ژن ژیان ئازادی وەک بزاڤێکی شۆڕشگێڕی

ژن ژیان ئازادی لە رێگای بە هێز کردنی رۆڵی پەراوێزەکان و هەڵتەکاندنی ناوەندەکانی دەسەڵات دەتوانێت دەرگا بۆ دیالۆگ بکاتەوە. لە دووهەمین ساڵوەگەڕیدا گرنگە پێشەنگانی شۆڕشەکە بە گەڕانەوە بۆ ئامانجەکان خەسارناسییەکی ورد بکرێت.

خوێندنەوەی بزاڤی شۆڕشگێڕی ژن ژیان ئازادی لە روانگەی کۆمەڵناسی و خەسارناسی ئەوە شۆڕش هەروەها خاڵە پۆزێتیڤەکانی و هۆکارەکانی بە لاڕێدا چوونی دەتوانێت دەروازەیێک بێت بۆ وەرچەرخانێکی گەورە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێری ئەم سەدەیە. وەک دەزانین دوای شۆڕشی ١٩٦٨ی فەرانسە زۆر کەم ئێمە لەگەڵ رەوت یان بزاڤێکی شۆڕشگێڕی پێشکەوتنخوازانەدا رووبەروو بووین. بە جۆرێک کە هێزی ئەوەی هەبێت روانگەی مرۆڤی ئەمڕۆی سەبارەت بە چەمکەکان بگۆڕێت. دوای شۆڕشی ساڵی ٥٧ی هەتاوی لە ئێران کە وەکوو شۆڕشی گەلان دەناسرێت و دواتر بەلاڕێدا برا چەمک و جیهان بینی ئێمە سەبارەت بە بزاڤە ئێسلامیەکان گۆڕانکاری بە سەردا هات، بەڵام ئەم گۆڕانکاریە هەنگاوێک بەرەو پێشەوە نەبوو، بە پێچەوانەوە گەڕانەوەیێکی نۆستالۆژیێکی بوو بۆ چەند سەدە پێشتر کە بە رەنگ و رووتووشێکی نوێوە هەوڵی ئەدا خۆی وەکوو بزاڤێکی مۆدێڕن بە جیهان نیشان بدات. دەتوانین بڵێین بزاڤی شۆڕشگێڕی ژن ژیان ئازادی لەم سەدەیە تاکە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیە کە دەستێوەردانی چەمکەکانی کردووە و توانیویەتی جیهانبینی مرۆڤی سەردەم بۆ جیهان بگۆڕێت. بە پێچەوانەی ئەو کەسانەی کە پێیان وابوو ئەمە تەنیا گۆڕانێکی سیاسیە لە دەسەڵات و هەر کەسە بەشوێن بەشە کێکی خۆی لە نێو دەسەڵات کەوتبوو، کاریگەریەکانی لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێراندا نەمایەوە و باڵی کێشا بۆ بزاڤێکی جیهانی. ئەگەر لە پارلمانی ئەرووپا ئەم درووشمە بەرزکرایەوە تەنیا هاوسۆزی بۆ ژنانی ئێران نەبوو، وەک خۆیشیان ئاماژەیان پێکرد سەرەتای دەسپێکردنی بەرهەڵەستکاریێک بوو دژی ئەو هەڵاوردنەی ژن کە تاکوو ئێستا لە ژێر پەردە رووتووش کراوەکەی فەمێنیستی بۆرژوازیدا شاردرابوویەوە. ئەم بزاڤە ئاشکرای کرد کە بەشدار بوونی ژنان لە نێو ئەو فۆرمانەی کە سیستەمی سەرمایەداری دایمەزراندوون سڕینەوەی ژنە لە نێوە هزرێکی پیاوانەدا. وەک جارلز هۆرتن کوولی کۆمەڵناس لە تئۆری بە ناوی لە ئاوێنەی ئەوانی دیکەوە خۆت دیتنەوە و خۆناسین ئاماژەی پێدەکات، ژنان لە ئاوێنەی پیاوانەوە سەیری خۆیان دەکەن ئەمەش وەها دەکات ئەم بەشدار بوونەی ژنان لە کایەکانی کۆمەڵگە بەشدار بوونی ژنان لە سەر هەستی ژنانەیان نەبێت. بە پێچەوانەوە دوای ئەوە کە هەستەکانیان دەبێتە هەستێکی پیاوانە دەرفەتی بەشدار بوونیان لەو سیستەمە پێ دەدرێت. ئەمەی بە مانای بەشداربوونێکی رووتی رەگەزی دێت.

