ژنێک بە ئەندازەی باڵای بڵندی تێکۆشان

وەک هاوخەباتێکی پیاو دەبێت دان بەوەدا بنێم، کە نووسین لەبارەی هاوخەباتانی ژنەوە کارێکی زۆر دژوارە.

وەک هاوخەباتێکی پیاو دەبێت دان بەوەدا بنێم، کە نووسین لەبارەی هاوخەباتانی ژنەوە کارێکی زۆر دژوارە. ئەو تێکۆشەرانە، کە لە سەنگەری ئازادی لە پێناو ڕزگاری لە سیستمی پیاوسالاری دا ئامادە بوون، لێبڕاون و ئامادەی هەموو جۆرە فیداکارییەکن. تێکۆشان لە بەرامبەر عەقڵیەتێک، کە ئێمە خۆمان وەک پیاو بەشێک لەو گرفت و ئازارە وێنانەکراوەین، کە ڕۆژانە بەرامبەر بە ژنان بە ڕەوا دەزانرێت و دەسەپێنرێت. گەر ئێستا ئەم نووسینە لە بارەی کەسایەتییەکی تێکۆشەری وەک شەهید سارا (هەڤاڵ ساکینە جانسز) تێکۆشەرێکی ماندونەناسی نەسرەوتوو لە پێناو کۆتایهێنان بەم عەقڵییەت دا بێت، پێویستی بە بوێریی زۆر هەیە. ئەوەی ورە بە مرۆڤ دەبەخشێت تاوەکو چەند وشەگەلێک بە قەسیدەی ئەم پەڕە سیپییە بنەخشێنێت، پێویستییەک بۆ ڕەخنەگرتن لە خۆ لە بەرامبەر پێگەی باڵای ژن و بیانویەک لە پێناو دووبارە پێناسەکردنەوەی پیاو و ژنێک دا، کە لە ژێر سێبەری عەقڵیەتی پیاوسالاریدا و بە پشتیوانیی ئایدۆلۆژیی خۆسەپێنی قۆرغکار، ژیانیان کردووە بە دۆزەخی سەر زەوی. تێکۆشانێکی دژواری بێ هاوتا و تاقەت پڕوکێنە بۆ لە دایکبوونی مرۆڤی نوێ، نوێبوونێک بەدوور لە عەقڵیەتی رەگەزگەرایی.

بێگومان شەهید سارا هێمانی ڕاستەقینەی ئەم تێکۆشانەیە، کە لە بەستێنی پەکەکە و بە رێنموێنییەکانی رێبەر ئاپۆ بۆ ئەم ئافراندنە  تێکۆشانی کردووە و هاوخەبات بوون لەگەڵ ئەم کەسایەتییەدا شکۆیەکی وەسفنەکراو بە مرۆڤ دەبەخشێت.

لە لە دۆخی زاڵ و باودا، گوێکان و چاوەکان ئیدی توانای بەرگەگرتنی هاوار و قیژە و ئەو برینانەیان نییە، کە لەسەر دەموچاوی مێهربانی ئەم ژنانەدا شکڵی گرتووە. هەموو رۆژێک دەبینە شاهیدی تاوانگەلێک، کە بە بیانوی بێ بنەما لەلایەن عەقڵیەتی پیاوسالارەوە بەسەر ژناندا دەسەپێنرێت. ئەمە سەرباری ئەو هەموو نامێهرەبانی و گوشارانەیە، کە بە شێوەی شاراوە و بە دوور لە چاوی شایەتحاڵەکان بەسەر ژناندا دەسەپێنرێت. لەگەڵ خودی گشتاندن و جێکردنەوەی خۆت لە پێگەی ژنێکدا و بینینی ئەو هەموو تاوانە، کە بەرامبەری ئەنجام دەدرێت، ڕەنگە بکرێت تا ڕادەیەک هەست بەو ستەم و زوڵمە بکرێت. تا ئەو کاتەی وەک پیاوێک  خۆمان لە شوێنی ئەودا دانەنێین و خۆگشتاندنمان بە ڕادەی ژنانەوە نەبێت و لە گۆشەنیگای ژنەوە سەیری ئەو تاوانانە نەکەین، ناتوانین لە قوڵایی ئەو دڕەندەییە ئاگادار ببینەوە و بێگومان ناکرێت لە ئامانجەکانی شەهید ساکینە جانسز بۆ ناونانی کتێبەکەی بە ناونیشانی "ژیانم هەمووی شەڕ بوو" تێبگەین. 

بیرەوەریەکانی شێوازە ڕوونەکانی ڕەوتی گۆڕانکاری و تێکۆشانی شەهید ساکینە و هەستکردن بە ڕاستییەکان و بەرکەوتنی لەگەڵیاندا، کە لە ریزەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی پەکەکە بە ناوی پارادایمی "ئیکۆلۆژیک – دیموکراتیک لەسەر بنەمای ئازادیی ژن"دا بووە،  سات بە سات تیادا ژیاوە. بە ڕوونی هەوڵی ماندونەناسانەی ئەم ژنە تێکۆشەرە دەبینین، کە لە پێناو گەیاندنی "بزووتنەوەی ئازادی" بەم قۆناغەی ئێستا، چۆن کوێرە ڕێگاکانی ئازادیی ژنی بڕیوە. ژیانی لێوانلێوە لە تێکۆشانی تاقەتپڕوکێن لە بەرامبەر دوژمنانی ناوخۆیی و دەرەکی. بێگومان زۆرترین و دژوارترین بەشی تێکۆشان بووە لە بەرامبەر عەقڵییەتی پیاوسالار دا، کە هاوکات پێکەوە لە یەک سەنگەردا بوون و ئێستا پێویستە بۆ پاککردنەوەی ژەنگی دواکەوتویی ڕووبەڕوویان ببێتەوە و زێدەخوازیی پیاو، کە حەز دەکات دەست بەسەر هەموو دەستکەوتەکان دا بگرێت، وەلا بنێت و سنوورگەلێکی بۆ دیاری بکات.

