رۆژی سێ شەممە ٥٥ کەس لە لوبنان کوژران

وەزارەتی تەندروستی لوبنان بڵاویکردەوە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە، رۆژی سێ شەممە ٥٥ کەس کوژراون. حزبوڵاش رایگەیاند کە لە رووبەڕووی ئەو سەربازانەی ئیسرائیل بوونەوە کە هەوڵیاندابوو بچنە ناو لوبنانەوە.

وەزارەتی تەندروستی لوبنان رایگەیاند کە رۆژی سێ شەممەش بێوچان هێرشکراوەتە سەر باشوری لوبنان و بیقاع. راگەیەندرا کە لە دەوروبەری باشوری بەیروت دوو هێرش ئەنجامدروە. بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتەکە لە ئەنجامی هێرشەکاندا ٥٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٥٦ کەسیش برینداربوون.

وەزارەتی تەندروستی ئاسکرای نەکردووە کە چەند قوربانی ژن و منداڵ بوون. بەرپرسانی لوبنان لە راگەیەندراوەکانیاندا ژمارەی قوربانیانی مەدەنی و سەربازی جیاناکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە حزبوڵای لوبنان رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، کە لە بەرامبەر سەربازانی ئیسرائیلی کە هەوڵیان دەدا بکەونە ناو خاکی لوبنانەوە شەڕیان کردووە و هێرشیان کردووەتە سەر یەکینەکانی ئیسرائیل لە دیوەکەی دیکەی سنوور.