یەکێتی ئەوروپا: لێدوانی کاربەدەستانی ئیسرائیل هاندەرن بۆ تاوانی جەنگ

یەکێتی ئەوروپا ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە لێدوانەکانی وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، ئیتمار بن-گڤیر پیشاندا و بە هاندان بۆ تاوانی جەنگ لە دژی فەلەستینییەکان ناویهێنا.

نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێف بۆریل فۆنتیلیس بە توندی لێدوانێکی وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل ئیتمار بن-گڤیری شەرمەزارکرد و ئاماژەی بەوەدا ئەو لێدوانانە هۆکارن 'بۆ هاندانی کردەوەی تاوانەکانی جەنگ'.

بۆریل لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا هەموو جیهان لە هەوڵی ئاگربەستە لە غەززەدا، بەڵام لە کاتێکی هەستیاری لەم شێوەیەدا، بن گڤیر داوای کۆتایهێنان بە هاوکارییە مرۆییەکان دەکات بۆ کەسانی مەدەنی، ئەمەش هاندانە بۆ تاوانی جەنگ.

ڕۆژی یەک شەممە بن گڤیر لە لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆیەکی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا لە دژی ئاگربەستە لەگەڵ حەماسدا، ئاگربەست بە مانای تەسلیمبوونە بە بزوتنەوەی فەلەستینی. ئەو بەرپرسە پێشتریش بانگەوازی کۆتایهێنان بە هاوکارییە مرۆییەکان کردبوو بۆ کەسانی مەدەنی لە کەرتی غەززە.

هەر لەو بارەیەوە ئیتمار بن گڤیر لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی X ئاماژەی بەوەداوە: "پێویستە کەرتی غەززە بەتەواوەتی لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە داگیربکرێت. پێویستە پەرە بە کۆجبەرکردن بدەین، تا ئەوەی بەتەواوی خاکی غەززە داگیربکەین و بۆ هەمیشە لەدەستماندا بمێنێتەوە."

هەفتەیەک لەمەوبەر، بیزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "ڕەوا و ئەخلاقییە" کە ئیسرائیل دوو ملیۆن فەلەستینی مەحکوم بە برسێتی بکات. ئەم قسانە لەلایەن کۆمیسەری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤۆڵکەر تورکەوە بە توندی ڕخنەکرا.