ناوی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران راگەیەندرا

ناوی شەش کەس وەک پاڵێوراوی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران راگەیەندرا و لە رۆژی دووشەممەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات و پێشبینی دەکرێت لەم هەڵبژاردنەشدا رێژەیەکی کەم لە هاووڵاتیان بەشداری بکەن.

ئەنجومەنی پاراستنی دەستوری ئێران لە کۆی نزیکەی ٨٠ کەس کە ناوی خۆیان تۆمارکردبوو، ناوی شەش کەسی وەک کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار پەسەند کرد، کە ئەوانیش بریتین لە : محەمەدباقر قالیباف، سەعید جەلیلی، عەلیڕەزا زاکانی، مەسعود پزشکییان، مستەفا پوورمحەممەدی و ئەمیرحوسێن قازیزادەی هاشمی کە پێنج کەسیان لە باڵی بناژۆخوازی دەسەڵاتن و مەسعود پزیشکیان بە کەسێکی نزیک لە ریفۆرمخوازان دادەنرێت.

جگە لە مەسعود پزیشکیان و مستەفا پور محەمەدی کاندیدەکانی دیکە پێشتریش ئەزمونی خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماریان هەیە.

لەناو ئەو کەسانەی لەلایەن ئەنجومەنکەوە کاندیدبوونیان رەتکرایەوە، هەر یەک لە مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری پێشووتر، عەلی لاریجانی سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان و ئیسحاق جەهانگیری جێگری یەکەمی حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران دەبینرێت.

ئەو سێ کەسە لە هەڵبژاردنی پێشووشدا رێگەیان پێنەدرابوو خۆیان کاندید بکەن.

هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران لە ٢٨ی حوزەیران (هەشتی پوشپەڕ) بەڕێوەدەچێت و لە رۆژی دووشەممەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات.

دوای ئەوەی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لە ١٩ی ئایاردا لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی گیانی لەدەستدا، بە پێی دەستوری ئەو وڵاتە دەبوایە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڕێوەبچوایە.

پێشبینی دەکرێت هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە کەمترین رێژەی دەنگدەر بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن، بەتایبەتی کە بە هەڵبژاردنێکی ناوخۆیی باڵی بناژۆخوازی دەسەڵات دادەنرێت و جگە لە قەیرانە قووڵە داراییەکان کە بەرۆکی هاووڵاتیانی گرتووە، لە رووی سیاسیشەوە لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا دابڕانێکی قووڵ لە نێوان زۆرینەی هاوڵاتیان و دەسەڵات دروست بووە، کە شیمانە ناکرێت دەسەڵات بتوانێت رێژەیەکی بەرچاو بباتە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

هـ . ب