ئەو وانانەی دەبێت لە ئاگرەکانی ئەم دواییەوە فێرببین

لەسایەی سیستەم و هێرشی قڕکەر و تاڵانکەری ئێستەدا، ژیانی گەلی کورد بە هیچ جۆرێک سەلامەت نییە. تاوەکو لەڕووی ئابووری و سیاسی و ئەمنی و هەموو ڕوویەکەوە خۆیان ڕێکخستن نەکەن، خۆبەڕێوەبەری پێش نەخەن، ناتوانن لەم جیهانەدا بژین.

هەرێمی نێوان ناوچەکانی خانا ئەخپەر و شەمرەخ بە ئاشکرا سووتا. زەوی و دارستانەکانی ئەو هەرێمە سووتان و بوون بە خۆڵەمێش. لە ئەنجامی ئاگرەکەدا ١٥ هاوڵاتیمان گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٥٠ کەسیش برینداربوون. هەزاران زیندەوەر سووتان و بوون بە خۆڵ. لە هەموو لایەکەوە زیانی جدی هەیە. ئەو خاکە جوانە ئێستا وەک خەڵوز ڕەش بووە.

ڕاستییەکەی خاکی کوردستان نامۆ نییە بە سوتان. سیستەمی شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورک دەیان ساڵە هەموو هاوینێک دارستانەکان دەسوتێنێت. بەم شێوەیە دەڵێت من دژی گەریلا شەڕ دەکەم. وە ئێستا لە زۆر هەرێمی کوردستان ئاگر کەوتۆتەوە. بێگومان هەموو بۆردوومانەکان دەبنە هۆی ئاگرکەوتنەوە. ئاگرەکەی هەرێمی نێوان خانا ئەخپەر و شەمرەخ بەهۆی بۆردومانەوە نەبووە. بەڵام بە شێوەیەکی هاوشێوە تەلەکانی کارەبا کە ئەمە ٣٥ ساڵە نۆژەن ناکرێنەوە، بوونە هۆکاری ئاگرەکە. بەم شێوەیە هۆکاری ئاگرەکە ئاشکرا بوو: کۆمپانیای DEDAŞ، کە هێڵەکانی کارەبا چاک ناکاتەوە و گەیاندنی کارەبا بە باشی دابین ناکات! هەروەها دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە هیچیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە نەکرد. هەر خۆی چاوەڕێی ئەوە ناکرێت ئەوانەی بوونەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرەکە، بێن و ئاگرەکە بکوژێننەوە.

ئێستاش ئەوە دوو هەفتەیە دیمەنە ترسناکەکانی ئەو ئاگرە بڵاودەکرێنەوە. نرخاندن و وتوێژی هەمەلایەنە لەسەر ئاگرەکە هەیە. بە وردی لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت کە هۆکاری ئاگرەکە چی بووە و بۆچی بە خێرایی نەکوژاوەتەوە. یەک بە یەک بەرپرس و تاوانبارانی ئەم ئاگرە دەردەکەون. هەر خۆی هەموو شتێک بە ڕوونی دیارە. تا ڕادەیەک ناتوانن ڕاستییەکان بشارنەوە و بیگۆڕن. لە ڕاستیدا ئاکەپەییەکان وەک تاوانبار و بەرپرسانی ئەم کارە، بەزۆریی هەوڵی گۆڕین و شێواندنی ڕووداوەکە دەدەن. بەڵام وەک دەوترێت بەری خۆر بە بێژنگ ناگیرێت، هەوڵەکانی ئاکەپەش کاریگەری نابێت.

لەم ڕووەوە، ڕێکخراوەکان و پەرلەمانتار و بەڕێوەبەرانی شارەوانییەکانی دەم پارتی بەرخۆدانی مەزن دەکەن و هەڵوەستە لەسەر ڕووداوەکە دەکەن. لە سەرەتاوە لەگەڵ ئاشکراکردنی ڕووداوەکە، بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و ساڕێژکردنی برینەکانی گەل خەباتێکی گرنگیان ئەنجامدا. هەروەها بە سەفەربەری هێزی گەل، بەشداردەبن لە خەبات. ژن، مناڵ و هەموو کەسێک سەفەربەربوون.

ڕاستی ناتوانین لەبارەیانەوە شتێک بڵێین. سیاسەتی دیموکراتیک و گەل  ئەرکی خۆیان بەجێ گەیاند. بەڵام بەهۆی نەبوونی دەرفەت و کەرەستەی کوژاندنەوەی ئاگرەکە، هەوڵەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە زۆر کاریگەر نەبوون و ئەو زیانانەی کە دەکرا ڕێگرییان لێ بکرایە بەهۆی ئەو هۆکارانەوە ڕێگەیان لێ نەگیرا. دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە لە کاتی پێویستدا دەرفەتەکانی بەردەستیان نەنارد.