بەرهەڵستکاری بزاڤی ژن ژیان ئازادی بە شێوەیێکی رادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە دژی ئەو بیرکردنەوەیە و بە واتای گۆڕانکاریێکی قووڵی هزری دێت کە توانای بەربەرەکانێ دژی هزری پیاوانەی هەیە.  ئەمەش وای کرد شۆڕشی ژن ژیان ئازادی نازناوی رابوون دژی کوێلەداری پیاوسالار بە خۆیەوە بگرێت، هەڵتەکاندنی یەکەم خشتەکانی ئەو کۆشکەیە کە بە ناوی دەسەڵات و یاسا و شەریعەت دروست کراوە.

پەلکێشانی شۆڕش بۆ ناو ژنانی ئەفغانستان هەر وەها هەڵدانی درووشمی ژن ژیان ئازادی لە هندستان پیشاندەری ئاستی پێداویستی جیهانی ئەمڕۆیە بە شۆڕشێک لە سەر بنەمای ئازادی ژن. هیچ لە بابەتەکە ناگۆرێت ئەگەر بیشزانین پەیوەنیێکی رێخستنی نێوان ئەو ژنانەی لە هندستان ئەو درووشمەیان هەڵگرتووە لەگەڵ ژنانی شۆڕشگێر لە ئێراندا هەیە یان نە؟ بە هەمان شێواز کە پرس لە داخوازی ئازادی بابەتێکی جیهانی و گەردوونیە، پرسی ژنانیش بابەتێکی گەردوونیە.

ئێمە ئێستا لە دووهەمین ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیداین کە دوای قەتڵی دەوڵەتی، ژینا ئەمینی لە گۆڕستانی ئایچی سەقز دەستی پێکرد و شەپۆلەکانی هەموو ئێرانی تەنیەوە. هەرچەند پێناسەی شۆڕشیش پێناسەیەکی لەجێدا بێت. بە روانگەیەکی دیکەش دەتوانین ئەمە بە بزاڤێکی شۆڕشگێڕی کۆمەڵایەتی ناو بکەین کە ژنان پێشەنگایەتیان دەکرد. بۆیە من قوورسایی زیاتر دەخەمە سەر بزاڤ یان بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی. هۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ جیاوازی لە جیهانبنیەکان. گەر بمانهەوێ خەسارناسی ئەم بزاڤە بکەین دەبێ لەپێناسەکردنی بابەتەکەوە دەستپێ بکەین. ئەو دەستەو گرووپەی کە تەنیا وەکوو رابوون یان شۆڕشێکی سیاسی سەیریان دەکرد چاوەڕوانی گۆڕانکاریێکی خێرا بوون لە نێو داموو دەزگا سیاسیەکاندا، بەلایانەوە گرنگ نەبوو کە ناوڕۆکی شۆڕشەکە چۆن دەبێ. ئەم تێروانیەن سادەیە وای کرد بزاڤی ژن ژیان ئازادی زۆرتر لەوەی بەرەو گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ئاراستە بکرێت بەرەو ناسیۆنالیزمی رادیکاڵ کە زۆر جاریش رەنگی راسیسمی بەخۆیەوە دەگرت هان بدرێت. تەنانەت وای لێهات لە نێوان ژن ژیان ئازادی و زن زندگی ازادی بە شوێن جیاوازیە رواڵەتیەکاندا وێڵ بن نەک جیاوازی ناوەڕۆک. تەنانەت ئەوانەیش هەڵگری فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی بوون کەوتنە نێو هەمان داوە. زۆرجار دەمبینی کە زن زندگی ازادی زۆر لەگەڵ ناوەڕۆکی فەلسەفی درووشمەکەدا هاوتەریبە تاکوو درووشمە کوردیەکەی کە لە لایەن بەرەی کوردیەتیەوە بەرز دەکرایەوە.

