شەڕ لە لوبنان: ٨ سەربازی ئیسرائیلی کوژران

دوای ئەوەی ئیسرائیل لە دژی لوبنان دەستی بە ئۆپراسیۆنی زەمینی کرد، شەڕێکی قورس لە ناوچە سنوورییەکان هاتە ئاراوە. راگەیەندرا کە لە شەڕەکەدا ٨ سەربازی ئیسرائیل کوژراون.

راگەیەندرا کە لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵادا ئەفسەرێکی کۆماندۆی ئیسرائیلی و ٧ سەربازی ئەو وڵاتە کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.

شەڕەکە زیاتر لەسەر سنوری باکوری ئیسرائیل و باشوری لوبنان لە نزیک چەند گوندێک چڕبووەتەوە.

حزبوڵا بانگەشەی ئەوە دەکات کە چەکدارەکانیان لە باشوری لوبنان ئامێرێکی تەقەمەنیان تەقاندووەتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلی کوژراون یاخود برینداربوون.

هەروەها باسی لەوەشکردووە، کە لە شارۆچکەی مارون ئەلرەئس کە لە سەر سنووری لوبنانە بە رۆکێت ٣ تانکی ئیسرائیلییان لەناوبردووە.

سوپای لوبنان رایگەیاند کە هێزەکانی ئیسرائیل لەسەر سنوور بە قووڵایی ٤٠٠ مەتر پێشڕەویان کردووە و دوای ماوەیەکی کورت کشاونەتەوە. لەگەڵ توندتربوونی شەڕەکە سەدان هەزار مرۆڤ ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە.