دوای کۆمەڵکوژییەکە بڕیاری چۆڵکردنی خان یونس دەرکرا

شەڕی کەرتی غەززە ماوەی ٣١٠ ڕۆژە بەردەوامە. جارێکی دیکە ئیسرائیل بڕیاری چۆڵکرنی خان یونسی دەرکرد. ڕۆژی شەممە بە هۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر قوتابخانەیەکی ئەو هەرێمە کۆمەڵکوژییەکی گەورە خوڵقێنرا.

شەڕی سەر کەرتی غەززە وێڕای ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکان بەردەوامە. سوپای ئیسرائیل بڕیاریدا بەزوترین کات گەڕەکێکی باکووری شارۆچکەی خان یونس لە هاوڵاتییان چۆڵبکرێت.

هاوڵاتیانی ئەو گەڕەکە لە ڕێگەی پەیامەوە ئاگادارکراونەتەوە کە ئەو جێگەیە چۆڵکەن و بچنە هەرێمی سەلامەتی تازە دیاریکراوەوە.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەداوە چەکدارانی فەلەستین ناوچە مرۆییەکان بۆ ئەنجامدانی کارە تیرۆرستییەکانیان بەکار دەهێنن و لەوێوە موشەک ئاڕاستەی خاکی ئیسرائیل دەکەن.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردوە پشبینی دەکرێت دوا بەداوی دەرچونی بڕیارەکەی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا بە لایەنی کەمەوە ٦٠ هەزار هاوڵاتی فەلەستینی ڕوو لە ڕۆژئاوای خان یونس بکەن.

بەرگری شارستانی غەززە، ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو لە ئەنجامی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە بۆ سەر قوتابخانەیەکە کە کەسانی مەدەنی تێدابووە نزیکەی ٩٣ فەلەستینی کوژراون، کە بەشێکیان ژن و منداڵن.

سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی کرد قوتابخانەکە لە لایەن چەکدارانی حەماس و جیهاد ئیسلامییەوە بەکارهێنراوە، لەو هێرشەدا بە لایەنی کەمەوە ١٩ ئەندامی ئەو دوو گروپە چەکدارانە کوژراون.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری کۆتاییدا زیاتر لە ٣٠ ئامانجی سەربازی حەماسییان پێکاوە.

دەسەڵاتداری فەلەستین و بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکان جەخت لەوەدەکەنەوە چیدی هەرێمەکە بۆ هاوڵاتییانی فەلەستینی پارێزراوە نیە.