بزووتنەوەی نوجەبا: تورکیا و چەند وڵاتێک کار بۆ تێکدانی دۆخی عێراق دەکەن

بزووتنەوەی نوجەبا ڕایگەیاند، ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی تورکیا، بەریتانیا، هەواڵگیریی ناتۆ و ئیسرائیل دۆخی سووریایان تێکدا، هۆشدارییشیدا، ئەو ژوورە لە ناوخۆی عێراقەوە کار لەسەر تێکدانی عێراقیش دەکات.

بزووتنەوەی نوجەبا، کە یەکێکە لە گروپەکانی نێو مەقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ئەگەری تێکچوونی بارودۆخی عێراق لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی تورکی و چەند وڵاتێکی دیکە بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی ئەو بزووتنەوەیەدا هاتووە، ئەوەی لە سووریا ڕوویدا خۆڕسکانە نەبوو، بەڵکو ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی تورکی بۆ تەرخان کرا، بە پیلانی بەریتانیا و هەواڵگریی ناتۆ و ئیسرائیل، ئەو زانیارییانەی لە رێگەی درۆن و مانگی دەستکردەوە لەسەر جوڵە و شوێنەکانی سوپای سوریا کۆکرانەوە ئاسانکارییان بۆ سەرخستنی پیلانەکە کرد.

ئاماژەیان بەوەشداوە، ئەو ژوورە بە سەرکردایەتی بەریتانیا کاردەکات بۆ تێکدانی عێراقیش بەڵام ئەمجارە لە بەغداوە نەک دەرەوەی سنوورەکان.

جەختیشی کردەوە، گرنگییەکی زۆر دراوە بە سنوورەکان بەڵام پیلانگێڕییە ڕاستەقینییەکە لە لەناوخۆوەیە و پێویستە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور و خۆرئاوا و باکوور لەبیر نەکەن.