هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەعێراق هەنگاوێكی بوێرانە بوو كە دەوڵەتی عێراق مانگی كانوونی دووەمی ٢٠٢٣ هەنگاوی بۆ نا و بەنیسبەت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كە لە٢٠٢١دا بەڕێوە چوو، بەرێژەیەكی زۆر خەڵكی عێراق بەشداریان لەهەڵبژاردن كرد و بەپێی راگەیەندراوی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ٤١%ی گەل بەشداریان تێدا كردبوو. ئەو رێژە لەبەشداری گەل لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، دەرخەری ئەوەیە كە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لەچاو هەلبژاردنی پەرلەمانی بۆ گەل گرنگترە و گەل زیاتر دەتوانێت لەو هەڵبژاردنەدا مۆمارەسەی دیموكراسی خۆی بكات.
ئەم هەڵبژاردنە لەدیدێكی ترەوە بووە بەچقڵێك بەنێوچاوی ئەردۆغان و دەوڵەتی داگیركەری تورك، چونكە بەلای دەوڵەتی توركەوە ئاسایی نەبوو كە كوردان لەو ئاستە بەرزەدا لەپارێزگاكانی كەركوك و سەڵاحەدین و دیالە و موسڵ بەشداریەكی وەها بەرچاویان هەبێت. بەشداربوونی ئەو رێژە زۆرەی كوردان لەو هەڵبژاردنانە و بەدەستهێنانی ژمارەیەكی بەرچاو لە كورسیەكان دەوڵەتی توركی تووشی هیستریا كرد. لەلایەك دەوڵەتی تورك و ئەردۆغانی فاشیست بەوە قەڵس بوون؛ چونكە بەبڕوای دەوڵەتی داگیركەری تورك ئەوانەی دەنگی زۆرینەی ئەنجومەنە خۆجەییەكانی پارێزگاكانیان هیناوە نزیكن لەڕژێمی ئێران. بۆیە ئەردۆغان و دەوڵەتی تورك دوو جار توڕەیی و شێت و هاربوونی خۆیان دەربڕی و نەیانشاردەوە كە ئەوان، ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنانە پەسەند ناكەن و بگرە بەهەموو شێوەیەك دەبنە ئاستەنگ لەبەردەم پێكهێنانی ئەنجوومەنەكان بەتایبەتی ئەنجوومەنی كەركوك و موسڵ.
هەرچەندە لەو هەڵبژاردنانەشدا پێكهاتەی توركمان بەپێی راستینەی كۆمەڵایەتی، مێژوویی و سیاسی و چاندی خۆیان بەشداریان كرد و دەنگەكانیان تەعبیر لەو راستیە دەكات و هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی پێشوو وەك خۆی مابوویەوە، كەچی دەوڵەتی داگیركەری تورك بەسەرۆكایەتی ئەردۆغانی دیكتاتۆر بەهۆی ئەوەی كە گرەوی زیاتری لەسەر دەنگەكانی كورد كردبوو، جارێكی تر هەرس كردنی ئەو رێژە زۆرەی كورد لەو هەڵبژاردنانە بە جۆرێك لەجۆرەكان وەك بنكەوتن بۆخۆی دەبینی. بەتایبەتی هەوڵێكی زۆری دا كە لەو پەتەوازەییەی نێوماڵی كورد كەڵك وەربگرێت. پێش هەڵبژاردنەكان رێگەی لەیەكگرتن و رێككەوتنی كوردان گرت بۆ ئەوەی بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكە نەكەن، بەوەش ویستی دەنگی كوردان پەرتەوازە بكات و لەو پەرتەوازییەی كوردان سوود وەرگرێت، ئەوەی راستی بێت لەوەدا سەركەوتوو بوو و لەو یەك نەبوونەی كوردان و چەند لیستیە بەلای كەمەوە سێ كورسی لەكیس كوردان چوو. سەرەڕای ئەو هەوڵانەی دەوڵەتی تورك، گەلی كورد بەهەموو پێكهاتەكانیەوە وەڵامێكی پڕ بەپێستی دەوڵەتی توركیایان دایەوە و بەبەشداریان لەدژی داگیركەری و زهنیەتی شۆڤێنی دەوڵەتی داگیركەری تورك وەستانەوە. بەم هەڵوێستە پۆزەتیڤەی گەلی كورد جارێكی تر لمۆزی دەوڵەتی تورك و ئەردۆغان لەخاك كێشا. ئەوە بوو هەر زوو بەفەرمانی هاكان فیدان وەزیری دەرەوە و بەرپرسی پێشووی ئیستخباراتی توركیا و پێش راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنە خۆجەییەكانی پارێزگاكان وەفدێكی عێراقیان بردە توركیا و ناڕەحەتی و توڕەیی خۆیانیان بە كاربەدەستانی عێراقی راگەیاند و لەوێشدا بە وەفدەكەی عێراقیان راگەیاند كە ئەوا ئەوان وەك دەوڵەتی تورك و رژێمەكەی ئەردۆغان زووبەزوو رێگە بەپێكهێنانی ئەنجوومەنە خۆجەییەكانی پارێزگاكانی عێراق نادەن، تا ئەوەی كە دڵنیا نەبن لەوەی كە ئەو ئەنجوومەنانە بەرژەوەندیەكانی دەوڵەتی تورك لەبەرچاو و دەپارێزن یاخود نا.
