بانگەشەی ئەوە دەکرێت ئیسرائیل بەنیازە هێرش بکاتە سەر ماڵی بەرپرسە باڵاکانی ئێران

بە گوێرەی هەواڵێکی کەناڵ ١٤ی ئیسرائیل، تەلئەبیب لە چوارچێوەی هێرشی تۆڵەکردنەوەدا ماڵ و جێگەی بەرپرسانی باڵای ئێرانی خستووەتەناو لیستی ئامانجەکانیەوە.

لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر پێگە و هێز و کەسایەتییەکانی سەر بەدەسەڵاتی ئێران، لە چوارچێوەیی هێرشی بەرپەرچدانەوەدا لە ١ی تشرینی یەکەم ئێران ١٨٠ موشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.

لە دوای ئەو ڕووداوەوە گرژییەکانی نێوان ئەو دووڵاتە پەڕییەوە بۆ قۆناغێکی تر. بە گوێرەی پێشبینییەکان چاوەڕوان دەکرا ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر دامەزراوە نەوتی و ئەتۆمییەکانی ئێران. بەڵام دوای ماوەیەک ئیسرائیل بە ئەمریکای ڕاگەیاند کە هێرشەکانی بۆسەر ئێران لە چوارچێوەی ئامانجە سەربازی و هەواڵگرییەکاندا سنووردار دەکات.

لەوسەروبەندەدا لە هەواڵێکی کەناڵ ١٤ی ئیسرائیلییدا ئاماژە بەوەکراوە لە دوای هێرشەکەی ئێران بۆسەر ماڵی ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیران، ئیسرائیل ئامانجەکانی خۆی بۆ هێرشی تۆڵەکردنەوە گۆڕیوە و لە نێو ئەو ئامانجانە نوێیانەشدا ماڵ و جێگەی بەرپرسانی پلەباڵای ئێران هەیە.

لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوەکراوە؛ پلانی هێرشەکە خراوەتە بەردەم دەسەڵاتدارن و جێگەی دیاریکراو دەبێتە ئامانجی هێرشەکان.  پلانی هێرشەکان بە نهێنی دەمێننەوە تا کاتی ئەنجامدانی هێرشەکە. باسی لەوەشکردووە بەهۆی ئەم پەرەسەندنە نوێیانەوە بەرپرسانی تاران نیگەرانن لەوەی یەکێک لە ئامانجەکان ماڵ و شوێنی مانەوەی عەلی خامنەیی رابەڕی ئایینی ئەو وڵاتەبێت.