بۆیەکەم جار ئێران پارێزگارێکی بەلوچی بۆ سیستان بەلوچستان دیاریکرد

حکومەتی ئێران بۆ یەکەمجار پارێزگارێکی بەلوچی بۆ ناوچەی سنووری سیستان بەلوچستان دیاریکرد، کە ناوچەیەکە لە ژێر گوشاری توند و جیاکاریدایە.

فاتمە موهاجرانی وتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، لە مەنسور بیجار وەک پارێزگاری سیستان بەلوچستان دەستنیشانکراوە.

رۆژی شەممە لە پارێزگای سیستان بەلوچستان هێرشێک هاتە ئاراوە و ١٠ پۆلیس کوژران، دیاریکردنی پارێزگاری نوێ دوای ئەو هێرشە ئەنجامدرا. گروپی جیهادیستی جەیشولعەد (سوپای دادپەروەری) کە گروپێکی سوننەیە هێرشەکەی لەئەستۆگرتبوو.

سیستان بەلوچستان یەک لە هەژارنشینترین ناوچەکانی ئێرانە.

لەو ناوچەیە بەلوچەکان دەژین کە زۆرینەیان سوننەن. بەردەوام لەو ناوچەیە شەڕ لە نێوان هێزەکانی دەوڵەت و سەربەخۆییخوازانی بەلوچ، گروپە سوننە توندڕەوەکان و قاچاخچییەکاندا روودەدات.

دیاری کردنی مەنسور بیجار بۆ پۆستی پارێزگاری سیستان و بەلوچستان لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا دەبێتە سێهەم حاڵەتی دانانی پارێزگاران کە لە نەتەوەی فارس نین.