لەدوای سەری ساڵی ٢٠٢٤ەوە لایەنەكان بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەتی خۆجەییی پارێزگاكان دەستیان بەسەردان و دانوستان كردوە. لایەنەكان هەریەكە لەلای خۆیەوە دەیەوێت بەجۆرێك لەجۆرەكان بەشداری لە بەرێوەبردنی شارەكەیاندا بكەن و ئەو سۆز و بەڵێنەی بەدەنگدەرانیان داوە جێبەجێ بكەن. بۆیەش دەیانەوێت زووتر رێككەوتن و پێكەوتن لەنێوان خۆیاندا پێكبهێنن و ئەنجوومەن و سەرۆك ئەنجوومەن و پارێزگای نوێ بۆ شارەكانیان هەڵبژێرن. گەڕی یەكەمی ئەو دانوستاندنانە لەموسڵ و كەركوك لەنێوان لایەنەكان دەستی پێكرد، بەڵام وادیارە پێكهێنانی ئەنجوومەنەكان هەروا بەئاسانی پێكنایەت، بەتایبەتی لەكەركوك و موسڵ بەنسیبەت ئەو فۆكۆسەی دەوڵەتی تورك لەسەر هەردوو پارێزگاكە هەیە.
دەوڵەتی تورك جارێكی تر دەیەوێت بەرێگەی پەدەكە و توركمانەكان لەهەردوو پارێزگا نێوماڵی كورد بەپەرتەوازەیی بهێڵێتەوە و رێگری لەپێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەكانی شارەكان بگرێت و بەوە پێ دەچێت بەچەند رێگەیەك رێگری لەپێكهێنانی ئەنجوومەنەكان بكات، بۆ ئەوە هەموو هەوڵەكانی خۆی خستووەتە گەڕ كە كوردان یەكگرتوو نەبن، تا نەتوانن بەئاسانی حكومەتی پارێزگاكان پێكبهینن و پارێزگاری لەدەنگی دەنگدەران بكەن. چەندە نێوماڵی كوردی پەرتەوازە بن، بەو ئەندازەیەش ئاڵۆزبوونی داهاتوو و چارەنووسی دۆخی كەركوك و موسڵیش زیاتر دەبێت. ئەوە راستیەكە تەنیا لەوەها حاڵەتێكدایە كە دەوڵەتی داگیركەری تورك دەتوانێت ئەجێندا و مەرامە چەپەڵەكانی بەسەربخات. ئەو هەوڵدانانەی دەوڵەتی تورك لەپلەی یەكەمدا راستە لەدژی گەلی كوردە، بەڵام لەدوایی دا ئەوە دەستێوەردانی راستەوخۆی دەوڵەتی تورك و ئەردۆغان دەبێت بۆ زیاتر دەستوەردان لەداهاتووی عێراق و لەوانە كەركوك و موسڵ.