هەروەها ئێرە شوێنە کوردستانە، لەژێر داگیرکاری و هێرشی دەوڵەتی تورکدایە. دەوڵەت بە هەموو هێزی خۆیەوە سەفەربەربووە بۆ حیساب بۆ نەکردن و لەناوبردنی ئەو کەسانەی لەسەر ئەم خاکە دەژین. هەوڵدەدات مرۆڤەکان بکوژێت و دیمۆگرافیا بگۆڕێت و قڕکردنی چاندی پێک بهێنێت و دارستانەکان بسووتێنێت و سرووشتی کوردستان تاڵان و وێران بکات. ئا لێرەوە تێدەگەین بۆچی دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەرفەتەکانی بەردەستیان سەفەربەر نەکرد و هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان نەدا. ڕاستییەکەی نابێت مرۆڤ چاوەڕێی شتێکی جیاوازتر لەم دەوڵەت و حکومەتە بکات.

بەکورتی ئاگرەکەی نێوان ئامەد و مێردین جارێکی دیکە بە ڕوونی ستاتۆی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی لەسەر کوردستان نیشان دا. زۆر کەس بەم شێوەیە باسیان لێوە کرد. ئەم ڕەوشە زۆر ڕوونە. لەسایەی سیستەم و هێرشی قڕکەر و تاڵانکەری ئێستەدا، ژیانی گەلی کورد بە هیچ جۆرێک سەلامەت نییە. تاوەکو لەڕووی ئابووری و سیاسی و ئەمنی و هەموو ڕوویەکەوە خۆیان ڕێکخستن نەکەن، خۆبەڕێوەبەری پێش نەخەن، ناتوانن لەم جیهانەدا بژین. ئەمەش دەکرێت لەڕێگەی سیستەمی کۆنفیدراڵی دیموکراتیکی سەر بە خۆسەری دیموکراتیک بە ئاسانی بێتەدی. ئاگرەکە دیسانەوە بەڕوونی دەریخست، خۆسەری دیموکراتیک و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، پێویستییەکی زۆر گرنگە.

دەتوانین ئەمە پەیوەست بە کورد و چارەسەری پرسی کوردەوە، وەک بناغەی وانەیەک پێناسە بکەین. دەتوانین بە شێوەیەکی گشتگیرتر و وردتر ئەم بابەتە دەرببڕین. بێ گومان ئەمەش گرنگە و ئەو وانە ڕاستەقینانەی لێی فێردەبن بۆ هۆشیاری دروستی گەلی کوردستان زۆر گرنگن. بە کورتی ئێمە ئاگاداری ڕەوشەکە و گرنگییەکەی هەین. بەڵام ئەگەر وانەکانی ئاگرەکە تەنها لە کوردستان سنووردار بکەین، چوارچێوەی بابەتەکە کەمێک بەرتەسک دەکەینەوە. ئەگەر ئاگرەکە لە مێردین ڕووی نەدایە، بەڵکو لە ئارتڤین ڕوویدابایە، ئەوکات ڕەوشەکە چۆن دەبوو؟

هەندێک لەو کەسانەی هەڵسەنگاندنیان بۆ ئاگرەکە کرد، وەڵامیان دایەوە: "ئەوکات دەوڵەت هەموو دەرفەتەکانی سەفەربەر دەکرد و ئاگرەکەی دەکوژاندەوە". بێگومان ئەوکات نزیکایەتی دەوڵەت بەرامبەر ئاگری ئارتڤین، جیاواز دەبوو لەوەی مێردین و ئامەد. ئەمە ئاشکرایە. بەڵام دیسان گومان هەیە، ئەم وەڵامە ڕاست نەبێت. چونکە تورکیای گەورە بەم سیستەمە مەرکەزییەوە نابرێت بەڕێوە. بەڵێ لەم سیستەمەی ئێستەدا دەرفەتە مەرکەزییەکان بەکاردەهێنێت، بەڵام لە چواردەوردا ناتوانێت بە هەمان ئاست بەکاریان بهێنێت.

کەوایە، پێویستە چ بکەین؟ پێویستە ئەم سیستەمە مەرکەزییەی ئێستە تێپەڕێنین و کارتێکەریی ئیدارە خۆجێیەکان پێش بخەین. چەندین بواری وەک ئابووری و پەروەردە و ئاسایشی ناوخۆیی و تەندروستی پێویستە بەتایبەتی لە ئاستی ئیدارەی خۆجێیدا ڕێک بخرێن. پێویستە سیستەمی پارێزگایی کە بەتەواوەتی گرێدراوی ناوەندە تێپەڕێنین و سیستەمی ئیدارەی خۆجێی هەڵبژێدردراو پێش بخەین. ئەگەر وانەی لەم جۆرە لە ئاگرەکەی ئامەد و مێردینەوە فێربین، دەتوانین بڵێین، باش لە ڕەوشەکە تێگەیشتووین. واتە تاکە ڕێگەی چارەسەری کێشەکان، بەم شێوەیە ڕێکخستنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکە.