گەرچی بەراوردکردنی تێکۆشانی بزووتنەوەی ئاپۆیی، یان هەر بزووتنەوەیەکی تر، کە لە هەلومەرجی زەمەنی و شوێنی تایبەت بە خۆیان دروست دەبن و ڕوودەدەن، زۆر کارێکی دروست نییە، بەڵام بۆ چۆنیەتیی دەست و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ کێشەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی تر، کارێکی دروست و شیاوە. لە دەیەی حەفتای زایینی دا لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژمارەیەک بزووتنەوەی ناسیۆنالیست و چەپ دروستبوون، کە هەر یەک لە گۆشەنیگای خۆیەوە کێشەکانی شیدەکردەوە. لەو نێوانەدا پەکەکەش بە مەیلی چەپ، کێشەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و دۆخی کۆلۆنی بوون و داگیرکراوبوونی خستبووە ژێر پرسیار و بۆ دۆزینەوەی وەڵامێکی دروست دەستی بە هەوڵ و جموجوڵ کرد. ژن و پێگەکەی لە کۆمەڵگەی داگیرکراوی کوردستاندا بنەڕەتیترین کێشەکان بوون، کە دەبوو گرنگیی پێ بدرێت. ئەو شیکارییە دەستپێکەی رێبەری بزوتنەوەکە لە پەیوەند لەگەڵ ژن و پێگەکەیدا بواری بۆ بەشداربوونی ژنان لە ناو ریزەکانی تێکۆشان دا دەستەبەر کرد. لەو قۆناغەدا و لە ژێر کاریگەریی رێکخراوە چەپەکان و گۆڕانکارییە جیهانییەکان، ژنان بەشدارییان لە رێکخراوەکان و حیزبەکانی تردا کرد، بەڵام بەو شێوەیە، کە پێویست بوو نەیانتوانی کاریگەر بن و هەمیشە وەک هێزی پشتیوانی و یەدەکی حیزبە ناسیۆنالیست و چەپەکان، کە لەسەر بنەمای تێکۆشانی چینایەتی دامەزرابوون، ڕۆڵیان دەگێڕا. زۆرێک هەوڵ دەدەن بەشداریی ژنان لە ریزەکانی پەکەکە دا زۆرتر لەوەی، کە بۆ رزگاری لە سیستمی پیاوسالارییە، بە بەشداری لە پێناو مافەکانی ژناندا شی بکەنەوە و لێکدانەوەی بۆ بکەن و هەوڵ دەدەن ئەوە بچووک بکەنەوە و تەنها لە چوارچێوەی تێکۆشانی نەتەوەیی، کە ژنان بۆ ئەم ئامانجە بەکار دەهێنرێن، لێکدانەوەی بۆ بکەن. ئەو دەستکەوت و گۆڕانکارییانە، کە  لە بواری تێکۆشانی ئازادیخوازانەی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردستان دا پێکهاتوون بۆ هەموان ڕوونن. توانراوە سنوورەکانی کۆمەڵگەی کوردستان تێپەڕێنن و لە سایەی رێنوێنەکانی ڕێبەر ئاپۆدا ببن بە نمونەی تێکۆشان بۆ ژنانی جیهان. لەم پێناوەدا هەزاران شەهیدی ژن، کە شەهید ساراش یەکێکە لەوان، ڕۆڵی گرنگ و بەرچاویان هەبووە. لێکدانەوەی تێکۆشانی ژنانی بزووتنەوەی ئاپۆیی بە تایبەتی کەسانی وەک شەهید سارا لە پێناو تێگەیشتن لەم گۆڕانکارییانە گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە. ئەو تێکۆشەرێک شەیدای گەڕان بە دوای ئازایدایە و ئامادە نییە بەبێ لێکۆڵینەوە و مشتومڕ شتێک قبوڵ بکات، ئەو تایبەتمەندییە و ئەو دیالۆگانەی لەگەڵ رێبەر ئاپۆ ئەنجامیان دەدا، لە گۆڕانکاریی ژنی ئازاد دا ڕۆڵێکی تایبەتیان هەیە. بەبێ سەرنجدانە ئەم تێکۆشانە، کە لە ئاستی تیۆری و کرداریدا پێکهاتوە، ناتوانێت لە پێگەی ژنی کورد و بەها بەدەستهاتوەکان و ئەو شانازیانەی لە تێکۆشانی دژ بە داعش دا بە دەستیان هێناوە تێبگەیت، چونکا ئەم بەهایانە بە یەک ڕۆژ و وەک قارچک هەڵنەتۆقیون، پێکهێنانی سوپای سەربەخۆی ژنان، حیزبی سەربەخۆی ژنان و سیستمی هاوسەرۆکایەتی تەنها چەند نمونەیەکی ئەو گۆڕانکارییە عەقڵییەتی و زیهینیەتییە، کە پێکهاتوون، بەبێ سەرنجدان بە ڕەوتی مێژوویی ئەو گۆڕانکاری و تێکۆشان و ڕەنجەی، کە دەرئەنجامی خوێن و وزەی هەزاران جەنگاوەری ئازادییە، هەر چیەکی تری لەسەر بوترێت، لە ئەفسانەیەک زیاتر نابێت. ئێستا ئێمە بە بەها مرۆییەکانەوە لە بواری ژنان و دێموکراسی دا ڕووبەڕووین، کە بوونەتە بەها جیهانیەکان.

