هێرش كردنە سەر هێزەكانی سوریای دیموكراتیك "قەسەدە" بەفرۆكەی بێ فرۆكەوان لەلایەن گروپەكانی سەر بەئێرانەوە لەدێرەزوور لەباكوری رۆژئاوای سوریا بۆ سەر كێڵگەی العمر پێشهاتێكی نوێیە. ئەم هێرشە لەكاتێكدا پێكدێت كە بیست و دووهەمین خۆلی هەمیشەیی هاوپەیمانی ئاستانە لە قەزاقستان هەفتەی رابردوو بەرێوەچوو و هاوكات لەگەڵ كۆبوونەوەی ئاستانە، سەرۆككۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی بەسەردانێكی فەرمی چووە توركیا و لەگەڵ سەرۆككۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان كۆبوویەوە و لەكۆنفرانسە راگەیاندنیە هاوبەشەكەیاندا، ئەردۆغان بەئاشكرا رایگەیاند كە دەوڵەتی داگیركەری تورك و رژێمی ئێران ریككەوتنە لەسەر ئەوەی بەیەكەوە شەڕی یەپەگە و پەكەكە و پەژاك بكەن.
لەحەفتی ئۆكتوبەری ٢٠٢٣ و لەهێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هەموو نیگاكان لەسەر ئەوە بوون كە دەستی راستەوخۆی رژێمی ئێران لەو هێرشانەدا هەیە. گۆمانەكان زیاتر لەسەر ئەوە بوون كە ئەو هێرشە بەرێنمایی و هاوكاری راستەوخۆی ئێران پێكهاتووە. بەڵام هەر زوو بەرپرسە باڵاكانی ئەو وڵاتە بەلێدوانی فەرمی رایانگەیاند كە ئەوان بێبەرین لەوەی كە دەستیان لەو هێرشانەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلیەكان هەبێت و ئەو چالاكییەی حەماس، بەتەواوەتی چالاكیەكی فەلەستینیی و حەماسییە و لەلایەن خودی سەركردەكانی حەماسەوە بڕیاری لەسەردراوە. بەڵام هێرشێكی وەها و لەكاتێكی ئاوەها هەستیاردا چە قازانج و سودێكی بۆ حەماس تێدا بوو با لەلایكەوە بوەستێت. هەڵگیرساندنی ئەو شەڕ و ململانێیە تا ئێستا بووەتە هۆی كۆشت و بڕی بیست و هەشت هەزار فەلەستینی بێ تاوان. قڕكردنێكی جەستەیی و ماددی و مەعنەوی لەئارادایە و كەسیش بەرپرسیاریەتی ئەو هێرشانە لەئەستۆ ناگرێت. تەنیا ئەوە نەبێت كە كابینەی شەڕ لەئیسرائیل بەپەلە پێكهات و دەستی بەهێرشی پێچەوانە كرد و تا ئێستا ئەو هێرشە بەردەوامی هەیە. هەرچەندە ژمارەی كۆژراو و بریندارەكانی هێزە ئیسرائیلیەكان بۆ رای گشتی ئاشكرا نەكراون، بەڵام بەپێ ئامارە هەرێمی و جیهانیەكان لەو هێرشانە زەرەر و زیانێكی زۆریش بەر ئیسرائیلیەكان كەوتووە. لەكەرتی غەزە ئێدی شوێنێكی ئەمن بۆ ژیان نەماوە.
بڕیاری هێرش كردنە سەر غەزە و گەلی فەلەستین و حەماس بەمەبەستی تۆڵەكردنەوە لەو هێرشانەی حەماس و ئازادكردنی بارمتەكان لەدەست ئەو هێزە و كاردانەوە جیهانی و هەرێمیەكان رۆژبەرۆژ بەرفراوانتر و تۆكمەتر بوون. رژێمی ئێران لەهەردوو سەرەوە دەستی بەسترابوویەوە. هێرشەكە لەناكاو و دوور لەچاوەڕوانیەكان پێكهات. كەس گۆمانی لەوە نەدەكرد كە دەستی دەوڵەتی تورك لەو هێرشانەدا هەبێت. بۆیە هەر لەسەرەتاوە تا ئەم كاتەش دەوڵەتی تورك بەشێوەیەكی تاكتیكیانە و چەواشەكارانە پشتیوانی هێرشەكانی حەماس دەكات و هێرشی مەدیایی دەكاتە سەر ئیسرائیل و چاوەڕوانە كە رژێمی ئێران بێنێتە نێو گۆڕەپانی شەڕەكەوە.
