ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێرانی گیانی لەدەستدا

کاربەدەستانی ئێران رایانگەیاند، سەرۆککۆمار ئیبراهیم رەئیسی و وەزیری دەرەوە حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان ژیانیان لەدەستداوە.

ئەو هەلیکۆپتەرەی سەرۆککۆماری ئێرانی تێدابوو، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە لە ناوچەیەکی شاخاوی پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای چەندین کاتژمێر گەڕان هەلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە.

میدیای فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، هیچ یەک لە سەرنشینانی هەلیکۆپتەرەکە زیندوو نین و کاربەدەستانی ئێران بڵاویان کردەوە کە رەئیسی و عەبدوڵاهییان و سەرجەم ئەو کەسانەی لەگەڵیاندابوون گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی دەستوری ئێران، لە ئەگەری مردن، دەستلەکارکێشانەوە یان نەمانی سەرۆککۆمار لە پۆستەکەی بە هەر هۆکارێک، جێگری یەکەمی بە رەزامەندی رابەری باڵای ئایینی سەرۆکایەتی دەسەڵاتی جێبەجێکار دەگرێتە دەست و دەبێت لە ماوەی ٥٠ رۆژدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەبچێت.

بەم پێیە محەمەد موخبیر جێگری یەکەمی ئیبراهیم رەئیسی بە شێوەی کاتی ئەرکەکانی سەرۆککۆمار رادەپەڕێنێت.

هـ . ب