دەوڵەتی ئێران دەیەوێت دوو ملیۆن پەنابەر دیپۆرت بکاتەوە

دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاند، دەیانەوێت تا مانگی ئاداری ٢٠٢٥دوو ملیۆن پەنابەری بێ بەڵگەنامە بۆ وڵاتەکەیان دیپۆرت بکەنەوە.

لە ئێران چەند مانگێکە گفتوگۆکان سەبارەت بەو پەنابەرانەی لە ئەفغانستانەوە هاتوونەتە ناو ئێرانەوە مشتومڕی لێدەکەوێتەوە.

لەوەتەی تاڵیبان دەسەڵاتی لە کابول گرتووەتە دەست، ملیۆنان پەنابەر لە ئەفغانستانەوە هەڵاتوون.

ئەسکەندەر مۆمێنی وەزیری ناوخۆ ڕۆژی دووشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لەو بارودۆخە کرد و پەنابەرانی ئەفغانی بە "خەڵکی مەدەنی" پێناسە کرد و وتی: ئێران ناتوانێت ئەم پەنابەرە زۆرە لەخۆ بگرێت.

مۆمێنی هەروەها ڕایگەیاند: "پلانمان هەیە ئەم پرسە بە شێوەیەکی بەرنامەداڕێژراو و بەبێ توندوتیژی چارەسەر بکەین.

هەروەها ئەحمەد ڕەزا ڕادان فەرماندەی هێزه ئەمنییەکانی ئێران ڕۆژی سێ شەممه له وتووێژێکدا پشتڕاستی کردەوه که دەسەڵاتدارانی ئێران دەیانەوێت تا کۆتایی مانگی ئاداری ٢٠٢٥ دوو ملیۆن په نابەری بێ بەڵگه دیپۆرت بکەنەوە بۆ وڵاتەکەیان.

بەپێی ئاماری ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئێستادا نزیکەی چوار ملیۆن و ٥٠٠هەزار پەنابەری ئەفغانی لە ئێران هەن کە زۆربەیان بێ بەڵگەنامەن.

میدیاکانی ئێرانیش باس لەوە دەکەن کە ئەم ژمارەیە زیاتر لەوەیە، بە پێی هەندێک بەراوەرد ژمارەکە لە نێوان ٦ بۆ ٨ملیۆن کەسە.