عێراق… تا ئێستا ٤٧٠ ڕۆژنامەنووس کوژراون

سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بە بۆنەی یادی ١٥٥ ساڵەی رۆژنامەگەری لە وڵاتەکەی ڕایگەیاند، لە کۆی ١٨٠ وڵاتی جیهان عێراق لە پلەی یەکەمدا دێت لە ژمارەی کوژرانی ڕۆژنامەنووسان و تائێستا ٤٧٠ رۆژنامەنووس لە وڵاتەکەدا کوژراون.

فازڵ غەراوی سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، بەبۆنەی یادی ١٥٥ ساڵەی ڕۆژنامەگەریی لە عێراق و ئاستی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی چەند زانیارییەکی بە میدیا ناوخۆییەکانی عێراق ڕاگەیاند.

سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، لە کۆی وڵاتی جیهان عێراق لە پلەی یەکەمدا دێت لە ژمارەی کوژرانی ڕۆژنامەنووسان. فازڵ غەراوی ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا لە عێراق٤٧٠ ڕۆژنامەنووس کوژراون.

باسی لەوەشکردووە، هەر لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا سەدان پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان کراوە، ئەوانیش بریتین لە دەرکردنی لە کار بە زۆر، لێپێچینەوە، تۆقاندن، ڕێگریکردن لە وێنەگرتن، شکاندنی ئامێرەکان و چەندانی جۆرى دیکە.

هاوکات بەپێی ئامارێکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان، لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠ تا ٢٠٢٠، لە عێراق ٣٤٠ ڕۆژنامەنووس کوژراون و بەوش لە پلەی یەکەمی وڵاتانی جیهانەدایە بۆ مەترسیی لەسەر گیانی ڕۆژنامەنووسان.

هـ . ب