خەزعەلی: کاتی ئەوە هاتووە بەفەرمی مردنی رێککەوتنی شەنگال رابگەیەندرێت

ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند: "بەناو رێککەوتنی شەنگال کۆتایی هاتووە و کاتی ئەوەیە بە فەرمی ئەوە رابگەیەندرێت"، جەختیشی کردەوە کە خەڵکی شەنگال ئەو رێککەوتنەیان رەتکردووەتەوە.

قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق لە میانی بەشداری لە سپەیسی کۆڕبەندی سیاسی ناوەندی بزووتنەوەی سادقوون لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، باسی لە چەند پرسێک کرد، لەوانە پرسی کردنە دەرەوەی هێزە نایاساییەکانی دەوڵەتى تورک و بیانییەکان،و بەناو ڕێککەوتنی شەنگال و پرسی گەڕانەوەی هاوڵاتییانی شەنگال بۆ زێدی خۆیان.

خەزعەلی وتی: هاوڵاتیانی شەنگال وەک زانراوە لە ڕابردوودا بەهۆی خیانەتی لایەنێک دووچاری کۆمەڵکوژیی بوونەوە، بەداخەوە کە تائێستا ستەمیان بەرامبەر دەکرێت، سەرباری ئەوەی ڕۆڵەکانی شەنگال مافی خۆیانە بگەڕێنەوە زێد و ناوچەکانیان، بەڵام بەربەست و ئاستەنگیان بۆ درووست دەکرێت، هۆکارەکەشی بەرژەوەندیی هەندێک لایەنی کوردییە، کە دەیەوێت لە هەڵبژاردنەکاندا سوود لە ئێزدییەکان وەربگرێت، ئەوەش تەنها خەڵکی شەنگال بە گشتیی و بەتایبەتیش ئێزدییەکان باجەکەی دەدەن.

دەربارەی ڕێککەوتنامەی ٩ـی تشرینی یەکەم لە نێوان پەدەکە و حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی و دەوڵەتی تورک ئاماژەی بەوەکرد، ڕێککەوتنی بەناو “شەنگال” تەنها موجامەلە و بازرگانی کردنێکە بە خەڵکی شنگال، هیچ بەهایەکی نییە، چونکە لەلایەن هاوڵاتیانی شەنگالەوە ڕەتکراوەیە.

دووپاتی کردەوە، "ئێستا کاتی هاتووە بەفەرمی مردنی ڕێککەوتنامەی بەناو “شەنگال” ڕابگەیەنین و کۆتایی پێبهێنین، بازرگانیی و یاریکردن و ئەنجامدانی گرێبەست و یەکلاکردنەوەی سیاسیی لەسەر حساب و چارەنووسی خەڵکی شنگال با بەس بێت."

جەختی کردەوە، ئەو ڕێککەوتنەی لەلایەن نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت و پێداگریی لەسەر جێبەجێکردنی دەکرێت، نەجێبەجێ کراوە و نە جێبەجێش دەکرێت.

هاوکات دەربارەی بوونی سووپای دەوڵەتى تورک و هێزە بیانییەکانی دیکە لە خاکی هەرێم و عێراقدا وتی: "کردنە دەرەوەی هێزی داگیرکەر پرسێکی سادە و ئاسان نییە، بەڵکو پێیوستی بە هەڵوێستی نیشتمانیی و گەل هەیە پاش ئەو هەڵوێستە وەربگێڕدرێت بۆ کاری سیاسیی، گەلی عێراق هەبوونی هێزی بیانی ڕەتدەکاتەوە، جا هێزێک بێت کە هەبوونی نایاسایی بێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوامی بە هەوڵەکان دەدەین​​​​​​​."

لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ بەپێچەوانەی خواست و ویستی دانیشتوانی شەنگال بە هاندانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر پەدەکە رێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی واژۆکرد.

 ئامانج لەو رێککەوتنە لەباربردنی دەستکەوتەکانی ئێزدییەکان و گەڕانەوەی دۆخی شەنگال بوو بۆ پێش فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤، کە بەهۆی ئەو دۆخەوە و هەڵاتنی هێزەکانی پەدەکە خەڵکی شارەکە لەبەرامبەر داعش بێ بەرگری بەجێهێڵران و هەزاران ئێزدی کۆمەڵکوژ کران و بەهەزاران ژن و کچی ئێزدیش رفێندران.

هەرزوو ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و دانیشتوانی شارەکە بە توندی دژی ئەو رێککەوتنە وەستانەوە و رەتیان کردەوە جارێکی دیکە هەنگاو بۆ دواوە بنێن.

هـ . ب