بە خوێندنەوەی دیالۆگەکان و شیکارییەکانی شەهید ساکینە تێگەیشتن لە ڕەوتی تێکۆشانی ئازادیی ژن، تێگەیشتن لە شیکارییەکانی رێپەر ئاپۆ ئاسانتر دەبن، کاتێک دەڵێت، "سەدا نەوەدی تێکۆشانەکەمان لەگەڵ ناوخۆی رێکخستندا بووە و لە پێناو ئافراندنی کەسایەتیی نوێدایە و تەنها سەدا دەی لەگەڵ دوژمنی دەرەکیدایە". تێکۆشان بە عەقڵییەتێک، کە وەک سێبەر لەگەڵماندایە و بە ڕادەیەک چووەتە ناو   نەستمانەوە، کە لە هەندێک کاتدا بەبێ مەبەستێکی دیاریکراو خۆی دەردەخات. ئەم بەرکەوتنانە بە ڕادەیەک بۆمان ئاسایی بوونەتەوە، کە چەندیجار بەبێ ئەوەی تەنانەت زەحمەتی ئاوەڕدانەوەیەکیش لە ڕابردووی خۆمان بدەینەوە و بەبێ سەرنجدانە کاردانەوەی ڕەگەزی بەرامبەر تێدەپەڕین و بە ئاسانی بە پاڵیاندا دەڕۆین. لە بەرامبەر ئەوەدا شەهید ساکینە هەیە، کە زۆر وردبینانە سەرنجیان دەداتێ و سەیری گۆشەنیگا شاراوەکانیان دەکات و بە ئاگادارکردنەوەمان بەرامبەر ئەو عەقڵیییەتە ئێمە هاندەدات بۆ تێکۆشان.

لە قۆناغەکانی تێکۆشان لە پێناو رێکخستنی گەل دا لە گوندەکانی قەندیل دا سەردانی گەل دەکەین، چواری نیسان و ساڵڕۆژی لە دایکبوونی ڕێبەر ئاپۆیە. ئەو شەوە چووینە ماڵی یەکێک لە دانیشتوانی ئەوێ و شەو لەوێ ماینەوە، فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک بۆ تێکدانی جەژنی لە دایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ، کە هەموو ساڵێک لەلایەن وڵاتپارێزانەوە بەڕێوەدەچێت، دەستیان بە هێرشی ئاسمانی کرد و بە بۆردومانکردنی چەند ناوچەیەک هەوڵیاندا ترس و تۆقاندن بڵاوبکەنەوە. ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە، کە بەو هێرشانە ڕاهاتبوون لەوپەڕی ئارامی دا و بەپێی ئەزموونەکانیان و بە سەرنجدانە دووری و نزیکیی دەنگی نرکەى فڕۆکەکان بە مەزەندە ئەو شوێنەیان دەوت، کە بۆردومان دەکرێت و هاوکات لەگەڵ نفرەتکردن لە دوژمن گاڵتەشیان دەکرد و ورەیان بە خۆیان دەدا و ئەوەش بووە هۆی ڕەخساندنی دۆخێک بۆ گفتوگۆ. ئەو شەوە ئێمە هەڤاڵانی ژن-مان لەگەڵدا نەبوو، ژنانی ماڵەکە سەبارەت بە ژیانی ئێمە دەستیان پرسیار کرد و دوای ماوەیەک باسیان لە کێشەکانی خۆیان و ستەمی پیاوانی بنەماڵە، باوک، برا و هاوسەر کرد. ئێمەش سەبارەت بە تێکۆشان لە دژی ئەو عەقڵیەتە قسەمان کرد، یەکێک لەو ژنانە وتی، "لە ناو ئێوەدا دۆخەکە جیاوازە، ئێوە رێز لە مافی یەکتر دەگرن". لە دیدی ئەوەوە ئێمە بە شێوەیەکی سروشتی مافی یەکتر ڕەچاو دەکەین، بەڵام غافڵ لەوەی، کە دوای چەندین پەروەردە و تێکۆشانی ناوخۆیی رێکخستن توانیومانە تاوەکو ڕادەیەک ئەو هاوسەنگییە دروست بکەین. دوای هەندێک روونکردنەوە و بەپێی ئەو زانیاریانەی بومان، سەبارەت بە بابەتە قسەمان کرد و وتم، لە نێو ئێمەشدا هەندێکجار ئەو عەقڵییەتە پیاوسالارییە خۆی دەردخات، بەڵام ئێمە بەرەنگاری دەبینەوە، بە تایبەتی هەڤاڵانی ژن بە دروستکردنی رێکخستنی خۆیان بە توندی بەرەنگاریی ئەو شێوازە بیرکردنەوەیە دەکەن. ئێوەش دەتوانن بە ئیلهام وەرگرتن لەوان تێکۆشان بکەن... ئەو بابەتە و ئەوەی ئێمە چۆن دەتوانین وەک پیاوێک لە رێگای ئازادی دا و لەسەر بنەمای پارادایمی ئازادیی ژن تێبکۆشین؟ بە چ ڕادەیەک رێگرین لە گەیشتن بەو ئامانجە؟ وەک پرسیارێک لە مێشکمدا دەڕۆیشت و دەهات و لەگەڵی دەکەوتمە مشتومڕ. کاتێک کتێبی بیرەوەرییەکانی شەهید سارا بە ناوی "هەموو ژیانم شەڕ بوو" دەخوێندەوە، تازە بە تازە لە قوڵایی ئەو کێشانە تێدەگەیشتم، کە لە بەردەمی ئازادیی ژن دا بوونیان هەیە. ئەو کێشانە، کە خۆشمان بەشێکین لێی.

