بە هەزاران کەس لە لوبنانەوە روویانکردووەتە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا

بە گوێرەی وتەی کاربەدەستانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان، نزیکەی ٨ هەزار کەس لە هەردوو دەروازەی سنووری تاهیەی منبج و تەبقاوە چوونە ناوچەکانیان.

چەندین کەس لە  لیژنەی 'مێزی قەیران' لە دەروازەی سنوری تەبقا و تاهیەی منبج لە پێشوازیکردنی ئەو کەسانەدان کە لوبنانەوە دێن.

لەم چەند ڕۆژەی کۆتاییدا ٧ هەزار و ٧٣٠ سوری لەگەڵ ٢٢ هاوڵاتی لوبنانیدا لە هەردوو دەروازەی سنوری تاهیەی منبج و تەبقاوە دەربازی هەرێمەکانی ڕۆژئاوا بوون. هەروەها تەرمی ١٢ کەسی خەڵکی رەقا، تەبقا ومنبج کە لە هێرشەکاندا کوژراون هێنراونەتە هەرێمەکە.

دوابەدوای شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا، دەیان هەزار هاوڵاتی سوری کە بۆ کارکردن ڕۆشتبوونە لوبنان، گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان.

پێکهێنانی لیژنە بۆ خزمەتکردنی پەنابەران

نوێنەرایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە لوبنان لە ٢٤ی ئەیلولدا بۆ بەداوداچوونی کاروباری ئەو هاوڵاتییە سوریانەی کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ سوریا کۆمیتەیەکی پێکهێنا.

هەر بۆ چارەسەرکردنی کیشەی پەنابەران، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ٢٩ی ئەیلولدا بۆ پێشوازیکردنی ئەو کەسانەی لە لوبنانەوە دەگەڕێنەوە لیژنەی 'مێزی قەیران'ی پێکهێنا.

مێزی قەیران بۆ ئەو کەسانەی لە لوبنانەوە دێنە هەرێمەکە، کامپ دروستەکات و خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکات. ئەو پەنابەرانەی کە هیچ کەس و خزمێکییان لە هەرێمەکەدا نیە، دەگوازرێنەوە بۆ کامپی ئەدنای لە ڕەقە و کەمپەکانی ئەریشە و ڕۆژ لە کانتۆنی جزیرە.