کۆنفرانسی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەیروت دەستی پێکرد
کۆنفرانسی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان دەستی پێکرد.
کۆنفرانسی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان دەستی پێکرد.
کۆنفرانسی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە بەشداری ٢١ ڕێکخستنی گەنجان لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان دەستی پێکرد. کۆنگرەکە بە دروشمی "گەنجان و بنیاتنانی ئایندەیەکی ئازاد" بەڕێوەدەچێت. لە کۆنگرەکەدا باس لە کێشەکانی گەنجان، چارەسەرەکان، بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستی، کێشەکانی ئازادی ژنان، چۆنیەتی چالاککردنی ڕۆڵی گەنجان، پەرەپێدانی یەکێتی و تێکۆشانی گەنجان گفتۆگۆی لە سەر دەکرێت.
ئەو ڕێکخراو و دامەزراوانەی گەنجان کە بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کردووە بریتین لە: یەکێتی گەبجانی دیموکراتی عێراق، بەشی خوێندکارانی پارتی سۆسیالیستی یەمەن، یەکێتی گەنجانی پێشکەوتنخوازی سوریا، چالاکوانانی سەحرای ڕۆژئاوا، بزووتنەوەی ئایندەی گەنجانی مۆریتانی، یەکێتی گەنجانی پێشکەوتنخوازی میسر، یەکێتی ژنانی گەنج، گەنجانی مەجلیسی کۆمەڵایەتی ئەرمەنستان، ئەنجوومەنی گەنجانی سوریای دیموکراتیک، دامەزراوەی نەبرا تیم کۆش بۆ ڕۆشنبیری و نەریت و خێرخوازی، گەنجانی یەکێتی نیشتمانی بەیت نەهرەین، ڕێکخراوی گەنجانی کوردستان، بزووتنەوەی گەنجانی چەپی شۆڕشگێڕی سوریا، ڕێکخراوی ڕێنێسانسی قوتابیان و گەنجانی کوردستان، بزووتنەوەی گەنجانی میسر، گەنجانی حیزبی شیوعی کوردستان، یەکێتی لاوانی کوردستان، کۆنگرەی دێموکراتی گەل، ڕێکخراوی ئازادی گەنجانی کوردستان، کۆمەڵەی نووسەران و چالاکانی یەمەن و کۆمەڵەی هاوکاری بۆ ژنان و منداڵانی ئەفغانستان.
کۆنفرانسەکە ٢ ڕۆژ دەخایەنێت. لە ڕۆژی یەکەمدا کاریگەریی مۆدێرنیتە سەرمایەداری لەسەر گەنجان، تێکۆشان و ئەزموونەکانی خۆبەڕێوەبەری گەنجان، لەناوبردنی سروشت و ژینگە، بارودۆخی ژنانی گەنج و ئازادی ژنان تاوتوێ دەکرێن. لە ڕۆژی دووەمدا سەبارەت بە کێشەکانی گەنجان و ڕۆڵی گەنجان لە پەرەپێدانی کولتوری ژیانی هاوبەش و شێوازەکانی بەرەوپێشبردنی یەکێتی و پەیوەندی نێوان گەنجان وۆرک شۆپ بەڕێوەدەچێت.