دەوڵەتی داگیركەری تورك باش دەزانێت كە رژێمی ئێران لەپێگە و دۆخێكدا نییە كە بتوانێت راستەوخۆ پشتیوانی لەو هێرشانە و بزوتنەوەی حەماس بكات. هەر بۆیە ئەو خۆ دزینەوەیی ئێران لەمەڕ پشتیوانی راستەوخۆی حەماس لەشەڕی ئیسرائیلدا، نیمچە بێ باوەڕیەك لەریزەكانی حەماس، لەبەرامبەر بە رژێمی ئێران هێنا ئاراوە. بۆیە بەپەلە سەركردەكانی حەماس پەنایان بردە بەر روسیا و داوای هاوكاریان لەروسیا كرد، چۆن حەماس ئێدی بۆی دەركەوتبوو، رژێمی ئێران لەدۆخێكدا نییە راستەوخۆ پشتگیریان لێ بكات. پشتگیری نەكردنی راستەوخۆی رژێمی ئێران لەحەماس، دووبەرەكی لەنێو بەرپرسانی ئەو بزوتنەوەیە دروست كرد. تەنانەت لەنێو ریزەكانی حیزبۆڵڵای لۆبنانیشدا بەهەمانشێوە دوودەستەییان تێدا هاتووەتە ئاراوە، كۆشتنی بەرپرسی حیزبۆڵڵا لەدەمشق لەئەنجامی ئەو دوودەستەییەوە هاتە ئاراوە. ئەوانەی لەبەرەی ئێراندا ماونەتەوە، بەوە تاوانبار دەبن كە دۆخی وڵات دەشێونن و دەبنە سەرئێشە بۆ داهاتووی لۆبنان و فەلەستین و تەنانەت یەمەن و ئێراق و سوریاش. بۆیە هیچ كام لەو گروپانەش ئەدی ئامادە نین راستەوخۆ لەبەرامبەر بە هێزەكانی ئەمریكا بكەونە شەڕ و ناكۆكی و پێكدادانەوە، چونكە دەزانن بەبێ پشتیوانی ئێران، خۆیان بەتەنیا ناتوانن لەبەرامبەر بەهێرشەكانی ئەمریكا بەرگری بكەن و تووشی خەسارێكی زۆر گەورە و تەنانەت بەرەو لەناوچوونیش دەچن. سەركردەكانیان بەرێگەی فرۆكەی بی فرۆكەوان و زانیاری ئیستخباراتی دەكرێنە ئامانج و بنكە و بارەگاكانیان دەكەونە بەر هێرشی فرۆكە شەڕكەرەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل.
بەهەمانشێوە بزوتنەوەی حیزبوڵڵای لۆبنانی بەتەقاندنەوەی چەند مووشەكێك خۆیان لەپێكدادان و ململانێ لەگەڵ ئیسرائیلیەكان بەدوورگرت. چونكە دەزانن ئیسرائیل سوورە لەوەی كە بەهەموو شێوەیەك پەلاماری حیزبۆڵڵای لۆبنانی هاوشێوەی حەماسی فەلەستینی بدات. ئەگەر ململانێیەكانی حیزبۆڵڵا و ئیسرائیل بەر بەهەڵكشان بچێت، پێ دەچێت، ئیسرائیل لەكاردانەوەیەكی هاوچەشنی حەماس و كەرتی غەزە، هێرش بۆ سەر لۆبنان دەست پێ بكات. دەوڵەتی لۆبنان نایەوێت وڵاتەكەی بكەوێتە دۆخی فەلەستینەوە، بۆیە رێگە بەحیزبۆڵڵا نادات. شەڕێكی وەها ماڵوێرانكەر لەگەڵ سوپای ئیسرائیلدا رووبدات.
هێزەكانی ناوخۆی ئێراقیش هەر لەبەرەی مقاومەی ئیسلامی، حەشدی شەعبی، عەسائیبی ئەهل حەق و هێزەكانی بەدر هێزگەلێكن كە سەر بە هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگین كە بەخۆیان حكومەتیان پێكهێناوە. هەر ئەو هێزانەش محەمەد شیاع سودانیان هێناوەتە سەر دەسەڵات. ئەگەر بێت ئەو هێزانە گوێ لەسودانی نەگرن و هێرشەكانیان بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا نەوەستێنن، ئەوا سودانی لەحكومەت دەكشێتەوە و دۆخی ئێراق بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت.