بە پێ ئەو پێناسەیەی کە لە بزاڤ دەکرێت، هەر بزاڤێکی کۆمەڵایەتی خاوەن سێ بنەمای سەرەکیە:

  • یەکەم خاوەن ناسنامەی تایبەت بە خۆیەتی.
  • دووهەم بزاڤێکی کۆمەڵایەتی لە بەردەم ئاستەنگی گەلێکدایەو شەڕ دەکات و لە دژبەریێکی بەردەوامدایە.
  • سێهەم بزاڤگەلی کۆمەڵایەتی خاوەن ئێدە و فەلسەفەیێکین کە ئاستێکی گشتگیریان هەیە و توانای ئەوەیان هەیە کاریگەری هزری بکەنە سەر بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە، لە هەمان کاتدا هەڵگری ئەرزشگەلێکی وەکوو ئازادی ویەکسانی و ... کە ئەمانە ئەرزشگەلێکن لە ئاستی جیهان و ئەو گەردوونەی کە تێدا ژیان دەکەین.

لە سەر ئەم بنەماگەلە ژن ژیان ئازادی بزاڤێکی کۆمەڵایەتی مودێڕنە کە خاوەن ناسنامەی تایبەتی خۆیەتی، ئەگەر چی ئامانجی پێشخستنی شۆڕشێک لە سەر بنەمای ئازادی ژنە بەڵام بە پێچەوانەی ئەو هێز و لایەنانەی کە هەوڵ ئەدەن لە بازنەیێک جنسیدا قەتیسی بکەنەوە و وەکوو بزاڤێکی فێمێنیستی بیناسێنن. بزاڤی شۆڕشگێڕانەی ژن ژیان ئازادی تەنیا ژنان بە هەند وەرناگرێ. ئەو بەشانەی کۆمەڵگە کە پەراوێز خراون و دەسەڵاتی دەوڵەتگەرایی وەکوو ئۆبژە مامەڵەیان لەگەڵ دەکات خۆیان لە نێو بزاڤی ژن ژیان ئازادیدا دەبیننەوە. بزاڤێکی فەرا رەگەزی، فەرا نەتەوەیی و فەرا ئایینی و ... ئەم تایبەتمەندیە بووەتە هۆکار تاکوو ژنان، جەوانان، گەلانی پەراوێز خراو وەکوو کورد و بەلووچ و عەرەب و ئازاەری و گیلەک و ... هەر وەها ئەو باوەڕی و مەزهەبانەی کە لە چوارچێوەی دەسەڵات وەکوو ئەوی دیکە سەیر دەکران خۆیان لە نێو ئەم بزاڤە ببینەوە و ببنە بەشێک لە بزاڤی شۆڕشگێری. بە وتەیێکی دیکە بزاڤی ژن ژیان ئازادی شۆڕشی پەراوێز خرواەکانی کۆمەڵگەیە.

