بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی ئێران بەهۆی سەرما و نەبوونی سووتەمەنیەوە داخران

هاوکات لەگەڵ دابەزینی پلەی گەرما و بەردەوامی پیسبوونی کەش و هەوا، زۆربەی قوتابخانەکان لە سەرانسەری ئێران بە هۆی سەرما و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە، داخران.

هەفتەی ڕابردوو بەهۆی پیسبوونی کەش و هەواوە زۆربەی قوتابخانەکانی پارێزگاکانی ئێران داخران. لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما و کەشی زستان لە ناوچە دوور دەستەکانی ئێران، پەستانی گازی ماڵانیش دابەزیوە و پچڕانی جاربەجاری کارەبا لە زۆربەی پارێزگاکان بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتریش کێشەی لەو شێوەیە هەبووە.

بە وتەی بەرپرسانی حکوومی، بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما و بەردەوامی پیسبوونی کەش و هەوا، لە ٢٦ پارێزگا قوتابخانەکان بۆ بیانوی " بەکارهێنانی کەمتری وزەوە" داخران.

جێی ئاماژەیە بەرپرسانی پارێزگاکان ئاماژەیان بە کەش و هەوای سارد و پیسبوونی هەوا کردووە و ڕایانگەیاندووە زیاتر بە هۆی بە فیڕۆنەچوونی وزە و "ڕێگریکردن لە دابەزینی فشاری گاز لە تۆڕی گازی سەرانسەری"ـەوە بووە.

هەروەها چالاکی ناوەندە حکومییەکان له زۆربەی ئەو پارێزگایانه داخراون.

دوابەدوای نیشاندانی ناڕەزایەتیەکانی گەل لە دابەزینی فشاری گاز، وتەبێژی کۆمپانیای گازی گشتی ئێران لەو بارەیەوە لێدوانێکی دا و ئاماژەی بە ١٧%ی زیاتری بەکارهێنانی گاز لە وڵاتدا کرد بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.

هەروەها مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران داوای دابەزینی ٢ پلە گەرمای ماڵەکان کردووە و لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا زۆرێک لە ئەندامانی دەوڵەتەکەی پەیامی هاوشێوەیان بڵاو کردووتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆرێک لە هاووڵاتیان و شرۆڤەکارانی شارەزا دەڵێن تا ئێستا دیار نییە ئەم گازە بەرهەم هێنراوە چەندەی بۆ هەناردەکردنی تورکیا و عێراق تەرخانکراوە و چەندی بۆ وێستگەکانی کارەبا و پیشەسازییە گەورەکان تەرخان کراوە.

بە قسەی هەندێک لە شرۆڤەکاران، پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیەدا بەکارهێنانی گاز لە پیشەسازی ناوخۆیی، بازرگانی و شوێنەکانی دیکەدا بە ڕێژەی ٢% زیاد بکات.