وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) لە بارەی ژمارەی هێرشەكانی سەر بنكە و بارەگانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە ١٧ی تشرینی یەكەمەوە گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران ١٠٦ هێرشییان لە ڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، شەوی ڕابردوو لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە هێرش كراوەتە سەر بنكەیەكی هێزەكانمان لە ناو فڕۆكەخانەی هەولێرن، بەڵام لە ڕێگەی سیستەمەی بەرگرییەوە وەڵامی هێرشەكە دراوەتەوە.
پنتاگۆن ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر هێرشی زیاتریش ڕووبدات، ئەوا لە كات و شوێنی گونجاودا وەڵامی دەدەنەوە.
لە دوای فراوانبوونی ئاڵۆزیی و گرژییەكانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە غەزە، بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا لە ڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە بە بەردەوامی هێرشیان کراوەتەسەر.
وەک بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانە چەند جارێک ئەمریکا گروپە چەکدارە عێراقیەکانی نزیک لە ئێرانی کردووەتە ئامانج.
هـ . ب