بێگومان مێژووی تێکۆشانی ئازادیی مرۆڤەکان بۆ رزگاربوون لە کۆت و بەندی دیلی بە بێ لەبەرچاوگرتنی مێژوویی تێکۆشانی ژنان بۆ رزگابوون لە سیستمی پیاوسالار، ناگاتە ئەنجام. مێژوو پڕە لە قارەمانانێکی ون و بێ ناو کە بە ئەنقەست لەلایەن مێژوونووسانی سەربەدەسەڵاتەوپشتگوێ خراون. مێژوو رەنجی ئەو ژنانەیە کە لەوپەڕی گیانبازی و لەخۆبوردەیی بۆ بەگەیشتن بە "ئامارگی" کە ئازادی گەڕانەوەیە بۆ کولتوری خوداوەند – دایک، ئەو خوداوەندانەی ئافرێنەری ژیانی مرۆیی کە لە چیاکانی زاگرۆس تۆوی ژیانیان چاندووە. ئەوانەی خۆیان بوونەتە سەرچاوەی ژیانی ئازاد بەڵام ئێستا لە کۆڵانەکانی سەردەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا دوای ئازادی دەکەن و لە پاشخانی کۆمەڵگادا نێژراون. بێ شک هەبوون و هەن ئەو ژنانەشی کە هەوڵی پساندنی زنجیرەکانی دیلییان داوە و ویستوویانە دەنگی ئەوانە بن کە هاواریان لە قوڕگیاندا خنکاوە. ئەوان بە تێکۆشانی خۆیان نەیانهێشت کاروانی ئازادی ژنان بە سەرقافڵە وکاروانسالارەکانیان لە بیابانی وشکی توندوتیژیدا لەپێ بکەوێت. هەرچەندە گەرما سوتێنەرەکەی هەزاران رێبواری لە هەناوی دۆزەخی خۆیدا هەڵلوشیوە و دڕکی تیژ و رێگە بەردەڵان و ناهەموارەکەشی گۆڕدراوە بۆ تیخی سەربڕینی ئازادیخوازان، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم ناهەمواریانەدا نەک هەر لە رێکردن نەوەستان، بەڵکوو لەم کوێرەڕێیەی بیابانی وشک و برینگ کە بەرهەمی "مێژووی بونیاتنراو"ی ئایدۆلۆژیای دەسەڵات بوو هێندە پێداگرانە وەستان تا گەشەی ئەو چوزەرانە ببینن کە ئێستا بەردەڵانەکەیان قڵاشتووە و وەک دارێکی بەرز بوونەتە سێبەری هیوای ئازادی خوازان.

شەهید ساراش یەکێک لە سەرقافڵەکانی رێگری پڕمەترسی ئازادی کە لە بەرگی کەسایەتییەکی سۆسیالیستدا بوو بە هێمای ژنی ئازاد. ئەو "شەڕڤانی رووناکی" و رێبواری رێگەی رۆشنایی بوو. جەنگاوەرێک کە لەوپەڕی پشوودرێژی و هێمنی بێ وێنەدا وەک پردێک هاوسەنگەرانی شاخ و شاری پێکەوە دەبەستەوە. ئەو تەنیا تێکۆشەرێکی جەنگاوەر نەبوو، هەر وەک چۆن تەنیا روناکبیر و چالاکوانی ژنانیش نەبوو، تەواکاری ئەو تێکۆشانەبوو و تێکۆشەرێکی رێگەی ئازادی ژن بوو. سەردەمانێک لە پێناو بەدەستهێنانی مافی چینایەتیدا لە ریزی کرێکاراندا تێکۆشا و بە پەرەسەندنی وشیاری چینایەتی کرێکاران لە ئیزمیر و بە رێکخستن و سازکردنی مانگرتنی کرێکاری هەوڵیدا دەنگی دلێری ئەم توێژە بێت. وێڕای ئەوەی بەرەنگاربوونەوەی سیستمی سەرمایەداری خستبووە پێشەوەی خەباتی خۆیەوە هاوکات بەرامبەر فاشیزم و سۆسیال فاشیزم وەستایەوە ریزی خۆیان لەوانە جیاکردەوە. هەروەها بە خەبات لە پێناو مافەکانی گەلی کورد ئاگاداری ئەوەبوو کە بەرەو نەتەوەپەرستی تووشی لادان نەبێت و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلانی کردبووە بنەما و هەرگیز سڵی لە سەرکۆنەکردنی چەپی کلاسیک و ناسیۆناڵیزمی کلاسیک نەکردەوە، کە یەکیان لە ژێرناوی ئینتەرناسیۆناڵیزمەوە خەباتی چینایەتی پێش خستبوو و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکان مەیلێکی بورژوازییە و پلانێکی ئیمپریالیستییە و ئەوی دیکەشیان لە بنەڕەتدا لە رێگەی نەتەوەخوازی پەرە بە فاشیزم دەدات. بە ئاگاداربوون لەوەی کە ئیمپریالیزم لە پێناو بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی زاڵبوون و داگیرکەری نەتەوەی سەردەستی لە ژێر ناوی دەوڵەت-نەتەوە بەسەر گەلانی دیکەدا سەپاندووە، تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی بە ناکۆک و ناتەبا لەگەڵ تێکۆشان دژی ئیمپریالیزم نەدەزانی. بەم جۆرە کە خەبات لە پێناو رزگاری ژنی وەک چەقی کۆتاییهێنان بە سیستمی سەرمایەداری دادەنا، کە بە دوو جەمسەری کردنی کۆمەڵگا بە شێوەی ناوەند و پەراوێز لە هەوڵی بونیاتنانی سۆبژە- ئۆبژەدایە. شەهید سارا بە ئاگاداربوون لە راستی پەکەکە و رێبەرایەتیەکەی، ئەوەی بە هیوایەک بە رزگاربوون لەم ستەمە داناوە و تێکۆشان لە ریزەکانی وەک ئەرکێک بۆ خۆی دەستنیشان کردووە. کاتێک لە یادەوەرییەکانیدا دەڵێت، "زۆر جار لە خۆم و کەسانی دەوروبەرم بێزار دەبووم بەڵام هەرگیز بەرامبەر بە پەکەکە و رێبەرایەتییەکەی گومانم لەلا دروست نەدەبوو" ئاماژەیە بە ورەی جەنگاوەری ئەوە کە لەو پەڕی ناهەموارییەکاندا لە بری چۆڵ کردنی گۆڕەپانەکە، تێکۆشان لە پێناو گۆڕانکاری و وەرچەرخان دەگرێتەبەر.

