لە ئێران لە مانگی تشرینی یەکەمدا لانیکەم ١٦٦ کەس لە سێدارە دراون

بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، تەنها لە مانگی تشرینی یەکەمدا لانیکەم ١٦٦کەس لە ئێران لە سێدارە دراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند، کە تەنیا لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەمدا لانیکەم ١٦٦کەس لە ئێران لە سێدارە دراون کە ئەم ڕێژەیە بە بەراوەرد بە ساڵی ٢٠٠٧ بەرزترین ڕێژەیە.

  بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە کۆی ئەو ١٦٦کەسەی لەسێدارە دراون، ١٣ کەسیان هاووڵاتی ئەفغانی و ٦ کەسیان ژن و یەکێکیان هاوڵاتی ئێرانی-ئاڵمانییە.

  بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، تۆمەتی زیندانیانی لەسێدارە دراو بریتیە لە: ٨٠کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، ٦٤ کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر، ١٢ کەس بە تۆمەتی "محارەبە" یان "خراپەکاری لەسەر زەوی".

  هەروەها دوو لەو کەسانە لە پێش چاوی خەڵکدا لەسێدارە دراون.

  ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هۆشداری دا لە زیادبوونی لە سێدارەدانەکان لە چەند مانگی داهاتوودا بەهۆی شەڕی ئێران و ئیسرائیلەوە و خوازیاری هەوڵدانی تایبەتی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، ڕاگەیاندن و دامەزراوە مەدەنییەکانە دژ بە پەرە سەندنی لەسێدارەکان لە ئێران.

 بە پێی ئاماری ئەم ڕێکخراوە، لە ماوەی ١٠مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤، لانیکەم ٦٥١ کەس لە زیندانەکانی حکوومەتی ئێران لە سێدارە دراون.