لە هەمان کاتدا بزاڤی ژن ژیان ئازادی ئامانجی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیە، دەتوانین بڵێین ئەم تایبەتمەندیە وای کردووە ئەو بزاڤە لەگەل بزاڤەکانی پێش لە خۆی جیاواز بێت. دەستێوەردانێکی هەمەلایەنەیە لەو سیستەمە کۆمەڵایەتیە بە هەموو سازیەکەنی خۆیەوە چە وەکوو کارووباری ئیداری و دەوڵەت بوون، چە وەکوو سیستمی باوەڕی و ئەو تێگەیشتنە باوەی کە دەسەڵات سەبارەت بە دین درووستی کردوون و دوای چەن هەزار ساڵ گۆش کردنی کۆمەڵگە لە سەر ئەو بیر و باوەڕانە بووەتە بەشێک لە داب و نەریەتی کۆمەڵایەتی و وەکوو یاسای ئاسمانی و نەگۆڕیان لێهاتووە. لە یەک پێناسەی بچووکدا ئەمە بوومەلەرزەیێکی کۆمەڵایەتیە دژی هزری تەک لایەنەی پیاوسالاری کە بە دەوڵەت بووە و هەموو جمگەکانی ژیان کۆمەڵایەتی لە ئەدەبیاتەوە بگرە تاکوو باوەڕی و ئەرتەش و چۆنیەتی ئیدارەدانی کۆمەڵگەی تەنیوەتەوە. دژایەتی لەگەڵ  ئەم زهنیەتە بە واتای هەڵتەکاندنی سیستەمێکی چەند هەزارساڵەی پیاوسالاری دێت، بۆیە دوژمنانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی تەنیا ئەو کەسانە نین کە دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەتیان لە ئەستۆ گرتوو، بەڵکوو هەموو ئەو گرووپ و تاقم و دام و دەزگا و کەسایەتیانە دەگرێتەوە کە نایان هەوێ لەو چوار هزریەدا گۆڕانکاری بکرێت. دەتوانین بڵێین ئاستەنگی گەورە لە بەردەم بزاڤی شۆڕشگێڕی ژن ژیان ئازادی دەگەڕێتەوە بۆ هەمان بەشانەی کە لە دەرەوەی دەسەڵات جێگایان گرتووە و دەیان هەوێ ئەم بزاڤە وەکوو ئامێرێک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات بە کار بێنن. ئێمە بنیمان نەتەوە پەرەستەکان چە لە نێوە بەرەی کوردایەتیدا و چە لە نێو ئێرانشاریەکان چۆن هەوڵیاندا شەپۆلی نارەزایەتی گەل بۆ بەرژوەندی کاتی و لە پێناو دەسخستنی دەسەڵاتی سیاسی بەکار بهێنن. تایبەتمەندی بزاڤی شۆڕشگێڕی بەشداری کارای کۆمەڵگەیە لەو کەتوار( کنش)ە.  بۆ ئەم بابەتەش پەیوەندی نێوان پێشەنگانی بزاڤ و کۆمەڵگە لە سەر بنەمای خۆشەویستی دروست دەبێت. لە واتا کۆمەڵناسیەکەی خۆیدا شێوازێک لە هاودڵی و لەیەک تێگەیشتنە کە کاریگەری دەروونی دروست دەکات لە نێوان رێبەران و پێشەنگانی شۆڕش و کۆمەڵگە یان ئەو کەسانەی کە لە گۆڕەپانەکەدا بەشدار دەبن. هاودڵی کاتێک پێک دێت کە لە نێوان گۆتار و هەڵسووکەوتی تاکەکاندا هاوسانیێک دروست بووبێت. دەتوانین بڵێین لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی کە وەکوو خەسارناسی دەبێ لە سەری راوەستە بکرێت،  ئەم خاڵە لاواز بوو. زۆرێک لەو لایەنە سیاسیانەی کە بەشداری شۆڕش بوون هەتا دوایی ئەدەبیاتی رەگەزپەرەستی و راسیسمایان بەکار هێناو ئێستاش بە هەمان ئەدەبیات دەدوێن.

