێرشی ئەنجامدا، گەریلا زیاتر بەهێز و پرۆفیشناڵ بوو. بزوتنەوەی ئازادیی کورد و گەریلاکانی پێویستیەکانی شەڕ و سەردەمیان لە کات و شوێنی خۆیدا بە راستترین شێوە هەڵسەنگاند، بە بێ ئەوەی سازش لەسەر هەڵوێستی بە پڕەنسیپی خۆیان بکەن، خۆیان گۆری. لە سەر ئەندێشەی گەریلایەتی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکی رێبەر ئاپۆ ئاستێکی نوێی تێکۆشانیان ئافراند، کە ئەو ئاستە گرنگی ئەو چالاکی و ئۆپراسیۆنە شۆڕشگێڕیانەی ئەنجام دەدرێن لە ئێمە دەگەیەنێت.

گەریلا هەموو کات لە هەموو شوێنێکە

رژێمی ئەردۆغان کە تێگەیشت لە باکوری کوردستان ناتوانێت گەریلا پاکتاو بکات، ستراتیژی خۆی گۆری. ئەو ستراتیژەش هێرشی هەمەلایەنە بۆ سەر گۆڕەپانەکانی گەریلا. دەوڵەتی تورک ئەوەی بە بنەماگرت کە هێرشە داگیرکەرییەکان بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا بەرفراوان و هەمیشەیی بکات. بەتایبەتی لە خواکورک و دواتر لە هەفتانین بەردەوام بوو. سوپای تورک بە پلانی هێرشی گشتیی لەو دوو هەرێمانە کەوتە جموجۆڵەوە و زیانی گیانی زۆری بەرکەوت. چالاکیەکانی گەریلا لە هەموو گۆڕەپانێک بڕستی لە لە سوپای تورک بری. یەکینەکانی تورک هەوڵیاندا کە لەو هەرێمانە لە سەر شاخە ستراتیژیەکان جێگیر بن و بیانخەنە ژێر کۆنتڕۆڵەوە، بەڵام لە ناوچەکە چەقی. لەبەر ئەوەی بۆ گەریلا گەڕۆکەکان، بوونە ئامانجێکی گونجاو. سەرباری ئەوەی چەکی قورس و لە سەر زەویش هەندێک ئۆتۆمبێلی زرێپۆشیان لە هەندێک شوێن جێگیرکرد، بەڵام بەتەواوەتی گورزیان لێدرا. ئەوەیان رەچاونەکرد کە گەریلا هەموو کات لە هەموو شوێنێکە. بێگومان ناتوانێت ئەوە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات. بانگەشەی ئەوەیان کرد کە هێرشە داگیرکەرییەکان سەرکەتوون، بەڵام تائێستاش لەو ناوچانە گورزیان بەردەکەوێت. خۆی لە خۆیدا ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕی شەهید ئەحمەد روبار لە خواکورک بەڵگەیە لەسەر ئەوە؛ ٢٧ سەربازی تورک کوژران، بە دەیان سەربازیش برینداربوون. سوپای تورکی داگیرکەر بۆ ئەوەی بتوانێت سەربازەکانی لەو هەرێمانە بهێڵێتەوە، ناچار بوو لە ئاستی لیوایەکدا، فەرماندەیەکی پلەباڵا کە لە دۆخی ئاساییدا فەرماندەیی ناوچەیەک دەکات، لەسەر شاخێک ئەرکدار بکات. خۆی لە خۆیدا لەو ئۆپراسیۆنەدا ئەو پلەدارە باڵایە بە سەختی برینداربوو، چارەنوسی تائێستا نادیارە.

بوونە ئامانجێکی دیار و لەبەرچاو

رژێمی ئەردۆغان بۆ ئەوەی بتوانێت ستراتیژی داگیرکەری خۆی بگەیەنێتە سەرکەوتن و هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا بە شێوەیەکی هەمەلایەنە داگیربکات، لەدوای شکستە گەورەکەی هێرشی سەر گارە لە ساڵی ٢٠٢١، ئەمجارەیان رووی کردە هەرێمەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا. سوپای تورک لە ساڵی ٢٠٢١دا لە سەرتاسەری ئاڤاشین و لە هەندێک گۆڕەپانی زاپ و مەتینا لە هێرشە داگیرکەریەکانیدا زیانی گیانی قورسی بەرکەوت. بەسەدان سەرباز کە ئەفسەرانی پلەباڵاسیان تێدابوو، کوژران. سەرەڕای ئەوەش ژمارەیەکی زۆر لە زیانە گیانیەکانی خۆیان لە رای گشتی شاردەوە. چوارچێوە و ئامانجی هێرشەکەی ئاشکرا نەکرد. یەک لە هۆکارەکانی ئەو زیانە گیانیە قورسەش ئەوەبوو کە سوپا لە ناوچەیەکی بەرفراوان بڵاوببووەوە. لەبەر ئەوەی ئەو گۆڕەپانەش رێک و تەخ نییە و ناتوانن هاوکاری یەکتر بکەن، هەربۆیەس بۆ گەریلا بوونە ئامانجێکی روون و بەرچاو.