ئەو ژنێکی بەجێماوی کۆمەڵکوژی دێرسیم، ژنێک لە رەچەڵەکی بەسێ و زەریفە. گەرچی کۆمەڵکوژیەکە چەندین ساڵ بەر لە هاتنە دنیای ئەو روویاندابوو، بەڵام بە روخساری چرچ و لۆجی بەجێماوانی ئەو کۆمەڵکوژیە و لە روانینی تاسەبارانەی پیرەپیاوان و پیرەژنان کە هەرکامیان کۆڵێک ئێش و مەینەتییان هەڵگرتبوو، درکی بە ئازارەکانی کردبوو. بەسەرهاتی تاڵی کەسانێکی بیستبوو کە روخساری مەرگیان بینیبوو و راستەوخۆ لەگەڵیدا دەستەویەخەبببون.  ئەو دایکانەی بینیبوو کە دەستیان خستبووە سەر دەمی منداڵەکەیان و خنکاندبوویانن بۆ ئەوەی دەنگی گریانەکەیان شوێنی خۆحەشاردانیان ئاشکرا نەکات. ئەم هەموو خەمە لەسەر روخساری کچی دێرسیم گۆڕدرابوو بۆ یاخیبوونێک تا تێکۆشانێکی بێ وچان بۆ رزگاری دەستپێبکات و وەک خۆی دەڵێت هەر سات و هەر شوێنێک بۆ ئەو ببێتە گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوە و تێکۆشان.

کاتێک بیرەوەرییە پڕ هەوراز و نشێوەکانی ئەم ژنە تێکۆشەرە دەخوێنمەوە کە لە "قوتابخانەی ئاپۆ" پەروەردە کرا، راستەوخۆ دەکەومە بیری "ئۆلریکە هاینۆف" تێکۆشەری ئەڵمانی، کە ئەویش رەخنە لە حزبە چەپەکان دەگرێت بەهۆی ئەوە پرسی ئازادی ژنیان لە کاری لەپێشینەکانیان لابردووە، لەو بڕوایەدایە کە دەبێت ئەم ئازادییە لە پرۆسەی تێکۆشاندا دەستەبەر ببێت. هەر بۆیەش لەوان دابڕا و لەو سەردەمەدا کە بزوتنەوەی چەپ لەو پەڕی بێهیواییدا بوو، دەستی بە تێکۆشانێکی رادیکاڵ کرد. لەهەمان کاتدا کە بڕوای بە تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتیە، توندوتیژی رەوا لە دژی سیستمی سەرمایەداری رەتناکاتەوە. ئەم بابەتە لەو رووەوە بەلامەوە گرنگە کە تێکۆشان لە پێناو ئازادی لە ریزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بە پێشەنگایەتی ئەم تێکۆشەرانە چۆن شکڵ و ئاراستەی وەرگرتووە. لە هەمووی گرنگتر لە کۆمەڵگایەکدا کەپیاوسالاری گەیشتووەتە لوتکە و لە ژێر چەپۆک و دەسەڵاتی سیستمە داگیرکەرە هەرێمایەتی و جیهانییەکانی باڵادەست بەسەر کۆمەڵگای کوردستانەوە، کۆمەڵگایەک کە رووبەڕووی وێرانبوونی جیهانبینی و هەڵوەرین و رووخانی یوتوپیاکانیەتی، پیاوێکی گیرۆدەی دووجار "هیچ بوون" کە تەنیا رێگەی دەربرینی ناسنامەی خۆی لە بەخاوەنبوونی ئەم سێ شتە دەبینێتەوە:" ژن، ئەسب و چەک"، پێویستە بزانین کە رەوتی وەرچەرخانی ژنی ئازاد بە چ شێوەیەکی دەقی گرتووە؟ لە راستیدا بیرەوەرییەکانی شەهید سارا تەنیا یاداشتی رۆژانەی تێکۆشەرێک نییە، بەڵکوو راگەیەندراوێکە بۆ رزگاربوون لەم بازنە داخراو و پوچەڵەی پیاوسالاری. تێکۆشانێکی بێ وچان بەرەنگاربوونەوەی داب و نەریتی کۆمەڵگای پیاوسالار. وەک خۆی دەڵێت دەستەویەخەبوون، شەڕ یان ململانێ یان هەر ناوێکیتر کە بتوانرێت لەسەری دابنرێت. حەز دەکەم ئەم سێ چەمکەی دەستەویەخەبوون، شەڕ و ململانێ پێکەوە و لە یەک کاتدا بەکاربهێنم. چونکە لەو بڕوایەدام هەڤاڵ سارا لە یەک کاتدا ئەم چەمکانەی لە کۆیەکی هاوئاهەنگدا بەکاربردووە. ناچارە لەگەڵ دەستگیرانەکەیدا کە هەوڵ دەدات رێگری لە رزگاربوونی بکات و بەربەستێکە لەبەردەم ئەوەی ژنێک خۆی بێت، ژنێک کە بە کاڵابوون رەتدەکاتەوە تووشی شەڕ و دەستەویەخەبوون بێت و تێیبگەیەنێت کە ئەم نەریتانە ناتوانن من بخەنە کۆت و بەندی کەسێکەوە، هاوکات دۆخی کۆمەڵگای نەریتی درک پێکردووە و فەرمیەتی دەستگیراندارییەکە وەک تاکتیکێکی جەنگی دادەنێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە پلانێکی گشتیدا بۆ ئامانجی ستراتیژی کە هەیەتی و ئەوەش خەباتە لە پێناو ئازادی ژن، بەکاری بهێنێت و لەم رێگەیەوە بتوانێت دوور لە کێشە و ئاستەنگ سازکردنەکانی بنەماڵە بچێتە ناو کۆمەڵگاوە و سەرقاڵی رێکخستن بێت، چونکە کۆمەڵگا و سیستم جگە لەوە هیچ رێگە چارەیەکی دیکەیان بۆ نەهێشتووەتەوە. بەردەوام لەگەڵ خێزان و کۆمەڵگای پیاوسالار و پێناسە باوەکانی ژن بوون و خۆشەویستی دەربڕیندا لە شەڕ و ململانێدا بووە، بەردەوام لەگەڵیاندا لە کێشمەکێشدایە. تێکۆشانێکی دەستەویەخەی هەیە و نایەوێت رادەستی چارەنوسیان بکات و  بە بێمبلاتییەوە لە پەنای ئەم نەریت و عەقڵیەتەوە تێپەڕبێت. نە خۆبەدەستەوەدان بە بارودۆخەکە قەبوڵ دەکات، نە هەڵاتن لێی. ئەو نایەوێت تەنیا بەڕەی خۆی لە ئاو بێنێتەدەر و خۆی قوتار بکات، بەڵکوو دەیەوێت بەڕەیەک بچنێت هەموان بتوانن لەسەر دابنیشن. هەر ئەم روانگەیە بووەتە هۆی ئەوەی، بەدەردی خۆی دەڵێت هەموو ژیانی بووەتە تێکۆشان. گومان کردن لە هەموو شتێک، لێپێچینەوە لە هەر پەیوەندییەک و هەوڵدان بۆ سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی پەیونەدی لەسەر بنەمای ئازادی لە تایبەتمەندییە کەسییەکانی ئەوە. بە دڵنیاییەوە کاتێک رێبەر ئاپۆ وەک نمونەیەک بۆ ژنی ئازاد پێناسەی دەکات، سەرنجی لەسەر ئەم کەسایەتیە جەنگاوەرە و بێ ئۆقرەیەی ئەوە. کەسایەتیەکی دەستەمۆنەکراو، کەسێک کە رێز لە تێکۆشان و خودبوون دەگرێت و دەیکاتە سەرمەشق و نمونەی باڵای ژیانی.

