بریکاری وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات

بڕیارە عەلی باقری بریکاری وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی بەغدا، هەولێر و سلێمانی بکات.

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سبەینێ پێنج شەممە عەلی باقری بریکاری وەزیری دەرەوەی ئێران کە سەرپرشتی وەزارەتەکە دەکات، سەردانی عێراق دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای سەردانی بەغدا، رۆژی هەینی باقری سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و دواتریش دەچێتە سلێمانی.

رۆژی ١٩ی ئایار هەلیکۆپتەری ئیراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لە ئازەربایجانی خۆرهەڵات کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە رەئیسی و حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوە گیانیان لەدەستدا.

دوای ئەو رووداوە عەلی باقری وەک بریکار و سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەستنیشان کرا.

هـ . ب