'دەوڵەتی ئێران لەمساڵدا ٨٨٣ کەسی لەسێدارەداوە'

ماڵپەڕی هەرانا بڵاویکردەوە، کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٨٨٣ کەس لە ئێران لەسێدارەدراون. ئەوەش خراوەتەڕوو، کە هەر لەم ساڵدا سزای لەسێدارەدان بەسەر ٢٦ ژن جێبەجێکراوە.

ماڵپەڕی کۆمەڵەی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤی ئێران (هەرانا) بڵاویکردەوە، لەم ساڵدا ٨٨٣ کەس لە ئێران لەسێدارەدراون، ٢٦ ژن و ٥ کەسی خوار تەمەنی ١٨ ساڵیش لەناو لەسێدارەدراواندان.

بەگوێرەی ئامارەکانی ئەو ماڵپەڕە رێژەی لەسێدارەدان لەمساڵدا بە رێژەی لەسەدا ٣٣.٥ زیادی کردووە.

هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە هەر لەم ساڵدا سزای لەسێذارەدان بۆ ٢٠٧ کەس بڕاوەتەوە و سزای ٥٤ کەسیان لەلایەن دیوانی باڵای دادوەری ئێرانەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

راگەیەندراوە کە لەسەدا ٥١.٨٧ی ئەو کەسانەی لەسێدارەدراون تۆمەتی "مادەی هۆشبەر"یان رووبەڕووکرابووەوە، و لەسەدا ٤٠.٥٤ی ئەو کەسانەش بە تۆمەتی "تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەیان بۆ بڕابووەوە.

جێگەی ئاماژەیە بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران ساڵی ٢٠٢٣ لانیکەم ٨٣٤ کەس لە ئێران لەسێدارەدرابوون.