پاراستنی ژینگە پێویستی بەشۆڕشێکە دژی ئەو کۆمپانیاو کارگەو کارخانەو مانیفاکتۆرانەی بەردەوام ئامێری زل زلی فێنککەرەوە دەخەنە بازاڕەوە، ئەو ئامێرانە ژورەکان فێنک دەکەنەوە بەڵام دەرەوە دەسوتێنن، هیچ یەک لەو ئامێرانە بەجۆرێک دروست نەکراوە کە زیان بەژینگەو ژیان نەگەیەنێت، مرۆڤی خۆپەرست و خۆپەسەندی ئەم سەردەمە، لەبری ئەوەی فێنکی سروشت و ژینگە بپارێزێت و ژینگەو دارستانەکان لەگڕی ئاگرو سوتان بپارێزێت، هەموو شتێ لەپێناوی خۆی و لەدژی ژینگەو ژیانی گشتی دەکات.
ئەکرێ بۆ زانینی کاریگەری ئەو ئامێرانە لەسەر پیس بوون و گەرمبونی زەوی یەک ڕۆژ لەهاویندا هەموو فێنککەرەوەکان بکوژێنینەوەو ڕۆژی دواتر یان پێشتر کەهەڵکراون پلەی گەرمیەکە بەراورد بکرێت، تا بزانین ئێمە چ ڕۆڵێک دەگێڕین لەسوتاندنی ژینگەدا، ژینگەکەی خۆمان.
فێنککەرەوەکان زەوی دەسوتێنن و کۆمپانیا قازانجویستەکان هیچ باکیان بەو سوتاندنە نیە، کەهیچێکی ئەوتۆی لەسوتاندنی شەڕەکان کەمتر نیە، مرۆڤایەتی بەجۆرێک لەسروشت و جوانی دوورکەوتوەتەوە، کە هەر ئەوەندەی بەلاوە گرنگە خۆی لەچوار دیواری ماڵەکەیدا گەرمای نەبێت و لەولاترەوە چی دەبێت باببێت، ئەوەتا ڕۆژ بەڕۆژ ئەو ئامێرانە زیاتر دەبن و پێشکەوتنی زیاتر بەخۆەوە دەبینن لەسەر حسابی زیاتر گەرم بوون، بەخشینی ئەو هەموو گڕو گەرمیە بەدەرەوە وادەکات تەنانەت ژینگەو سروشتیش زیاتر لەمەرگ نزیکتر ببنەوە، ئایە سەت ساڵی دیکە چۆن دەبێت، ئەمە ئەو پرسیارەیە کەپێویستە لەئێستاوە بەدوای وەڵامە گونجاوەکەیدا بگەڕێین، وەڵامی گونجا نەلێگەڕانە، نەنازانمە، نە ئەوەیە مرۆڤ بڵێت خراپتر دەبێت، وەڵامی گونجاو بیر کردنەوەیە لەدەرباز کردنی زەوی و مرۆڤ لەم دۆخەی ئێستا.
فێنککەرەوە ساختەچیەکان خامۆشبکەن و بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ژینگەی سروشتی، ئەم ژینگە دەسکردە ژینگەیەکی ساختەو پڕ نەخۆشی و تێکدەری ژیانی مرۆڤە، هەوای سازگارو بێ ساختەو سروشتی لەدەشت و دەرو چەم و ڕوبارو شاخ و داخەکاندایە، ڕۆژەگەرم و لەشپڕوکێنەکان فێنککەرەوەکان بکوژێننەوەو بڕۆنە دەرەوە بڕۆنە ناوسروشت، هەوا پاک و سازگارەکە هەڵمژن، مرۆڤایەتی لەسوتان بپارێزن، ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی ژینگە بکەوێتەوە سەر پێی خۆی و گژو گیاو دارو درەخت و باخچەکان هەست بەبونی خۆیان بکەنەوەو هەوای بێ دەسکردو بێ دەسکاری کراو هەڵمژن.
بەرژەوەندی لەوەدا نیە کۆمپانیەکان چەندیان دەست دەکەوێت و دەتوانن چەندی تر دۆلار کەڵەکە بکەن، بەرژەوەندی لەوەدایە مرۆڤ لەنەخۆشی و ناخۆشی و ژینگەی وێران دوور بخرێتەوە، زەوی پڕ کراوە لەو کەرەستانەی ڕۆڵی مەترسیدار دەبینن لەتێکدان و داخکردنی سروشتا، بۆیە پێویستە هەمووان پێکەوە بیر لەچارەسەر بکەینەوە، چارەسەر بەو مانایەی بەزەیمان بەدارو گوڵ و باخچەکاندا بێتەوە، بەزەی هاتنەوە بەمانا ئاکاریەکەی بەو مانایەی هەست بەبەرپرسیاری بکەین بەرانبەر مرۆڤ و ژینگە، ئەمە شەڕی دەستەویەخەی نێوان ئاکارو بێئاکاریە، شەڕی نێوان بەرژەوەندی گشتی و قۆرخکاریە، لەمەدا ناکرێت کەس بیانوی هەبێت، چونکە پەیوەستە بە سبەینێوە، سبەینێی نەوەکان و هەموو ئەو بونەوەرو زیندەوەرانەی تا ئێستا لەماڵی زەویدا دەژین.
هـ . ب