بەراستی ژنبوون جییە؟ چ تایبەتمەندییەکی هەیە؟ رێبەر ئاپۆ کاتێک ژن پێناسە دەکات بە وزەیەکی جوڵاو دەیچووەنێت کە هێشتا شکڵی نەگرتووە و نەبووەتە دیلی قاڵب و فۆرم. ئەمە رێک پێچەوانەی پیاوە کە لە کۆتی قاڵب و فۆرمە بونیاتنراوەکانی سیستمدا قەتیس و دوگم بووە. وەها کەسایەتیەک گەیشتووەتە دۆخی نەزۆکی و بە دەربڕینێکی دیکە توانای خوڵقاندنەوە و نوێبوونەوەی نییە  و بووەتە کەسایەتیەکی "خەسێنراو". لەبەرامبەردا کەسایەتی ژن هێشتا توانای زایین هەیە. نابێت لەبیرمان بجێت کە لێرەدا تەنیا مەبەست زایینی جەستەیی نییە، بەڵکو مەبەست دەربڕینی ئەوەیە کە ژن بە هۆی لەقاڵەب نەدرانی، نەرمەوزەی گۆڕانکاری هەیە و تووشی دۆگما و چەقبەستن نابێت. کاتێک لە جیهانی کۆمەڵایەتیەمان دەڕوانین زیاتر درک بەم بابەتە دەکەین.

پیاوان بەردەوام هەوڵی پاراستنی پێگەی هەنووکەیی خۆیان دەدەن، هەوڵ دەدەن پێگەی خۆیان وەک کەسێکی باڵا بپارێزن و ژنان لە پێگەی خوارەوەدا بهێڵنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش سیستمێک کە بە یاسای ئاڵۆز و بەتاڵ لە ئەخلاق دروستکراوە، کە لە رێگەی پڕوپاگەندەی ئایدیۆلۆژیەوە لە پەرستگا و مزگەوتەکاندا تاوەکو ناوەندە ئایینی و زانکۆکانی ئەمڕۆیی خۆی دەژیەنێت.  لە لایەکی دیکەشەوە بە بۆردومانە فیکرییەکان هەوڵ دەدەن کۆمەڵگایەکی بەم شێوەیە دروست بکەن. روانگەی پۆزەتیڤیستی کە رژێمی سەرمایەداری بەم گوێرەیە خۆی رێکدەخات، ئەکادیمیا زانستییەکان رۆڵیان لەم پێکهاتەدا بینی بە دروستکردنی یاسا و لە هەمان کاتدا ئایینە ئاسمانییەکانیش بە دروستکردنی یاسای شەریعەت هەوڵیاندا کۆمەڵگا لە قاڵب بدەن و بە دۆگمای ژێر ناوی ئایین و داب و نەریت رێکیان بخەن. هەردوو دۆخەکە ئەگەری دینامیزمی فیکری کۆمەڵگایان لەناوبردووە و دۆزەخێکی بۆ ژنان دروستکردووە، بەجۆرێک کە بۆ هەر گۆڕانکارییەکی بچووک دەبێت شۆڕشێک ئەنجام بدرێت. بەکاڵاکردنی ژنان و نمایشکردنیان لە ناوەندی چێژی سێکسی پیاوان لە سیستمی سەرمایەداریدا و بە کەمکردنەوەی ژنان هاوشێوەی ئەوەی لە ئێران و ئەفغانستان لەژێر ناوی ئایین و شەریعەتدا دەگوزەرێت، دوو دیوی یەک دراون. بۆیە رێکەوت نییە یاساکان و شەریعەت هەرچەندە هەریەکەیان خۆی بۆ هزرێکی جیا دادەنێت، بەڵام لایەنی پیاوسالاری و دژە ژنیان هەیە.