وەك ئەوەی لەنزیكبوونەوەكاندا دەبیندرێت، دەوڵەتی تورك جارێكی تر دەیەوێت بەكارتی پەدەكە، بگاتە ئامانجەكانی خۆی. یەكەم لێدوانی وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورك هاكان فیدان دوای دیداری لەگەڵ وەفدە عێراقیەكە و لەبەردەم كاناڵەكانی راگەیاندن بەئامانجی گرتنی پەكەكە و سلێمانی بوو و بەوەش هەڵوێستی خۆی لەمەڕ هەڵبژاردنە خۆجەییەكان و پێكهێنانی ئەو ئەنجوومەنانە خستەڕوو. دەوڵەتی تورك دەیەوێت بەرێگەی پەدەكە و بەتەنازۆل كردنی لایەنی بەرامبەر رێگە بەدانانی پارێزگارێكی كورد بدرێت بۆ كەركوك بەپلەی یەكەم. واتا دەوڵەتی تورك بەرێگەی دەنگەكانی پەدەكە و لایەنە توركمانیەكان هەوڵدەدات كوردان لەیەك بەرەدا راكێشی پیلانەكانی خۆی بكات. ئەگەر ئەمەشی بۆ هەر نەچووە سەر هەوڵدەدات بەپیلانی تر پێش بەپێكهێنانی ئەنجوومەنەكە بگرێت و مەرجەكان هەر لە ئێستاوە لەلێدوانەكانی بەرەی توركمانیدا بەدی دەكرێن.
دەوڵەتی تورك و ئەردۆغان لەئەگەری پووچەڵ بوونەوەی پیلانی یەكەمیان سەر نەگرێت، گروپە چەتەكانی داعش دەخەنەوە دەورە و خەڵكی مەدەنی دەكەنە ئامانج و بەنانەوەی ئاژاوە و پشێوی هەوڵدەدەن پلانەكانیان بەسەر لایەنی بەرامبەردا بسەپێنن. لەقۆناخی دووەم دا دەیانەوێت بەبەرگێكی یاسایی داتاشراو دانانی پارێزگا لەكەركوك بەخشتەیی بكرێت، واتا هەر ساڵە بۆ پێكهاتەیەك بێت، ئەم پێشنیارەش وەك دێفاكتۆیەك لەو پارێزگایە جێبەجێ بكەن.
لەپلەی سێیەمدا ئەگەر پیلانەكەی دەوڵەتی تورك وەك ئەوەی چاوەڕوان دەكەن پێكنەیەت، پەدەكە لەگەڵ عەرەب و توركمان رێكبكەوێت و پارێزگا و سەرۆكی ئەنجوومەنەكە بەرێككەوتن هەڵبژێرن و بدرێتەوە بەدەست عەرەبەوە، وەك ئەوەی ماوەی چوارساڵە بەنایاسایی بەرێوەی دەبەن. ئەساسەن دەوڵەتی تورك دەیەوێت بەو رێگرتنە، ئەو دەنگانەی گەلی كورد لەو هەڵبژاردنانە بەدەستیان هێناون لەبار ببەن و مامەڵەی ژێربەژێری پێوە بكەن. دەبێت گەلی كورد و هەموو پێكهاتەكانی شاری كەركوك و ناوچەكانی تری عێراق دژ بەو هەوڵە نەزۆكانەی دەوڵەتی تورك بوەستنەوە و بۆ پووچەڵكردنەوەی پیلان و پلانەكانی دەوڵەتی تورك و ئەردۆغان گۆشار بخەنە سەر لایەنەكان كە بەپەلە و بەپێ رێككەوتن و بە بەشداری هەموو لایەك ئەنجوومەن و سەرۆكی ئەنجوومەن و پارێزگای نوێ كە كەسێكی بەئەسڵ خەڵكی شارەكە و دڵسۆزی پێكەوەژیانی پێكهاتەكان بێ دیاری بكەن و رێگری لەدەستێوەردانی دەوڵەتی تورك و ئەردۆغانی گەورە فاشی و دیكتاتۆر لەناوچەكە بگرن، چونكە دەوڵەتی تورك و باوكی داعش"ئەردۆغان" دەیانەوێت بەقووڵكردنەوەی ناكۆكی و نانەوەی شەڕ و ئاژاوە، شەڕ و ململانێیەكان لەناوچەكە و بەتایبەتی لەعێراق و سوریا پەرە پی بدەن و تۆی دووبەرەكی لەنێوان گەلاندا بچێنن.
هـ . ب