وەک دەزانین جیاوازی ئەم بزاڤە لەگەڵ بزاڤەکانی دیکە دەستێوەردانی رۆژانەیە لە سەر ژیان و داب و نەریەتەکان وئەو زهنیەتە کە لە سەر بنەمای پیاوسالاری شێوەی گرتووەو و بووتە فۆرمێکی کۆمەڵایەتی، لە هەمان کاتدا ئەم فۆرمە بە رێگەی دەوڵەت بووەتە هێزێکی چەوسێنەری کۆمەڵگە. نابێ لە بیر کەین تێگەیشتنی دەوڵەت بۆ ئیدارەدانی کۆمەڵگە لە ئۆبژە کردن یان زەعیفە کردنی کۆمەڵگەوە سەرچاوە دەگرێت. کاتێک سەیری کۆمەڵگەیش دەکەین کە ئەیهەوێ دژی دەسەڵات شەڕ بکات و لە شێوازی ئیدارەدانی ناڕازییە، خۆیشی لە ماڵ و لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی هەمان روانگەی سەبارەت بە ژن هەیە، بە چاوی زەعیفە سەیری دەکات. ئەم بزاڤە هەڵسانەوە کۆمەڵایەتیە کە سەرەتا لە کەسایەتی ژندا دواییش لە کەسایەتی کۆمەڵگەدا هەڵسانەوەیێکە  بۆ بە گژدا چوونی ئەو دەسەڵاتە کە رووبەروەکەی خۆی دەخاتە ئاستی ئۆبژە بوونەوەوە. لێرە گرنگ نیە کە ئایا ئەوە دەوڵەتە کە لە سەر شەقام کۆمەڵگە وەکوو ئۆبژە سەیر دەکات، یان پیاوە  لە نێو ماڵدا زەخت لە سەر ژن دەکات، هەروەها خاوەنکارە و لە نێو کارگەیێکدا هەمان شێواز بەسەر کرێکاراندا دەسەپێنێت. هەموو هەڵگری یەک بیرکردنەوەیە کە ئەویش بە ئۆبژە کردنە. تا ئەو کاتەی تێکۆشان دژی ئەم شێوە لە بیرکردنەوەیە نەبێتە هەڵوێستی کۆمەڵایەتی و دژی راوەستە نەکرێت بزاڤە کۆمەڵایەتیەکانیش سەرکەوتن بە دەست ناخەن.

تووندو تیژی دژی ژنان لە سەر ناوی نامووس رۆژانە بەردەوام دەکات، پشتیوانی دەسەڵات لە تاوانباران وا دەکات ئەم دیاردەیە نە تەنیا کەم نابێتەوە بە پێچەوانەوە بەرفراونتر ببێتەوە. ئێمە دەزانین کە دەسەڵات خۆی بەشێکە لە تاوان دژی ژنان، هەر وەها رۆژانە هەواڵی کوشتنی ژنان یان خۆ سووتاندنی ژنان دەکەوێتە بەر گوێمان. بەڵام پرسەکە ئەوەیە بۆ دژی ئەم کردەوانە بەرهەڵستکاری کۆمەڵایەتی دروست نابێت؟ ئەگەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان سەیر بکەین ئاستی دروست کردنی ئەو کلیپ و گرتە ویدئۆیانە کە سەبارەت بە ژانری نامووسی دروست دەبن، پەرەیان سەندووەو لە ئاستی ترندان. بۆ نمونە ئەو گرتە ویدئۆیانەی کە هەوڵ ئەدەن بە هەمان تێگەیشتنی کلاسیک بۆ ژن و ناموس، کۆنترۆڵ کردنی ژن لە لایەن هاوژینەکەی و برای یان بابی و... وەکوو غیرەتی پیاوەتی نیشان بدات. ئەگەر ئەم گرتە ویدئۆیانە دەبنە ترێند بە واتای کارەساتی کۆمەلایەتی دێت و نیشان دەدات کۆمەڵگە نەیتوانیوە خۆی لە چوارچێوەی ئەو تێگەیشتنە کە  دەسەڵات بۆ ناموس هەیەتی تێپەڕ بکات.

وەک دەزانین هەر بزاڤێکی کۆمەڵاتی شۆڕشگێڕ خاوەن فەلسەفە و بنەما هزریەکانی خۆیەتی، سرووشتی بزاڤی کۆمەڵایەتی دەستێوەردانیێکی بەرفراوانە لە جیهان بینی و ئەو نرخانەی کە تاکوو ئێستا لە نێوە کۆمەڵگەدا کەڵەکە بوون. بزاڤی شۆڕشگێڕی ژن ژیان ئازادی لە سەر کۆمەڵێک چەمک و تێوری تایبەت بە خۆی راوەستاوە کە زیاتر لە نیو سەدەیە و بە پێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ و کاریان لە سەر دەکرێت و لە مەیدانی پراتیکیدا کەوتوونەتە بەر چەکووشکاری رەخنەیی  و ئێستاش لە چوارچێوەی زانستی ژنۆلۆژی وەکوو پارادایمی ئێکۆلۆژیک- دیمۆکراتیک لە سەر بنەمای ئازادی ژن گەڵاڵە بوون. هەوڵدان بۆ سڕینەوەی بنەما هزریەکانی شۆڕش، یەکەم هەنگاوەکانی بەلارێدا بردنی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بوون.