ژنان بە پێچەوانەی پیاوانەوە ئامادە نین ئەم دۆخە قبوڵ بکەن و هەوڵی گۆڕانکاری دەکەن، چونکە ئەم وزەیە چالاکتر و زیندووترە. تێکۆشان و قبوڵنەکردنی دۆخی هەنوکەیی و هەوڵدان بۆ دروستکردنی دۆخێکی نوێ، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کارەکتەری شەهید سارایە، ئەمەش وایکردووە، ببێتە مۆدێلێک لە تێکۆشانی ئازادیی ژناندا. ژنێک کە بوێرە و بۆ دۆخی ئێستا دەڵێت"نا". بەکارهێنانی دەستەواژەی "نا" بۆ خێزان، "نا" بۆ رێورەسمەکان و پەیوەندییەکان کە لە ژێر ناونیشانی خۆشەویستی و بەرژەوەندیدا دروست دەبن، بۆ پیاوێک کە لە چوارچێوەی ئارەزووەکانیدا هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ژنێک بدات. وتنی "نا" لە ناوەڕاستی سیستمی زینداندا، کە هەوڵ دەدرێت لە زینداندا چوکی پێدابنێن، تەنها شەڕ لەدژی دوژمن ناکات، بەڵکو بە گیانی تەسلیم نەبوونەوە شەڕ دەکات و هەوڵدەدات هاودەنگی ژنان بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی لە سیستمی ژنکوژی بیانپارێزێت. رۆحی بەکۆمەڵ و کارەکتەری شەهید سارا رێڕەوە تاریکەکانی زیندان دەکاتە پەنجەرەی هیوا بۆ هەڤاڵانی و رێگری لە بڵاوبوونەوەی ژنان دەکات و دەیانکاتە ئیرادەیەکی پۆڵایین کە دیواری زیندانی کودەتاچیەکان دەرووخێنێت. ئەو شوێنەی شەهید سارا تێیدا ئامادەیە، کەمترین ملکەچبوون و بچووکی روودەدات و زیندان و زیندانییەکە بەم فیداکاریە دەبنە ئەفسانەی بەرخۆدان. گرنگترین شت ئەوەیە کە لە شاخ و لە تەنیشت هەڤاڵەکانتەوە بڵێیت "نا" کە ساڵانێکە لە بێدەنگی زیندان و لە قوڵایی چاڵە ڕەشەکانی دوژمندا چاوەڕێی بینینیان دەکەیت. وتنی "نا" لە هەمان کاتدا قەڵای ئەو کەسانەیە کە سەدان جار بۆ تۆ تێکۆشاون و لە ژیاندا قەرزاری ئەوانی. رەنگە وتنی "نا" پێویستی بە گەورەترین بوێری هەبێت، دەتوانیت بەرگە بگرێت و بوێری ئەوەت هەیە بڵێیت "نا". شەهید سارا تێکۆشانی رزگاری دەستی پێکرد و لەژێر رێنمایی رێبەی ئاپۆدا چەندین جار ئەو تێکۆشانەی بەڕێوە برد و بوێری بەرەنگاربوونەوەی تێڕوانینە کلاسیکەکانی پیاوسالاری بەدەستهێنا. پرسی گرنگ لە کارەکتەری شەهید سارادا کە هەمیشە جێی سەرنج بووە بۆ من، ئەوەیە کە چۆن سەیری ئەم تێکۆشانە ناوخۆییە دەکات. لە هەمان کاتدا کە دژی عەقڵیەتی کلاسیکی پیاوانە شەڕ دەکات، لەگەڵ ئەو ژنەشدا شەڕ دەکات کە ئەم عەقڵیەتەی دروست کردووە. ژنێک کە تەنها کلاسیک و کلیشە قبوڵ دەکات، بەبێ گوێدانە بابەتەکە، خۆی بە شەڕڤان دەزانێت، یان ژنێک کە لە ئاوێنەی پیاوێکەوە سەیری خۆی دەکات. لە راستیدا بزووتنەوەی ئاپۆیی ئامانجی شکاندنی ئەم ئاوێنەیەیە. بزووتنەوەی ئازادی ژنان بەردێکی گەورە بوو کە بەر ئاوێنەی "بە پیاوبوو" کەوت و شکاندی.

لە بیرەوەرییەکانیدا بە کورتی ئاماژە بە چیاکانی حەفتانین دەکات و باس لە ئاهەنگی ٨ی مارس رۆژی تێکۆشان بۆ ئازادیی ژن دەکات کە پەیوەندی بە خەباتی چەندین ساڵەی ئێستا لە جێگەی خوداوەندی "ئەستێرە" یان "عەشتار"ەوە لە لوتکە چیاکانی زاگرۆسەوە هەیە. لەلایەن زۆرێک لە ژنە شەڕڤانانەوە ئاهەنگێک ئامادەکراوە. لە هەمان کاتدا بە ئامادەبوونی بەرفراوانی ژنان دڵخۆش دەبێت و ئەم پرسیارە لە خۆی دەکات: "ئەوانەی بەشداریان لەم مەراسیمەدا کرد تا چەند لە ئازادی تێگەیشتن؟" لە راستیدا ئەم وەسفە کورتە و گێڕانەوەیە، پرسیارێکە نەک تەنها بۆ ژنە شەڕڤانەکان، بەڵکو بۆ هەموو شەڕڤانان بەتایبەتی شەڕڤانانی پیاو، کە لە قوڵایی شەڕڤانێکەوە سەرهەڵدەدات، پرسیارێکە کە دەپرسێت لە ئێستادا چۆنیت. زۆر جار لە شوێنێک و کاتێکی دیاریکراودا بوونمان هەیە، بەڵام پرسیارێک هەیە کە چۆن لەو شوێنە ئامادەین. بە دڵنیاییەوە دەبێت هەموو شەڕڤانێک ئەم پرسیارە لەخۆی بکات، بوونی من لێرەدا چۆنە؟! دەکرێ بڵێین ئێمە هەین و تەنانەت دەچینە سنووری شەهیدبوون، ڕەنگە تەنانەت شەهیدیش ببین، بەڵام هێشتا نەمانتوانیوە درک بە فەلسەفەی هەببوونی خۆمان بکەین و ئەمەش گەورەترین خۆرەخنەکردنێکە بۆ هەموو شەڕڤانێک. لە راستیدا پێناسەی راستەقینەی پەکەکەییبوون لەم خاڵەوە دەست پێدەکات. چونکە پەکەکەییبوون لەسەر بنەمای ژیانکردنە بەپێی پێوەرەکانی. واتە تەنها لەبەر ئەوەی لە ریزەکانیدایت مانای ئەوە نییە کە پەکەکەییت. شەهید سارا لەو گۆشەنیگایەوە سەیری کرد و پرسیاری لەسەر ئەم پرسە کرد، تا چ رادەیەک توانیمان بگەینە خۆئاگایی ئایدیۆلۆژی و لەسەر بنەمای ئەو ئایدۆلۆژیایە و بە تێڕوانینێکی فیکری و قووڵەوە، مانای پێ بدەین و بژین. هەڤاڵ سارا زۆر باش دەزانێت کە زۆرێک لە ئێمە بۆ بیرۆکەکمنمان شەڕ دەکەین، دەکوژین و دەکوژرێین، دەخوێنینەوە و دەنووسین، بەڵام هێشتا ناتوانین لەسەر بنەمای ئەو بناغە فیکریانەی کە خەباتی بۆ دەکەین، کار بکەین و ژیانمان لە چوارچێوەیەکدا رێکبخەین. ئەم پرسە تەنیا پەیوەندی بە رێکخراوێکی دیاریکراوەوە نییە، بەڵکو کێشەیەکە لە نەبوونی "ئەخلاقی سیاسی"دا  کاتێک ئێمە سیاسەت وەک رێکخستنی ژیانی رۆژانەمان پێناسە دەکەین. کەم نین ئەو رۆشنبیر، نووسەر، هونەرمەند و سیاسەتمەدارانەی کە لەسەر باشترین رەفتار دەنووسن  قسە دەکەنبەڵام هەمان ئەو کەسانە کردەوەگەلێک ئەنجام دەدەن کە دەبێتە هۆی زەوتکردنی ئازادیەکان. لە کایەی گشتیدا رووخساری جیاواز و لە کایەی تایبەت تەواو پێچەوانەیان هەیە. بە تایبەت کاتێک باس لە ژنان دەکرێت، تەنانەت توندوتیژی و تاوانیش ئەنجام دەدەن. ئێستا دەبێت بپرسین بنەمای هەبوونی ئێمە لەم پێگەیەدا چییە؟ ئایا تەنها قسەیە یان رۆڵی رەشە سەربازمان هەیە؟

