زاگرۆس لانکەی فەلسەفەی «ژن ژیان ئازادیی»ـە و مل بۆ لەشکرکێشیی هیچ دیکتاتۆرێک کەچ ناکات

"ڕژێم ڕقێکی وای لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی «ژن، ژیان، ئازادیی» هەڵگرتووە، تەنانەت چیا و دارستان و ژینگەیش بە هاوپشتی خەڵک دەزانێ و گولـلەبارانی دەکات".

لەگەڵ ڕەنگڕێژبوونی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادیی»ـدا، ڕژێمی ئیسلامیی ئێران توندترین زیانی لە هەموو مێژووی ژیانی سیاسیی خۆیدا لەلایەن گەلی کورد و گەلانی تری ئێرانەوە پێ کەوت، سا بۆیە هاوڕێ لەگەڵ سەرکوتکاریی و ئەشکەنج و سێدارە، ڕژێم هەوڵ دەدات لە سۆنگەی  لەشکرکێشیی و هێرشی سەربازییەوە بەزین و نائومێدیی خۆی داشارێ، ڕژێم دەیەوێ ئەو پەیامە بە گوێی خەڵکی ئێران و جیهاندا بدات، گوایە هیچ شتێک ڕووی نەداوە و ڕژێمی ئیسلامیی هەر ڕژێمە بەهێزەکەی جارانە، ئەمە لە کاتێکدایە ئێستا ڕژێمی ئێران لە گێژەنێکی سەربەگێژدا گێژ دەخوات و لە ناوەوەش لەرزۆک و ڕزۆک بووە.

ڕژێم ڕقێکی وای لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی «ژن، ژیان، ئازادیی» هەڵگرتووە، تەنانەت چیا و دارستان و ژینگەیش بە هاوپشتی خەڵک دەزانێ و گولـلەبارانی دەکات. ئەم زەبروزەنگە نیشانەی حەپەسان و هەڕۆژانی دەروونیی سیستەمەکەیە. لە سیستەمە دیکتاتۆریی و پۆلیسییەکاندا هەرکێ لە بەرەی گەل و هێمای بەرخۆدان بێت، دەبێتە ئامانجی ڕق و توندوتیژیی، ئەوەشی ڕژێمی دژەژن و منداڵکوژ و تاوانبار کۆماری ئیسلامیی ئەنجامی دەدات، لە هەمان چوارچێوەدایە. گەرەکە ڕژێم ئەوە بزانێت، کە بەم لووتبەرزییەی بەرانبەر گەلی کورد و لەشکرکێشیی بۆ چیاکانی زاگرۆس، ئامانجێکی وای پێ ناچنرێتەوە، بە بۆمبا  و هاژەک زایەڵەی مافخوازیی و ناڕەزایی گەل کپ ناکرێت. بە لەشکرکێشیی ئیرادەی دیموکراتیی گەل و هێزەکانی پاراستنی «ژن، ژیان، ئازادیی» پێ نابەزێنرێت.

زاگرۆس لانکەی فەلسەفەی «ژن ژیان ئازادیی»ـیە، بە درێژایی مێژووە شکۆدارەکەشی هەر ئاوا لەسەرپێ و نەبەزێنراو بووە، ئەمڕۆش مەڵبەندی بەرخۆدان و دیموکراسییخوازیی و ئازادییخوازیی کورد و گەلانی ئێرانە بە گشتیی، سێدارە و  ئەشکەنجە و کوشتار نەیتوانیوە و ناتوانێت بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی «ژن ژیان ئازادیی» بسڕێتەوە، گەلی ئێران هەر ڕۆژە و بە ڕێ و ڕێبازێک ناڕەزایی خۆی بەرانبەر سیاسەتە دڕندانەکەی دەنوێنێت. بە هەمان ڕەنگیش لەشکرکێشیی و هێرش بۆ سەر هێزە بەرخۆدێرەکانی کورد هیچ سوودێکی بۆ ڕژێم لە هەگبەدا نییە. «ژن ژیان ئازادیی» ڤەژینی بەرخۆدانی زاگرۆس و سەرکەوتنی هەقیقەت و ئازادییە، ئەم سەرکەوتنە لە دیرۆکی کورد و ئێراندا تۆمار دەکرێت.

*ڕێوار ئابدانان- ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان [کەجەکە]

سەرچاوە: تریبون زمانە

هـ . ب