پەیوەست بەمەش، دەمەوێت باس لە ڕەوشی چاوەڕوانییەکان لە دەوڵەت بکەم. هەڵسەنگاندنەکان پەیوەست بە ئاگرەکەی شەمرەخ و خانا ئەخپار بەشێوەیەکی ڕەوا هەردەم پەیوەندیداربوون بە دامەزراوەکان و ئیدارەی دەوڵەتەوە. هەندێکیان ڕاستەوخۆ هۆکاری ئاگرەکە بوون، هەندێکی تریان بەهۆی کەمتەرخەمی لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەوە تاوانی دەوڵەت بوون. بۆیە هەرچی سەبارەت بە DEDAŞ و دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە و دامەزراوەکانی دەوڵەت بگوترێت، هێشتا کەمە.

بەڵام ئایا ڕاستە و ئەوەندە بەسە، ئەم لایەنانە ڕەخنەبکرێن و تاوانبار بکرێن؟ ئایا ئەمە چارەسەر ڕاستی لێ وەدەست دەخرێت؟ بەلای ئێمەوە ئەمە ڕاست نابێت و چارەسەری ڕاستەقینە نابەخشێت. لەوەش زیاتر، ئەم جۆرە نزیکایەتییە هەموو شتێک گرێ دەدات بە دەوڵەتەوە، هەروەها جڤاکی ڕێکخراو دەسڕێتەوە و جڤاکێک دەردەخات کە هەموو چاوەڕوانییەکی لە دەوڵەت هەیە. ئایا ئەم زیهنیەت و نزیکایەتییە ڕاستە؟ بێگومان نەخێر. ئەگەر چاوەڕێی هەموو شتێکیش لە دەوڵەت بکەیت، دەوڵەت بەگوێرەی هیواکانت مامەڵە ناکات، بەڵکو هەر بە دڵی خۆی دەجووڵێتەوە. ئەوکات مافت نییە سکاڵا بکەی.  

بۆیە هەڵسەنگاندنەکانی پەیوەست بە ئاگرەکە هەرچەند ڕاستن، بەڵام بەلای ئێمەوە ڕەوا و پڕبەپێست نین. هەرچەندە ڕوون بوو کە دەوڵەت ئەو کارانە ناکات، بەڵام چاوەڕوانی لە دەوڵەت و گلەیی کردن کاتێک نەیکرد، ئەنجامێکی باش نییە. ئەمە لەگەڵ ڕاستییەکانی وەک جڤاکی دیموکراتیک و گەلی ڕێکخراو و سیاسەتی دیموکراتیک پێک نایەنەوە. بەڵام لەم بابەتەدا پێویستە ئەرک و بەرپرسیارێتی سیاسەتی دیموکراتیک و شارەوانی و دامەزراوە و ڕێکخراوە جڤاکییەکان هەبن. ئەم جۆرە دامەزراوەیانە دەتوانن تا ئاستێک ڕێکخستنی خۆیان پێش بخەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و ئابووری و ئاسایش. بۆ نموونە دەتوانن ڕێکخستنی پەیوەندیدار بەو بوارانە پێکبهێنن. هەروەها دەتوانن تا ڕادەیەکی دیاریکراو کەرەستەی پێویست دابین بکەن. گەر نەتوانن هیچ بکەن، دەتوانن هەموو کەسێک لە گوند و گەڕەکەکاندا پەروەردە و ڕێکخراو بکەن.

بۆ نموونە، ئەگەر لە مێردین و ئامەد، ڕێکخراوبوونی لەم جۆرە و ئامادەکاریی ژێرخانی سەر بەم ڕێکخراوانە هەبووایە، کوژاندنەوەی ئاگرەکە ئەوەندە زەحمەت نەدەبوو. دیسان ئەگەر لە گوند و گەڕەکەکان گەل پەیوەست بەمە پەروەردە بکرایە، دەیزانی لەم ڕەوشەدا چ بکات، ئەوکات دووچار تۆقین نەدەهات و ئەوەندە خۆی بێچارە نەدەبینی. بۆیە نابێت هەردەم بەرپرسیارێتی و تاوانەکە لە شوێنێکی تر ببینن. کەمێکیش لە خۆتان بڕوانن و ئەوکات بەرپرسیارێتی خۆتان جێبەجێ بکەن. هەبوونی ئیدارەی خۆجێی دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستن بەم شێوەیە دێتەدی.

 

سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆڵەتیکا

 

نوێ دەکرێتەوە...