هەروەها بێزارە لەو پەیوەندیانەی کە لەژێر ناوی عەشقەوە دەست پێدەکەن، کە هەمیشە دەگۆڕێت بۆ خاوەندارێتی و زاڵبوون بەسەر ژن لەلایەن پیاوەوە، خۆشەویستییەک بوو هەبوون نییە، بەڵکو بۆ خاوەندارێتی و دەستبەسەرداگرتنە. ئەو کێشەیەی کە ئێستا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی رووبەڕووی بووەتەوە، بێتواناییە لە رێکخستنی ئەو پەیوەندیانەدا. چونکە لەم پەیوەندیانەدا کە لەسەر بنەمای ناوەند-دەوری و ئۆبژە - سوژە دروست دەبن، پەیوەندی دوولایەنە لە نێوان ژن و پیاودا نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دەستبەسەرداگرتن، واتە دەیانەوێت خاوەندارێتی یەکتر بکەن. ئەم رەفتارە بە تایبەتی لە لایەن پیاوەوە بووەتە دۆخێکی ململانێ بەهۆی عەقڵیەتی حوکمڕانی پیاوسالاری کە یان دەبێت موڵکی من بیت یان ناتوانی بژیت. زەحمەت نییە لەم روانگەیە تێبگەین کاتێک رۆژانە هەواڵێک دەبیستین بە ناونیشانی: "ژنێک دوای رەتکردنەوەی پیاوێک کوژرا، یان ژنێک لەلایەن دەزگیرانەکەیەوە بە تێزاب هێرشی کرایە سەر". روانگەیەکە کە لەم هزری دەستبەسەرداگرتن و هەژموونییەوە سەرچاوەی گرتووە. سوپایەک کە بچێت بۆ داگیرکردنی خاکێک، ئەوەی لە توانایدایە دەیبات و ئەوەی دەمێنێتەوە دەسوتێنێت و لەناوی دەبات. جیاوازی ئەم دوو رەفتارە چییە؟ شەهید سارا بە باشی ئەم بابەتەی شیکردەوە و لەگەڵیدا ژیاوە و خەباتی بۆ کردووە. دژی هەبوونی پەیوەندی و خۆشەویستی نییە و رەتی ناکاتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، بە شێوەیەکی هونەری، ململانێ بۆ باشکردنی دەکات. کاتێک دەڵێت: "شەرڤان بوون بە واتای هەبوونی ئیرادەی ئازادە"، دەیەوێت شەڕڤان سەربەخۆی بێت، بە ئیرادەی ئازادەوە و بەم شێوەیە بانگهێشتی کەسانی دیکە دەکات بۆ ئەوەی بە ئیرادەی ئازادەوە رێز لە ژنان بگرن.

در اوج انقلاب زن زندگی آزادی که حاصل مبارزهی خستگیناپذیر شهدایی چون شهید سارا و تمامی همرزمانش میباشد که اینک مرزهای کوردستان را درنوردیده و تبدیل به انقلابی خاورمیانهای شده و جهان را بهسوی تغییری پارادایمی که مبتنی بر آزادی زن میباشد فرامیخواند، جا دارد صمیمانه و با ادای احترام بهتمامی شهدای این انقلاب معاصر، انقلابی که روزنهای امیدی برای آزادیخواهان شده عهد و پیمان خود را برای گذار از نظام سلطهی مردسالار و پیروزی این انقلاب تجدید نماییم.

لە لوتکەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، کە دەرئەنجامی تێکۆشانی ماندوونەناسانەی شەهیدانی وەک شەهید سارا و هەموو هەڤاڵەکانە، کە ئێستا لە هەموو کوردستان بڵاوبووەتە و بووەتە شۆڕشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، بەرەو گۆڕینی پارادایمێک دەچێت کە لەسەر بنەمای ئازادیی ژن دامەزراوە.  جێگەیەکی تایبەتی هەیە و رێز لە هەموو شەهیدانی ئەم شۆڕشە هاوچەرخە دەگرێت. شۆڕشێک کە بۆتە هیوایەک بۆ ئازادیخوازان، وەرن بەڵێنمان بۆ لەناوبردنی سیستمی پیاوسالاری نوێ بکەینەوە و لەم شۆڕشەدا سەرکەوتن بە دەست بهێنین.

ژ.ت / هـ.ب/ ف.ق