ژینگەو بیستن

" پێویستە ناو بەناو بچێتەوە نێو سروشت، نێو شاخ و داخ و دەرو دەشتەکان، لەوێ گوێیەکانی ببەخشێتەوە بەروشت، بەو دەنگە تەلیسماویانەی پێی دەڵێن چڵێسیەکانی تۆ نەبێت سروشت پارێزراوە."

 بەشێکی گرنگی ئاسودەیی مرۆڤ پەیوەندی بە بیستنەوە هەیە، واتە چی دەبیسێت وچۆنی دەبیسێتم، دەنگی تۆپ وناپاڵم و تەق و تۆق، ژاوەژاوی زۆر، کاریگەری زۆریان هەیە بۆ سەر دەرون وهەست و بیرکردنەوەی مرۆڤ وتەنانەت هەست و کەوتەکانی مرۆڤیش، بەشێکی نەخۆشی شەکرە، نەخۆشیە دەرونیەکان، ترس و دڵەڕاوکەپەیوەندیان بە ئەو بارودۆخەی بیستن و شوێنی ژیانەوە هەیە، ئەو جێیەی مرۆڤ لێی دەژێت، دەنگە زل و ناخۆش و ناجۆرەکان بواری مرۆڤ نادەن باش بیر بکاتەوە، مرۆڤی نێو دەنگی ناپاڵم و تەق وتۆق بواری ئەوەی بۆ ناڕەخسێت بە ئارامی و ڕامانی وردەوە لەسروشت ڕابمێنێت و گوێی بۆ ڕادێرێم، بیستن و چی بیستن کاریگەریەکی زۆریان بەسەر مرۆڤەوە هەیە، قسەیەکی باو هەیە گوایە چینیەکان پێیانوایە گوایە میوزیک میوزیکی ئارام و لەسەرخۆ کاردەکاتە سەر دەرونی نەخۆشەکان و چاکیان دەکاتەوە، واتە وەکو چارەسەرتەماشای میوزیک دەکرێت.

 ئێوارانێک لە ناویەکێک لەباخەکانی شار دابنیشەوگوێ ڕادێرە، جریوە جریوی چۆلەکەوباڵدارەکان خۆشبەختیەکی زۆرت بۆ دەهێنن، ئەو خۆشبەختیە لەڕێگەی بیستنی ئەوئاوازەوەیەکە مەلەکان دەریدەبڕن، جگە لەئاسودەیی دەرونیی ئەوەش بەبیسەر دەڵێن هێشتا سروشت سیخناخە لەبوون و ژیان و بەردەوامی، تەواوی قسەی ئێمە لەسەر ئەوەیە چۆن مرۆڤێکی ئاسودەو بەختەوەر و لەسەر پێی خۆ وەستاو نیشانبدەین، ئەمە پەیوەندی بە بیستنیشەوە هەیە، ژینگەی پاک وپارێزراو ئەو ژینگەیەیە کە ئاوەدانی وئارامی وهێمنی و خۆشبیستی تیایە، مرۆڤی پارێزراو ئەو مرۆڤەیە کەژینگەکەی پارێزراوە.

 شەڕو شۆڵ وژاوەژاو وایان کردوە کەمرۆڤ کەمتر گوێ بیستی دەنگە خۆشەکانی سروشت بێت، هاژەی ئاوەکان، خوڕەی چەم و ڕوبارەکان، سەمای گەڵاکان، گڤەگڤی با، دەنگی مەل و پەلەوەرو گیاندارو باڵندەکان ئەمانە هەموویان نیشانەی زندووێتی ژینگەن و کاریگەری زۆر بەسەر تین و تاوی مرۆڤەوە جێدەهێڵن، مرۆڤی نێو شەڕو ئاژاوەو ژاوە ژاو هەمیشە مرۆڤێکی توڕەو قەڵسە، ناتوانێت بەدرووستی بڕیار بدات دەنگە دەنگە زۆرەکە کاریگەری نەرێنی لەسەر دەبێت، مەگەر هەر ئەوانە بەرگە بگرن، کەبەگژ ئەو هەموو ناجۆریەدا دەچنەوەو دەیانەوێت ئەندامەکانی وەک گوێ و چاوو کەپوی مرۆڤ لەگەڵ سروشت ئاشتبکەنەوە.

 مرۆڤ بۆ ئەوەی مرۆڤی بوونی خۆی هەست پێبکاتەوە، بۆ ئەوەی بزانێ کە دەستی شەڕو ویستی فراوانخوازیانەو تێر نەبوون چیان بەسەر زەمین کردووە، پێویستە ناو بەناو بچێتەوە نێو سروشت، نێو شاخ و داخ و دەرو دەشتەکان، لەوێ گوێیەکانی ببەخشێتەوە بەروشت، بەو دەنگە تەلیسماویانەی پێی دەڵێن چڵێسیەکانی تۆ نەبێت سروشت پارێزراوە.

هـ . ب