ئەم دۆخە وای كردوە كە لەنێو ئەو هێزانەی لایەنگەری رژێمی ئێرانن، بەشێوەیەك لەشێوەكان دوو دەستەیی بوون بێتە ئاراوە. رژێمی ئێران چە ئەوەی بیەوێت لەو هێرش و پەلامارانەی بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لەناوچەكە هاوكاری ئەو هێزانە بكات، یا خود بێدەنگ بێت لەهەردوو حاڵەتەكەدا زەرەر دەكات. ئەگەر بێدەنگ بێت، ئەو هێزانە ناتوانن بەتەنیا ئیدارەی شەڕ و ناكۆكیەكان بكەن و بۆ درێژمەودا ناتوانن خۆیان لەبەرامبەر بەهێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل رابگرن. ئەگەریش هاوكاری و پشتیوانیەكانی بۆ ئەو هێزانە بەردەوامی پێ بدات، ئەوا راستەوخۆ رژێمی ئێران دەبێتە لایەنێك لەو هیرشانە و دەكەوێتە بەر رەحمەتی هێز و هێرشەكانی ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمانی. بۆیە بۆ رژێمی ئێران باشترە كە بێدەنگ بێت. هەرچەندە ئەوە بەواتای شكاندنی پەڕ و باڵی رژێمی ئێرانە لەدەرەوەی سنورەكانی خۆی و هەرچی بچێت، شەڕەكە بەرەو سنورەكانی ئەو وڵاتە درێژ دەبێتەوە.
ئەوەی لەو هێرشانەدا، قازانج دەكات، دەوڵەتی داگیركەری توركە. دەوڵەتی تورك هەم لەسەر پردی سەراتی وەڵاتانی عەرەبی مانۆر و مناورەی سیاسی دەكات و هەم لەگەل یەهوای ئیسرائیلدا. واتا ئەوەی لەو شەڕانە تا ئەم كاتە قازانج دەكات دەوڵەتی داگیركەری توركە. لەگەڵ ئەوەی لەزۆر بەرەدا ئێران گەماڕۆ دراوە و شەڕ بەرەو قەڵاكەی هەڵدەكێشێت. بەڵام دەوڵەتی داگیركەری تورك بەوانە سۆكنایی نایەت. چونكە بۆ دەوڵەتی تورك و ئەردۆغان هەڵگیرساندنی شەڕ لەگەڵ كوردان وەك ستراتیژی بۆخۆی دەبینێت و هەموو هەوڵیان لەگەڵ سوریا، عێراق و ئێران هەڵگیرساندنی شەڕە لەبەرامبەر بەكوردان.
بانگهێشتی كردنی سەرۆككۆماری ئێران، ئێبراهیم رەئیسی بۆ توركیا و كۆبوونەوەی ئاستانە و سەردانی سەرۆكی میت و ئیستخباراتی تورك بۆ عێراق و سەردانی وەزیری پاراستنی و سەرفەرمانداری گشتی سوپای تورك بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، نیشانەی تەنگەتاوی دەوڵەتی توركە لەبەرامبەر بەبزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان.
دەوڵەتی داگیركەری تورك و ئەردۆغان بەو زەبرانەی لەوەرزی زستاندا تووشی سوپا دۆڕاوەكەی لەهەرێمەكانی زاپ و ئاڤاشین و خۆاكورك و مەتینا بوویەوە. ئۆقرەی لێ بڕاوە و دەیەوێت بەهەر نرخێك بووە، زەبر لەگەریلاكانی ئازادی كوردستان بوەشێنێت. لەبەر ئەوەی جارێكی تر بەشوێن هاوپەیمانی نوێ دەگرێت بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنێكی نوێ لەبەرامبەر بەهێزەكانی گەریلا ئەنجام بدات، هەرچەندە لەوەش ئاگادارە كە بەتەنیا ئەو شەڕەی بۆ ناچێتە سەر، بۆیە بەهەموو شێوەیەك هەوڵدەدات رژێمی ئێران و عیراق و سوریا و پەدەكە بەشداری شەڕێكی نوێ دژ بەگەریلاكانی ئازادی كوردستان بكات. دەوڵەتی تورك سور دەزانێت كە لەهێرشی وەهادا ناتوانێت بگاتە ئامانجەكانی. بەڵام دیارە ئەردۆغان هەموو هەوڵەكانی بۆ راكێشانی ئێران و توركیا و سوریایە بۆ شەڕی كوردان و قڕكردن و تەسفیەكردنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستانە.
دەوڵەتی تورك بەخەیاڵی ساڵانی ٩٧ و ٩٨دەیەوێت ئۆپەراسیۆنی سەر گەریلا بەرێوە بەرێت. نازانێت ئێدی پرسی پەكەكە و رێبەر ئاپۆ و فەلسەفەی ئازادیخوازی ئەو بزوتنەوەیە بەهەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە و لەهاوسەنگی و باڵانسی سیاسی هەرێمەكە و جیهاندا پەكەكە و بزوتنەوەی ئاپۆچی بەتەنیا بووەتە لایەنێكی ئەساسی و بەبێ حیسابكردن بۆ پەكەكە مۆممكن نییە لەهەرێمە و جیهاندا سەقامگیری و ئاسایش بێتە ئاراوە.
هـ . ب