هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران کەوتە گەڕی دووەمەوە
هەڵبژاردنی خولی چواردەهەمینی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بە کەمترین رێژەی بەشداربوونەوە بەڕێوەچوو، هیچ یەک لە کاندیدەکان نەیانتوانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنن و پرۆسەکە کەوتە گەڕێ دووەمەوە.
هەڵبژاردنی خولی چواردەهەمینی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بە کەمترین رێژەی بەشداربوونەوە بەڕێوەچوو، هیچ یەک لە کاندیدەکان نەیانتوانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنن و پرۆسەکە کەوتە گەڕێ دووەمەوە.
ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران راگەیاندرا، بەگوێرەی ئەو ئەنجامەی لەلایەن وەزارتی ناوخۆوە راگەیەندراوە مەسعود پزیشکیان کە لەلایەن ریفۆرمخوازانەوە پشتیوانی لێدەکرا توانیوەتی ١٠ ملیۆن و ٤١٥ هەزار و ٩٩١ دەنگ بەدەستبهێنێت.
هەروەها سەعید جەلیلی یەک لە کاندیدەکانی بناژۆخوازان توانیویەتی ٩ ملیۆن و ٤٧٣ هەزار و ٢٩٨ دەنگ مسۆگەر بکات.
هەریەک لە محەمەد باقر قاڵیباف بە بەدەستهێنانی ٣ ملیۆن و ٣٨٣ هەزار و ٣٤٠ دەنگ و مستەفا پورمحەمەدی بە بەدەستهێنانی ٢٠٦ هەزار و ٣٩٧ دەنگ، لە پلەکانی سێهەم و چوارەمدان.
بەو پێیەی کۆی دەنگەکان ٢٤ ملیۆن و ٥٣٥ هەزار و ١٨٥ دەنگ بووە، هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانیوە لەسەدا ٥٠ کۆ یەکی دەنگەکان بەدەستبهێنن، هەڵبژاردنەکە دەکەوێتە گەڕێ دووەم کە بڕیارە هەینی داهاتوو ٥ی تەمووز بەڕێوەبچێت و هەریەک لە پزیشکیان و جەلیلی بتوانن زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنن دەبنە سەرۆک کۆمار.
لەسایەی بایکۆتی بەرفراوانی لایەنە بەرهەڵستکارەکان و ناڕەزایەتی بەرینی جەماوەری رێژەی فەرمی بەشداری لەو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بە نزیکەی لەسەدا ٤٠ راگەیەندراوە، بەڵام چاودێران و چالاکوانانی سیاسی باس لەوەدەکەن رێژەی راستەقینەی بەشداری زۆر لەوە کەمترە.
لە هەڵبژاردنەکەدا زیاتر لە ٦١ ملیۆن مافی بەشدارییان هەبوو، لە کۆی ژمارەی فەرمی بەشداربووان، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دەنگی پوچەڵ خراونەتە سندوقەکانی دەنگدانەوە.
هـ . ب