دواتر چاوی بڕیە سەرتاسەری زاپ

سوپای تورک لە ساڵی ٢٠٢٢دا چاوی بڕیە سەرتاسەری زاپ. چەندین ساڵ لەو هەرێمە خۆی تاقیکردبووەوە، بەڵام بە زیانی زۆرەوە کشابووەوە. سوپای تورک کتوپڕ هێرشی کردە سەر هەموو ناوچەیەکی زاپ، ویستی ئەوەبوو بە بێ ئامادەکاری گەریلا بگرێتم بەڵام دۆخەکە پێچەوانە بووەوە. گەریلا لە سەر بنەمای سەرلەنوێ خۆرێکخستنەوە لە تونێلەکانی شەڕ تێکۆشانێکی مێژوویی نیشاندا، بە پشت بەستن بە ئەزمونی ساڵانی رابردوو خۆی ئامادەکردبوو و هەموو گۆڕەپانێکی بۆ سوپای تورکی داگیرکەر کردە دۆزەخ. سەرباری ئەوە دەیان چالاکی جۆری ئەنجامدا، زۆر چەکی بەشێوەیەکی پرۆفیشناڵ بەکارهێنا. بەم رێبازەی تیمی گەریلا ئەنجامی زۆر گەورە و کاریگەر بە دەستهێنرا. بەم جۆرە و لە ئەنجامی رێبازی هونەری شەڕ، دەستپێشخەری کەوتە دەست گەریلاوە. تیمی گەڕۆک ئاوێتەی گۆڕەپانەکان بوون، بە تەواوەتی خۆیان حەشاردا و بە گۆڕەپانەکەدا بڵاوبوونەوە. گەریلا بە هێزی خۆی، بە رێبازی شەڕی خۆی لە گۆڕەپانەکەدا زاڵ بوو.

ناتوانن لە شوێنانەی دەیانەوێت جێگیربن

سوپای تورک وێڕای زیانە جەستەییەکان، لە رووی دەرونیشەوە شکاوە. فەرمان بە سەربازەکان دراوە کە لە شاخەکان جێگیر بن، بەڵام لە بەرامبەریاندا هێزێکی گەریلا بوونی نییە کە لە شوێنێکدا جێگیر بووبێت. لەبەر ئەوەی گەریلا بە پێی پێوانەکان لە هەموو شوێنێک و لە هەموو جێیەک دەجوڵێتەوە، هەموو رۆژێک لە هەموو ساتێکدا گورزیان لە دوژمن وەشاند و چالاکی کاریگەریان ئەنجامدا. بێگومان ئەوە کاریگەری قورسی لە سەر دەروونی سەربازان دانا. سەرباری پێداگری فەرماندەکانیش سەربازان ناتوانن هەڵبکوتنە سەر گەریلا، ناوێرن بچنە سەر تونێلەکانی شەڕ، لەبەر ئەوەی دەزانن لە هەر هەنگاوێکیاندا لەناو دەچن. ئەو دۆخە لەلایەن گەریلاوە زۆر جار بە دیمەن تۆمار کراوە. لە وەها دۆخێکدا لە زستاندا ناچار بوون لە زۆر ناوچە بکشێنەوە، لە بەر ئەوەی دەرفەتیان پێنەدرا بە گوێرەی خواستی خۆیان جێگیربن.

سەرلەنوێ هێرشی داگیرکاری

سوای تورک لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە رووی تاکتیکییەوە گۆڕانکاری ئەنجامدا. ئەم جارە هێرشی نەکردە سەر زۆر گۆڕەپان، بەڵام لەو گۆڕەپانانەی لە زستاندا ناچارببوو بکشێتەوە، بە هێزێکی گورەی ١٥ هەزار کەسیەوە سەرلەنوێ دەستی بە هێرش کردەوە. ئەو گۆڕەپانەش گۆڕەپانی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ بوو. سوپای تورک لەبەر ئەوەی بە گرنگی ستراتیژی ئەو هەرێمە دەزانێت، بە هەموو هێزی خۆیەوە هەوڵ دەدات خاڵی خۆی دابمەزرێنێت و تیایدا جێگیر بێت. بێگومان بناغەی ئەوەش بە زۆری لە رێگەی خیانەتی پەدەکەوە دادەنرا. خۆی لە خۆیدا پەدەکە ئامادەکارییەک کە لە هەڕێمەکانی خۆیشی نەیکرد لەو هەرێمە بۆ جێگیربوونی سوپای تورکی داگیرکەر کرد. بۆ دروستکردنی بارەگای سەربازی، کە بە رواڵەت ئاڵای هەرێمی کوردستانی تێدا دەشەکایەوە، بەڵام سەربازی تورکی تێدابوون، بە هەموو هێزی خۆیەوە کاری کرد. کاتێک پێویست بووایە پاسەوانی و ئێشکگری بۆ سەربازانی تورک دەکرد، هەروەها سەرباری هۆشدارییەکانی هێزەکانی گەریلاش، بەڵام رێگەی بۆ داگیرکەران دروست کرد.

ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێری لە شاخی ئامێدی

سەرباری ئەوەش سوپای تورک بەو پشتیوانیە گەورەیەی لە پەدەکەی وەرگرتبوو بە قورسی هەوڵیدا کە لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی ئامێدی جێگیر بێت. لە ١٢ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤دا لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی ئامێدی لە ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوانی شۆڕشگێڕیدا ٦١ سەربازی تورکی داگیرکەر کوژران. ئێستا دەبینین کە لەبارەی ئەو ئۆپراسیۆنەوە زۆر قسەی جیاجیا دەکرێن. ئەو ئۆپراسیۆنە شۆڕشگێڕییە و ئەوانەی پێستر زۆر لایەنیان تاساند، بەڵام زۆرترین کاریگەری کردە سەر رژێمی ئەردۆغانی فاشیست. سوپای تورکی داگیرکەر کە زۆر هاتبووە پێشەوە، پێیوابوو کە دەتوانێت بە ئاسانی لەو ناوچانە جێگیر بێت. ئەمە لە کاتێکدا لەو گۆڕەپانانەدا زستان لەوان دەبێتە دۆزەخ. نە لە زەمینی و لە ئاسمانەوە کەس ناتوانێت خۆی بەوان بگەیەنێت. زریان و تەمومژی لێنابرێت. تەنیا گەریلا بەرگەی ئەو هەلومەرجە دەگرێت و دەتوانێت بمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی گەریلا بەشێکە لەو جوگرافیایە و تێکۆشانی خۆیشی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سروشت گەیاندووەتە ئەم ئاستە. دوژمن لێکدانەوەی بۆ ئەوە نەکردبوو. یان رەنگە لە راستیدا ئەوانەی بەو راستیەیان دەزانی بە مەبەست سەربازانیان بۆ مردن لە بەرامبەر گەریلا ناردە ئەوێ.

دەسەڵات کۆمەڵگای تورکیا بە بارمتە گرتووە

گەریلا لەسەر بنەمای سەرلەنوێ خۆڕێکخستنەوە خۆی گۆڕی و بە ئەزمونێک کە لە شەڕی وەرگرتووە، کاریگەری نەرێنی هەلومەرجی وەرزەکانی لەسەر هونەری چالاکی خۆی راماڵیوە. هەربۆیە راستی گەریلایەتی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک ئافرێندرا کە لە هەموو هەلومەرجێکدا لە سەر بنەمای هێڵی گیانبازی ئاپۆیی دەتوانێت تێبکۆشێت. بێگومان لەئێستاوە ئەنجامی زۆر گرنگی ئەو ئۆپراسیۆنە شۆڕشگێڕیانە ئافرێندراون، بەڵام گرنگترین و ریشەیی ترین ئەنجامەکانی درێژخایەن دەبن. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە رژێمی ئەردۆغان کە هاوکێشەکانی خۆی لە ناوەوە و دەرەوە بە شەڕەوە بەستووەتەوە لە لێواری رووخاندایە. ئیتر ناتوانێت شکستە قورسەکەی خۆی لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا بشارێتەوە. رژێمی تورک کە لە سیاسەتی هەرێمەکەدا ئیتر وەک کاراکتەرێکی سەرەکی دانانرێت، مردنی سەربازەکانی لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی وەک کارتێک بەکاردەهێنێت و بۆئەوەی برەو بە نەژادپەرستی بدات بە هەموو هێزیەوە کاردەکات. ئەردۆغان و باخچەلی لەپێناو دەسەڵاتی خۆیان کۆمەڵگایان بە بارمتە گرتووە. ئەو ئۆپراسیۆنە شۆڕشگێڕیانە نیشانیاندا کە ئەو دەسەڵاتە و سوپا داگیرکەرە چەندە گەندەڵ و رزیو بوون و دەستەوەستانن.

هـ . ب