ئێران: دراوسێکانمان رێگەنادەن کایەی ئاسمانی وڵاتەکەیان لە دژی ئێمە بەکاربهێندرێت

هاوکات لەگەڵ بەردەوامی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، وەزیری دەرەوەی حکومەتی تاران عەباس عێراقچی رایگەیاند، وڵاتانی دراوسێ رێگەنادەن 'خاک و کایەی ئاسمانییان' بۆ ئەو مەبەستە بەکاربهێندڕێت.

دوای هێرشە موشەکیەکەی ١ی تشرینی یەکەمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، مشتومڕەکان لەسەر وەڵامدانەوەی تەلئەبیب لە دژی تاران بەردەوامە و لە رۆژانی رابردوودا گریمانەکانی نزیکبوونەوەی وادەی هێرشەکەی ئیسرائیل بەهێزتربوون. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لەسەر ئەو بابەتە لێدوانی دا.

عەباس عێراقچی لە کوەیت کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی سازکرد  وتی، "هەموو وڵاتانی دراوسێ دڵنیاییان داوە لەوەی رێگە نادەن خاکەکەیان یاخود کایەی ئاسمانییان لە دژی کۆماری ئیسلامی بەکاربهێندڕێت".