هەر بزاڤێک ئامانج و جیهان بینی خۆی هەیە و دەزنێت دژی چی شەڕ دەکات و چی بۆنیاد دەنێت. بۆ نموونە شۆرشی بۆرژوازی فەرانسا لە ساڵی ١٧٨٩ تاکوو ١٧٩٩ بووە سەرەتای گۆڕانکاری گەورە لە ئاستی جیهان.  بە درووشمی ئازادی، یەکسانی و برایەتی بنەماکانی دەسەڵاتی پاشایەتی هەڵتەکاند. قات و قڕی و پەرە سەندنی نەخۆشی و بەرز بونەوەی رادەی مردن بەراورد بە رابردوو، هەروەها رقی گەل لە دەسەڵاتی رەهای پاشایەتی، رقی گووندنیشنان  و کرێکاران لە دەرەبەگایەتی، تووێەبوونی خەڵکی لەو پێگە تایبەتەی کە درابوو بە پیاوانی ئایینی و... هەوێنی شۆڕشی فەرانسا بوون، بەم جۆرە کۆمەڵگە دەیزانی چی دەوێت و چە سیستەمێک دەبێتە جێگرەوە. ئەم بابەتە بۆ هەموو شۆڕشەکان پرسێکی هاوبەشە کە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمەی کە ئێستا هەیە چی دەبێتە جێگرەوە. ئەگەر پێشتر لە فەرانسا لە سەر بنەمای دەرەبەگایەتی و ئەرباب و رەعیەتی  بەێێوە دەچوو، دوای شۆڕش شارنشینی و چینی بۆرژوازی پەرەی سەند و فۆرمی بەرێوەبەری لە فئۆدالی گۆڕا بۆ فۆرمی بە دەوڵەت بوون و هەوێنی یەکیەتی کۆمەڵگە لە خێڵ گۆڕدرا بۆ یەکیەتی زمانی و هاوشاری بوون، کە دواتر لە چوارچێوەی یاسا کرا بە نەتەوە، بە واتای ئەو کۆمەڵگەیە کە خاوەن رێوەبەری دەوڵەتیە. لە سەرەتادا مژاری زمان زۆر گرنگ نەبوو پێکهاتەی دەوڵەت لە سەر بنەمای شوێنی نیشتەجێ بوون و بازاری  خۆی رێکخستبوو. بەڵام دواتر دانیشتوانی شار هەوڵیاندا زمان و کلتوری خۆیان وەکوو زمان و کلتووری باڵا بە سەر دەزگا فەرمیەکانی دەوڵەت زاڵ بکەن و بیکەنە بابەتێکی ستاندار و گشتگیر بە جۆرێک بە سەر هەموانا فەرزی بکەن.

لە شۆڕشی ١٧ی ئۆکتۆبر کە بووە هۆی هەڵوەشانەوەی رژێمی تزرای لە روسیە و سیستەمی سۆسیالیستی سۆڤیەت(اتحاد جماهیر شوروی) دامەزرا. ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سۆسیالیستی بوو لە سەر بنەمای چینی پرۆلتاریا و دیکتاتۆری پرۆلتاریا، ئەوان لەو باوەڕەدا بوون ئەگەر پڕۆلتاریا وەکوو چینی بندەستی کۆمەڵگە ببێتە خاوەنی دەسەڵات، دەتوانێت ئازادی و یەکسانی دەستەبەر بکات. لە سەر ئەم بنەمایە بە پێشەنگایەتی حیزبی بۆلشویک و لە کەسایەتی لنین بزاڤی شۆڕشگێری هەموو روسیەی لە خۆ گرت و توانی بگات بە دەسەڵات.

سەبارەت بە بزاڤە ناسیۆنالیستەکان و بزاڤە دینیەکان بەهەمان شێوازە، ئامانج لەو تێکۆشانە ئەوەیە گرووپێک لە دەسەڵات لابرێت و گرووپێکی دیکە دەسەڵات بگرنە دەست. لێرەدا بۆ ئەوانەی کە دەبنە بەشێک لە شەپۆلەکانی شۆڕش بەرچاو روونیێک هەیە:

  • ژن ژیان ئازادی بنەمایێکی فەلسەفی و هزری هەیە کە زۆرێک لەو لایەنانەی دەیانهەوێ ببنە بەشێیک لەو بزاڤە نکۆڵی لێ دەکەن و تێگەیشتن لەم بزاڤە جیاوازن.
  • ئەم بزاڤە لە سەر بنەمای داکۆکی کردن لە ژنانە وەکوو یەکەم هەنگاوەکانی  بە کوێلە کردنی کۆمەڵگە راوەستە دەکات.
  •  دروست کردنی ناوەند و پەراوێز سەرەتای چەوسانەوەیە. لەو کاتەوە کە بەشێک لە کۆمەڵگە یان گەردوون وەکوو باشتر لە ئەوانی دیکە پێناسە دەکرێت؛ مرۆڤ باڵاترە لە ئاژەڵەکانی دیکە، پیاو باڵاترە لە ژن و... 
  • نەتەوەی باڵا، مەزهەبی و ئایینی باڵا و ...

زۆر بابەتی دیکە هەن کە بوونەتە هۆی گرفت لە ئاست کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەی سرووشتی. کاتێک ئێمە باس لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی وەکوو بزاڤێکی رادیکاڵی کۆمەڵایەتی ئەکەین، مەبەست گۆڕانکایە لە پارامترەکانی دەسەڵاتە. تێپەڕ بوون لە هزری ناوەندگەرایی بە هەموو شێوازەکانی خۆی، هەمان کات تێپەر بوونە لە بیرۆکەی پیاوسالاری کە لە درێژایی چەند هەزارساڵ مێژووی بە دەوڵەت بوون بە سەر کۆمەڵگەدا زاڵی بووە و ئێستا ئێمە لە گەڵ فۆرمێکی کۆمەڵایەتی رووبەڕووین کە رەوایی دەدات بە باڵا بوونی پیاو بە سەر ژندا، لە هەمان کات باڵا بوونی مرۆڤ بە سەر گەردوون. ئەم ناوەندگەراییە پێداگری لە رەوتێکی مۆنۆلۆگی دەکات و پێش بە دیالۆگ دەگرێت. بەجۆرێک کە ئەو رەوتەی لە ناوەند جێگای گرتووە و بووتە دەسەڵات وەکوو کوێلە سەیری ئەوی دیکە دەکات. ئەمڕۆ مرۆڤ شانازی بەوە دەکات کە توانیویەتی سەردەمی کوێلایەتی تێپەڕێنێ هەست بە ئازادی خۆی دەکات، بەڵام لەهەموو سەردەمێک زۆرتر بووەتە کوێلەی ناوەندەکانی دەسەڵات، بە حۆکمی ئەوەی کە ئەمرۆ هەموو نرخەکانی مرۆڤایەتی بە کاڵا کراون ئێمە لەگەڵ دیاردەی بەدەسەڵاتی پارەداین. لە کوێ پارە هەبێت هێز لەوێیە و رۆڵی ئەربابی سەردەم دەبینێ و کۆمەڵگە لە رێگەی ناوەندەکانی تینک تانک بەڕێوە دەچێت.

لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئەو بابەتەی کە دەبێ لێ تێبگەین چۆنیەتی هەڵوەشاندنەوەی مۆعادیلەی ناوەند پەراوێزە، لەم بوارەدا وەکوو پێویست کاری لە سەر نەکراوە، ئەمەش وەها دەکات شۆڕش وەکوو دەخوازرێت نەتوانێت بگات بە ئامانجەکانی. لە رێگای بە هێز کردنی رۆڵی پەراوێزەکان و هەڵتەکاندنی ناوەندەکانی دەسەڵات دەتوانێت دەرگا بۆ دیالۆگ بکاتەوە و لە کەشی مۆنۆلۆگ رزگارمان بێت. لە دووهەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی گرنگە پێشەنگانی ئەم بزاڤە لە سەر شێوازی بەرێخستن کردنی و گەڕانەوە بۆ بنەما ئامانجەکانی خەسارناسیێکی ورد بکرێت.